بە تەما نەبووم .. ! …. نەوزاد بەندى
-1-
بە تەما نەبووم بڕۆمە تەمەنەوە ..
بڕوانن ،
هێشتا تۆپى پێنج بەردى لە گیرفانمایە ..
هێشتا وێنەى
جۆلیانۆ جیما و
ترنتى لە چەکمەجەى مێزەکەمدایە ..
هێشتا پێنج فلسى لە گیرفانمایە ..
بە تەما نەبووم بڕۆمە تەمەنەوە ،
بڕوانن ،
هێشتا سروودى ئەى تۆپەکە و
پەپولەى جوان
پەپولەى جوانى کوردستان ،
لێوەکانمى بەجێنەهێشتوە ..
هێشتا جلى جەژن ،
لە ژێر سەرینەکەمدایە ..
هێشتا شەتڵى شۆرباى نەعنا بە ترشى ،
لە دێراوەکانى ژێر زمانمایە
-2-
بە تەما نەبووم بەجێم بێڵى ،
هێشتا دوو سێڤن ئەپ ،
لە سەلاجەکەما جاوەڕوانن ..
هێشتا دوو ئاوى حەیات ..
دوو چەتاڵ و
شەش حەوت گێلاس و
شلیک ،
چاوەڕوانى خواردنن و
نەخوراون ..
هەموویان کەڕوو تێى داون ..
بە تەما نەبووم بەجێم بێڵى ..
-3-
بە تەما نەبووم دابەزم ،
شۆفێرەکە وتى :
تەواو ..
دوا وێستگەیە .. دابەزە ..
( هێشتا نەگەیشتبومە ئەو شوێنەى
تیایدا ڕێز لە شیعر ئەگیرێ ..
تیایدا شیعر حوکم ئەکا .. )
بە تەما نەبووم دابەزم ..
-4-
بە تەما نەبووم خوێندن تەواو بێ ..
نیوەڕۆیەکیان ،
لە هۆڵێکى تاقیکردنەوە هاتمە دەرەوە ..
ئیتر دەرگاى زانکۆیان بە دوادا داخستم ..
چەند لە دەرگام دا ،
نەیانکردەوە ..
ئیتر چووم بۆ بازاڕ ..
ئیتر بوم بە دوکاندار ..