پێخه‌فی خوێن…ده‌روازه‌ی مه‌رگ
دڵێك سیخناخ به قه‌له‌قی خۆكوشتن و
باخچه‌یه‌ك هه‌راسان له ده‌نگی په‌پوی وێرانه‌یی
مانگێك شه‌رمنتر له بوكێكی حهرهمسهرایهكی نامۆ
كه‌ڤاڵێك لێوان لێو له پرسیاری قه‌ره‌جێك…
شه‌وێك ڕه‌شتر له دڵی حه‌جاج و
سامناكتر له فواره‌ی خوێنی حه‌لاج.
ئه‌مشه‌و له‌ناو خوێنی خۆما گینگڵ ده‌ده‌م…
تۆ ههرنایهی…فڵچه‌یه‌ك له‌و خوێنه وه‌رده‌ی
تابلۆی مه‌رگی ئه‌و گوڵهباخانه بكێشێ
له دواژواندا هه‌ڵوه‌رین.
ئیتر شه‌وه‌و مه‌حاڵه رۆژ ببێته‌وه
تۆی تامه‌زرۆ له پێخه‌فی لهزهتێكدا
باڵای چنارێكی نامۆ: له ئامێزی گه‌رمت ده‌گرێ
منیش ته‌نیا ئا له‌م پێخه‌فی خوێنه‌دا…
تاریكی له ئامێز ده‌گرم
ئیدی ناخوازم كازیوه، له ده‌رگای دڵی شهوبدا
تا من له‌ناو ئه‌م خوێنه‌دا
ده‌بم بهمۆمیا كراوێ
ئه‌ویش له‌ناو پێخه‌فی گه‌رمی له‌زه‌تدا…
ده‌گاته ساتی ئۆرجازم.
لهوهنهوزی ئه‌و شمشێربازه مه‌ڕوانه
خوێن ده‌فته‌ری زاكیره‌ی ئاوده‌دا
خوێن گوڵه هه‌ڵوه‌ریوه‌كان یاداشتهكات
ئێواره‌یه بایه‌ك گه‌مه به‌پرچی خۆرهه‌تاو ده‌كا
ده‌رگاكانی ئومێد داده‌خرێن
ده‌رگاكان ده‌بن بهتابووت
سروشت وه‌كو نهقاشێكی فاشیل
فڵچه‌كه‌ی له خوێنم وه‌رده‌دات
فڵچه‌كه‌ی بۆنی مه‌رگی لێدێ و
ده‌ستی بۆنی شه‌هوه‌ت.
چی حیكمه‌تێك له داخستنی ده‌رگاكانی نوردایه،
ئه‌ی قه‌ده‌ر
له په‌نجه‌ره‌ی ته‌م لێنیشتووی ئه‌م بوونه‌وه،
مریه‌م بهخاچێكهوه دێت
ڕاڤه‌ی خه‌ونی ئه‌و كچه موراهیقانه ده‌كات
له كه‌ڤاڵی ئه‌و باخچه سووتاوانه ڕاده‌مێنێ.
له‌زه‌ت شمشێرێك بوو، پێخهفهكانی ئومێدی كردهخوێن،
عیشق جه‌لادێك بوو.
ژوانه‌كانی پڕكرد له بۆنی مه‌رگ و دڕكی نه‌فره‌ت.
بایه‌ك دێ و،
قاپووتی سه‌وزی به‌ری دره‌خته‌كان توڕده‌دات
زێوانێك به‌دیار تابووتهكانهوه: ههڵدهكورمێ
مه‌سیح به‌پشتی كۆم و گۆچانێكه‌وه دێ‌و
راڤه‌ی پاكیزه‌یی ئه‌و مریه‌مانه ده‌كات:
ئه‌و مریه‌مانه‌ی, به‌ده‌م هه‌ڵكردنی مۆمێكه‌وه
خه‌نجه‌رێك:
خه‌ونه‌كانی خۆشبه‌ختی ئاوێزانی خوێن دهكاو
شهربهكانی ئومێد….
پڕده‌كات له دوكهڵا.
ئه‌و ته‌مانه ناڕه‌ونه‌وه، قه‌له ڕه‌شێك له باخچه‌كه‌دا
ده‌نووك له‌و هه‌نارانه ده‌گرێ و
نێرگسێك نه‌زیفی له‌زه‌ت ده‌یگرێت
مارێك له‌نێو گه‌ڵا وهریوهكاندا،چاو له‌و سێوانه داده‌گرێت.
راڤه‌ی جوتبوون، بۆ گێلاسه‌كان ده‌كات و
له ده‌رگاكانی حیكمه‌ته‌وه
له شه‌یتانی بوونی ئه‌و نێرگسانه ده‌ڕوانێ
كه ئامێزیان بۆ ئه‌و رێواسانه ده‌گرته‌وه‌و
چاویان له‌و په‌روانانه داده‌گرت
له حزووری شه‌مدا ده‌توانه‌وه.
حیكمه‌ته‌كانی عاشقبوون
له جووت بوونی دوو په‌پووله‌دایه
به‌سه‌ر په‌لی سه‌وزی دارچنارێكهوه
ئه‌ی باڵنده‌ی شه‌كه‌تی دڵا
رێگاكان ده‌مانبه‌نه نێو ئه‌و كوخه‌ی
له‌شه‌وی له‌دایك بوونماندا
كه‌نارییه‌كان…
ته‌ڵقینی مه‌رگیان داین و
نه‌مانتوانی
له په‌نجه‌ره‌كانی ئومێده‌وه
له‌و كۆتره خۆشبه‌ختانه بڕوانین
به‌ئاسمانی حوزندا…
هه‌ڵده‌فڕین.
تۆ دێیت و ڕاڤه‌ی مه‌رگم بۆ ده‌كه‌یت،
خودام بۆ پێناس ده‌كه‌یت:
ده‌شێ خودا له دڵۆپه بارانێكدابێت
یان له به‌ری دره‌ختێكی هه‌ناردا
خودا له‌وێوه‌دێت…ئه‌وێی زێدی حه‌وا
بهخاچێكهوه دێت
خ
خ
خ
خ
خ
ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا ا
چ
چ
چ
چ
چ
خودا دێت و بۆن به‌و سێوانه‌وه ده‌كات، سێوی مه‌رگ
له باشوره‌وه بایه‌ك دێ و
گه‌ڵای سه‌وزی كالیپتۆسهكان، ده‌وه‌رێن
تۆ نایه‌ی ته‌ڵقینی ئه‌و گوڵانه داده‌یت و
وه‌سێتی ئه‌و په‌پولانه بنووسیته‌وه
بای ژه‌هری باشور باڵه‌كانی هه‌ڵوه‌راندن.
كێ حیكایه‌تی ئه‌م كۆچهم ڕاڤه ده‌كات
خودایه له باڵنده‌یه‌كی په‌راگه‌نده ده‌كه‌ین
بهخاچێكهوه دێینه حزورتان.
به ئه‌ستێره‌كه‌ی داوده‌وه دێین،
به‌ر له‌وه‌ی ڕاڤه‌ی مه‌رگم بۆ بكه‌یت،له‌و
كچه عیشوهبازه ده‌پرسم:
چۆن ئه‌و ئێوارهیهت له یاد كرد
تارای خه‌مێكت له سه‌رتا فڕێداو
كچێنیت، به‌عه‌لاگه‌ی ژورهكهتا هه‌ڵواسی.
مۆمه‌كان كوژانه‌وه
چما زوو فێری ژه‌ندنی ئه‌و شمشاڵهو
سۆزی دهروێشیانهی عه‌شق و
عیشوه‌ی پڕ ئه‌فسونی
شه‌وه سوره‌كانی له‌زه‌ت بوویت.
خۆت ده‌تگوت، چیدی به‌و گۆڕستانه
غه‌ریبه‌دا تێناپه‌ڕم
له ده‌ریایه‌كدا مه‌له ناكه‌م
مه‌رگ له ده‌رگای له‌شی ماندوم بدا‌و
مانایه‌ك بۆ ئه‌م مهرگهمان
له دووتوێی هیچ فه‌رهه‌نگێكدا نه‌دۆزمه‌وه.
له به‌رده‌می ئه‌و گۆڕه‌دا چی ده‌كه‌یت؟!
ئه‌ی ئیبراهیم بته‌كانی نهڕماند!!!
ئیدی بۆ كڕنووش بۆ ئه‌و بتانه ده‌به‌یت؟
بزماره‌كانی ناو له‌پم هه‌ڵده‌كێشم
له حزوری حافزدا،
قاوه‌یه‌ك بۆ به‌ختی خه‌واڵوم ده‌گرمه‌وه
چیتر له‌و ده‌رگایه ناده‌م
له په‌نجه‌ره‌ی ماڵه چۆڵه‌كه‌ی دڵمه‌وه
هه‌واڵی ئه‌و قه‌یره كچانه ده‌پرسم
جه‌نگ نامه‌ی دۆسته‌كانی سووتاندن.
خودایه ته‌یره‌ن ئهبابیلهكان هێور كه‌ره‌وه
خودایه له‌ناو ئه‌و دڵۆپه ئاوه‌دا
كه دهیبارێنی
تۆوی دره‌ختێك چێ بكه
دره‌ختی مه‌عریفه‌ت
چاوه ماندووهكان رونكاتهوه
دڵه ره‌شه‌كان پڕكات له پرشنگی خۆرهه‌تاو و
نوری ئیلاهی.
به‌سه‌رچون،
ئیدی رۆمیۆو جۆلێت جگه له پاڵه‌وانێكی كاخه‌زی
چیدیكه نین،
ئه‌وه‌ی بۆنی وه‌فاو عه‌هده له‌تۆ نایه‌ت به‌دڵا شایه‌ت
مهرگهوهڕدێ و بێپهیمانی مهم و زین ده‌نوسێته‌وه
بابا تاهیر له حزووری باخهوانهكاندا ده‌وه‌ستێ و
دیرۆكی بێئه‌مه‌كی
گوڵه‌كان ده‌گێڕێته‌وه
وه‌لێ سوهراب
له سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی بیمارستاندا
چاو بۆ گوڵی سور ده‌گێڕێ
گولێك ده‌وه‌رێت،
باخه‌وانێك عاره‌قی ناوچه‌وانی ده‌سڕێته‌وه
زێوانێك دیرۆكی خوێن
به ئێسكی كوندهبهبویهك ده‌نوسێته‌وه.
عومه‌ر كه‌ریم به‌رزنجی