Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئیسلامیزه‌كردن، فۆبیا‌و كاردانه‌وه‌

ئیسلامیزه‌كردن، فۆبیا‌و كاردانه‌وه‌

Closed
by May 11, 2013 گشتی

 

 

 

 

لیستی ئیسلامی، یان به‌ره‌ی ئیسلامی، بایه‌تێكی گه‌رمی ناو فه‌زای سیاسی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌ر یه‌ك له‌لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تییه‌ ئیسلامییه‌كانیش به‌های لێوردبوونه‌وه‌ی هه‌بووه‌‌و مایه‌ی هه‌ڵوێسته‌كردن بووه‌‌و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتۆته‌ ئاستی راپرسی ناوخۆیی‌و تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ به‌چه‌ندان شێوه‌ی جیاواز.

به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی بۆ هه‌ر چاودێرێكی سیاسی، له‌ په‌یوه‌ست به‌ لیستی ئیسلامی‌و به‌ره‌ی ئیسلامی دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی له‌ دۆخی ئێستای كوردستاندا زه‌مینه‌ی دروستكردنی هه‌یه‌‌و ئیسلامییه‌كان ده‌توانن ده‌ستی بۆ به‌رن؟

بۆ من ئه‌گه‌ری دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی (لێره‌دا به‌ره‌و لیست وه‌ك دوو مترادیف به‌كارده‌هێنم) ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌‌و پێم وانییه‌ هیچ یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان بتوانن ده‌ستپێشخه‌ری كارێكی له‌و جۆره‌ بكه‌ن. هۆكاری ئه‌مه‌ ئه‌و دابه‌شبوونه‌ جۆرییه‌ نییه‌ كه‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌یانه‌. راسته‌ كه‌ ئیسلامییه‌كان، چ ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دابه‌شبوون به‌سه‌ر سێ‌ لایه‌نی جیاوازدا‌و بوونه‌ته‌ هه‌ڵگری سێ‌ شوناسی جیاواز‌و چ ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌ی گروپ‌و كۆبوونه‌وه‌ له‌ ده‌وری كه‌سایه‌تییه‌ك هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ مه‌لا كرێكار‌و ده‌سته‌كه‌ی محه‌مه‌د بازیانی، له‌ جۆره‌ ئه‌وه‌ن، هه‌ڵگری دیدی جیاواز‌و خاوه‌نی پێگه‌ی جیاواز‌و سه‌ره‌نجام به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازشیان هه‌یه‌‌و كۆكۆدنه‌وه‌یان له‌ده‌وری یه‌كتر بۆ خۆی پێویستی به‌ یه‌ك سه‌ده‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌مه‌ش، هۆكاری سه‌ره‌كی ئاماژه‌كانی دروست نه‌بوونی به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی له‌ شوێنێكی تردایه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وایدابنێین، كه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌توانن ده‌ستبه‌رداری جیاوازییه‌كانی خۆیان بنن‌و هه‌موویان له‌ ده‌وری ئه‌میرێك، یان په‌یامێك كۆ ببنه‌وه‌، هێشتا ئه‌وه‌ به‌واتای ئاماده‌ییان بۆ دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی‌و به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی چه‌ند مانگی داهاتووی كوردستاندا نییه‌.

ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان وه‌ك به‌ره‌یه‌ك به‌شداری بكه‌ن، په‌یامی به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی ناتوانێت یاریكردن بێت به‌ وشه‌كانی وه‌ك “نه‌مانی گه‌نده‌ڵی‌و چاكسازی‌و دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رپرس”‌و ته‌نانه‌ت ناتوانێت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م لیستێك له‌ چاكسازی‌و ریفۆرمه‌كان بخاته‌ سه‌ر فلێكسێكی گه‌وره‌‌و به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنیان بدات‌و داوا له‌ خه‌ڵك بكات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م خواستانه‌ ده‌نگیان پێبده‌ن، به‌ڵكو به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی له‌ كاڵترین واتایدا، ده‌بێت هه‌ڵگری په‌یامێكی رادیكالانه‌ی ئیسلامیانه‌ بێت‌و بێ‌ هیچ سڵمینه‌وه‌یه‌ك لانی زۆربه‌ی به‌رنامه‌ی خۆیان بخه‌نه‌ روو. كه‌واته‌ به‌ره‌ یان لیستێكی ئیسلامی له‌ ئێستادا ده‌توانێت مایه‌ی كاره‌سات بێت بۆ خودی ئیسلامییه‌كان خۆیان، هه‌ر بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كه‌مین كه‌سانێك سڵا له‌ دروستبوونی ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌  ئیسلامییه‌كان خۆیانن‌و دزه‌كردنی باسه‌ ناوخۆییه‌كان‌و دزه‌كردنی ئه‌نجامی راپرسییه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌توانێت ده‌رخه‌ری ئه‌و ترسه‌ بێت، له‌وه‌ش تێپه‌ڕێت ئاماژه‌كانی ئه‌و دیوو ئه‌وه‌ی ده‌وترێت “كۆمه‌ڵگای كوردی كێشه‌ی چاكسازی هه‌یه‌ نه‌ك ئایدیۆلۆژی” ده‌توانێت لایه‌نه‌ تیۆریزه‌كراوه‌كه‌ی ئه‌و ترسه‌ بێت كه‌ خودی ئیسلامییه‌كان له‌ دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یانه‌.

له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا، كۆمه‌ڵا‌و یه‌كگرتوو ده‌یانتوانی به‌بێ‌ حسك‌و زه‌حمه‌تكێشان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن‌و ته‌نانه‌ت له‌ رووی توانای راگه‌یاندن‌و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریشه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ هیچ سودێكی بۆیان نه‌بوو، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین مایه‌ی زه‌ره‌ر بووه‌ بۆیان، له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا بۆكردنیان؟ بۆ كه‌ ئه‌وانیان له‌گه‌ڵا نه‌ما ئه‌مانیش به‌ جیا جیا دابه‌زین؟ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ دۆستایه‌تیان له‌گه‌ڵا پارتی سیمای حزبێكی ده‌سته‌مۆی وه‌رگرت، به‌ڵام بۆ هه‌ر له‌هه‌مان خوله‌كدا ماوه‌ته‌وه‌؟ له‌دوای 17 ی شوبات جارێكی تر كۆمه‌ڵا‌و بزووتنه‌وه‌ كه‌وتنه‌وه‌ خوله‌كی گۆڕان‌و سه‌رباری هه‌موو تێبینییه‌كانیان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ڵام بۆ هێشتا له‌ خوله‌كی ئه‌و حزبه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌؟ مه‌لا كرێكار كۆمه‌ڵا‌و یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك بیجامه‌ له‌پێ‌ ده‌زانێ‌ كه‌ ناتوانێت هیچ بۆ بزاوتی ئیسلامی بكه‌ن، به‌ڵام بۆ خۆی بووه‌ته‌ ده‌زگایه‌كی پروپاگه‌نده‌ بۆ هێزێكی نا ئایینی؟ ئه‌وانه‌ی له‌ خوله‌كی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیدان‌و ماوه‌ ماوه‌ لێی ده‌تۆرێن، نه‌ك باس له‌ لیستی ئیسلامی ناكه‌ن، به‌ڵكو جارێكی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ یاریكردن به‌ وشه‌كانی چاكسازی‌و مترادیفه‌كانی ئه‌و وشه‌یه‌، بۆ؟ ده‌توانرێت وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌و راستییه‌دا بدۆزینه‌وه‌، كه‌ به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی ناتوانێت به‌ره‌نجامێكی باش بۆ خۆی ئیسلامییه‌كان به‌دیبهێنت‌و زۆر به‌ خرایی ده‌یانخاته‌ به‌رده‌م كاردانه‌وه‌یه‌كی فراوانی كۆمه‌ڵگا.

به‌راستی ئه‌وه‌ی “فۆبیای ئیسلامیزه‌كردن”ی هه‌یه‌، خودی ئیسلامییه‌كانن‌و به‌ هه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك رۆشنبیری ئاڵوده‌ به‌ باكگراوندێكی ئایینی ده‌درێته‌ پاڵا كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان، چونكه‌ خودی ئیسلامییه‌كان هه‌ست به‌و كاردانه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ حاڵه‌تی ده‌ركه‌وتنی به‌ره‌ی ئیسلامی‌و به‌ به‌په‌یامێكی ئیسلامیانه‌، به‌ره‌و روویان ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئاماده‌ن لاكه‌وته‌ترین حزبی سیاسی بكه‌نه‌ هاوپه‌یمان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك “ئیسلامی” نا به‌ڵكو وه‌ك “ئۆپۆزیسۆن” بناسرێن‌و وه‌ك “خاوه‌ن په‌یامێكی ئیسلامی بۆ جێبه‌جێكردنی شه‌رعییه‌ت” نا به‌ڵكو وه‌ك “خاوه‌ن په‌یامێكی چاكسازی‌و فریادڕه‌س” ده‌ربكه‌ون.

 

سه‌لام مارف

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.