مه‌رگی كفری له‌نێوان ڕۆبۆت و پادشاكاندا
تا بێده‌نگی هه‌بێت، من دیلم.
“به‌ختیار عه‌لی”
په‌یامی ئه‌م گوتاره، كه تایبه‌ته به خوێندنه‌وه‌ی دۆخی هه‌نوكه‌یی شاری كفری، هێنده نزیكه له ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك و ڕۆشبیران و به‌رپرسان و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یان له‌و كه‌وتن و فه‌رامۆشكردنه‌ی شاره‌كه به هه‌ردوو ئاستی ستوونی و ئاسۆییه‌وه تێی كه‌وتووه، هێنده‌ش نزیكه له مه‌رگی شاره‌كه‌وه، كه خه‌ریكه ده‌بێته حه‌تمییه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ی بێ دوودڵی.
به پرسیارێكی ساده‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین: بۆچی ئه‌م شاره وا بێ خاوه‌ن و بێ كه‌س ماوه‌ته‌وه؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌شی دوو دیوی هه‌یه، كه وه‌ك یه‌ك خه‌وتوون و بێ ئاگان له كرۆكی خه‌مه‌كانی شاره‌كه، لێره‌شه‌وه پرسیار‌و وه‌ڵامی دڕدۆنگ دێته ئاراوه‌و به‌رپرسیارێتی دێته پێش، ئه‌ویش ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌و دوو دیوه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌یه، زیندوویی شاره‌كه به مانا دروسته‌كه‌ی چییه‌و چۆنه‌و كێیه؟ ئه‌وه پرسگهلێكه ئه‌م گوتاره به ئه‌ركی خۆی نازانێ تا پانتاییه‌كیان بۆ جێ بهێڵێ، هه‌ربۆیه نووسه‌ریش به‌پێویستی نازانێ خۆی له قه‌ره‌ی جه‌ده‌لێكی وه‌ها به‌رفراوان بدات، له‌كاتێكدا كه تخوبی گوتاره‌كه ڕێگه به‌و كاره نادات. كه‌واتا لێره‌دا پێشنیاری هیچ زیندووبوونه‌وه‌و مردنێكی ئه‌م شاره ناده‌م، به‌ڵكو ته‌نها په‌رده له ڕووی واقیع و گریمانه‌یه‌كی ڕاستی هه‌ڵده‌ماڵم و ئاشكرای ده‌كه‌م. به‌و واتایه‌ی بڕیاردانی حه‌تمییه‌تی مردن و هه‌ستناوه‌ی شار، به ده‌ستی من نییه، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته، له‌ئاستی یه‌كه‌مدا و ئهنجایش خه‌ڵكی شاره، به ئاستی دووه‌م، كه به‌رپرسن له‌و ئه‌گه‌ره‌ی ده‌یه‌وێت ببێته ڕاستییه‌كی حه‌تمی و لێبڕاوه. له‌گشت بارێكدا، سیاقی تێكسته‌كه، ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه بۆ كه‌سانێك هه‌ڵده‌گرێ، كه له هه‌ست و نه‌ستی ئه‌م مه‌رگه‌ساته تێ بگه‌ن.
هیچ گه‌مژه‌ییه‌ك ناگاته گه‌مژه‌یی ئه‌و مرۆڤه‌ی كه چاوه‌ڕێی كارێك له به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، له‌كاتێكدا به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆی گێل و بێ ئاگا دهكاو ئه‌میش هه‌میشه له چاوه‌ڕوانیدا درێژه به چیرۆكی سه‌ختی گه‌مژه‌یی خۆی ده‌دات. به‌دیوی ئه‌ودیویشدا هیچ چه‌وسانه‌وه‌و دڕندهییهكیش نییه، له‌كاتێكدا به‌رامبه‌ركه‌ت بێده‌نگ و ترسێكی له دڵدایه‌و تا هه‌تایه وا بزانێت ئه‌وه بێده‌نگییه‌كی به‌رده‌وامه‌و چه‌وسانه‌وه‌ش نه‌بێت.
ساڵانی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ن، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌م بودجه زه‌به‌لاحه‌ی خۆیه‌وه، ژیانی ئه‌م شاره‌ی كون‌كون كردووه، بۆیه به به‌رپرسی هونهكهی ئه‌م كێشه‌یه‌ی شار‌و هۆی بێده‌نگی و بێ باكییهكهی ده‌زانم. هه‌ر نه‌بووایه، ده‌بوو ده‌سه‌ڵات ئه‌و ڕاستییه‌ی زانیبا، كه ئێره‌ش ژیانی تێدایه‌و دواجار مرۆڤگه‌لێك چاره‌نووسی خۆیانیان پێوه وابه‌سته كردووه، هه‌ربۆیه پێویستی به خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری هه‌یه، هیچ نه‌بێت ده‌بوو ده‌سه‌ڵات ئه‌و یاده‌وه‌رییه ناخۆشانه‌ی بیربردباینهتهوه، كه ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر ئۆقره‌یان له‌به‌ر ئه‌م شاره بڕی بوو و ئه‌مێستاش بووه‌ته مۆته‌كه‌یه‌كی سایكۆلۆژی و له كۆڵی نابێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت ده‌رئه‌نجامی هه‌موو ئه‌مانه‌ش، هیستریایه‌كی ده‌سته‌جه‌معییانه‌ی لێ به‌رهه‌م هاتووه، كه ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌و ئاقارێكی نادیارتری ڕاده‌كێشێت.
دانیشتووان و به‌رپرسان به‌گشتی و ڕۆشنبیرانی شار به‌تایبه‌ت، ده‌بێت له‌وه تێ بگه‌ن و به ئاگا بن، كه كه‌وتوونه‌ته چ فه‌تره‌یه‌كی زه‌مه‌نی ترسناكه‌وه، كه تێدا بێده‌نگییه‌كی كوشنده باڵاده‌سته‌و خۆی نماینده ده‌كات، هه‌روه‌ك ده‌بێ شه‌رمه‌زاریش بن له ئاستی ئه‌و بێ ئاگایی و نهبانییهی تێی كه‌وتوون. ئه‌م شاره پێویستی به زیاد له ده‌نگی یاخیبوونێك و ڕهخنهگهلێك هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك كه سه‌رجه‌م ئاست ڕه‌هه‌نده‌كانی باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری ئه‌م ژیانه سـواو و بێ كهڵكهی بگرێته‌وه، كه تێدا ژیان ده‌گوزه‌رێنێ، به‌و مه‌به‌سته‌ی باڵانسێكی مرۆبوون نه‌ك ته‌نها بۆ ئێستای خۆیان، به‌ڵكو بۆ نه‌وه‌كانی دواتریش فه‌راهه‌م بكه‌ن، وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێی پێكه‌نینه، ئه‌وه‌یه كه ڕۆژانه ده‌بینین، له‌سه‌رده‌مێكدا، كه شار پێویستی به وه‌ها كه‌سانێكه له خه‌می گه‌وره‌ی ئایینده‌ی خۆیان و نه‌وه‌كانیاندا بن، كه‌چی هێشتا ئه‌وان له كه‌شی بێ باكی ناو چاخانه‌كان و یارییه تاقه‌ت پرووكێنهكانیدا نغرۆبوونهو له‌وه‌ش سه‌یرتر دوژمنیان كتێبه، دیمه‌نێكی وا دێته به‌رچاو، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (ئه‌م شاره هه‌موو شتێكی تێدا بێت، ته‌نها بیركردنه‌وه نه‌بێت)، بێگومان له هه‌مووشی كوشنده‌تر، ئه‌وه‌یه كتێبت هه‌بێ و ئه‌نفالی بكه‌ی له‌بێده‌نگیدا!! ئه‌وه‌ی وایكردووه خودی خه‌وی شاره‌كه و قفڵه گه‌وره‌كه‌یه، كتێبه‌كانی به قفڵ و جبه‌یه‌كی ئاسنینی پێچاوه‌ته‌وه، ئای له بێده‌نگی ناو كتێبه‌كان، كه له بێ ده‌نگی شار بێ دهنگتـره.
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه بڵێین: (ئه‌م شاره خۆی سجنه، ئاخر سجنی بۆ چییه!)، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیشی هاوته‌ریبه، به مانایه‌كی ئێجگار قورس‌تر، ئه‌وه‌یه پاسه‌وانی سجنهكهش هه‌ر خودیی خۆمان بین، به مانایه‌كی تر چ مهرگهساتێكه به ده‌ستی خۆت ژیانێك دروست بكه‌یت، خۆت له‌یه‌ك كاتدا هه‌م جه‌للاد و هه‌میش قوربانی بیت، هێنده‌ی به‌دیار مردنه‌وه دانیشتوون و چاوه‌ڕیی مردنێكی هاكه‌زایی ده‌كه‌ن و ده‌رچن لێره، دونیایه‌ك و خه‌ونێك و خه‌مێكی دیكه‌یان نییه، بۆیه تا ئه‌وكاته دیلێتی هه‌یه، كه بێده‌نگی شكێنرا، به‌و پێودانگه‌ی واقیعی كفری تێ كه‌وتووه، دیوێكیان تاسه‌ر ئێسقان بێ باك و بێ ده‌ربه‌سته، له‌م چاوه‌وه ئێره شامی شه‌ریفه‌و به‌ره‌و یۆتۆپیایه‌كی خه‌مگین هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێت، دیوه‌كه‌ی تریش خه‌وی لێ كه‌وتووه، خه‌وێكی ئه‌به‌دی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ خه‌ونێك ببینێت. له‌ڕاستیدا تائێستا هه‌ست ناكه‌ن، له‌وه‌ی خه‌ون بینینیش ئه‌گه‌رێكه، بۆی هه‌یه ئاسۆیه‌كی ڕووناكیان به‌ڕوودا بكاته‌وه. له‌مه‌ش بترازێ، ئه‌و بێ باكییهی ده‌سه‌ڵاته، له ئاست خه‌مه گه‌وره‌كانی ئه‌م شاره‌و دانیشتوانه‌كه‌ی، كه نایه‌وێت له‌و خه‌وه قووڵه‌ی خۆی وریا بێته‌وه، كه ده‌مێكه تێی كه‌وتووه‌و سه‌رچاوه‌ی زۆرینه‌ی كێشه‌كانه.
له چ زیندان و كه‌لاوه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ژین!
هاوار كامیل