ئه‌وسێداره‌ی پێشه‌وا قازی بۆئه‌به‌د به زیندوویی هێشته‌وه
به بۆنه‌ی 10ی خاکه‌لێوه، 66مین ساڵرۆژی شه‌هیدانی کوردستان
له به‌ره‌به‌یانی 10ی خاکه‌لێوه‌ی 1326ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به 30.3.1947 ی زاینی پێشه‌وا قازی مه‌حه‌ممه‌د سه‌رۆک کۆماری کۆماری دێموکراتێکی کوردستان وێرای حه‌مه حوسێن خانی سه‌یفی قازی وه‌زیری به‌رگری کۆمار وئامۆزای پێشه‌وا و ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی برای پێشه‌وا ونوینه‌ری مه‌هاباد له مه‌جلیسی شورای میللی له تاران له چوارچرای مه‌هاباد راست له‌و شوێنه‌ی که کۆماری کوردستانیان لێ راگه‌یاندبوو به فه‌رمانی رێژیمی داگیرکهروکوردکوژی حه‌مه‌ره‌زاشا له سێداره دران. ئامانجی سه‌ره‌کی له سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی و هه‌ڤالانی له گۆرنانی بیری نه‌ته‌وه‌یی وشوناس خوازی کورد وکوردستانی بوو که کۆماری کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازی پێناسه‌ی ده‌کرد. کۆماری دێموکراتێکی کوردستان ڕه‌د کردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی مل هورانهی قه‌ومی حاکم بوو که هه‌موو ئێرانی بۆخۆی ده‌ویست وهیچ که‌س وگروپ ونه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی غه‌یری خۆی قه‌بول نه‌بوو. کۆماری کوردستان دژایه‌تی کردنی راسته‌وخۆی سیاسه‌تی به یه‌ک نه‌ته‌وه‌کردنی ئێرانی فره نه‌ته‌وه بوو. سیاسه‌تێک که رێژیمی حه‌مه‌ره‌زاشا به پشتیوانی ئیستعماری کۆن واته بریتانیا و ئامریکای تازه زل هێزی دونیا به‌رێوه‌یان ده‌برد. تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یری فارس له ئێران دا به هه‌ر نرخێک بۆ ئه‌وه‌ی به قه‌ولی خۆیان ” نه‌ته‌وه‌ی ئێران دروست بکه‌ن”. هه‌رئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له ناو قه‌ومی باڵا ده‌ست ونژادپهرهستهکانی دا به ” ملت ایران” باوه وبۆ ڕاگرتن وپاراستنی ئه‌و به ناو” ملت ایران” پێویستیان به پاراستنی چوارچێوه‌ی عه‌رزی ئێران به زه‌بری له‌شکه‌رکێشی و شه‌ڕوکوشتار وزیندان وئێعدام وقهڵاچۆکردن هه‌یه.
کۆماری کوردستان ئه‌و په‌یامه‌ی به ده‌وله‌تی داگیرکه‌ری په‌هله‌وی دا که کورد خاوه‌نی زمان وفه‌رهه‌نگ ومێژوو و نیشتمانی خۆیه‌تی و ئاماده نابێ مل که‌چی ده‌وله‌تێک بێ که حاشا له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئهودهکا وده‌یهه‌وێ سیاسه‌تی ” یه‌ک نه‌ته‌وه ویه‌ک ئالا ویه‌ک زمان ” له سه‌رحیسابی توانه‌وه‌ی کورد ونه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران جێ به‌جێ بکا. له راستیدا دامه‌زرانی کۆماری کوردستان نوخته وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی ناسیۆنالیزمی کوردی له هه‌مبه‌ر ناسیۆنالیزمی فارسی بوو که ئامانجی سرینه‌وه‌ی شوناس وهۆوییه‌تی کوردی بوو. کۆمارێک که له دڵی کوردستان هه‌ڵقوڵابوو وبه ده‌ستی رۆله‌کانی ئه‌وگه‌له دامه‌زرابوو، نه‌ک هه‌ر خواست وئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردی له پشت بوو، به‌ڵکوو پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی کوردی بوو له هه‌مبه‌ر داگیرکه‌ری نیشتمانه‌که‌ی که له هه‌موو بارێکه‌وه له گه‌ڵ کورد جیاوازه.
له یه‌ک که‌لام دا کۆماری کوردستان له ئاکاروکردهوه دا به ته‌واوی ده‌وله‌تێکی سهربهخۆو جیاواز بووه وبه هیچ جۆرێک له ژێر کاریگه‌ری ده‌وله‌تی ناوه‌ندی دانه‌بووه وخۆی سه‌ربه‌خۆ جۆری په‌یوه‌ندییه‌کانی به وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ویه‌ک له‌وان یه‌کێتی سۆڤیه‌ت دیاری کردووه. ناوه‌ند یان پایه‌ته‌ختی کۆمار مه‌هاباد بووه . بوونی سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وهزیروکابینهی وه‌زیران وئالای جیاواز، سوپای میللی که له هێزی پێشمه‌رگه پێکهاتبوو به ته‌واوی له له‌شکری داگیرکهروکوردکوژی په‌هله‌وی جیاواز بووه. به فه‌رمی کردنی زمانی کوردی له ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی کۆمار، خویندن وپه‌روه‌رده به زمانی کوردی وده‌رکردنی رۆژنامه‌ی کوردستان وچه‌ندین گۆڤاری دیکه سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و کۆماره له ده‌وله‌تی ناوه‌ندی که شایه‌تی بووه به ته‌واوی ده‌رده‌خا.
به‌ڵگه فه‌رمییه‌کانی کۆمار ورۆژنامه‌ی کوردستان که زمانحالی کۆماربووه سه‌ربه‌خۆبوونی کۆمار له ده‌وله‌تی تاران به ته‌واوی ده‌سه‌لمێنن وئه‌وه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌ک بووه که هیچکات بۆ رێژیمی حه‌مه‌ره‌زاشا قابیلی قبوڵ نه‌بووه. کورد له ماوه‌ی 11مانگ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری کوردستان دا هه‌ستی به بوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی وه‌کوو کورد کردووه و ئازادی وسه‌ربه‌ستی له سه‌ر زێد‌ونیشتمانی خۆی له نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ری تاران به گۆشت وخوێن به ته‌واوی هه‌ست پێکردووه. دامه‌زرانی کۆماری کوردستان هه‌روا به هه‌ڵکه‌وت وکوت وپڕ نه‌بووه وبه‌ڵکوو به‌رهه‌می زولم وزۆری وبێ مافی کورد له رۆژهه‌لاتی کوردستان وئاکامی سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی کورد به ده‌ستی ره‌زاخان وکوڕه‌که‌ی بووه که به‌لاسایی کردنه‌وه له ئاتاتورک ده‌یانویست به قه‌ولی خۆیان ئێران له ده‌ست قه‌وم وهۆزوعهشیرهتان ڕزگار بکه‌ن ومۆدێرنیته له جێگای سووننهت و دواکه‌وتوویی دابمه‌زرێنن.
پێشه‌وا قازی مه‌حه‌ممه‌د هه‌روه‌ک چۆن له کاتی بوون به سه‌رۆک کۆمار وله کاتی راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان له 2ی رێبه‌ندانی 1324 ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به 22.1.1946 له چوارچرای شاری مه‌هاباد سوێندی خوارد به نیشتمان ونه‌ته‌وه‌که‌ی خزمه‌ت بکا وتاکوو سهروهفادار بێ به رێبازی کوردایه‌تی، له کاتی دادگای نیزامی ودواتریش چوونه ژیر په‌تی سێداره به سوێند وپه‌یمانه‌که‌ی که به گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی دابووی هه‌روا وه‌فادارمایه‌وه وئاماده نه‌بوو بۆ ڕزگار کردنی گیانی خۆی نه‌ته‌وه ونیشتمانه‌که‌ی به داگیرکه‌ر بفرۆشێ. به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی پێشه‌وا قازی له کاتی دادگای فه‌رمایشی رێژیمی داگیرکه‌ر و هه‌ڵوێستی ئازایانه‌ی وبۆبه گژداچوونه‌وه‌ی به‌رێوه‌به‌رانی دادگا ئه‌و راستییه ده‌رده‌خه‌ن که پێشه‌وا قازی نه‌ک له کار‌و کرده‌وه‌کانی ودامه‌زرانی کۆماری کوردستان ورێبه‌ری کردنی ئه‌و کۆماره په‌شیمان وپاشگه‌ز نه‌بۆته‌وه، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه دامه‌زرانی کۆماری کوردستان ودروست کردنی قه‌واره‌یه‌کی سیاسی کوردی بۆکوردانی رۆژهه‌لات به مافی خۆیان زانیوه. له باره‌ی ئازایه‌تی ونیشتمانپه‌روه‌ری پێشه‌وا قازی له دادگا دا چه‌ندین که‌س راوبۆچوونی خۆیان له‌وباره‌وه نووسیوه وهه‌موویان ستایشی ئازایه‌تی و نه‌ترسی پێشه‌وا قازی ده‌که‌ن که چۆن به‌رێوه‌به‌رانی دادگای فه‌رمایشی رێژیم داگیرکه‌ری تووشی توڕه‌یی و زه‌بوونی کردووه وئه‌وان له ئاست به‌رگری نامه‌ی پێشه‌وا قازی داهیچ وڵامیکیان نه‌بووه وبه ناچار سووکایه‌تی وبێ حورمه‌تیان به پێشه‌وا وبه کۆماری کوردستان وبه نه‌ته‌وه‌ی کورد کردووه.
”نه‌جه‌فقولی په‌سیان ” له چه‌ند ڕسته دا باس له هه‌ڵویستی ئازایانه‌ی پێشه‌وا قازی له دادگای فه‌رمایشی رێژیمی داگیرکه‌ری په‌هله‌وی داده‌کا ودهلێ ” له کاتی دادگا دا قازی مه‌حه‌ممه‌د به‌رپه‌رچی سیاسه‌ت وئاکاروکردهوهی ده‌وله‌تی تارانی ده‌دایه‌وه و پێێ ده‌کوتن” من له قوژبنی گرتووخانه دا ده‌نگی خۆم له دژی ده‌وله‌تی تاران وسه‌رۆکه‌کانی به‌رزده‌که‌مه‌وه ودهلێم تاوانبار ئێوه‌ن نه‌ک ئێمه. ئێوه وڵاتتان لێ داگیرکردووین”. كاتێك سه‌رۆكی دادگا پێشه‌وا به خه‌یانه‌ت تاوانباردهكا، له وه‌ڵام دا پێشه‌وا قازی ده‌ڵێ: “ئێره ماڵی منه, خاكی كوردستان خاكی باب و باپیر‌و ئه‌جدادی منه، چۆن ده‌توانم ده‌ستی لێ هه‌ڵگرم.”
پێشه‌وا قازی له وه‌سییه‌ت نامه‌که‌ی دا گه‌لێک مه‌سه‌له‌ی گرینگ وهه‌ستیاری باس کردووه وکه ئێستاش وبۆ سه‌رده‌می ئێمه‌ش ههرتازهن وکورد وسه‌رانی ئه‌حزابی کوردی ده‌بێ بیکه‌نه چرای رێگای خه‌بات وتێکۆشانیان بۆ ڕزگاربوون له ده‌ستی داگیرکه‌رانی کوردستان. وته‌کانی پێشه‌وا قازی هه‌م ڕووی له نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی وههمیش ڕووی له‌وانه‌یه که خۆیان به داگیرکه‌ر فرۆشتووه. پێشه‌وا قازی ده‌فه‌رمێ ” به خاتری خودا ده‌ست له دوژمنایه‌تی یه‌کتر هه‌ڵگرن، یه‌کگرتوو بن و پشتیوانی یه‌کتربن. له به‌رامبه‌ر دوژمن دا رابوه‌ستن وخۆتان بۆ ماڵی دونیا به دوژمنان مه‌فرۆشن. دوژمن ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی ئێوه به‌کاردێنێ ودوای ئه‌و ئێوه وه‌کوو زبڵ وپاشماوه وان. دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆرن، زالم ونامهردوبێ ویژدانن. ره‌مزی سه‌ربه‌رزی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک یه‌کێتی وبه‌یه‌که‌وه بوونه. ئێوه نه‌ته‌وه‌ی کورد چتان له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه که‌مترنیه. ئازایه‌تی وپیاوه‌تی وله خۆبردوویی ئێوه زۆر زیاتره. ئه‌وگه‌لانه‌ی که ڕزگار بوون، ته‌نیا یه‌کگرتوو بوون وبه‌س. دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌رده‌سته‌و گروپ وره‌نگ ونژادێک بن، هه‌ر دوژمنن. بێ ره‌حم وبێ ویژدانن وئێوه به گژ یهکتردادهکهن بۆئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان دابین بکه‌ن. به وادهوبهلێنی درۆزانه ئێوه هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. له سمایل ئاغای شکاکه‌وه بگره تاکوو جهوهرئاغای برای وههمزهئاغای مه‌نگور وچه‌ندین قاره‌مانی دیکه فریوی ئه‌و زاڵم و مه‌لعونانه‌یان خوارد وناجوامێرانه شه‌هیدیان کردن. هه‌مووی ئه‌وانه‌یان به سوێند وقورعان فریودا. ئاخر ئه‌مانه که‌ی ده‌زانن سوێندوقورعان چیه. دڵنیابن، ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوینتان پێ بدا، تێکه‌ڵ به ژه‌هره. ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌زارجاریش سوێند به قورعان بخۆا، مه‌به‌ستی هه‌رله ناو بردنی ئێوه‌یه. کورد بوون لای ئه‌وان تاوانه وههربۆیهشه سه‌روگیان وماڵتان به حه‌لال ده‌زانن. خه‌یانه‌ت به یه‌کتر مه‌که‌ن، نه خه‌یانه‌تی سیاسی، نه ماڵی ونه ناموسی. ده‌ست له خه‌بات هه‌ڵمه‌گرن، تاکووله ژێر ده‌ستی ڕزگارتان ده‌بێ. ماڵی دونیا هیچ نیه. ئهگهرولاتێکتان هه‌بێ وسهربهخۆیتان هه‌بێ، ماڵ وخاک ونیشتمان هه‌مووی هی خۆتانه. ئه‌و کات هه‌موو شتێکتان ده‌بێ. هه‌م ماڵ وههم سه‌روه‌ت، هه‌م ده‌وله‌ت وههم ئابروو وههم نیشتمان”.
پێشه‌وا قازی له وه‌سییه‌ت نامه‌که‌ی دا ئاماژه به دووخاڵی یه‌کجار گرینگ ده‌کا که بۆته هۆی رووخانی کۆماری کوردستان وله‌و باره‌وه ده‌فه‌رمێ. ” ئه‌وان چون نه‌توانن له مه‌یدانی شه‌ڕ ڕووبه‌رووی ئێوه ببنه‌وه، بۆیه په‌نایان بۆ درۆ و فریودان برد. شا وداروده‌سته‌که‌ی به ده‌یان جار په‌یامیان نارد که ئاماده‌ی وتووێژ ودانوستانن وناخوازن که شه‌ڕ بیته ئاراوه وخوێن بڕژێ. من ده‌مزانی که درۆده‌که‌ن. ئهگهرخهیانهت و فریوخواردن و خۆفرۆشی کۆمه‌لێک له سه‌رانی عه‌شیره‌ته‌کان نه‌با، کۆمار هه‌رگیز شکستی نه‌ده‌هێنا”.
به داخه‌وه ودوای 66 ساڵ له شه‌هید کرانی پێشه‌وا قازی وهه ڤاڵانی وشه‌هید بوونی به هه‌زارانی دیکه، کورد هه‌رله‌و بازنه‌یه دا ده‌خولێته‌وه که پێش 66 ساڵ له‌مه‌به‌ر پێشه‌وای نه‌مرله وه‌سییه‌ت نامه‌که‌ی دا ئاماژه‌ی پێ کردووه. نه‌بوونی یه‌کگرتووی له نێو ئه‌حزابی کوردستانی، دووبه‌ره‌کی، یه‌کتر قه‌بول نه‌کردن، خۆفرۆشتن وجاشێتی، سیاسه‌ت کردنی هیندێک له ئه‌حزاب بۆ مالی دونیا به سه‌ربه‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه وله خزمه‌ت داگیرکهردابوون. پاش 66 ساڵ له دوای له سێداره‌درانی پێشه‌وا قازی، کورد له سێ پارچه‌ی کوردستانی داگیرکراو دا هێشتا له که‌مترین مافی ئینسانی وسروشتی خۆی بێ به‌شه. هێشتاش هه‌ر کوردستان له ژێر ده‌ستی داگیرکه‌ران دایه وهه‌ر ئه‌وانن که باڵاده‌ستن وکوردیش له جیاتی یه‌کگرتوویی ویه‌ک ریزی، خه‌ریکی خۆخۆری ودوژمنایه‌تی یهکترکردنه.
لوقمان زه‌هرایی
9ی خاکه‌لێوه‌ی 2713 کوردی
هێلسینکی