داخکردن … نەوزاد بەندى
-1-
نوسەرەکانمان ،
زۆربەیان بۆنى دەمیان دێ ..
( هەوکردنى قوڕگە ،
یان دانى کلۆر .. ؟
کەڕووى گەرووە ،
یان ئینفێکشنى سییەکان ؟
نازانم .. )
پێدەچێ بەرهەمى بەسەرچوو..و
ئێکسپایەر بێ ..
-2-
بڕوانە
لە پشت هەر شاعیرێکى بودەڵەى مەیدانەکەوە ،
تەزکیەیەک ..
مەسڵەحەتێک خۆى مەڵاس داوە ..
( ئەگەر شیعرێ ،
شتێکى ون بووى بۆ نەدۆزیتەوە ،
ئەوە شیعر نییە ،
قبوڵ خاسە ..
گەندەڵییە ..
مەیخوێنەرەوە ، با ئەدەبت لەبەرچاو نەکەوێ و
ن ە ڕ ش ێ ی ت ە و ە )
-3-
بۆنى قەوانى سواو ..
تایەى پەنجەر ..
باڵۆنى تەقیو ..
هێلکە و ڕۆنى سوتاو ،
لە بەرهەمى زۆربەى نوسەرەکانمانەوە دێ ..
( فاتیحایەک بۆ گیانى پاکى
نالى و مەحوى ..)
-4-
کە بۆ دەستێک ئەزنیف و عەدلە ،
ئەچوین بۆ چایخانە ،
دەستێکمان ئەکرد بە گیرفانمانا ،
بزانین پارەى چاییەکەمان پێیە ..
(کەچى زۆر بەلامەوە سەیرە ،
نوسەرێکى زۆرى حیزبى و مەسڵەحچى ،
وەکو زچ و گەنە ،
بە لاشەى ئەدەبى کوردییەوە نوساون ..
بێ بەرهەم
بێ ئیلهام
موفلیس
تەنها خەریکى شکاندنى ددان و
پەنجەرە و
گڵۆپى ئەدەبى کوردین .. )
-5-
پێکەنینم دێ ..
چى بکەم بەدەستى خۆم نییە ،
کاتێ ئەبینم ،
شاعیرێکى ناسیاوى ڕۆژنامەیەک ،
وشەکانى بە پیتى بۆڵد و
گەورە ئەنوسن ..
جێگاى دەبڵى لە لاپەڕەکەدا بۆ حیجز ئەکەن و
مۆتیڤبارانى ئەکەن ..
( من ئەوە بە جۆرێک لە گەوادى دائەنێم ،
چونکە شیعر ڕۆحە ،
نەک بەردى حەلانى وشەو
پیت و
مۆتیڤ و
س ە گ و س ە گ ب ا ب ى )
هههههههههههههههه
-6-
تکایە
پێش کەرکوک و خانەقین ،
ئەدەبى کوردى ،
لە دەست ئەو لەشکرە نەخوێندەوارە ڕزگار کەن ،
حەیا و شەرەفمان چوو …
-7-
شیعر بە بۆینباخەوە نانوسرێ ..
کە بۆینباخت کردە ملى ،
ئەبێِ بە وەزیر و
مەگەر خوا بیهێنێتە پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە ..
مەگەر خوا بزانێ ،
مانگانەکەى چەندە و
چەند گێڵفرێندى هەیە و
قاپە ویسکیەکەى چەند باییە ..
شیعر وەکو گوڵاڵە سوورە ،
بەرەبەیانیەک ئەپشکوێ و
سەر لە ئێوارەیەک ون ئەبێ ..
یەک عانەى سووریش لە گیرفانیا نییە ..
-8-
کە ئەدەب بوو بە مانگاى فریزۆ و
بەرهەمەکانى
شیر و
ماست و
پەنیر و
قەیماغ و
ژاژ و
کەشک و
دۆ وشک ، خرانە بازاڕەوە ..
ئەوسا هەم سوک ئەبێ و
هەم ئێکسپایەر ..
ئەبێ بە جۆرێ لە کەرەوز و کەوەر ..
-9-
تکاتان لێدەکەم ،
کتێب بکڕن ..
هۆى سەرەکى نەهامەتى و
بێزاریمان ،
نەخوێندنەوەى کتێبە ..
( هۆکارى زیادبونى تەڵاق ..
هۆکارى دزى و گەندەڵى ..
هۆکارى زیاد بوونى جەڵتەى دڵ و شێرپەنجە ،
نەخوێندنەوەى کتێبە ..
ئەوانەى ئەخوێننەوە ،
ناتوانن سنورەکان بشکێنن و
سروشتى وشەکان وەرئەگرن ،
بە دێراوەکانى ژیاندا ڕەت ئەبن و
گوڵ ئەڕوێنن ،
لە زۆر ، زۆر و
لە کەم ، کەم … )
-10-
داخکردنى ڕۆژنامەنوس ،
ئەوەندەى بە مەبەستى وتارى برژاوە ،
نیو ئەوەندە بۆ تەمبێ کردن نییە ..
-12-
کە پۆلیس ،
دەستى دایە کوتەک ،
واتا ئیتر مرۆڤایەتى تەواو ..
نۆبەتى فەلاقەیە !!
-13-
کە توانیمان شەقامەکان ،
وەکو ژوورەکانمان پاک ڕابگرین ،
ئەوسا دیموکراسى و
مافى مرۆڤ و
تەکنۆلۆژیا خۆیان لە وڵاتەکەمانا ئەڕوێن ،
وەکو نێرگز
وەکو ڕێواس
وەک چاوبازە ..
-4-
هەر بە تەنها دەشت و شاخ و باخەکانى خوا ،
پاوان و
تەلبەند و
سندم نەکراون ..
ڕۆژنامەکانیش توشى ئەو دەردە بوون ،
لاپەڕەکانى تاپۆکراون :
لاپەڕەى یەکەم بۆ کوێخا ڕینگۆى دەبڵ دەمانچە ..
لاپەڕەى دووەم بۆ ئاغاى جنێوفرۆشى هەندەران مەشرەب ..
لاپەڕەى سێیەم بۆ دکتۆرى فەلى بێ بڕوانامە ..!!
وە هەروەها …
( یەک بست نەماوەتەوە بۆ هەناسەدان ،
نە لە خاک ..
نە لە ئاو ..
نە لە هەوا ..
نە لە فیکر ..
هەمووی کراوە بە کۆمپیالە و سپارچەک و
نراوەتە گیرفانى کۆمەڵێ
پۆرترێتى ناشیرین