سیاسه‌ت لای مه‌کیاڤیللی— به‌شی دووه‌م
بێگوومان سیاسه‌تکردن له بازنه‌ی تێگه‌یشتنی مه‌کیاڤیللیزم، رێگرێکه له‌به‌رده‌م دیموکڕاتیزهکردن و ده‌وڵه‌تی ده‌زگایی. له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م، به ئاماژه‌دان به تێڕوانینی مه‌کیاڤیللی بۆ ئایین و مۆڕاڵی سیاسی، ڕۆشنایی بخه‌مه‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مه‌کیاڤیللی. خوێنه‌ری تیژبین ده‌توانێ به به‌راووردکردنی جیهانبینی مه‌کیاڤیللی بۆ مۆڕاڵی سیاسی له‌گه‌ڵ ئاکار و هه‌ڵسوکه‌وتی زۆرێک له سیاسییه‌کانی رۆژهه‌لات، به ئاسانی ئاره‌زووه ڕاسته‌قینه‌کانیان ببینێ.
مۆڕاڵ له تێروانینی مهکیاڤیللیدا
ڕاستییه‌که‌ی مه‌کیاڤیلی به یه‌که‌م که‌س داده‌نرێ که توانی مۆڕاڵ و کۆدی نوێی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی سنووری یاسا و مۆڕاله ئایینیه‌کان، بدۆزێته‌وه. کاتێک مه‌کیاڤیللی ئاوڕ له مێژوو ده‌داته‌وه ده‌بینێ هه‌میشه که‌سانی فێلباز و خاوه‌ن هێز توانیویانه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبێنن. ئه‌م دیقهتدانهی مه‌کیاڤیللی له مێژوو وایکرد که نهێنی په‌یوه‌ندی نێوان سیاسه‌ت و بێمۆڕالی بدۆزێته‌وه. مه‌کیاڤیللی به‌م دۆزینه‌وه‌یه گه‌یشت به‌و باوه‌ڕه‌ی که ده‌سه‌ڵات و سه‌رکه‌وتن به‌رده‌وام بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌بێت که توانایی سازکردنی قه‌یران و دووبه‌ره‌کی و پیلانگێڕیان هه‌یه. بۆیه‌ش ئه‌نجامێک که مه‌کیاڤیللی له‌م دۆزینه‌وه‌یه هه‌ڵیهێنجا زۆر سه‌رنجڕاکێش بوو، به‌شێوه‌یه‌ک که سه‌رکه‌وتنی له سیاسه‌ت یه‌کسانکرد به بوونی هێز و چه‌ك و فێڵبازی و سازکردنی قه‌یرانه‌کان. بهواتایهکیتر بێمۆڕاڵی له سیاسه‌تدا کرده یاسایه‌کی ئاسایی له ژیانی سیاسی‌دا. بۆیه‌ش مه‌کیاڤیللی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ که‌سانی نه‌گریس و مرۆڤ‌کوژ و پیلانگێر نه‌شارده‌وه و پێیوابوو ئه‌مانه واقیعبینتر و توانای بینینی ڕاستی شته‌کانیان له که‌سانی یۆتۆپیایی، زیاتره. مه‌کیاڤیللی به‌مه‌ش نه‌وه‌ستا به‌ڵکو له په‌رتووکی “میر”دا به ڕاشکاوی ئامۆژگاری میر ده‌کا که ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێ له سیاسه‌تدا سه‌رکه‌وتووبیت ده‌بێ وه‌ک که‌سانی نه‌گریس و بێ‌ویژدان و دڵڕه‌ق سیاسه‌ت بکات. به‌ڵام مه‌کیاڤیللی ئاماژه به‌وه ده‌دا که لاسایکردنه‌وه‌ی مۆڕاڵی که‌سانی بێ‌ویژدان و مرۆڤ‌کوژ و خیانه‌تکار و دڵڕه‌ق ئاسان نییه، به‌ڵکو پێویستی به ئه‌زموون و فێربوون هه‌یه. بۆیه‌ش به میر ده‌ڵێ نابێ به‌رده‌وام که‌سێکی چاک بیت به‌ڵکو ده‌بێ فێڵباز و زۆرزان بێت وه‌ک ڕێوی و هارو دڕیش بێت وه‌ک شیر. له‌درێژه‌ی ئامۆژگارییه‌کانیدا به میر ده‌ڵێ له سیاسه‌تدا مرۆڤ بێجگه له‌وه‌ی ده‌بێ ئازا و بێباک بێت، ده‌بێ به‌دوای مه‌زنی و سهربڵندیش بگه‌ڕێ. به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌مانه ده‌بێ ئاماده بێت ده‌سته‌کانی سوور ببن. مه‌کیاڤیلی به میر ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ پارێزگاری له خۆت بکه‌ی و ناوت به پیاوچاک و باش بڕوا، ده‌بێ بێ‌ویژدان و شه‌ڕخواز بیت و فێری خراپه‌کاری ببیت، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ده‌بێ خراپه‌کاری به‌پێی پێویستییه‌کان به‌کاربێنی، چونکه دابینکردنی ئاشتی و ئاسووده‌یی پشت به لێزانی و چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی هێز ده‌به‌ستێ. بهواتایهکیتر مه‌کیاڤیللی ده‌یوست به میر بڵێ که خۆشه‌ویستی میرو پیاوی ده‌وڵه‌ت بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئاماده‌یی به‌کارهێنانی تووندوتیژی و بێویژدانی له دژیان له کاتی پێویست بۆ پارێزگاریکردن له فه‌رمانڕه‌وایی خۆی پێویستییه‌که و ناکرێ چاوپۆشی لێبکرێ. مه‌کیاڤیلی به میر ده‌ڵێ وه‌ک چۆن هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و درۆ و مونافیق بوون له سیاسه‌تدا گرنگن ئه‌وا به‌هه‌مان ڕاده سازکردنی متمانه لای خه‌ڵک گرنگه، بۆیه‌ش میر ده‌بێ توانای شاردنه‌وه‌ی کاراکتهوه نه‌گه‌تیڤه‌کانی هه‌بێ. به‌کورتی مه‌کیاڤیللی پێیوابوو کاری چاکه پێویستی به خراپه‌کاری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵبدا و گه‌شه‌بکا، بۆیه‌ش ئه‌وه‌ی ئاماده‌یی نه‌بێ بۆ پیسبوونی ده‌سته‌کانی ئه‌وا له‌سه‌ریه‌تی ڕێگای سیاسه‌ت چۆلکا.
مه‌کیاڤیلی گووتی مرۆڤ ته‌نها له قه‌یران و شه‌ڕ و کاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌ناوچووندا سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رده‌خا. هه‌روه‌ها گووتی باشه و کاری چاکه له‌ناو هه‌ناوی خراپه‌کاریدا له‌دایکده‌بێ. بهواتایهکیتر مه‌کیاڤیلی مه‌به‌ستی بوو بڵێ که چاکه به‌بێ خراپه ناتوانێ سه‌رهه‌ڵبدا. مه‌کیاڤیلی گووتی ته‌نها له فه‌وزاو بارۆدۆخی نائاسایشدا، که تیایدا یاسا و مۆڕاڵه ئاساییه‌کان پێشێلده‌کرێن، ده‌توانرێ که‌سی نائاسایی و پاڵه‌وان سه‌رهه‌ڵبدا. به‌مجۆره مه‌کیاڤیللی چاکه و فه‌زیله‌ت و باشه‌ی گرێنه‌دا به کۆنسێپتی دادپه‌روه‌ری و خێرخوازی و ده‌ستپاکی، به‌ڵکو گرێیدا به بوونی هێز، ئازایه‌تی، بێویژدانی، گه‌ڕان به‌دوای شکۆمه‌ندی و شانازی دونیایی. ڕاستییه‌که‌ی مه‌کیاڤیلی بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستی فه‌لسه‌فه‌که‌ی بسه‌لمێنێ هه‌وڵیدا یاسا و مۆڕاڵی مرۆڤه‌کان له باروودۆخی سیاسی نائاسایی و قه‌یراناوی، وه‌ک باروودۆخی سه‌رده‌مانی شه‌ڕ یان کۆده‌تاکان، که تیایدا ترس و لێکترازان و پیلانگێڕی و بێمتمانه‌یی به‌رزده‌بێته‌وه، بکاته بنه‌مای یاسا و مۆڕاڵی سیاسی مرۆڤه‌کان له باردۆخه ئاساییه‌کان و سه‌قامگیریدا، که له‌وێدا مه‌ترسی له سه‌ر کۆمه‌ڵ و ژیانی تاکه‌کان له ئاستێکی زۆر نزمدایه.
به‌ڕاستی مرۆڤ کاتێ په‌رتووکی “میر” ده‌خوێنێته‌وه هه‌ست به‌بێشه‌رمی و ڕووقایمیهکی بێوێنه‌ی مه‌کیاڤیللی ده‌کا له‌وه‌ی زۆر به‌ڕاشکاوی هانی میر ده‌دا بۆ خراپه‌کاری و بێویژدانی و گه‌مژه‌کردنی خه‌ڵک له‌پێناوی مانه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا. پرسیار ئه‌وه‌یه که مه‌کیاڤیللی چۆن توانیویه‌تی ئاوا بێشه‌رمانه قسان بکا؟ ڕاستییه‌که‌ی گرێدانی سیاسه‌ت به بێمۆڕاڵی لای مه‌کیاڤیللی شتیک نه‌بوو له بۆشاییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ به‌ڵکو، هه‌روه‌ک له به‌شی یه‌که‌می ئه‌م نووسینهسدا ئاماژه‌م پێدا، خودی په‌رتووکی “میر” و گشت بیرۆکه‌کانی مه‌کیاڤیللی ره‌نگدانه‌وه‌ی که‌شوهه‌وای سیاسی قه‌یراناوی و ته‌شه‌نه‌کردنی گه‌نده‌ڵی ناوخۆیی کلێسا و زاڵی بێمۆڕالیهت بووه له جیهانی سیاسی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا. بێگوومان هه‌موومان ده‌زانین که هه‌ر مرۆڤێکی ئاسایی له باروودۆخی نائاسایی و ترسناک و قه‌یراناویدا ده‌کرێ ئاکار و مۆڕال و یاسا نۆڕماڵه‌کان فه‌رامۆش بکات و ببێته که‌سیکی بێ‌ویژدان و دڵڕه‌ق. مه‌کیاڤیللی له ئاکامی باردۆخی نائاسایی ئه‌و سه‌رده‌م، که تیایدا نه‌ک ته‌نها سیاسییه‌کان به‌ڵکو پیاوانی ئایینیش ده‌ستیان سوور بوو به خوێنی خه‌لک و هه‌رچی خراپه‌کاری هه‌بوو، بۆ مانه‌وه‌یان له ده‌سه‌ڵات، ده‌یانکرد، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای خویندنه‌وه‌یه‌کی قووڵ و تیژبینانه‌ی ڕووداوه مێژووییه‌کانی دونیای کۆن و له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی تاکه‌که‌سی خۆی، وه‌ک به‌رپرسێکی پێشووی گه‌وره له کۆماری فلۆڕانسدا، به‌و ڕۆشناییه گه‌یشت که بێمۆڕالیهت و سیاسه‌ت پێکه‌وه گرێدراون.
ئایین له تێڕوانینی مهکیاڤیللیدا
مه‌کیاڤیللی به پێناسه‌کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نیوان مۆڕال و سیاسه‌ت، توانی شۆرشێک له ووشه‌سازی ده‌رباره‌ی خراپه و چاکه، نه‌گریس و فریشته، ڕاستی و چه‌وتی به‌رپابکا. مه‌کیاڤیللی ڕه‌وشت و ئاکاری سیاسی ستانداردی ئه‌وکاتی کۆمه‌ڵگه‌ی خسته ژێر ره‌خنه‌یه‌کی تووند و به میری گووت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی میرنشینهکهت بپارێزی ده‌بێ مۆڕاڵه ستاندارده‌کان به قازانج مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆت، بگۆڕی. به‌کورتی مه‌کیاڤیللی به میری گووت ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ ده‌سه‌ڵاتت بپارێزی ئه‌وا ده‌بێ یاسا و ئه‌خلاقه‌کان ڕاسته‌وخۆ له ژیان و ڕووداوه سیاسییه‌کان هه‌ڵێنجی و خۆ قه‌تیس نه‌که‌یته‌وه به‌هیچ یاسا و مۆڕاڵیکیتری ئه‌فسوناوی و ئایینی، ئه‌گینا شکست دێنی. بۆیه‌ش فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مه‌کیاڤیللی به یه‌که‌م ڕه‌خنه‌ی جیددی له دانانی ئایین وه‌ک سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات داده‌نرێ. ئه‌مه‌ش پێشڕه‌وییه‌کی به‌رچاو بوو، بۆ؟ چونکه پێش مه‌کیاڤیللی هه‌موو نووسه‌رو بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌کانی دونیای مه‌سیحیه‌ت، کاتێ باسی “شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان” ده‌کرد، ئه‌وا مه‌به‌ستیان شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پاپای کاسۆلیکه‌کان یاخود قه‌یسه‌ره‌کان و پاشکۆکانیان، بوو. له ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان هیچ شهرعیهتێکیتری سیاسی بوونی نه‌بوو. مه‌کیاڤیللی ئه‌م بۆچوونه‌ی ڕه‌تکردنه‌وه و له فه‌لسه‌فه‌که‌ی خۆیدا کۆنسێپتی “شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات”ی پێناسه‌کرده‌وه، به‌جۆرێک گرێیدا به لێزانین و کارامه‌یی و به‌کارهێنانی هێز بۆ زه‌وتکردنی ده‌سه‌ڵات. بهواتایهکیتر مه‌کیاڤیللی گووتی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات پێدراویکی خودایی یان میراتێک نییه که هه‌ندێ که‌س لێی به‌هره‌مه‌ند بن و ئه‌وانیتر لێێ بێبه‌ش بن، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیه‌ت بۆ ئه‌و که‌سه‌یه که ده‌توانێ هێز کۆبکاته‌وه و لێزان و کارامه بێت بۆ زه‌وتکردنی ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌ش چونکه مه‌کیاڤیللی له ڕێگه‌ی سه‌رنجدان و ئه‌زموونی خۆی به‌و باوه‌ڕه گه‌یشتبوو که سیاسه‌ت کار و چاڵاکییه‌کی دونیاییه و شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات و مافی فه‌رمانڕه‌وایی په‌یوه‌ندی به ئایدیای ئایینی و میراتی پێشینه‌کانه‌وه نییه.
بێگوومان سه‌یرکردنی سیاسه‌ت لای مه‌کیاڤیللی وه‌ک کارێکی دونیایی به‌و مانایه نییه که مه‌کیاڤیللی ڕۆڵ و کاریگه‌ری ئایین له سیاسه‌تدا نابینێ، به‌ڵکو به‌و مانایه‌یه که مه‌کیاڤیللی تێکسته ئایینیه‌کان ناکاته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی جێگه‌وڕێگه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه. مه‌کیاڤیللی گووتی ئایین نابێ هه‌ڵسه‌نگێنرێ له سه‌ر بنه‌مای ناوه‌ڕۆک و ڕاستی یان چهوتیهکهی به‌ڵکو له‌سه‌ر کاریگه‌ری و ئاکامه‌کانی له سه‌ر کۆمه‌ڵگا. بۆیه‌ش به میر ده‌ڵێ: سوزی ئایینی بۆ مانه‌وه‌ت له ده‌سه‌ڵات و شه‌رکردن له دژی داگیرکه‌ران به‌کاربینه به‌ڵام ئاگاردابه له له‌لایه‌ن ئایین و سۆزی ئایینیه‌وه بهکارنههێنرێی و نه‌بیته گه‌مژه و یاری ده‌ستی ئایین. هه‌روه‌ها پێیدهلێ: باشه ئه‌گه‌ر له ڕووکه‌شی ده‌ره‌وه‌دا خۆت به ئاییندار، لێبورده و باوه‌ڕداری و راستگۆیی پیشانبدهی به‌ڵام له کرده‌وه‌دا شتیکیتر به ئه‌گینا ئازار ده‌خۆی.
پێموایه ئاشکراکردنی نهێنی په‌یوه‌ندی نێوان سیاسه‌ت و بێمۆڕاڵی له‌لایه‌ن مه‌کیاڤیللیه‌وه به یه‌کێک له‌و دۆزینه‌وه گرنگانه‌ی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێ که په‌رده‌ی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌وڵه‌تی تیۆکراسی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست لابرد و بووه سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشێکی مێژوویی سه‌ختی فیکری و سیاسی بۆ داماڵینی به‌رگه ئایینی و ئه‌فسوناوییه‌کانی ده‌وڵه‌تی کلێسا. بهواتایهکیتر دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان بێمۆڕالیهت و سیاسه‌ت به‌درێژایی مێژووی دونیای کۆن و سه‌ده‌کانی ناوه‌راست له‌لایه‌ن مه‌کیاڤیللیه‌وه زه‌مینه‌ی خۆشکرد که له سه‌ده‌کانی دواتردا داوا بکرێ سیاسه‌ت بکرێته کار‌و چاڵاکییه‌کی دونیایی و چیتر له‌چوارچێوه‌ی سنوور‌و مۆڕالهکانی ئایین قه‌تیس نه‌کرێ. لاچوونی په‌رده‌ی پیرۆزی ئایینی له سیاسه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کلێسا و پاشکۆکانی بریتی‌بوو له بازدان و پێشڕه‌وییه‌کی مه‌زن به هه‌موو پێوانه‌کان.
له‌به‌شی سێێه‌م و کۆتاییدا باسی ده‌وڵه‌ت و ڕۆڵی خه‌ڵک له تێڕوانینی مهکیاڤیللیدا ده‌که‌م.
ئیسماعیل ڕواندزی
بەشی یەکەم….