
ئه‌ركێكی تری ئه‌ده‌به‌كه‌مان
یه‌كێك له ئه‌ركه ههمیشهیییهكانی ئه‌ده‌ب نزیك كردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه له یه‌كتر، نزیك كردنه‌وه به‌و مانایه‌ی له‌یه‌ك گه‌یشتن و زمانی هاوبه‌شیان له‌نێواندا دروست بكات. هه‌ڵبه‌ت ده‌ره‌نجامی لێك گه‌یشتنیش سنوور شكاندن و كورت كردنه‌وه‌ی مه‌وداكانه.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بكه‌م و بڵێم، مخابن ئه‌ده‌بی كوردی له باشووڕ وێڕای ئه‌و لێشاوی چاپكراوانهی هێشتا ڕۆڵی خۆی وه‌ك پێویست نه‌گێڕاوه و به‌ئه‌ده‌بی كوردانی باكوور و ڕۆژئاوای ئاشنا نه‌كردووین، كێ له ئێمه ڕۆمانه‌كانی (چیایێن بخوێنێ ئاڤدای)ی باڤێ نازێ، (وندابوون) و (ڤه‌گه‌ر)ی شاهین به‌كر، (ئامێدئاباد) و (پاریس ئاباد) و (بارێ شه‌ڤێ)ی فه‌واز حوسێن، (یێن په‌رێشان)ی ئازاد عه‌لی، (زارۆتیا نهینكێ)ی پیر ڕۆسته‌م، (مژاباد) و (سێ گاڤ و سێدارهك) و (میرنامه) و (مارتینی به‌خته‌وه‌ر)ی جان دۆستی به‌زاری كرمانجی خوێندووه‌ته‌وه؟ له‌كاتێكدا ئه‌می دوایییان یه‌كێك له ڕۆماننووسه هه‌ره دیاره‌كانی ڕۆژئاوای كوردستانه و بۆ نموونه ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی میرنامهكهی به‌ڵگه‌ی زمانڕه‌وانی و توانای گه‌وره‌ی ئه‌وه به‌سه‌ر هونه‌ری ڕۆماندا و له‌دڵه‌وه ده‌خوازیت ڕۆمانه‌كه بناسرێت، تا ده‌نگی ئێمه به‌میلله‌تانی دنیا بگه‌یه‌نێت.
مخابن نه‌ك هه‌ر ئه‌ده‌بی باكوور و ڕۆژئاوا، بۆ زۆرمان ئه‌سته‌مه بتوانین ناوی دوو ڕۆماننووسی دانیشتووی دهۆك بزانین، ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌دیالێكتی جیا له‌وی ئێمه ده‌دوێن و ده‌نووسن!
دیسانه‌وه داخ و ئه‌فسووس، تاكو ئێستا كارێكی به‌رچاومان نه‌كردووه بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌ی دیالێكته كوردییه‌كان له یه‌كتر، كه ئه‌گه‌ر كار به‌م ئاوایه بڕوات و به‌رده‌وام بێت، خه‌می نه‌خورێت و ئاوڕی لێ نه‌درێته‌وه، ئه‌وا جێگه‌ی مه‌ترسییه و پێ ده‌چێ پتر قه‌ڵشتی نێوانمان قووڵتر بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی مه‌ترسییه و دوور نییه پتر له یه‌كتر دوور بكه‌ونه‌وه و ببنه دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ.
كاتی خۆی مامۆستا شوكور مسته‌فای نووسه‌ر و وه‌رگێڕی گه‌وره كارێكی نایابی كرد، چه‌ند كتێبێكی كوردیی له پیتی سڵاڤییهوه گۆڕییه سه‌ر ئه‌لفبای خۆمان و هی تریشی له دیالێكتی ژوورووه‌وه هێنایه سه‌ر سه‌ر دیالێكتی خواروو، وه‌كو ڕۆمانی “قه‌ڵای دمدم”ی عه‌ره‌بی شامیلۆڤ، كه ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و كۆششی ئه‌و نه‌بوایا ڕه‌نگه تا ئێستاش ئه‌و نووسه‌ره مه‌زنه‌مان نهناسیبایا.
كاتێك ڕۆمانی “میرنامه”ی جان دۆستم به‌عه‌ره‌بی خوێنده‌وه، پاشان كوردییه‌كه‌شی به‌پیتی لاتینی بۆ ناردم، سه‌یرم هاتێ، ئه‌گه‌ر تۆزێك خۆمان ماندوو بكه‌ین، وه‌كو سه‌ره‌تا تا ڕاده‌یه‌كی باش له ڕۆمانه‌كه ده‌گه‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بین و چه‌ند به‌رهه‌مێكی تر بخوێنینه‌وه، په‌یتا په‌یتا ئه‌و ئه‌گه‌ر و ئاستهنگانهمان له به‌رده‌مدا نامێنن.
حه‌یف و مخابن خه‌ممان نه‌خواردووه و كاری جدیمان بۆ نزیك كردنه‌وه‌ی ئه‌و دیالێكتانه نه‌كردووه. بۆیه زۆر پێویسته نووسه‌ران كار له‌سه‌ر خوێندنه‌وه و وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه ناوازه‌كانی نووسه‌رانی پارچه‌كانی تر بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت له‌م كاته‌دا یه‌كه‌مین پێویستی و ناته‌واوییه‌ك له پرۆسه‌كه‌دا هه‌ست پێ بكه‌ین نه‌بوونی فه‌رهه‌نگێكی تایبه‌ته به‌سه‌رجه‌م شێوه‌زاره كوردییه‌كان.
ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی كاتی خۆی له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا كۆڕی زانیاری كورد قسه‌ی لێ ده‌كرد و كاریشی بۆ كرد، لێ ئه‌فسووس نه‌هاته دی. هه‌رچه‌نده له‌و ڕێگه‌یه‌دا هه‌نگاوی به‌رچاو و دڵسۆزانه‌یان نابوو.
كه‌واته ده‌بێت دڵسۆزان كۆششی بۆ بكه‌ن و له ڕێگه‌ی په‌نابردن بۆ كه‌سانی پسپۆڕ و زمان‌زان كار بۆ دانانی فه‌رهه‌نگی یه‌كگرتووی كوردی بكه‌ن. ئه‌مه ده‌بێته یه‌كێك له‌و هۆیه گرینگ و پڕ بایه‌خانه‌ی ده‌كرێت ببێته ڕایه‌ڵه و پردی توندوتۆڵكردنی نێوان دیالێكته‌كانی زمانه‌كه‌مان.
بۆیه ده‌كرێت ئه‌كادیمیای كوردستان كاراتر بكرێت، تا ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بگێڕێت و گوڕێك بهزمانهكهمان بدات.
هه‌ڵبه‌ت وه‌رگێڕانیش كارێكی مێژوویی باش ده‌كه‌ن گه‌ر له‌نێوان شێوه زمانه‌كاندا وه‌رگێڕان بكه‌ن، یا له ئهلف و بێی لاتینییه‌وه وه‌ریگێڕنه سه‌ر ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی به‌فه‌رهه‌نگی وشه قورسه‌كانه‌وه، ده‌كرێت به‌مه ئه‌ده‌بی پارچه‌كانی تر له قه‌تیسماوی و یه‌كتر نه‌ناسین و به‌رهه‌می یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه ده‌ربهێنین.
سه‌باح ئیسماعیل
Ojeen_sabah@yahoo.com