سه‌فه‌ر … بورهان ئه‌حمه‌د
سبه‌ی كه رۆژی شه‌مه‌یه‌و ده‌كاته 22 /9 / 2012 , له كاتژمێر (4 ) ی سه‌ر له‌به‌یانی له فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه ,( ئه‌و شاره‌ی كه له ته‌نگانه‌ترین و لێقه‌وماوترین رۆژه‌كانی مندا داڵده‌و په‌ناگه‌م بووه ) . بۆ یه‌كه‌م جار به جه‌سته ده‌فڕم و كه‌مێك له زه‌وی دوور ده‌كه‌ومه‌وه , به‌ڵام دووای دوو كاژێر له به‌رزبوونه‌وه ناچار ده‌بم دیسانه‌وه په‌نا بهێنمه‌وه به‌ر زه‌وی , زه‌مین بكه‌مه‌وه به ماڵی نیشته‌جێم , پاش ئه‌و دابڕانه كورته‌م له زه‌وی , عه‌مان یه‌كه‌م نشینگهم ده‌بێ , هیوادارم عه‌مان شوێنێك بێت واڵاو كراوه له‌به‌رده‌م خوولیاو ئومیدوو خواسته‌كانم , جێگایه‌ك بێت ره‌حم و سۆزوو دلۆڤانی لێ بڕژێ . پێگه‌یه‌كی دڵنه‌وایی و ئارام بێت بۆ روحی بیمارم . ئه‌وه چه‌ند رۆژێكه هه‌ر بیرم له لای زه‌وییه , ئێستاكه ده‌زانم دوور كه‌وتنه‌وه له زه‌وی , ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌ش له‌و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه چه‌ند به قووڵی , چ خه‌یاڵاتێكی مه‌زن له لای مرۆڤ ده‌خوڵقێنێ …!!! له به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌ر زه‌ویدا من گه‌لێك هاورێی خۆشه‌ویست و ئازیزم هه‌ن , چ ئه‌وانه‌ی پاسه‌وانی باغچهكانن , چ ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی جوانكردنی گۆرستانهكانن , هه‌ر بۆیه ئه‌سته‌مه فڕینیش , زه‌مین و ئه‌و هاورێیانه‌م له بیر بباته‌وه . ئه‌ی تۆ …….. تۆش له هه‌موو دووركهوتنهوهیهكدا نزیكتر ده‌بیته‌وه لێم , له گشت بزر بوونێكدا دره‌وشاوه‌تر ده‌گه‌رێیته‌وه نێو كاسه‌ی سه‌رم , خۆزگا ته‌نها جارێك به‌وه شادوو كامه‌ران ده‌بووم ,كه ته‌نها سه‌فه‌رێكم له‌گه‌ڵ تۆدا كرد بایه , چ ده‌بوو … ئاخر چ ده‌بوو .. خۆ قیامه‌ت هه‌ڵنه‌ده‌ستا , خۆ ئاخیره‌ت به‌رپا نه‌ده‌بوو , ئه‌گه‌ر جارێك له‌گه‌ڵ تۆدا سه‌فه‌ر بكه‌م , هه‌ر ته‌نیا جارێك و, ئیدی پاش ئه‌وه خۆم ده‌چوومه پێشوازی مه‌رگه‌وه , خۆم به‌خێرهاتنی مردنم ده‌كرد ,چ شۆخییهك بوو …!!! ئه‌گه‌ر له‌م سه‌فه‌ره پێكه‌وه بووینایه , جا ئه‌و كاته خوێنمت به گه‌نجیتی مووتربه ده‌كردوو سه‌رمت پڕ ده‌كرد له ئه‌ستێره و ماسی ره‌نگاو ره‌نگ , به‌ڵام ئاخ چیبكه‌م ئه‌مه قه‌ده‌ری منه هه‌میشه به‌پیری سه‌فه‌ر بكه‌م و به پیریش بگه‌رێمه‌وه ژێر سێبه‌ری ئازیزان و ساباتی یاران . به‌رانبه‌ر ئه‌م جێهێشتنه , له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م هه‌موو زوڵم و غه‌درانه‌ی به درێژایی مێژوو ده‌رحه‌ق به زه‌وی كراون , وای كه له ئێستادا دڵته‌نگ و نیگه‌رانم …..!! هه‌ر بۆیه سه‌خته سه‌خت من زه‌ویم له‌بیر بچێته‌وه .
من پێشتر له‌سه‌ر پشتی پاپۆری خه‌یاڵ , بهفرۆكهی ئه‌ندیشه , گه‌لێك سه‌فه‌ری دوور‌و درێژم كردووه , له‌میانه‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره خه‌یاڵئامێزانه‌دا شوێنه دووره‌كانم ناسیوه , به‌كلیلی كتێب ده‌رگاو ده‌روازه‌ی شاره پرَ نهێنییه‌كانم خستۆته سه‌ر پشت , بوومه‌ته میوانی جه‌نگه‌ڵه‌كان و له شاره قه‌ره‌باڵغه‌كاندا نیشتوومهتهوه , هه‌میشه شیعر بۆ شوێنه نادیاره‌كان ده‌ستی گرتووم و به رووبه‌ره په‌نهانه‌كان و جوگرافیا نه‌دۆزراوه‌كان ئاشنای كردووم , سه‌رم له سه‌حراكان داوه‌و له‌دارستانه‌كاندا بوومه‌ته هاورێی پڵنگ و ئاسك و مه‌یمونه‌كان , من گه‌لێك جار به هاورێیه‌تی بۆق و قرژاڵه‌كان ئاسووده‌تر بوومه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هاورێیه‌تی هه‌ندێ مرۆڤدا , زۆر كه‌ره‌ت له‌گه‌ڵ گورگه‌كان بوومه‌ته شوانی مه‌ڕه‌كان و له‌گه‌ڵ پشیلهكاندا بوومه‌ته پاسه‌وانی كه‌ناریا , له‌گه‌ڵ باڵنده‌كاندا گه‌لێك نامه‌ی خۆشه‌ویستیم گۆریوه‌ته‌وه . ئه‌وا چه‌ند رۆژێكیشه من سه‌رقاڵی خۆ ئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ی پێویستییهكانمم , به‌مه‌یلی جارانه‌وه چه‌ند جارێك جانتاكه‌م ده‌پشكنم و رێكی ده‌خه‌مه‌وه , جله‌كانم ئووتو ده‌كه‌م , بهقهدكراوی ده‌یخه‌مه نێو جانتاكه‌مه‌وه , وه‌لێ بۆ كه‌سێكی ڕاڕاو واسواسی وه‌كو من , ئووتو كردنیش ده‌بێته كێشه‌و گرفت بۆی , دایكم به‌هه‌موو قورسایی و سۆزوو میهره‌بانی دایكایه‌تییه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه ژووره‌كه‌م , له گه‌ڵمدا ده‌كه‌وێته جمووجۆڵێكی نائاساییه‌وه , كه چۆن له‌هه‌موو سهفهرهكانمدا بهتهنگمهوه ده‌هات و جانتاكه‌می پڕ ده‌كرد لهكولیچهو چوكلێتی خۆشه‌ویستی , به‌ڵام ئاخ دایكه گیان تۆ له كوێی ؟ تۆ له هه‌موو كه‌س زیاتر منت ده‌ناسی , ده‌تزانی حه‌زم له چ جۆره میوه‌یه‌كه , ته‌نانه‌ت ده‌تزانی من چای تاڵم له لا شرینتره له چایی شرین ,زیاتریش حه‌زم له ترێی ڕه‌شه وه‌ك له ترێی سپی , ده‌شتزانی له به‌ر چی من بایجانی سووره‌وه كراوم له گۆشتی سوور پێ خۆشتره , چونكه له‌مه‌دا هاوڕا بووی له گه‌ڵمدا , كه ده‌مووت : دایكه گیان بینیوته ئه‌م به‌قاڵه بێره‌حمانه چۆن بایجانیان له گۆشه‌یه‌كی دوكانه‌كانیان بێ‌ناز فرێداوه . مۆزوو پرته‌قاڵ و سێویش , شوێنی تایبه‌تییان بۆ ته‌رخان كردوون , دایكه گیان تۆ زۆر باش له من گهیشتبووی , ئیتر له پاش تۆش كه‌س نه‌بوو له من بگا , گوێت لیمه , دایكه گویت لێمه ..؟ تۆ بڵێی به نووسین بتوانم هه‌ندێك كه‌س به‌خه‌به‌ر بهێنمه‌وه و ویژدانیان بڕووشینم و هارییان هارتركهم , حه‌یاو نامووس و شه‌ره‌فی هه‌ندێكی تریش به‌رم , وه‌لێ باوه‌ریش ناكه‌م بتوانم , چونكه ئه‌مه زه‌مه‌نی حه‌یاچوون و له ده‌ستدانی به‌هاكانه . ئه‌م جاره به‌ته‌نیا خۆم به‌م هه‌موو كاروو ته‌داره‌كی سه‌فه‌ره هه‌ڵده‌ستم , كه‌سیش نییه له‌و دیو ده‌رگای حه‌وشه‌وه بهدووامدا سهتلێك ئاوی سه‌لامه‌تی بڕێژێ و پێم بڵێت : سه‌فه‌ر سه‌لامات كوڕه شرینه‌كه‌م , سه‌فه‌ر سه‌لامات .
ئیتر ئاوهایه سه‌فه‌ر زۆر شت به خه‌یاڵی مرۆڤدا ده‌هێنێ , به خه‌یاڵ ئومێدی ئه‌وه‌م خواست له گه‌ڕانه‌وه‌دا ئه‌و فڕۆكهیهیهی من ده‌بمه سه‌رنشینی له‌سه‌ر یه‌كێك له ئوقیانووسهكان بكه‌وێته خوارێ و نقووم بێت و ئاو هه‌ردوكمان لووش بكات , منیش ببمه یه‌كه‌م شاعیری كورد كه له ئاودا بنێژرێ , له بیرمه ئه‌م ئومێده‌م له یه‌كێك له شیعره سه‌ره‌تاییه‌كانم ده‌ربڕیبوو , به‌وه‌ی من له دڵه‌وه هیواخواز بووم ته‌رمه‌كه‌م له خاكدا نه‌نێژرێ , به‌ڵكو گۆرهكهم بكه‌وێته چه‌قی ئاوه‌وه , به‌ڵام له‌و رۆژگاره‌دا هیچ گۆڤاروو بڵاوكه‌ره‌وه‌یه‌كی كوردی ئاماده نه‌بوو ئه‌و شیعره‌م بۆ بڵاو بكاته‌وه . ئاه … تۆ بڵێی ئه‌مجاره‌یان ئه‌م ئومێده‌م به‌راستی بێته دی , چونكه من نامه‌وێ بگه‌رێمه‌وه سه‌ر زه‌وییه‌ك كه پڕه له سته‌مكاری و دڵره‌قی و ناعه‌داله‌تی . ئای بیرم كه‌وته‌وه من چه‌ند بێده‌ربه‌ست و بێبه‌زه‌ییم , خۆ ده‌شێ له‌گه‌ڵ مندا چه‌ندین ژن و منداڵ تیا بچن , له‌وانه‌یشه ئه‌وان بۆ دیده‌نی ئازیزترین كه‌سیان ئه‌و سه‌فه‌ره‌یان كردبێ .
په‌روه‌ردگار په‌شیمانم په‌شیمان ….خودای گه‌وره له‌و ئومێدوو خواسته‌م بمبه‌خشه , چونكه من ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌بێ چاوه‌رێم بكات , خۆ ئه‌وان كه‌سیان زۆره چاوه‌رێیان بكات , ئه‌گه‌ر من له ره‌گه‌وه كوژابێتمهوه , خۆ ئه‌وان لق و چڵ و گه‌ڵای تازه‌ن .
خودایه ئه‌م نزا‌و داوایه‌م لێوه‌رنه‌گری , ئه‌م پاڕانه‌وه‌یه‌م لێ قبووڵ نه‌كه‌ی , چونكه كاری من , ئه‌ڤین به‌خشینه به هه‌موو كه‌سێك , به بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌رێی خۆشه‌ویستی له‌هیچ كه‌سێك بكه‌م .
هه‌موو سه‌فه‌رێك ئامانجی نهێنی و ئاشكرای خۆی هه‌یه , ئه‌وه‌ی من خاڵییه له هه‌موو نهێنییه‌ك , به‌تاڵه له خوولیاو ئاره‌زووی مێگه‌لیانه , دووره لهبۆنكردنی بن باڵ و وێنه‌گرتنی سمت و پووزهكان , مه‌به‌ستم نییه له ئوتێله ( 5 ) ئه‌ستێره‌كاندا دابه‌زم و له چێشتخانه نایابه‌كاندا چوكڵ به نێو ددانهكانمدا بهێنم , من ده‌مێكه له‌سه‌ر ئه‌وه راهاتووم سێ ژه‌م بكه‌مه ژه‌مێك و ئاسمان بده‌مه سه‌ر خۆما , ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی من به ئامانجی بینینی ئه‌و برایهمه كه یه‌كێكه له دره‌خته سووتاوه‌كانی نێو كلتووری بێره‌حمی جه‌نگه‌ڵستانی كوردی و شۆرشه‌كه‌ی , ئێستاكه ئه‌و له ئه‌وروپادا له بڵێسه‌و مه‌شخه‌ڵی پێشمه‌رگایه‌تی و شۆرشگێرییه‌وه بووه‌ته مشتێك خۆڵه‌مێشی كپ و خامۆش , خۆڵه‌مێشیش ماڵی قه‌ڵبه‌و له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی , جیاواز له یه‌كتر بینینی ساڵانی هه‌شتاكان ,كه هه‌میشه پڕ بووین له ئه‌سكڵ و پشكۆ , وه‌لێ ئه‌مجاره‌یان من سه‌ردانی خۆڵه‌مێش ده‌كه‌م , ده‌بمه میوانی ژیله‌مۆ , حه‌زیش ده‌كه‌م به‌ده‌م رێگاوه , به‌ده‌م گه‌ڕانم بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تۆپه‌ڵه خۆڵه‌مێشه ره‌ونه‌ق و دره‌وشاوه‌كانی دونیا ببینم , سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌كان بكه‌م , ده‌م و چاوگهلێكی تر ببینم و به روخسارگهلێكی دی ئاشنا ببم , بزانم نیگاكان هه‌ڵگری چ مانایه‌كی دیكه‌ن بۆ ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی و مرۆڤایه‌تی , ده‌مه‌وێ خۆم بدۆزمه‌وه , له ئیراده‌و مه‌زنی ئینسان تێبگه‌م , له‌و هه‌موو كاره مه‌زنانه‌ی مرۆڤ به درێژایی مێژوو ئه‌نجامی داوه وردببمه‌وه , مه‌به‌ستمه له‌رێی بینینی ئه‌و كارانه‌وه بزانم من له كوێی دونیادام , گه‌له‌كه‌م كام ئاینده چاوه‌رێی ده‌كا …؟؟؟؟
ئیدی بمبه‌خشن ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستیتان پێم به‌خشی , كه‌چی من نه‌متوانی بارته‌قای ئه‌وه ئهڤینتان بده‌مێ , منیش له هه‌موو ئه‌وانه ده‌بوورم كه به‌و په‌ڕی لێبوورده‌ییه‌وه خۆشه‌ویستی خۆمم پێیان به‌خشی به بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌رێی هیچ پاداشتێكیان لێبكه‌م , چونكه چاوه‌رێی پاداشت ئه‌سله‌ن كاری من نییه .
به خوودای گه‌وره‌تان ده‌سپێرم
ماڵئاوا تا مۆڵه‌تی قه‌ده‌ر
21 /9 /2012 رۆژی بورهان ئه‌حمه‌د