Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
ئێران بە چرپە …   ڕزگارعومەر

ئێران بە چرپە … ڕزگارعومەر

Closed
by November 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

     لە کاتێکدا لە ووڵاتانی دەرەوەدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیانی کوردو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە گشتی سەرقاڵی هەڵمەتن دژ بە حکومەتی ئێرانی لەسەر ئیعدام کردنی چالاکوانانی سیاسی ، لە کاتێکدا کە ئیسرائیل دەڵێ ڕێک کەوتنی ڕۆژئاوا لەگەڵ کاربەدەستانی جمهوری ئیسلامی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی هیچ شەرعیەتێکی نیە ، هەر لە هەمان کاتیشدا لابردنی گەمارۆ لەسەر ئێران بە تایبەتی لە فرۆشتنی نەوت بە ئەسپایی لە پڕۆسەدایە بێ ئەوەی بکرێتە کەیسێکی گەورە .

     بە پێ ی ئامارەکانی( ئاژانسی نێو نەتەوەیی بۆ ووزە IEA) ووڵاتانی : چین و هیندستان و ژاپۆن کە کڕیاری نیوەی بەرهەمی نەوتیی ئێرانن و بە چەند مەرجێک ڕێگایان پێدرابوو بەردەوام بن لە کڕینی نەوت و پشت بەستن بە ئێران هەر سێکیان لە چەند مانگی ڕابردوو ڕێژەی کڕینی خۆیان لە نەوتی ئێران بە پێچەوانەی ڕاسپاردەکان زیاد کردووە و بۆیە تەنیا لە مانگی سێپتێمبەری ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە بەڕێژەی 180 هەزار بەرمیل زیادی کردوەو کە بە بەراورد لە گەڵ ساڵی پار ئەم زیادەیە دەکاتە لە سەدا %26. نموونەی ئەم گەمارۆ شکاندنە ڕەنگە زەقترینیان وڵاتی چین بێت ، کە دەبوایە لە کۆتایی ئەمساڵ بایی لە سەدا %5 کڕینی نەوت لە ئێران کەمبکاتەوە . بەڵام بە پێچەوانە بە درێژایی ئەمساڵ لە سەدا %1.4 کڕینی خۆی زیاد کردووە و تەنیا لە مانگی سێپتێمبەر ئەم زیادەیە لە هاوردە کردنی نەوتی ئێران گەیشتە لە سەدا %24 . ئەم هەموو زیادەیە هێشتا هاوتا نییە لەگەڵ  تەماحی کاربەدەستانی ئێران بۆ لابردنی ئەم گەمارۆیە بە تەواوی . بۆیە زۆر بە جدی چاویان بڕیوەتە سات و سەوداو موغازەلەی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا ، فاکتی زۆر هەن لەپەڵ ئەم مەیلە جدیەی ئێران  بەڵام ڕەنگە نموونەیەکی زیندووی ئەم فاکت و فشارانە بڕیاری ووڵاتی هیندستان بێت کە چیتر ئامادە نیە پارەی نەوت بە دۆلار بدات بەڵکو بە ڕوپیەی هیندی دەیدات ! 

    بە پێ ی راپۆرتێک کە لە هەفتانەی ڕۆژنامەی گاردیان بڵاوکراوەتەوە ، کۆمپانیا زلەکانی نەوتی ڕۆژئاوا زۆر تینوو بە حەماسن بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران ، بە تایبەتی ناوی کۆمپانیای فرانس تۆتاڵ هاتووە و قسەی ئەوە لەسەریان هەیە کە شان بە شانی ئەوانیتر لۆبی و گروپی فشاریان دروست کردبێت لەسەر حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ سوک کردن یان لابردنی گەمارۆ لەسەر کڕینی نەوتی ئێران و تورکیاش بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ئەوان ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕن ، بەڵام ئەگەر هەبێ زیاتریش دەکڕن .

    نەوت و سیاسەت لە ئێران هەرگیز خۆیان بە تەنیا میژوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێرانیان نەنوسیوەتەوە ، هەمیشە تارمایی کۆمپانیاو کارتێلەکانی نەوت دەستێکی بزێوی دروست کردنی قۆناغەکانی ئەم مێژووە بووە ، هەرجارەی بە شێوەیەک بەڵام بە ڕۆڵی جیاواز . 61 ساڵ لەمەوبەر ؛ کاتێ سەرۆک وەزیرانی ئێران ( دکتۆر موسەدەق ) کۆمپانیاکانی نەوتی کردە دەرەوەو نەوتی ئێرانی خۆماڵی کرد بەشی زۆری نەوەی یەکەمی پیاوانی ئێرانی لە قوم و تاران خۆیان لە گەڵ کۆمپانیاکان و شاە لە یەک بەرەدا بینیەوە دژی دکتۆرموسەدەق .

     ئێستاش لە ئەمڕۆدا کە کۆمپانیاکان بە خشکەیی نوێنەرانی خۆیان دوور لە چاوی میدیا ڕەوانەی تاران دەکەن بە دڵنیایی لە خەمی سوک کردنی باری قورسی ژیانی هاوڵاتیانی ئێران نین ، بەڵکو وەکو تەواو کردنی بەشی دووەمی ئەم ڕۆڵ بینینە دێنەوەو قۆناغێکیتری مێژوو دەست پێدەکەن ، ئەمجارەیان بە دەستی نەوەی دووەمی پیاوانی ئاینی و نەوەی دووەمی ئەو کۆمپانیانەی کاتی خۆی دکتۆر موسەدەق پێ ی دەوتن  نوێنەرانی ئیمپریالیزم !

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.