لیۆنكا له‌ده‌ریاچه‌ی مالویه
ئێمه ، به‌هۆی نه‌خشه‌یه‌كه‌وه – كه له‌ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردودا كێشرابو – به‌ڕێدا ده‌ڕۆیشتین. له‌گۆشه‌یه‌كی نه‌خشه‌كه‌دا نوسرابو: ( ئه‌م نه‌خشه‌یه ، له‌سه‌ر بنه‌مای پرس و ڕاوێژ كردن به خه‌ڵكی ناوچه‌كه دروست كراوه). ئه‌م ڕاستگۆییه شتێكی دڵٍخۆشكهر نه‌بو بۆمان. ئێمه‌ش پرسیارمان له‌خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌كرد. به‌ڵام زۆربه‌ی جاران ڕێنماییه‌كانیان نادروست بون.
(خه‌ڵكی ناوچه‌كه) ، ماوه‌یه‌كی زۆر ، به‌گه‌رمی ده‌یانكرده هات و هاوار ، قسه‌ی نه‌شیاویان به‌یه‌كتر ده‌گوت و ناوی زۆر شوێنیان ده‌برد.
ڕێنماییه‌كانیان هه‌میشه به‌م شێوه‌یه بو: ( هه‌ركه گه‌یشتنه جۆگاكه ، به‌ره‌و لای جه‌نگه‌ڵه‌كه بسوڕێنه‌وه و له‌وێ له‌ته‌نیشت جاده‌كه ، له‌سه‌ره‌تای بناره سوتاوه‌كه‌ی جه‌نگه‌ڵه‌كه ، تا كهندهڵانهكه بچنه‌پێش ، دوای ئه‌وه‌ی لهكهندهڵانهكه تێپه‌ڕین ، ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ بچنه سه‌ر گرده‌كه ، گرده‌كه له‌وێوه دیاره ، دواتر ڕێگایه‌كی ساده‌یه ، له‌وێڕا بڕۆن تا ده‌گه‌نه ده‌ریاچه‌كه).
ئێمه‌ش به‌دروستی به‌پێی ئه‌و ڕێَنوێنیهی ئه‌وان ، ده‌ڕۆیشتین. كه‌چی هێشتا دهریاچهكهمان لێوه دیار نه‌بو.
ئێستا ئیدی به‌پێی نه‌خشه‌كه ده‌ڕۆیشتین ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، له‌نێو قوڕی وشكهوهبوی زهلكاوهكهدا – كه ئیدی بۆ خۆی ببوه جه‌نگه‌ڵێكی پڕ له‌داری گچكه و بێَهێز – ڕێگامان هه‌ڵه كرد و ون بوین.
ڕۆژێكی وه‌رزی پایز بو. ده‌نگی خشه خشی گه‌ڵا وشك و وه‌ریوه‌كان ، ده‌هات. دواتریش بارانێكی به‌خوڕ باری ، كه‌ش و هه‌وایه‌كی ساردی هه‌بو.
ده‌وروبه‌ری كاتژمێر سێی پاشنیوه‌ڕۆ ، له‌نێو زهلگاوهكهوه به‌سه‌ر گردۆڵكه‌یه‌كی بهرداویدا ، كه گیا سورخسێكی زۆری لێ ڕوابو ، سه‌ركه‌وتین. ڕۆژیش به‌خێرایی خه‌ریكبو ئاوا ده‌بو و تا ده‌هات دنیای تاریكتر ده‌كرد. له‌ژێر ئه‌و ئاسمانه گرژ و توڕه‌یه‌دا ، ورده ورده تاده‌هات دنیا تاریكتر ده‌بو. شه‌و نزیك بۆوه ، شه‌وێكی تاریكی نێو زه‌لكاوی پڕ له خشه‌خشی گه‌ڵای وه‌ریوی دره‌خته‌كان و چكه چكی دڵۆپه باران و هه‌ستی ته‌نیایی و كه‌شێكی له‌توانای دان به‌خۆداگرتن به‌ده‌ر .
هاوارمان ده‌كرد و پاشان گوێمان ڕاده‌گرت. له‌وه‌ڵامدا: ڕه‌شه‌با ، له‌شوێنێكی دوره ده‌ستی نێو جهنگهڵهكهوه ، گڤه‌گڤی ده‌كرد و قیڕقیڕی قه‌له‌ڕه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا.
دواتر ، له‌وه‌ڵامی ئێمه‌دا له‌شوێنێكی ئه‌وسه‌ری كۆتایی زه‌وی و زهلگاوهكان ، هاوارێكی درێژ و لاوازمان كه‌وته‌به‌ر گوێ.
تاده‌هات ده‌نگه‌كه نزیكتر ده‌بۆوه ، خشهخشێكی زۆریش ده‌بیسترا ، دواتر له‌نزیكی خۆمانه‌وه هه‌ستمان بهدهنگهكه كرد.
كوڕیژگه‌یه‌ك ، له‌نێو دارستانه چڕهكهوه هاته‌ده‌رێ. ته‌مه‌نی ، هه‌ر نزیكه‌ی دوانزه ساڵێك ده‌بو. پێڵاوه كۆنه‌كانی به‌ده‌سته‌وه گرتبون و به‌پێخواسی و به‌وریاییه‌وه به‌سه‌ر لق و گه‌ڵا وشكه‌كاندا هه‌نگاوی ده‌نان. لێمان نزیك بۆوه و به‌شه‌رمه‌وه سڵاوی لێ كردین. پێكه‌نی و گوتی: گوێم لێبو یه‌كێك به‌رده‌وام هاواری ده‌كرد ، زۆر ترسام ، چونكه له‌م كاتانه‌دا هیچ كه‌سێك ڕێی ناكه‌وێته ئێره ، ته‌نیا وه‌رزی هاوین نه‌بێ كه ژنان بۆ چنینی میوه‌ی جه‌نگه‌ڵ دێنهئێره. به‌ڵام ئێستا له‌م كاتانه‌دا هیچ میوه‌یه‌كی لێنیه ، چیه؟ ڕێگاتان هه‌ڵه كردوه؟
ئێمه‌ش وه‌ڵاممان دایه‌وه: به‌ڵێ ون بوین.
كوڕیژگه گوتی: به‌ڵێ ئه‌گه‌ر مرۆڤ لێره زۆر وریا نه‌بێت بزربون شتێكی ئاساییه. پار هاوین ، ژنێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی میوه هاتبوه نێو ئه‌م جه‌نگه‌ڵه و بزر بو ، ئیدی ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوایدا گه‌ڕان نه‌یاندۆزیه‌وه ، ئیدی ئه‌وه‌بو به‌هارێ ئه‌مجار دیتیانه‌وه ، ته‌نیا ئێسك و پروسكهكانی مابونه‌وه.
: ئه‌ی تۆ لێره چ ده‌كه‌ی؟
كوڕیژگه ، وه‌ڵامی دایه‌وه: لێره ده‌ژین ، له‌ده‌ریاچه‌ی مالویه. به‌دوای گۆلكێكدا ده‌گه‌ڕێم.
كوڕیژگه ئێمه‌ی گه‌یانده ده‌ریاچه‌ی مالویه. كاتێ به‌نێو زهلكاوهكاندا تێپه‌ڕین و گه‌یشتینه زه‌ویه‌كی سفت و پته‌و ، بهترێكی شه‌و تێپه‌ڕیبو ، به‌نێو ڕێگایه‌كی پڕ لهگژوگیادا ده‌چوینه پێش.
با ، هه‌وره‌كانی به‌ره‌و باشور ڕاده‌ماڵی. ئه‌ستێره‌كان ، له‌سه‌روی لق و پۆپی دار سنهوبهرهكانهوه تروسكه تروسكیان بو. به‌ڵام وێنه‌یه‌كی ئاشنای ئاسمان ، له‌پشت لقه سیس بوهكانهوه ، نامۆ ده‌هاته به‌رچاوان. ته‌نانه‌ت بینینی ( ورچی گه‌وره*) ش كارێكی ئه‌سته‌م بو.
كوڕیژگه ، دوای بێده‌نگیه‌كی درێژ ، گوتی: ڕاستیه‌كه‌ی من به‌دوای گۆلكدا نه‌ده‌گه‌ڕام ، ئه‌م قسه‌یه‌م هه‌ر له‌خۆمه‌وه هه‌ڵبه‌ست.
: ئه‌دی له‌نێو ئه‌و جه‌نگه‌ڵ و زه‌لكاوه‌دا به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕای؟
كوڕیژگه ، وه‌ڵامی دایه‌وه: ئه‌ستێره‌یه‌ك داڕژا ، پێرێ شه‌وێ لێره ، له‌پشت تهپۆڵكهكهوه ئه‌ستێره‌یه‌ك كه‌وته خواره‌وه ، شه‌وێ له‌ناكاو له‌خه‌و هه‌ستام ، دیتم مانگاكه‌مان – مانكا – خۆی ڕادهپسكێنی و هار بوه و ده‌بۆڕێنێ و قۆچ ده‌وه‌شێنێ ، ده‌تگوت گورگ چۆته نێو هۆڵه‌كه. منیش خێرا چومه نێو حه‌وشه و ویستم بزانم چی ڕویداوه؟ له‌ناكاو بینیم شتێك له‌ئاسمانه‌وه بڵێسه‌ی دا ، سه‌یرمكرد بینیم نه‌یزه‌كه ، به‌نزمی به‌سه‌ر ئاسمانی جهنگهڵهكهدا ده‌كشا ، له‌ولای جهنگهڵهكهوه كه‌وته خوارێ ، وه‌ك فڕۆكه ده‌نگی ده‌هات.
: ئه‌گه‌ر دۆزیباتهوه چیت له‌و نه‌یزه‌كه ده‌كرد؟
كوڕیژگه ، وه‌ڵامی دایه‌وه: ده‌مبرده قوتابخانه ، ده‌بێ تاوتوێ بكرێ ، ئه‌رێ ئێوه نازانن ئه‌ستێره له‌چی دروست بوه؟
ئیدی به‌ڕێگاوه گفتوگۆیه‌كی باشمان له‌باره‌ی ئه‌ستێره‌كان و كه‌رت بون و دابه‌ش بونی ڕه‌نگه‌كانی پهلكهزێڕینهوه ، كرد.
لای نیوه‌شه‌وێ ، گه‌یشتینه سه‌ر ده‌ریاچه‌كه. ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانی ئه‌و شه‌وه پایزیه ، خۆیان له‌نێو ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌دا نمایش ده‌كرد و ورینجهیان ده‌دایه‌وه. چه‌ند كوختێكی چكۆله ، له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه بون. جگه له‌یه‌كێكیان – كه ئاگری چرایه‌كی كزی تێدا دایسا – ئه‌وانی تر هه‌مویان تاریك بون.
كوڕیژگه له‌ده‌رگایدا.
ژنێك ، به‌توڕه‌ییه‌وه لهژورێڕا گوتی: هه‌ی شه‌یتان ، تا ئێستا له‌كوێ ده‌گه‌ڕای؟ ته‌نیا له‌هیچ و خۆڕایی پێڵاوه‌كانی خۆت ده‌دڕێنی.
كوڕیژگه ، وه‌ڵامی دایه‌وه: نا دایه گیان پێڵاوه‌كانم دانابون.
ده‌نگی ترقه ترقێك ، لهكڵۆمی ده‌رگاكه‌وه هات و ده‌رگاكه كرایه‌وه ، ئێمه‌ش به‌كوێره كوێر خۆمان به‌ژورێدا كرد.
بۆنی پوش و په‌ڵاش و شیری تازه لهژورێ ده‌هات.
ئیدی ئه‌وشه‌وه له‌ماڵی كوڕیژگهدا – كه‌ناوی لیۆنكا زۆێف بو – ماینه‌وه و له‌گه‌ڵ باوكی‌دا ، كه پیره‌مێردێكی كه‌م قسه بو و چاویلكه‌یه‌كی له‌چاودا بو ، جگه‌ره‌مان كێشا و به‌ته‌نیشت سۆبهكهوه له‌سه‌ر پوش و پهڵاشهكه ڕاكشاین.
ده‌نگی سیسركه و له‌نێو حه‌وشه‌كه‌ش ده‌نگی قرخه قرخی خه‌وتنی مریشكه‌كان ده‌هات.
لای نیوه‌شه‌وێ له‌خه‌و هه‌ستام گوێم له ده‌نگێكی ژنانه‌ی به‌هێز و توند و له‌هه‌مان كاتیش‌دا غه‌مگین بو كه كۆپڵه‌یه‌كی ئاشنای ئۆپێرای ( بی بی پیك) ی ده‌چڕی ، نه‌وای سه‌دان تاری ئۆركێسترا ، ده‌نگی ده‌دایه‌وه.
ئه‌ستێره‌كان ، له‌ودیو شوشه‌ی ته‌م گرتوی په‌نجه‌ره‌كه‌وه ، ده‌له‌رزین. سیسركهكهش به‌بیستنی ئه‌م ئاوازه ، وازی له سیڕه سیڕ هێنا و بێده‌نگ بو.
دایكی لیۆنكا ، له‌سه‌ر سه‌كۆی نێو ژوره‌كه‌وه ، گوتی: ده‌نگی ئه‌م ڕادێویه هه‌راسانت ناكا؟ ئه‌مه لیۆنكا خۆی دروستی كردوه ، پێموایه ناهێڵێ بنوی؟ من نازانم چۆن ده‌كوژێته‌وه! ناچارم لیۆنكا هه‌ستێنم.
: نا پێویست ناكا ، لێی گه‌ڕێ بابنوێ.
ژنه گوتی: به‌ڵام ئێمه بۆخۆمان حه‌زمان لێیه – لێره‌دا بڕێك ده‌نگی ئارامتر بۆوه – زۆر حه‌زمان لێیه بزانین ئاخۆ گۆرانیه‌كانی مۆسكۆ چۆنن؟ هه‌م لێڵ و ناڕۆشنن هه‌م غه‌مگین و شادی بهخشیشن ، هه‌رچه‌نده به‌درێژایی ڕۆژێ حه‌جمینم نیه ، به‌ڵام جاری وایه تا كه‌ڵه‌بابی به‌یانی ده‌قوقێنێ ، چاو لێك نانێم.
ئیدی بێده‌نگ بو.
پێده‌چو كه له‌و كاته‌دا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك هاتبێته سه‌ر لێوی – گوتی: هه‌مو ئه‌مانه كاری لیۆنكان ، هێند بزێوه ده‌یه‌وێ هه‌مو شتێك بزانێ ، چۆته‌وه سه‌ر باوكی.
لهژنهكهم پرسی بۆ باوكی چۆنه؟
ژنه پرسیارهكهمی دوباره كرده‌وه: سیمۆن چۆنه؟ سیمۆن له‌ساڵی 1918 وه ئه‌ندامی حیزبه. هه‌مو شتێكی هه‌ر بۆَ خه‌ڵكه … ئاماده‌یه پاروی ده‌می خۆی بكاته ده‌می خه‌ڵكه‌وه و بۆخۆیشی خۆی بهكتێبان تێر بكا.
لای به‌ربه‌یان له سه‌ربرده‌ی ژیانی سیمۆن زۆێف ، ئاگادار بوین. له‌سه‌رده‌می لاویه‌تیدا لهكارخانهی ڕستن و چنینی (لیسۆف) ، له‌شاری (ڕیازان) ، كاری كردوه و كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌باشترین كارخانه‌ی شار ئه‌ژمار ده‌كرا. جل و به‌رگی بۆ پارێزگار و ئه‌فسه‌ران و نوێنه‌ران و پارێزه‌ران ده‌دوری. پارێزه‌ره‌كان جل و به‌رگی تایبه‌ت به خۆیان ده‌ویست و زۆێفیش شریتێكی ئاوریشمی بهپانتۆڵهكانیانهوه ده‌دوری. سه‌ره‌نجام به‌هۆی ئه‌و كاره‌وه چاوه‌كانی توشی گرفت بون ، ئه‌و كاره حه‌وسه‌له و توانا و وردبینیه‌كی زۆری ده‌ویست.
لیسۆف ، پیره‌مێردێكی خواناس بو ، ڕوخسارێكی مه‌یله‌و سه‌وزی – كه‌ده‌تگوت ڕۆنی چرایه – هه‌بو. ڕۆژ تا ئێوارێ سه‌رگه‌رمی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ئاینی یان كتێبی ( مێژوی وڵاتی ڕوسیا) ی (كارامزین) بو. هه‌زار ڕۆبڵی بۆ نوسین له‌سه‌ر چه‌ندین پارچه تابلۆی چهدهنی ته‌رخان كرد ، كورته‌یه‌ك له (مێژوو) ه كه‌ی كارامزینی له‌سه‌ر تابلۆیان ده‌نوسی و پاشان به‌دیواری ماڵه‌كانی نێو گه‌ڕه‌كه پڕ له تۆز و خۆڵهكانی شاردا هه‌ڵیده‌واسی. له‌ژێر هه‌موشیاندا نوسرابو: بڕوانه كتێبی (مێژوو) ی كارامزین ، به‌رگی ئه‌وه‌نده ، لاپه‌ڕه‌ی ئه‌وه‌نده.
سیمۆن گوتی: من له كتێهكانی كارامزینهوه ده‌ستم پێكرد و له‌كۆتاییشدا كه‌وتمه خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كانی (لینین). ده‌كرێ بڵێی كه بانگه‌وازی لینین ، ته‌نانه‌ت لهدورهدهست ترین شوێنی ته‌ریك كهوتو ولاچهپهكدا به‌هێز و كاریگه‌یه‌كی گه‌وره‌وه خۆی ده‌چه‌سپێنێ. ئه‌گه‌ر مرۆڤ شه‌وێ به‌رهه‌مێكی بخوێنێته‌وه ، ئه‌وا به‌یانی بێ دودڵی ، ناڕازیه و دێته سه‌ر شه‌قام. تۆز و خۆڵ ، قازه‌كان به‌ره‌و لای جۆگه ئاوه‌كان ده‌چن ، دیواری دوكانی مه‌شروب فرۆشیهكه به (لاك*) سور بوه ، ده‌نگی ناقوس لهكلیساكهوه دێته به‌رگوێ ، سواڵكه‌ره‌كان به‌وپه‌ڕی خۆ به‌هه‌ق زانینه‌وه له‌سه‌ر كۆبیكێك ده‌یكه‌نه هه‌را و یه‌كتر ده‌ده‌نه به‌ر گۆچان. به‌كورتی ئیدی ئه‌مه ڕوسیای سه‌رده‌می دهقنانوس بو ، به‌ڵام وته‌گه‌لێكی تازه ، به‌وێنه‌ی بڵێسه‌یه‌كی نور ، له‌باره‌ی ئاینده‌یه‌كی هاوشێوه‌ی خۆی له مێشك دایه.
سمیۆن ، دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش ، هاتبوه ئه‌م گونده كه‌ناریه و له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه كوختێكی بۆخۆی دروست كردبو. كه‌وتبوه ئاوه‌دان كردنه‌وه و پاك كردنه‌وه‌ی به‌شێكی زه‌ویه جهنگهڵیهكه ، ئیدی ئێستا پێنج خێزان له‌كه‌ناری ئه‌م ده‌ریاچه‌یه‌دا ده‌ژین.
سبه‌ی به‌یانی ، لیۆنكا تا سه‌ر جاده‌یه‌كی گه‌وره ڕێنمایی كردین.
خۆری سپی به‌سه‌ر جه‌نگه‌ڵه‌وه – كه سه‌رتاپا ڕوت ببۆوه و گه‌ڵای داره‌كانی ههڵوهریبون – ده‌دره‌وشایه‌وه. به‌هۆی ڕوناكیه ساردهكهیهوه ، گه‌ڵا هه‌ڵوه‌ریوه‌كان و سپیداره كه‌وتوه‌كان ، ده‌بینران. هه‌ركاتێ بایه‌كیش ههڵیكردبا ، گه‌ڵای داره‌كان چه‌شنی بارانێكی به‌خوڕ به‌سه‌رماندا ده‌بارین.
دوای چه‌ند ڕۆژێك ، لیۆنكا به هانكه هانك و به‌په‌له خۆی گه‌یانده‌وه ئاواییه چكۆلانهكه و پارچه‌یه‌كی بچوكی تیژ و سوتاو و دوكه‌ڵاوی (ئه‌ستێره كهوتوهكه) ی به‌ده‌سته‌وه بو. ئه‌و پارچه‌یه‌ی له‌وسه‌ری تهپۆڵكهكهوه هێنابو.
ئیدی له‌وكاته‌وه له‌گه‌ڵ لیۆنكادا بومه ئاشنا ، حه‌زمده‌كرد له‌گه‌ڵیدا به‌نێو جهنگهڵهكهدا بگه‌ڕێم. ئه‌و ، ته‌واوی كون و قوژبن و كوێرهڕێگاكانی نێو ئه‌و جه‌نگه‌ڵه چۆڵه ، شاره‌زابو و هه‌مو جۆره گیایه‌ك و بنهبنچك و ئاشنه و خارچك و گوڵه‌كان و ده‌نگی هه‌مو باڵنده و دڕنده‌كانی ده‌ناسی.
لیۆنكا ، یه‌كه‌مین كه‌س بو – له‌نێو ئه‌و سه‌دان كه‌سه‌ی كه ده‌مناسین – كه‌پێی گوتم : ماسی چۆن و له‌كوێ ده‌خه‌وێ؟ دار كاژه كۆنهساڵهكان چۆن گوڵ ده‌كه‌ن و جاڵجاڵۆكه بچوكه‌كان چۆن هاوكات له‌گه‌ڵ باڵنده كۆچه‌ریه‌كاندا له‌وه‌رزی پایزدا كۆچ ده‌كه‌ن؟. ئه‌و پێی گوتم كه جاڵجاڵۆكه‌كان خۆیان له ته‌ونی خۆیانه‌وه ده‌پێچن و كاتێكیش بایه‌كی به‌هێز به‌ره‌و باشور هه‌ڵده‌كا ، خۆیان ده‌ده‌نه ده‌م ئه‌و بایه و سه‌دان كیلۆ مه‌تر ده‌یانبات.
لیۆنكا ، دو به‌رگی له كتێبێكی ( كایگۆردۆف) ی نوسه‌ر هه‌بو ، له‌ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌دا په‌ڕپوت ببون ، بێهوده هه‌وڵی ده‌دا له‌نێویاندا له نهێنی كۆچی ساڵانه‌ی جاڵجاڵۆكه‌كان تێ‌بگا.
لیۆنكا ده‌یگوت: (ته‌نیا له‌شتێك تێناگه‌م ، جاڵجاڵۆكه خۆی بچوكه ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌ونه‌ی كه دروستی ده‌كات ، كۆبكرێته‌وه چل به‌قه‌د قه‌باره‌ی خۆی ده‌بێت.
لیۆنكا ، بۆئه‌وه‌ی هه‌مو ڕۆژێ بگاته قوتابخانه ، ده‌بوایه ده كیلۆمه‌تر ڕێگا ببڕێ. لهتهواوهی ئه‌و زستانه‌شدا ته‌نیا دو ڕۆژ نه‌یتوانیبو بچێته قوتابخانه ، ئه‌ویش له‌ئه‌نجامی ئه‌و به‌فر و زریانه‌دا بو كهههتا ئاستی سوانه‌ی خانوه‌كه باری. بۆخۆی هیچ كات حه‌زی نه‌ده‌كرد ئه‌مه‌ی وهبیركهوێتهوه ، شه‌رمی ده‌كرد.
له وه‌رزی زستاندا كاتێ لیۆنكا له‌ماڵێ وه‌ده‌ر ده‌كه‌وت ، دنیا تاریك بو ، ئه‌ستێره‌كان له‌سه‌رمان ده‌له‌رزین. گه‌ڵای داركاژه‌كان خشه‌خشیان ده‌هات. به‌فر له‌ژێر پێیدا كرته‌كرتی ده‌كرد و دڵی توند ده‌بو: نه‌كا گورگه‌كان گوێیان لێ بێت. گورگه‌كان له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستاندا ده‌هاتنه كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه و له‌ژێر كۆمای گژ و گیاكاندا ده‌ژیان.
له‌هه‌موشی ناخۆشتر كۆتاییه‌كانی وه‌رزی پایز بو ، ئه‌وكاتانه‌ی به‌فر له‌ئه‌نجامی بارینی بارانێكی زۆردا نه‌رم و شل ده‌بۆوه و سه‌رجاده‌كانی داده‌پۆشی و بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵیده‌كرد و سه‌رما جه‌سته‌ی مرۆڤی ده‌به‌ست.
لیۆنكا ، هاوینانیش له‌گه‌ڵ دایكی‌دا زه‌وی ده‌كێڵا و بێستانی ده‌كرد و گیای ده‌دورییه‌وه.
سمیۆن كاری پێنه‌ده‌كرا ، لێدانی دڵی ساڵ به ساڵ زیاتر ده‌بو ، ڕه‌نگی ده‌گۆڕا و كۆخه‌یه‌كی وشك و درێژخایه‌ن ، پڕزه‌ی لێَ بڕیبو. ناوله‌پی ده‌ستی به‌سینگی خۆیدا دێنا و ده‌یگوت: (نه‌ژیانم هه‌یه ، نه‌ئه‌وه‌شه بمرم ، ئه‌م ژیانه جاڵجاڵۆكه‌ییه كوشتمی. ده‌ركه‌وت كه دره‌نگ شۆڕِش كرا ، هه‌رچیه‌ك بێت گرینگ نیه ، لیۆنكا هه‌ر كارێك بێت له‌بری من ده‌یانكات).
* * *
له‌گه‌ڵ لیۆنكادا په‌یمانی دۆستایه‌تیمان به‌ست ، زۆر كتێبم له‌مۆسكۆوه بۆ ده‌نارد. هه‌مو ساڵێكیش له‌وه‌رزی پایزدا گه‌شتێكم بۆ ئه‌و لادێ بچوكه كه‌ناریه ، ده‌كرد ، ئیدی خوم به‌م گه‌شته ساڵانه‌یه‌وه گرتبو.
هه‌میشه به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو خۆم به‌ماڵیاندا ده‌كرد ، له‌نێو ئه‌و بێده‌نگیه‌ی جه‌نگه‌ڵدا ده‌ڕۆیشتم ، جگه له‌باڵنده‌ی نێو جه‌نگه‌ڵ ، له‌گه‌ڵ هیچ شتێكی تردا به‌ره‌و ڕو نه‌ده‌بومه‌وه ، مێرگوزاره دڵگیره‌كان و پێچ و بادانهوهكانی جاده پڕ له گژ و گیاكه ، به‌ته‌واوی شاره‌زا ببوم. هه‌مو دار كاژه‌كانی قه‌راغ جهنگهڵهكهم ده‌ناسیه‌وه ، لیۆنكا فێری كردبوم ئه‌و شتانه‌م خۆش بوێت.
هه‌میشه سه‌روه‌ختی تاریك و ڕونی ئێوارێ ، ئه‌و كاتانه‌ی ئه‌ستێره ڕه‌نگ پهڕیوهكان ، پێشبینی شه‌وێكی ساردیان ده‌كرد و پێده‌چو بۆنی دوكه‌ڵ خۆشترین بۆنی دونیا بێت ، خۆم به‌ماڵیاندا ده‌كرد.
بۆنی دوكه‌ڵ ، له‌نزیك ده‌ریاچه‌كه و له‌نێو كوختێكی گه‌رم و پڕ له‌باس و خواسی گه‌رم و شادی به‌خش و گله‌ییه شیرنه‌كانی دایكی لیۆنكا و جێگا خه‌وێكی له پوش و په‌ڵاش سازكراو و ده‌نگی جیڕجیڕه و شه‌وانی بێ كۆتایی ، كه من له‌و شه‌وانه‌دا له‌غه‌وغای تاره‌كان ، له موزیكه دڵگیره‌كانی (بتهۆڤن و ( ڤێردی) – كه لوره‌ی له‌رزۆكی گوره برسیه‌كانی كپ ده‌كرد – له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستام.
هه‌رجارێ لیۆنكا لهكوختهكه ده‌هاته ده‌رێ وپێشوازی له من ده‌كرد ، شه‌رمی ده‌كرد خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕێ ، ته‌نیا به‌توندی ده‌ستی ده‌گوشیم.
دواتریش پێكه‌وه ماوه‌یه‌كی باش له‌باره‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی كه خوێندبومانهوه و له‌باره‌ی به‌رهه‌م و داهاتی ساڵانه و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه زستان له‌جه‌مسه‌ری باكور گیریان خواردبو و له‌باره‌ی خۆرگیران و ڕاوی مارماسیهوه ، ده‌كه‌وتینه گفتوگۆ. ئێمه بابه‌تی زۆَرمان هه‌بو بۆ قسه كردن.
سمیۆن ، دوباره له‌باره‌ی گه‌نجێتی خۆی و ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه بڵاو كراوه نهێنیه‌كانیان ده‌برده ڕیازان ، ده‌كه‌وته قسه كردن.
به‌م شێوه‌یه دۆستایه‌تی ئێمه پته‌و تر ده‌بو. من له‌هه‌ر شوێنێك بوایه‌م ، ده‌مزانی سه‌ره‌تای پایز ده‌بێ به‌ره‌و ئه‌و سه‌رزه‌مینه جهنگهڵیه بگه‌ڕێمه‌وه. ده‌گه‌ڕێمه‌وه و لیۆنكا و سمیۆن ده‌بینم و به‌م شێوه‌یه و به‌ژیان كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م خه‌ڵكانه‌دا زیاتر و زیاتر هه‌ست ده‌كه‌م كه ژیان ساڵ به ساڵ باشتر ده‌بێ.
هه‌رچی زیاتر هه‌ست ده‌كه‌م كهڕۆژانێك به‌ڕێگاوه‌ن كه تیایدا نائاگا ده‌بیستم چۆن جه‌نگه‌ڵ له‌ژێر گڤه‌ی ڕه‌شه‌بادا ده‌نگی هاشه هاشی دێته به‌رگوێ ، چۆن كانیاوه سارده‌كان له‌ژێر چڵه ئاشنهكان ده‌یكه‌نه زه‌مزه‌مه ، له نرخ و بایه‌خی ڕاسته‌قینه‌ی كتێبه‌كان و بیركردنه‌وه و هاوڕێیه‌تی كوڕیژگه‌یه‌كی دێهاتی – كه سێ ساڵه ئاره‌زوی له‌وه‌یه بێته مۆسكۆ و میترۆ و كرملین و فیلی زیندوی نێو باخچه‌ی گیانله‌به‌ران ببینێ – تێده‌گه‌م.
هه‌مو ساڵێك ، كاتی گه‌ڕانه‌وه ، لیۆنكا بهڕێمدهكا. ئه‌مساڵیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه بو. ترێنێكی باریك ، كه‌خه‌ڵكی ناوچه‌كه ناویان لێناوه ( پیره بارگیر) ، به‌نێو جهنگهڵهكهدا ده‌خشێ.
باریكهڕێیهكان و دیمه‌نه ڕازاوه و ئهرخهوانیهكانی جه‌نگه‌ڵه چڕه‌كه ، له‌به‌رده‌مماندا ده‌كاته‌وه. له‌یه‌كێك له‌م باریكه ڕێیانه‌دا ، دروست به‌ته‌نیشت ڕێگا ئاسنهكهوه ، لیۆنكا ڕاوه‌ستاوه و كڵاوه لێواردارهكهی باوكی به‌ده‌سته‌وه‌یه و ڕایده‌وه‌شێنێ.
لۆكۆمۆتیڤ ، هاوارێكی توڕه‌ی لێ به‌رزبۆوه. به‌ڵام لیۆنكا پێكه‌نی و هاوارێكی بۆ كردم و گوتی: چاوه‌ڕوانت ده‌بم ، من له‌باره‌ی هه‌موشتێكه نامه‌ت بۆ ده‌نوسم و تۆش له‌بیرت نه‌چێ كتێبه‌كه‌ی (براهام) م بۆ بنێره.
تاماوه‌یه‌كی زۆر هه‌ر لێمه‌وه دیاربو ، به‌ڕوخسارێكی جوانه‌وه ، به‌نێو جه‌نگه‌ڵه چڕ و شێ‌دار و (گه‌س) ه پایزیهكاندا ، به‌دوای شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌دا ڕایده‌كرد. ئه‌و ڕایده‌كرد و جانتا پڕ له‌كتێبه‌كه‌ی ڕاده‌وه‌شاند و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بێگه‌رد و شه‌رمنانه‌ی ده‌دا به‌ڕوی من و خۆر جه‌نگه‌ڵه‌كان و ته‌واوی دونیادا.
(ورچی گه‌وره*) یه‌كێك له‌وێنه فهلهكیهكانی باكور.
(لاك*) شله‌یه‌كی ڕه‌نگ سوره ، له هیندستان له هه‌ندێك داره‌وه ده‌ستیان ده‌كه‌وێ.
سه‌رچاوه / نامه / نولهای معاسر شوروی / ترجمه / گامایون / بنگاه نشریات پروگرس / موسكو.
ك.پاوستۆڤسكی
له‌فارسیه‌وه: ئازاد نه‌جم