ژنێک له ڕۆحی شه‌ش په‌پووله‌دا
پێشکه‌ش به گیانی ڕه‌وانشاد مه‌رزییه‌ی فه‌ریقی
چریکه‌ی ده‌نگی، ئاوازه غه‌مگینه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا پێچایه‌وه و له ناو فه‌زای هۆڵ و داڵانەکانی خانه‌ی کۆنسێرتی وڵاتێکی دوور له نیشتمان، دەنگی دایه‌وه، شه‌پۆله‌که گه‌ڕایه‌وه سه‌ر شانۆکه و ئەمجارەیان، له سۆزی سترانێکدا گەیشتە ناو هۆڵه پڕ حه‌شاما‌ته‌که. ده‌نگی چه‌پڵه‌ڕێزان گوێی مه‌ردومی که‌ڕ ده‌کرد ، خانمی گۆرانیبێژ کڕنووشی بۆ جه‌ماوه‌ره‌که‌ی برد، هێنده چه‌مایه‌وه وێنەی ژماره شه‌شی پێک هێنا .
شه‌ش په‌پووله‌ی ئه‌فسانه‌یی باڵ ڕه‌نگین، خۆیان به هۆڵه‌که‌دا کرد و به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکه‌که‌وه، به شێوه‌یه‌کی ئاسۆیی، له‌مسه‌ری هۆڵه‌که‌وه بۆ ئه‌و سه‌ر باڵه‌فڕکێیان بوو. دیمه‌نی په‌پووله‌کان گڕوتینێکی نوێیان به ژنەی گۆرانیبێژ به‌خشی و بڕیاری دا کۆنسێرته‌که بۆ تا هه‌تایه به‌رده‌وام بێت. چریکه‌ی ده‌نگه‌که‌ی له ئاوازێکی پێشتر نه‌بیستراودا گه‌یشته گوێی میوانانی هۆڵه‌که. جه‌ماوه‌رەکە بە ڕەنگ و سەمای په‌پووله‌کان سه‌رسام بوون، باڵه‌کانیان هینده‌ی لافیته‌ی ده‌ستی خۆپیشانده‌رانی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان پان و پۆر بوون … به زمانێکی نامۆ و پیتی کریستاڵیی، چه‌ندین دروشمی ئازادییان له‌سه‌ر نووسرابوو. باڵی په‌پووله‌که‌ی پێشی پێشه‌وه وێنه‌ی ئاڵایه‌کی نامۆی له‌سه‌ر نه‌خشابوو که له‌سه‌ر ئه‌تڵه‌سی ئاڵای وڵاتاندا نه‌بوو. منداڵه‌کان به‌و په‌پوولانه ئەوەندە که‌یفخۆش بوون، به ده‌م سه‌ماوه ده‌ستیان بۆ په‌پووله‌کان ڕاده‌وه‌شاند و گۆرانییه‌که‌یان دووباره ده‌کرده‌وه. په‌پووله‌کان به ده‌م ئاوازه‌که‌وه بۆ ماوه‌یه‌ک به ده‌ور سه‌ری گۆرانیبێژەکە سووڕانه‌وه ، ئینجا به شێوه‌یه‌کی شاقوڵی دابه‌زینه ژێر پێی، خۆی و ئاواز و مایکرۆفۆنه‌که‌یان به‌رزکرده‌وه و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردیان …… بردیان.
کاتێک بەسەر ئاسمانی شاره‌که‌دا دەفڕین، هه‌رچی ژن و کچی ئه‌و وڵاته‌یه ده‌ستیان به‌ره‌و ئاسمان به‌رزکردبووه‌وه و باوه‌شیان بۆ گۆرانیبێژەکە و په‌پووله‌کان کردبووه‌وه. خاتوونی گۆرانیبێژ له چڕینی ئاواز و موژده به‌خشین به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لای منداڵان و بژارکردنی باخچه‌ی هیواکانیان به‌رده‌وام بوو. شار به هه‌واڵی کۆنسێرتە ئەبەدییەکە خرۆشا، هه‌رکه‌سه‌و له ئاستی خۆیه‌وه هه‌واڵه‌که‌ی به وی تر دەگەیاند و به شێوازێکی دیکه ده‌یگێڕایەوە. هەمووهێڵه‌کانی تەلەفۆن خه‌ریککران، گه‌وره و بچووك عه‌وداڵی په‌یداکردنی دوا هەواڵی کۆنسێرته هه‌تا هه‌تاییه‌که بوو. هه‌واڵی ئاهه‌نگه‌که له ئاژانسی هه‌واڵه‌کانی دنیادا بڵاوکرایه‌وه و له هه‌ندێک شوێندا ئاماژه به‌وه‌یش کرا که:
_ وا بۆ سێ ڕۆژ ده‌چێت ژنه هونه‌رمه‌ندێکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ وڵات ، کۆنسێرتێکی ده‌ست پێ کردووه و بێ وچان له ئاواز چڕیندایە. سنووری وڵاتانی سڕیوەتەوە و بێ مۆڵەت ئاسمانی وڵاتان تەی دەکات.
بۆ دڵنیابوون له‌م هه‌واڵه ڕۆژنامه‌نووسان وردەکۆڵانە که‌وتنه گه‌ڕان به‌دوای شوێن و سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌که .
_ به‌ڵێ ڕاسته ، خانمی دەنگ خۆش به‌وپه‌ڕی عه‌شقه‌وه ستران ئەچڕێت و هیچ گۆرانییه‌کی له‌وی پێشووی ناچێت ، ئاواز و هۆنراوه‌کانیشی هه‌ر له داهێنانی خۆیه‌تی.
په‌پووله‌کان له فڕین به‌رده‌وام بوون. ده‌نگی گۆرانی چڕینیش هه‌تاوه‌کو ده‌هات به‌سۆزتر ده‌بوو. قافڵه‌ی خاتوون و پەپولەکان وه‌کو کۆمه‌ڵه قورینگ لە ئاسمانی شارەکان سەمایان دەکرد، سنوورەکانیان دەبڕی و بەسەر دەریا، شاخ و وڵاتاندا تێدەپەڕین. کات شەو بوو کە گەیشتنە ناوچە شاخاوییەکانی نیشتمان، خاتوون بە سۆزەوە لاوکی دەچڕی، لە نێو دۆڵ و ئەشکەوتەکاندا سەدای دەدایەوە و دووبارە بەرەو ئاسمان دەکشا، باوەشی بە مانگ و ئەستێرەدا دەکرد، پەپوولەکان خرۆشابوون، بە دەوری مانگدا خەرمانەیان دەبەست، دەهاتنەوە لە دەوری باڵای خانم دەگەڕان. چریکەی دەنگەکە لە ئەستێرەکان دەئاڵا و هۆرەی کریستاڵیی بەسەر بەرزایی و دەشتودەر دەپژاند.
خاک بۆنی پایزیی لێ نیشتبوو. گەڵا زەردهەڵگەڕاوەکان شیوەنی مەرگیان دەگێڕا، بەو دڵە خەمینەشەوە بۆ پێشوازی کاروانی خاتوون ڕۆیشتن و لەبەردەم پەیکەری باڵای کڕنوشیان برد. گۆرانییەکان لەگەڵ بەرامەی پایزیی وڵات خەمێکی قوڵیان لێ نیشت، لە قەتار و ئەڵاوەیسییەوە بوو بە لایلایەیەکی خەمگین. پەپوولەکان فرمێسکی چاوی پایزیی وڵاتیان ئەسڕییەوە. بەرەو لای خانمی گۆرانیبێژ فڕین، باوەشیان پێدا کرد، ئەمجارەش هەڵیانگرت و بەرەو لوتکەی چیایەکی بەرز فڕین، لەوێدا بە خاکیان سپارد. خاک وەکو جگەرگۆشەیەکی نازدار لە باوەشی گرت. خانم، بە دەم لایلایەوە، چاو لە ڕێگە، لە باوەشی خاکی نیشتماندا بۆ هەتایە هەتایە بە خەیاڵی ئەوەوە سەری نایەوە و نووست. ئەمێستاش پەپولەکان بە دیار سەرییەوە باڵە فرکێیانە و پاسەوانیی باڵای دەکەن.
ڕووناک شوانی
ستۆکهۆڵم
2012/9/15