نەوزاد بەندى… سیکڵدانۆچکە
-1-
پێشنیاز ئەکەم ،
حەربایەک بکرێتە بەرپرسى یەکەمى عێراق ..
کە بڕواتە باشوور ،
دشداشە و عەگاڵەکەى وەک ئەوەى سەعدلحلى بێ ..
کە بێتە باکوور ،
مشکى و چۆغەکەى وەک ئەوەى ڕەسوڵ گەردى بێ ..
بچێتە ناوەند ،
قات و سدارەکەى وەکو ئەوەى عەلى وەردى بێ ..
بچێتە هەورامان ،
سیاچەمانەى لێ بەرز بێتەوە ..
لە شارەزوور ، قەریحەى هۆرەى بکرێتەوە..
ئێمە پێویستمان بە حەربایەکە ،
بچێتە حوسەینیەکان ،
گیرفانەکانى پڕ بن لە
زنجیر و توربە ..
بچێتە ئەنبار ،
پەلامارى بیرى نوێ بدات ،
وەک پشیلەى گوربە ..
-2-
عەزیزم .. بەو جۆرە شیعر نانوسرێ ..
خۆت توشى داواکارى یاسایى و
زیندان و
تێهەڵدان و
گۆڕستان ، مەکە ..
یەکەمجار وشەکان هەڵچنە ،
بە دەستوورى باب و باپیران ..
بە پیتە قاپقاپ لە پێکان ،
ئاوڕپرژێنى کە ..
ئینجا بە مەرایى ، شەربەتاو ..
پاشان بە دروشم ، لەبغى کە ..
بە ڕەنگى حیزبێکیش ، بۆیاخ ..
نەکەى لەوە زیاتر مەسرەفکەى ..
نەکەى ببى بە سوورى بەر لەشکر ..
دوایى ئەگەڕێیتەوە بۆ دواوە
وەک میزى حوشتر ..
-3-
نوسەرمان هەیە ، سکرابچیە ..
دەڕنەفیز و پلایس و چەکوش و سکولئیسپانەى هەیە ..
بە دەڕنەفیز چاوى وشەیەکى گۆران کوێر ئەکا و
ئەیخاتە دێڕێکى خۆیەوە ،
بۆ ئەوەى ئاشکرا نەبێ ..
بە چەکوش سەرى وێنەیەکى شیعریى مەحوى ئەشکێنێ و
ئەیخاتە ناو سەفەرتازى شیعرێکى خۆیەوە و
لە موساعید مەتبەخەکە دایئەنێ..
بۆ ئەوەى ماڵى مەحوى لێ ون بێ و
ببێ بە کوڕى خۆى ..
بە پلایسێک ملى ئایدیایەکى نالى ئەجەڕێنێ و
ئەیخاتە ناو سەنتەرى کەمتواناکانى خۆیەوە ،
بۆ ئەوەى نەیناسنەوە و
بە زگماک لە قەڵەم بدرێ ..
بە سکولئیسپانە لوتى کۆپلەیەکى جەنڕاڵى پاییز ئەگرێ و
ئەیخاتە قاوشى نەخۆشخانەکەى خۆیەوە ،
بۆ ئەوەى بیکا بە ڕەعیەتى خۆى ..
چونکە هەر ئەبێ خۆى و خۆى و خۆى و خۆى ..
تەنها خۆى لە سکرینى تى ڤى و
تایتڵى یەکەمى
سینەماکانى ئەدەب ، دەرکەوێ ..
-4-
سیکڵدانۆچکە ،
دوا وێستگەى هەوایە و ..
ئیدى ئەبێ گەردیلەکانى ئۆکسجین دابەزن و ..
گەردیلەکانى دووەم ئۆکسید سەرکەون ..
نەمانئەتوانى یەک هەناسە هەڵکێشین..
دەستاو دەستى گەردیلەکان نەکرایە ..
دەستا و دەستى خانەکان نەکرایە ..
بە چرکەیەک ئەمردین)