لە یادی هەشتی مارسدا
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی هەشتی مارس دەکرێتەوە، کە ساڵی ڕابردوودا شەپۆلێك لە خۆپێشاندان، ناڕەزایەتی دەربڕین و شۆڕش بەشێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، و چەند سەرۆکێکی دکتاتۆری سەرمایەیان وەلانا.
بەڵام لەو نێوەدا دژە شۆڕش بۆ سەرکوت و لەباربردنی شۆڕش، بۆ هێشتنەوەی ڕژێمەکان پاش وەلانانی سەرانی دەوڵەتی، توانی خۆی کۆبکاتەوە لە شکڵی هاوپەیمانیەتی دامەزراوەی سەربازی ئەو وڵاتانە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەهاوکاری لیبراڵەکان و دەستخۆشانەی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا.
هەوڵدان بۆ کردنی شەریعەتی ئیسلام بە دەستور و یاساو ڕێسا، هەروەها داسەپاندنی یاسای دژە ژنی ئیسلامی و زیندووکردنەوەی فەرهەنگ و دابونەریتی دواکەوتوانەی ئایینی، هەر لەو وڵاتانەدا کە ساڵی پار بە بارودۆخی شۆرشگێڕانەدا تێپەڕیون، ئەمانە پێشەنگی هەڵمەت و دەستوەشاندنی دژەشۆڕشی بورژوازیە بۆسەر ماف و ئازادیەکانی تەواوی هاوڵاتیان. ئەوەی کە چاوەڕوانی زوربەی کۆمەڵە لە کرێکاران و زەحەمەتکێشان و ئازادیخوازان، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر لە ئێستادا لە بێ ماف کردن و پلەدوو کردنی پایەی کۆمەڵایەتی نیوەی کۆمەڵدا کە ژنانن دەبیندرێت.
ئاسۆیەك کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەهاوکاری گۆپاڵی “ناتۆ” و هەر سێ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، دامەزراوەی سەربازی و لیبراڵەکانی ئەو وڵاتانە خەریکی داسەپاندنین بەسەر جەماوەری ناڕازایدا، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە ئێستا پێشەکیەکەی بە فشار بۆ سەر ژنان و بێ مافکردنیان دەستی پێکردوە.
دیاری کردنی هەشتی مارس وەك ڕۆژی خەبات لە پێناو یەکسانیدا، بەرهەمی ئینتەرناسیونالی دووەم و پێشڕەوی کۆمۆنیزمی مارکس بوو لەدەرونی بزوتنەوەی کرێکاریدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا. ئەمڕۆژە لەسەر پێشنیاری هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی ئەڵمانی و ئەندامی ئینتەناسیوناڵی دووەم کلارا زتکین دیاری کراوە. بە درێژایی مێژووی سەدەی ڕابردووش ئەوە کۆمۆنیستەکان، بزوتنەوە کرێکاری و سۆشیالیستیەکانی جیهان بوون کە پەرچەمداری ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بوون.
پێشڕەوی بزوتنەوەی ئازادیخوازانە و ڕزگاریبەخشی ژنان، هەروەها بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانی ژنان و یەکسانی ژنان و پیاوان، لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە پەرەداربوونی ئاسۆی ڕزگاریبەخشی سۆشیالیستی بەسەر ئەو بزوتنەوە و لێکهەڵپێکانی بە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەهەر وڵاتێکدا.
یادی هەشتی مارس وەبیر هێناوەی ئەو ڕاستیە مێژوویانەیە تا ببێتە پاڵنەرێك بۆ هەرچی چالاکبون و پەرەدارکردنی ئاسۆی ڕزگاریبەخشی سۆشیالیستی لە بزوتنەوەی ئازادیخواز و ڕزگاری ژناندا.
8-3-2012