خێزان له نێوان بوونه ترادیسیۆنی و نیشتمانه شیمانهییهكهیدا
ئێمه پێشتر زۆرمان قسه له‌سه‌ر كاریگه‌ییه‌كانی ته‌كنۆلۆژیاو ورووژێنه‌ره‌كانی جیهانگه‌رایی كردووه، به‌و پێیه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌موومان له دوو نیشتماندا ده‌ژین و له یه‌ك كاتدا هاوڵاتی ههردووكیانین ئه‌وانیش وڵاته سرووشتی و ترادیسیۆنییه‌كه‌ی خۆمان و ئه‌وه‌ی تریش دنیای نێو مۆنیته‌ر و مۆبایل و ده‌رهاویشته‌كانی جیهانگه‌رییه ، هه‌ر بۆیه خێزان وه‌ك حه‌ره‌مێكی ئارام و وه‌ك ئازادترین جوگرافیا بۆ تاكه‌كان له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی زه‌حمه‌تدایه و ئه‌م دردۆنگییه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی كردۆته سه‌ر شوێنی گه‌نج تیایدا و ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ك جاران خێزان ببێ به‌و پیرۆزه‌ی تیایدا ئه‌وه باوكه هه‌موو شته‌كان بۆ خۆیه‌تی و هیچ به‌شی مناڵه‌كانی نادات و گه‌نجه‌كانیش له چوارچێوه‌ی پابه‌ندبوونێكی تۆكمه به كۆمه‌ڵێك به‌های وه‌ستاو ده‌بێ پابه‌ندی بڕیار و حه‌زه‌كانی ئه‌و بن ئه‌وا گه‌نج نه‌ك له خێزان به‌ڵكو له كۆمه‌ڵگه‌شی قبووڵ ناكا و هه‌میشه دۆخه‌كان له شێواویدا ده‌بن و سه‌ره‌نجام گه‌نج چیدی ئه‌و هێزه نییه پارێزه‌ری خێزان بێت و ئه‌گه‌ریش خێزان به ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سۆسیالیزه‌یشن هه‌ڵنه‌ستێ و كوێرانه له‌گه‌ڵ هه‌ر دهركهوتێكدا ئه‌ویش حهربایانه بگۆڕێ ئه‌وا مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر بونیادی خێزان زیاتر ده‌بن و ده‌بێ له‌مه‌ولا مانای دیكه بۆ ئه‌و بوونه بدۆزینه‌وه چوون خه‌ریكه ستراكتورهكانی ده‌گۆڕێن.
له‌مڕۆدا شه‌ڕێكی گه‌وره له‌سه‌ر گه‌نج له‌هه‌ردوو به‌ره‌ی (پارێزه‌رانی خێزان) و ( گلۆبالیزه‌یشن) له ئارادایه و ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان نایه‌وێ رۆڵه‌كانی خۆی به‌م ئاسانییه له‌ده‌ست بدات و ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان دنیایه‌ك هه‌لی سه‌یر سه‌یری خستۆته به‌رده‌م كه زه‌حمه‌ته گه‌نجه‌كانمان بتوانن بێ بایه‌خ بن به‌رامبه‌ریان.
ئه‌گه‌ر خێزان بیه‌وێ له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌م پێشهاتانه‌دا قسه‌ی خۆی هه‌بێ ئه‌وا له چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێ بخولێته‌وه و رێكهاتنهوهش له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامی وێنه كۆنهكانمانن بۆ خێزان، له‌م رووه‌وه خێزانی ئێمه هه‌رگیز ده‌رك به‌و ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تییه ترادیسیۆنییه ناكات و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كه لای ئێمه هه‌یه نه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مه كه پارێزه‌رانی خێزانن و نه ئه‌وه‌ی دووه‌میشه كه گه‌یشتنه به‌و مه‌رامانه‌ی گلۆبالیزه‌یشن لێمانی ده‌وێت تا بیانگه‌ینێ.
فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی له پشت ئه‌م دیارده نوێیهوهن له چوارچێوه‌ی تا دێ زیاتر تاكگه‌راییه و داكه‌وتنی زه‌مه‌نێكه تاكه‌كان له‌نێو خۆیاندا راسته‌وخۆ رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان بۆ فه‌زایه‌كی سهبرانی بكێشن كه له خوده‌كانی زه‌مه‌نی مۆدێرنه‌ش جیان، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه به بێ ئاگای تاكه‌كانی تا ئێستاش هه‌ر به‌ستراوه‌ی كۆگهراییهكی بێ په‌یوه‌سته‌گیی به‌هاییه و تاكه‌كان وه‌ك وێنه‌یه‌كی بچوككراوه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌رهه‌م دێنێت و هه‌ر خێزانه ده‌یه‌وێت له منداڵه‌كه‌یدا هه‌رچی وێنه و خه‌ونه كۆنه‌كانی باو و باپیرانییهتی وه‌دی بهێنێته‌وه.
كه‌واته ئێمه‌ی كۆگه‌را و ئه‌وانی تاكگه‌را هه‌ردوولامان گیرۆده‌ی مه‌ترسییه‌كانی ته‌كنۆلۆژیای جیهانگهرایین و ئه‌وه‌ی له یه‌كترمان جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌وان به هوشیارییه‌وه هه‌نگاوه‌كانیان ده‌هاون وه‌لێ ئێمه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی شه‌پڕه لێدراو هه‌ر ئه‌ندامه‌مان به ئاراسته‌یه‌ك ده‌جولێت و هیچ یه‌ك له ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته گه‌وره‌كه‌مان كه كۆمه‌ڵگه‌یه ئاگای له جووڵه و بزاوتی ئه‌وانی تر نییه.
مادامه‌كێ جیهانگه‌رایی هه‌م شوێن و هه‌م كاتیش له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ئه‌گه‌ر هوشیار نه‌بیت له به‌رامبه‌ریدا له‌رووی شوێنه‌وه وابه‌سته‌گییه كلاسیكیهكانت شل ده‌كاته‌وه و له رووی كاتیشه‌وه وات لێده‌كات به خێراییهكانی رانه‌گه‌یت و له دوو رووه‌وه‌ش شوناسی تاكه‌كان ده‌خاته به‌ر مه‌ترسیه‌وه له لایه‌كه‌وه له شوێن دایانده‌بڕێ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه رووحیه‌ی به‌وێوه هه‌یانبوو لاوازی ده‌كات و به‌مه‌ش بێ هێزی نیشانده‌دات و توانای بیناكردنی شارستانییه‌تی لا ده‌كوژێت له لایه‌كی دیكه‌وه له كولتووری خۆیان نامۆیان ده‌كات و وه‌ك كه‌سی بێ عینوان وهدیاریان ده‌خات و به‌مه‌ش توانای وه‌به‌رهێنانی له‌سه‌ر كه‌لتووری خۆی لا ناهێڵێت و هه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك ئاواز ده‌یڵێ و ده‌یڵێته‌وه.
ئه‌م حاڵه‌ته زیاتر گه‌نجه‌كان سه‌رمه‌ست ده‌كات و ئه‌گه‌ر خێزانی ترادیسیۆنی و كلاسیكیی نه‌یتوانی لاوه‌كانی بپارێزێ ئه‌وا جیهانگهرایش زه‌مه‌ن و زه‌مینێكی فراوانه بۆ ونبوونیان و ئه‌گه‌ر جاران باوكه‌كان له خێزانی ترادیسۆنیدا هه‌رچی چێژ هه‌بوو بۆ خۆیان بوو ئه‌وا له جیهانگهرایدا گه‌نجه‌كان چێژباران ده‌كرێن به‌ڵام له پرسه هه‌ره گرنگه‌كان كه وه‌رچه‌رخانی هاوسه‌نگه و هێزی ئه‌وانی پێویسته لاڕێ ده‌بن و به به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌رده‌وامی رابواردن و كات به‌سه‌ر بردنه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بن، ئه‌مه‌ش له خۆیدا هه‌روه‌ك باشلا‌ر ده‌ڵێ جۆرێكه له به ئهبهدیكردنی زه‌مه‌ن، چون زه‌مه‌نی ژیاوی تاكه‌كان له زه‌مه‌نی جیهان هێواشتره و به خێراییه‌كه‌ی ڕاناگات، له‌و حاڵه‌ته‌شدا تاك بوونێكی پاسیڤی ده‌بێت و كات له نێویدا وه‌ستاوه و ئه‌مه‌ش رێك بوونێكه له ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێندا.
كێشه‌ی گه‌نج له‌نێو ئه‌م سه‌ركێشیه زانستییه خێرایانه‌دا گه‌شه نه‌كردنی چوارچێوه هزرییه‌كانی پێكهاته كۆمهڵایهتییهكانیهتی مه‌گه‌ر نا جیهانگه‌رایی چۆن به سوود بۆ كۆمه‌ڵگه خانه‌خوێكانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌وا گه‌نجانی سه‌رزه‌مینه‌كانی دیكه‌ش سوودمه‌ند ده‌بوون لێی.
كه‌واته كێشه‌كه له بنچینه‌دا شه‌ڕی نێوان كولتووره‌كانه و ئه‌وه كولتووری به‌هێزه وه‌ك خۆی ده‌یه‌وێ ههڵماندهسووڕێنێ و تایپه رهفتارییهكانی خۆیمان له‌سه‌ر یه‌ك بۆ ده‌نێرێ.
له‌م به‌تاڵاییه وجودیهی گه‌نج له‌سه‌ر زه‌مینه‌كانی ئێمه‌دا تیایدا ده‌ژی و له نێوان ده‌یان هێز كه هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ خۆیانی كێش ده‌كه‌ن سه‌ری سوڕماوه هێز و تواناكانی گه‌نجان له زۆر رووه‌وه به فیڕۆ ده‌چێت وه‌ك :- ( به فیڕۆدانی بایۆلۆژی و هزریی و وجودی ) ، به فیڕۆدانی بایۆلۆژی بێبایه‌خ سه‌یركردنی جه‌سته و تواناكانییهتی و وهبهرنههێنانییهتی له بواره‌كانی كار و وه‌رزش و هونه‌ر و هیتردا. به‌فیڕۆدانی هزریش دوور هێشتنه‌وه‌یانه تاوه‌كو ببن به نێچیری ئاسان بۆ ره‌وته عهقائیدییه ئاینی و راسیستیی و ئایدیۆلۆژییه توندڕه‌و و ئوسوڵگه‌راكان و سوود لێوهرنهگرتنیان له بواری وه‌به‌رهێنانی هزری داهێنان له بواره‌كانی زانست و ئه‌ده‌بدا و به‌فیڕۆدانی وجودیش هه‌ستكردنی گه‌نجه به‌وه‌ی ئه‌و بوونێكی ئه‌كتیڤ نییه و كاتێك دوور هێشترایه‌وه و نه‌بوو به‌و كه‌سه‌ی پێگه و رۆڵێكی هه‌بێ له كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌وا له خۆی و له خێزان وكۆمهڵگهكهی نامۆ ده‌بێت.
ئه‌و نمایشانه‌ی رۆڵی گه‌نج له په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كان ئه‌وه‌شی لێمان ده‌وێ ئاخۆ ده‌بێ ئایندهی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه چی بن و خێزان له لایه‌ك و گه‌نج له لایه‌كه‌ی تر به چی بگه‌یه‌نن .
بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نج هاوسه‌نگانه هه‌م له رووی ده‌روونییه‌وه و هه‌م له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بمێنێته‌وه، ئه‌وا پێویسته خێزان له‌وه به ئاگا بێته‌وه كه مانه‌وه‌ی له‌و دۆخه‌ی ئێستادا له مانای راسته‌قینه‌ی خێزان سه‌لبی كردووه و خستوویه‌ته بارێكه‌وه له خۆی به گومانه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و ئێستا به ته‌واوی ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هاییه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌ستێت ، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئایا خێزان توانای ئه‌وه‌ی ماوه به هۆش خۆی بێته‌وه و بزانێ گه‌نجه‌كانمان له‌م زه‌مه‌نی تهكنۆلۆژیایهدا چیان گه‌ره‌كه و به‌ره و كوێ له رێدان؟.
رۆڵی خێزانی هاوسه‌نگ ده‌بێ زۆر ژیانی و ژیاریانه بێت و نه‌خشه‌ی په‌یوه‌ندی تازه‌تر له‌گه‌ڵ گه‌نجاندا بكێشنه‌وه و فه‌زایه‌كی دیكه‌یان له رواندنی گیانی ئینتیما لا درووست كه‌نه‌وه هه‌ڵبه‌ته یه‌كه‌م ئینتیما بۆ خێزان و ئه‌وسا ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه به دوا ئه‌ودا دێن، كه‌شی خێزانی ده‌بێ ئه‌و رووبه‌ره بێ یه‌كه‌م ئارامیی كه باوه‌شی دایك و دواتر باوكه‌كانه هه‌ر له منداڵیه‌وه واڵا بێت بۆیان و له‌وێدا هه‌ر نه‌بێ ئه‌و دنیایه‌یان هه‌بێ كه تیایدا فێری یه‌كه‌م ماناكانی خۆشه‌ویستی ده‌بن. ئه‌وسا به متمانه‌وه رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌بنه‌وه و وه‌ك بوونێكی كارا هێڵێكی به‌رگری به تینیان بۆ درووست ده‌بێ.
نه‌مانی یه‌كه‌م هێڵی به‌رگریی و له‌ده‌ستدانی یه‌كه‌م خانه‌خوێ بۆ ئینتیما دوای خود كه خێزانه توانای به‌رگریان بۆ هه‌رچی هه‌یه له ده‌ره‌وه لا لاواز ده‌كات و ون ده‌بن و دواتر هه‌ر ه ئه‌و بوونه‌وه‌ره ونه ده‌مێننه‌وه و به‌و لاوازیهوهش هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان لێناكرێت بكه‌رێكی كارا بن له نێو ئه‌و جیهانه‌ی ئێستا له پێكهاتنێكی خێرادایه.
زیندوو كردنه‌وه‌ی رۆڵی خێزان هوشیارییه‌كی هه‌ر به‌ته‌نها كۆمه‌ڵایه‌تی پێناوێ به قه‌د ئه‌وه‌ش وبگره زیاتریش هوشیارییه‌كی سیاسیی و ئاینی و كولتووریشی ده‌وێ و له‌وێوه كۆمه‌ڵگه به ته‌واویی ده‌بێ بكه‌وێته نێو پڕۆسه‌یه‌كی چاكسازییه‌وه و ته‌واوی ئۆرگانه‌كانی ئه‌ركی دووباره گێڕانه‌وه‌ی هێز و توانا بۆ جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه كه له به‌رامبه‌ر شه‌پۆله‌كانی گلۆبالیزه‌یشندا له‌ده‌ستی دابوو بگرنه ئه‌ستۆ، ئه‌م حاڵه‌تی ئایدزهی كۆمه‌ڵگه‌كان تووشی بوونه به گۆڕینی شێوازی په‌یوه‌ندی كلاسیكیانه و بێبایه‌خانه به گه‌نج بۆ سه‌یركردنیان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌موو تواناكانیان بخرێنه وه‌به‌رهێنانه‌وه ده‌بێت و شیفا بۆ ئه‌و جه‌سته‌یه دێت و به توانایه‌كی تازه‌تر و گوڕێكی تر رووبه‌رووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌بێته‌وه .
محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن