گەریلا … شعری کەژال عەلی
قردێلەیەکی رەش
دەدەم لەسەر دێری خەمم ،
چارشێوێکی هەلوێست
دەکەم بەبەر غیرەتمدا ،
جورئەتم دەدەمە دوای خۆم ،
شان دەدەمە بەر شکۆی گەریللا ..
بە زریان بلێن
دەست بەرداری باخ بێ ،
درەخت عەزیمەی گەریلان
گەلا گەلا خوێنیان لەبەر دەروا ،
کە رووحیان پر دەبێ لە فیشەکی بێدەنگ ،
ناکەون ،
هەر بە پێوە شەهید دەبن
بۆ هەلکردنی ئالا ..
دەست دەبەم لە جانتاکەمدا
قەلەم لێوەکەم دەردێنم ،
بە تۆخی
لە ئاوێنەی ژووری نووستن دەنووسم :
درۆزنی .
عەکسی کانی یەکی لیخن ،
لە بناری قەندیل ،
لە تۆ راستگۆترە..
ناچمەوە ناو شەمەندەفەر
نابمەوە بە هاوسەفەری فرۆکەکان ،
هێلی مەیدانی تەماسیان ناگاتە ترۆپکی قەندیل ..
ئیقامەکەم سەحب دەکەم
عەقد زەواجەکەم دەدرم ،
پەساپۆرتەکەم دەکەم بە
هەزار پارچە ،
مارەیی یەکەم دەدەم
لە خوێنی پەپوولە ،
ئەلقەی پەنجەم
دەکەم بە خلخالی کۆتر ..
دەبمە هاورێی
قاچاخچیەکی درۆزن ،
پێلاوێکی باژنە بلند
لە پیی ئازایەتیم دەکەم ،
نەک بۆ جوانی ،
بۆ ناو چاوی ،
جندرمەکانی سەر سنوور ،
بۆ سەر دلی میتی بێوژدانی تورکی ..
دەچم لە بناری قەندیل ،
دەبم بە دلداری تفەنگ ،
خۆم لە سەنگەر مارە دەکەم ..
،گەریلا دەگرم بە شاهد
گەریلا دەکەم بە مەلا ..