شیعر: گەردەلوولێک لە بەرهەڵستکاری ئێستێتیکیی
من له سه‌ره‌تا سوپاسی بنکه‌ی ڕووناک‌بیری گه‌لاوێژ/ لقی هه‌ولێر ده‌که‌م؛ به تایبه‌تی ئەو دوو سێ گه‌نجە له هه‌ولێردا، که له ڕووی ته‌مه‌ن و ئه‌زموونیشەوە له من بچووکترن. بۆ من نووسین هه‌میشه وه‌ک کاروانێکی به‌ڕێوه‌یه، ئه‌و ڕێزلێنانه‌ش وه‌ک میوانداریه‌که کە تۆ بە رێگەوە له ماڵێكدا لاده‌ده‌ییت و پشوویه‌ک ده‌ده‌یت. ئه‌وه به‌و مانایه نییه، که من لێره‌دا ده‌وه‌ستم. له‌وه‌ش زیاتر، له دڵه‌وه خۆشحاڵم بەوەی کە ئه‌و ڕێزلێنانه سیمبولییه، نەک پارە، جونکە پارە بەدکارە. هەروەک من به دژی به جه‌ماوه‌ربوون و زۆرینه‌م. بۆیە بوومه نووسه‌ر تا هه‌میشه له که‌مینه‌دا بمێنمه‌وه.
نووسین هه‌میشه گەڕانە به‌دوای به دیار خستنی نادیارییەوە. بۆیە نووسین لای من هه‌میشه دۆخێکه له به‌رهه‌ڵستکاریی، تا له‌گه‌ڵ گشتایه‌تیی و ئاپۆڕه‌دا نه‌بم. له‌و ڕوانگه‌وه‌یەوە ئه‌گه‌ر به رێککه‌وتیش بێ، ئه‌و رێزلێنانە له‌لایه‌ن گرووپێکی چکۆلانه له هه‌ولێر بە من بەخشرا، کە بە ئاپۆڕا و گشتایه‌تیی و کۆمه‌ڵێك سه‌نته‌ری وەک یەکێتیی نووسەران و وەزارەتی رۆشنبیریی گەمارۆداروە، که خۆیان بۆ هه‌موو لایه‌ك دێژکردۆته‌وه و جێی هه‌ناسه‌ی دیکه‌یان نه‌هێشتۆته‌وه. لێرەوە ئەو رێزلێنانە وەک دروستکردنی جیاوازی دەبینم. من خۆشحاڵییه‌کی منداڵانه‌م هه‌یه، هاوکاتیش دڵڕاوکێیه‌کی زۆرم هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه نییه من پێناسه‌یه‌کی دیاریکراوم بۆ خۆم هه‌یه. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ بنکه‌ی گه‌لاوێژ من حەز بە ناولێنانم بە رووناک‌بیر حەز ناکەم، به‌ڵکو نووسه‌رێکم، شاعیرێکم، نووسه‌رێکی قه‌ره‌جییم به ڕێگاوه. بەڵام ئه‌و میواندارییه به پشوودانێك ده‌بینم.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من حه‌ز دەکەم بە زاره‌کیی قسه بکه‌م، کێشه له‌وه‌دایه که من دێمه‌وه هه‌ولێر ناتوانم قسه بکه‌م، چونکه سرووشتی هه‌ولێریی ئه‌وه‌یه ناتوانێ زاره‌کیی قسه بکات. ڕه‌نگه ئەو هه‌سته‌ش بێت منی هاندابێ که بنووسم و بێدەنگی بگوازمەوە ناو زمان. بەمەش لە دەست کێشه و گرفتار و ڕاڕایی له قسه‌کردنەوە، زمان له قسه‌کردنه‌وه بگوازمه‌وه بۆ ناو نووسینەوە. چونکە من له گشتایه‌تییه‌ک، دەڤەرێکدا ده‌ژیام، کێشه‌ی قسه‌کردنی هه‌بوو. ئێستایش ئه‌و کێشه‌یه هه‌ست پێ ده‌که‌م. له‌به‌رئه‌وه ڕاستییه‌که‌ی، که دێمه‌وه ئێره ناتوانم قسه بکه‌م. ئێستاش نامه‌وێ پەیڤەکەم بە نووسراوی بخۆێنمەوە، بەڵکو بە زارەکیی بیڵێم. لێره‌دا دەخوازم بە رێگەی زارەکییەوە کۆمه‌ڵه ئاماژه رابگەیەنم، که من هیوادارم وه‌کوو وه‌عزده‌ر و مه‌رجه‌عێک نه‌بم، چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچوو دەمڕاستی حەقیقەتێک بکەین؛ واتە من مه‌به‌ستم نییه کە لێره‌دا وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک تشتێکی تایبه‌تی رابگەیەنم. من زیاتر وه‌ک که‌سێک له ئێوه قسه ده‌که‌م. مادام نووسین له‌لای من به‌شێکه له گفتۆگۆکردن، بۆیە دەخوازم قسه‌کانی من ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ئێوه ئه‌گه‌ر به ده‌نگ و بێده‌نگیش بی به‌شداری ئەو قسه‌کردنانه‌ی من بکه‌ن.
م به گشتیی من ناتوانم بڵێم وه‌ک شاعیرێک قسه ده‌که‌م. مه‌به‌ستی من له نووسین، یان خۆته‌رخانکردن بۆ نووسین و بوون به دۆخی نووسه‌ریی، هەڵبژاردنی ژانرێك له نووسین نییە. پێموایه نووسه‌رێتی و نووسین ئەوەیە کە له سه‌رده‌مێکی دیاریکراودا تشتێك هه‌یه هانتدەدا بنووسی، که منداڵییه. منداڵیی بە مانای ته‌مه‌ن نا، به‌ڵکو به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆ تشتێک، یان زانیاریی، یان ئه‌و دۆخه‌ی تێیدا ده‌ژیت که گوتم گشتایه‌تییه، ئه‌وه وات لێده‌کات کۆی په‌یوه‌ندییه‌کان، کۆی ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر تۆ سه‌پێندراوه دەبێت بە دۆخێک لە تۆ، ئەمەش هانت دەدا کە تۆ ئه‌زموونی دیاریکراوی خۆت و مرۆڤه‌کان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان دەرببڕیت، چونکە مرۆڤ له سه‌نته‌رێکدا کۆکرابێتەوە، به ناوه‌ندایەتییە‌کی گشتگیریی و سه‌پێنراودا مه‌حکووم دەبێ. ئه‌و دۆخە سەپێنراوە وا ده‌کات مرۆڤ بجوولێته‌وه، دوور بکه‌وێته‌وه. ئه‌و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له‌لای که‌سێکی کارمه‌ند ڕه‌نگه پیشه‌یه‌ک بێ، له‌لای که‌سێکی ئاساییه‌وه ڕه‌نگه سه‌رقاڵبوون بێ به کشتوکاڵ و ژنهێنان و به ماڵدارییه‌وه. له‌لای من، واتە ئەو کاتەی کە من له منداڵییدا ده‌ژیام، یه‌که‌مجار ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی دا ئه‌و هه‌سته، یان ئاگاییەک بوو کە له مندا بجوولێ، بینینی گه‌رده‌لوول بوو. من هه‌میشه هه‌ستێکم تێدا هه‌بوو، کە له ناوه‌وه‌ڕا و له ده‌روه‌ڕا تشته‌کان وایان لێدەکردم کە له ململانێیەکی دیاریکراودا دەژیم، هه‌ستێک کە له کپینشینەوە و له جێگیربوونه‌وه بمجوولێنێ. لە رۆژگاری منداڵییەوە کە له پێش ده‌رگه‌ی ماڵه‌که‌ماندا کە له پەڕگەی گوندەکەمان بوو، بیناییم لە گه‌رده‌لوولێک ئاوێزان بوو کە تا چاو بڕ بکا رێی دەکرد و دواییش دەبوو بە شەبەنگ. هەر لەوکاتەوە، بێ ئەوەی بیزانم، من زۆر سه‌رسام بووم به‌وه‌ی کە گه‌رده‌لوول چۆن دروست دەبێ و رێدەکا. لەو کاتەدا بێ ئاگا له ناخه‌وه ئارەزووم دەکرد، وەک ئەو گەردەلوولە له‌و دۆخه گشتگیرییه، ئاپۆڕه‌ییه سه‌پێنراوه‌دا رابکەم.
خودی نووسینیش، به تایبه‌تی شیعرییه‌تی نووسین، مانای ئەوەیە کە تۆ هه‌میشه لێرەوە دوور بکه‌وییه‌وه. دوورکه‌تنه‌وه‌ش له نامۆییه‌که‌وه بۆ نامۆییه‌کی دیکه‌یە. دوورکەوتنەوە له‌و هه‌رێمه‌ی کە تێیدا ده‌ژین، که هه‌رێمێکی سه‌پێنراو و دیاریکراوه، بۆ هه‌رێمێکی دیکه‌وە. لەوکاتەی که تۆ له‌ناو زماندا به جه‌ستەی خۆتەوە بواری ئه‌وه‌ت نییه تێیدا بجوولێیته‌وه، به‌ڵام دواجار ئه‌وه زمانه وات لێ ده‌کات، به‌ره‌و ئه‌و هه‌رێمه ناوه‌کییه، بوونایه‌تییه ناوەکییەوە بجوولێی. لێره‌دا ئه‌و گه‌رده‌لووله منی هاندا بنووسم، که نووسینم ده‌مویست وه‌ک ئه‌و گه‌رده‌لووکه خۆم بنوێنم، هەروەک بە رێگەی نووسینەوە له ماڵ دوور ده‌که‌ومه‌وه؛ هەروەک له مالێکەوە به‌ره‌و بێماڵییەک گەشت دەکەم. بە واتایەکی تر، هەروەک بە رێگەی زمانەوە به‌ره‌و هه‌رێمێكی دیکەوە رێبکەم، کە هه‌رێمێکی نادیاره. نووسین غەریبیکردنە بەرەو بێماڵیی. یەکەم جار که شیعرم نووسی، سه‌یری دێڕه‌کانی خۆم کرد، بینیم ئه‌و دێڕانه له‌ڕووی وزه و دینامیکیه‌ته‌وه وه‌ک ئه‌و گه‌رده‌لووله وزه‌ی جوولانییان تێدا نییە. بۆیە تووشی بێئومێدیی و بێهوده‌یی بووم، ئه‌و بێ ئومێدییه، خودی پرۆسه‌ی نووسین و شیعره. ئه‌وه بێئومێدی وزەی زمان بوو کە هانیدام قووڵتر ببمه‌وه، که چۆن بتوانم هێز و وزه‌یه‌ک به ده‌ست بێنم، تا له‌و به‌ڕێوه‌بوونه‌دا به‌ره‌و نامۆیی، به‌ره‌و هه‌رێمێکی دیکه رێبکەم که ڕووبه‌ری زمانه، ئەو رووبەرەش هه‌رێمی ناوەکیی زمانه. راستییەکەی ئه‌و هه‌رێمی زمانه‌یش، نه کۆتایی هه‌یه و نه سه‌ره‌تاش.
له ئاستی واقیعدا که تۆ له ماڵێکدا ده‌به‌سترێیته‌وه، دۆخێکی بوونایه‌تیت بەسەردا دەسەپێنرێت، که دۆخی تۆ نییه؛ واتە تۆ ئه‌و تۆیه نیت که هه‌ستی پێ ده‌که‌یت. ئه‌و هه‌ستکردنەوە بە نامۆییە بریتییە لە کۆمه‌ڵێک کاریگه‌ریی و تێکه‌ڵ بوون و به‌یه‌کداچوونی کۆمه‌ڵێک پێوه‌ندیی، له‌وانه زانیاریی به ده‌ستهێنان، عاشقایه‌تی، بێهوده‌یی، پێوه‌نده‌ییه جەستەیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و … تاد. ئه‌وه قه‌ده‌ری مرۆڤه، یان مه‌رجی بوونه تۆ له‌و بوونه گشتگیرییه، بوونه یه‌ك ئه‌نواییه جیابیته‌وه. ڕاستییه‌که‌ی له بنەڕەتدا نووسینی ئه‌ده‌بی، به‌تایبه‌تیش شیعر له ڕێگه‌ی زمانه‌وه هه‌میشه لێتۆژینه‌وه و گه‌شت و تێگه‌یشتنی ئه‌و خود و هه‌رێمه ناوه‌کییه‌ی خۆتە. من شیعر دەنووسم، تا لە گشتایەتیی و ئاپۆرەوە ببم بە خۆم. شیعری کردەیەکە لە پێناو تاکایەتی. ئه‌و هه‌رێمه ناوه‌کییه، که زمان کاری تێدا ده‌کات و له‌ڕێی زمانیشه‌وه ئه‌و خود و هه‌رێمه ناوه‌کییه ته‌یده‌کرێ. ئه‌و پڕۆسه‌یه وه‌ک تشتێکی دیاریکراو نییه، وه‌ک سرووشتی ژیانی مرۆڤ له سه‌ره‌تایەکەوه تا کۆتایی نییە، به‌ڵکو ئه‌و لێتۆژینه‌وه ناوه‌کییه بۆ مرۆڤێکی شاعیر له‌ڕێی زمانه‌وه بریتییە لەوەی کە تۆ هه‌میشه لە سه‌فه‌ر، ڕێکردن، تۆژینه‌وه‌یه ناوەکییەدا بیت، وەک ئەوەی تۆ لە کاروانێکی هه‌میشه به‌ڕێوه بیت. ئه‌و به‌ڕێوه‌بوونه کۆتاییه‌کی نییه، ئه‌و دیارنه‌بوونەش وا ده‌کات تۆ هه‌میشه نامۆ بیت، ئه‌و نامۆبوونه واداکا کە تۆ هەمیشە بێ‌ماڵ بیت. بە دەم ئەو بەڕیوە بوونەوە ڕووبه‌رووی هه‌رێمێك ده‌بییه‌وه، کە هه‌رێمێکی زمانییە؛ هه‌رێمێکه له‌وێدا هه‌میشه له‌نیوان بێ جووڵه‌یی و جووڵه‌دا له ململانێدایت. لێرەوە تۆ له‌نێوان ئه‌وه‌ی به‌جێهێشتووه و ئەوەی بەرەو رووی دەچیت، لە نێوان یادەوەریی و داهاتوودا، له‌نێوان ئه‌و دۆخه‌ی به‌ره‌و ڕووی ده‌چیت که دۆخێکی نادیاره، جێنشینیت. ئەمەش وا ده‌کات مرۆڤ هه‌میشه دەرگیریی جۆرێك له دۆخی به‌رهه‌ڵستکاریی شیعریی بیت.
ئا لێره‌وە بوو، من دوای ئه‌زموونێک لە سوێد وا تێگه‌یشتم، کە نووسین بێجگه له به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی جوانیی شیعریی، هیچی تر نییە. مەبەستم لەو بەرهەڵستکارییە به مانا سیاسییه‌کەی نییە، بەڵکو بەمانای به‌رهه‌ڵسته‌کارییه‌کی بوونیی، ئۆ‌نتۆلۆگییە. ئەمەش بۆ ئه‌وه‌یە، تا تۆ هه‌میشه وەک تاکەکەس بمێنیه‌وه، چونکه کۆمه‌ڵگه هه‌میشه واتلێده‌کا ببیت بە به‌شێک له‌و ئاپۆرایە. له هه‌مان کاتدا ئه‌و دۆخه گشتگیرییه وا ده‌کات تۆ نه‌بزووێی و لە ناویدا جێگیر بیت. ئه‌م ململانێیەش لە نێوان جێگیربوون و جێگیرنەبوودا، هه‌میشه تووشی جۆرێك له نامۆییت ده‌کا. تۆ لە لایەک لەگەڵ جێگیربوون لەناو ئاپۆرەیەک لە گشتایەتی خەڵکدا هەست بە نامۆیی دەکەی، لە لایەکی دیکەشەوە کە تۆ لەناو هه‌رێمێکی بوونایه‌تی زماندا دەجوولێی، گیرۆدەی نامۆیی زمانیی دەبیت، کە هەرێمێکی نادیار و دۆخێکی سه‌رگێژە. لەوکاتەی کە تۆ بەرەو ئەو هەرێمە رێکدەکەی، تۆ وێڵ ده‌بیت و هه‌ست به غەریبیکردن دەکەی. لەو دیدەوە ده‌توانین بڵێین، دینه‌مۆی نووسین له‌نێوان ئه‌و ململانێیه دایه. هه‌ر کاتێك دەستت کرد بەو ململانێیەوە، کەواتە تۆ بەشێکی لەو به‌رهه‌ڵستکارییه‌ی نێوان جووله و ناجووله‌دا، له‌نێوان هه‌رێمێکی دیاریکراوی سه‌پێنراوی گشتگیر و نێوان هه‌رێمێکی نادیاردا، ئەوکاتە زمان هه‌میشه له ته‌یکردن و لێ تۆژینه‌وه‌دایه. ئه‌و پرۆسەیە دینەمۆی به‌رده‌وامبوونی نووسینە.
من دوای ئه‌وه‌ی چوومه ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، لەو ئەزموونە تێگەیشتم. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ژیانی خۆم بکه‌م، ئەوە کرده‌ی نووسین بوو کە وای له من کرد وەک ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ی کە لە کاتی منداڵیی ئاشنای بووم، هه‌میشه به‌ره‌و سۆراغکردنی هەرێمی ناوەکیی خۆمەوە بڕۆم، بۆ ئەوەی له‌و ماڵە جێگرەی کە بۆم دیاریکراوبوو دووربکه‌ومه‌وه و هه‌ڵبێم. ئه‌و هه‌ڵاتنه، هه‌ڵاتنێك بوو به‌بێ ئاراسته، وەک گەردەلوول هەڵاتنێکی بازنه‌یی و شاقوولی بوو له‌نێوان ئاسمان و زه‌ویدا، کە به‌ره‌و شوێنێك، یان ئه‌و هه‌رێمه بوو کە تاراوگە، نادیارییە. لە بەراییدا من به‌شێوه‌یه‌کی کرده‌یی و له ماڵ هه‌ڵاتم، له گوندێکی بچکۆلانه و ماڵ و خێزانێکی نه‌ریتی ئێمەوە، ئه‌و هەڵاتنە زۆر عه‌یبه و شه‌رم بوو. بەڵام من وه‌ک بوونێکی منداڵێکی زیندانی ڕامکرد: یەکەم جار هاتمه هه‌ولێر و دواییش چوومه به‌غدا، له‌وێشەوە هه‌ستم کرد من ڕاده‌وه‌ستم و جێگیر ده‌بم، له‌و جێگیرییه‌وه به بێ ئاگایی، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیا چییه، ئاشنای رەوتێک بووم، کە کۆمەلەی رەنجدەران بوو. ئەوەند بەس بوو کە هه‌ستم کرد ڕه‌وتێكی به‌رهه‌ڵستکارییه. ئەمەش به‌رهه‌ڵستارییه‌ك بوو، پێش هه‌موو تشتێك لە بەرانبەر ماڵدا. ماڵ نه به مانای خێزان، به‌ڵکو ماڵێك کە من ناچار بووم هه‌میشه بۆ لای بگەڕێمەوە؛ ماڵێكی دیاریکراو که تووشی جۆریک له بی جووله‌یی ده‌کردم، چونکە دەبوو بەشێکم بم لە ئاپۆرەی خێزان و پەیوەندییەکانی، ئەمەش خنکاندنی بوونی تاکەکەسی من بوو. بۆ من چوونه پاڵ ئه‌و دۆخه به‌رهه‌ڵستکارییە، چونکە ئه‌وێ ماڵ نەبوو، تشتێک بوو به‌ره‌و نادیاریی ده‌بردم. ئه‌و نادیارییه‌ش مه‌ترسی تێدا بوو. لێرەوە ده‌توانم بڵێم، ئه‌وه دۆخێک بوو له به‌رهه‌ڵستکارییه‌تی شیعریی. ئەمەش له‌لای من زۆر جێی سه‌رنج بوو، بۆ‌یش من چوومە پاڵ ئه‌و ڕه‌وته. بەمجۆرە ژیانی پێشمه‌رگەیه‌تی دەستیپێکرد، ژیانی پیشمه‌رگایه‌تیش ژیانێک بوو هه‌میشه له‌نێوان ئه‌وه‌ی تۆ ده‌گه‌ڕێیته‌وه و نا گه‌ڕێیته‌وه،چونکە تۆ له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ریی ماڵدا ده‌ژی، ماڵێکی جێگیر و نه‌بزواو، له‌گه‌ڵ ماڵێک نه ئاراسته‌ی دیاره و نە به‌ره‌و هەرێمێکی ناوەکییش. ئاکامی ئەو پێشمەرگەیاتییە، ئه‌و شه‌پۆڵه لە ژیانه، هه‌میشه نووسین و شیعرییه‌ت بزووێنه‌ری بوو. ئەوێش مەرج و نۆرمەکانی گشتایەتیی بەسەر دەسەپاندم. بە دەم ئەو ململانێیەوە، قەدەری ئەنفال منی بەرەو سنووره‌کان هه‌ڵه‌ته و وێڵ کرد، کە ئەمەش بەردەوامی دۆخێکی بەرهەڵستکاریی شیعریی بوو. دواجار کۆتایی هاتنی ژیانی پێشمەرگایەتی، ناچاری کردم بە جەستەیەکی شەکەتەوە، وەک گەشتێکی شیعریی ، هەروەک ئەو گەشتە لەناو هەرێمێکی ناوەکیی زمانەوە دەستپێبکا، لەگەڵ کۆمەڵێ پێشمەرگەوە له دەڤەری هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و سنووره‌کانی کوردستانی باکوور و له‌وێوه به‌ره‌و ئێران و ڕووسیا و سوێد رۆیشتم.
کەواتە نووسین له‌نێوان ئه‌و تخوبەیە کە پێی ده‌گوترێ: نامۆبوون و تاراوگه بوون. تاراوگەبوون له ماڵێکدا، وه‌ك گوتم کە بێجووله‌یه، وێڕەی ئه‌وه‌ی به‌رێوه، کەچی کە ده‌گه‌یته جێگەیه‌ك، جووله‌ت لێ دەبڕێت، ئەمەش تەنێ وێستگه‌یه‌که. له تاراوگه‌دا فه‌زایه‌کی دیکه نییه، ته‌نێ فه‌زای نادیاریی نەبێت. له‌و نادیارییەدا تۆ هه‌میشه له ململانێی گه‌ڕانه‌وەی بۆ کۆی ئه‌و وێستگانه، کە ئەمەش گەڕانەوەیەکە بەرەو منداڵیی، لێ منداڵیی، وه‌ک گوتم به مانای ته‌مه‌ن نا، به‌ڵکو بەرەو دیمەنی ئەو گەردەلووکەی منداڵیی و ئه‌زموون له‌ناو ئه‌و دۆخه بێ جووله‌ی زمان و جه‌سته‌دا، کە پێوه‌ندییه‌کی دیاریکراوی سه‌پێنراوە، که تۆ بە زۆری ڕادراوی، یان فڕێدراوی به‌ناو گشتگیرییەکدا کە خواستی خۆت نییە، ئه‌مه‌یش واتلێده‌کات رووبەڕووی جۆرێك له ورووژاندن، له پرسیارکردن و دۆشدامان ببیەوە، کە ئه‌مه‌یش خاکی بیرکردنه‌وه و فه‌لسه‌فه‌یه.
بیرکردنه‌وه له‌لای من له بارودۆخێکی دیاریکراوی زمانییدا، کە بەشێکە لە دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی و جیۆگرافیی و کو‌لتووریی، له‌وێدا زمان له شیعردا خۆی مانفێست ده‌کا. ئەوە خۆشەویستیی، زانیاریی، مەتەڵ و هەژەندە جەستەییەکانە وادەکەن بنووسین، تا خۆمان بلاوێنینەوە. ئەمانەش هەمیشە وەک رووداوێک لە سەرکەوتن و نووشست دووبارە دەبنەوە. گریمان ئەگەر من له دۆخێكی جڤاکیی ، پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان نیشتیمانێکی جیاواز بوومایه، ڕه‌نگه ئه‌و دۆخه ڕاڕا و نیگه‌رانی و به‌رهه‌ڵستکارییه له‌نێوان جووله و بێ جووله‌دا، له‌نێوان هه‌میشه ڕۆیشتن و هه‌میشه لێ تۆژینه‌وه له هه‌رێمی ناوه‌کیی وه‌ک دۆخێکی بوونایه‌تی، کە من له دۆخێکی به‌رهه‌ڵستکاریی له‌گه‌ڵ مالێکی جێگیرکراودا دەژیام، له شیعردا ڕه‌نگی نەدابایەوە.
سوکرات بیرکردنه‌وه وه‌ک تشتێکی میتافۆری له دایمۆن“Daimon” دا ده‌بینێ. ده‌توانین دایمۆن وەک هێز یان بوونێکی شەبەنگیی تێبگەین کە لە سروشتدا وزەی خۆی نیشاندەدا، ئەمەش لای من کتومت وه‌ک هێزی ئەو گه‌رده‌لووله وایە که له منداڵی‌دا بۆ یه‌که‌مجار له‌به‌رده‌م ده‌رگه‌ی ماڵه‌وه بینم. ئەو گەردەلوولە شاقوولییەی کە ئاسمان و زه‌وی پێکه‌وه ده‌به‌ستایەوە. پرۆسه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی گەدەلوول که له چاوبڕکردن تێده‌په‌ڕێ، کتومت له‌ڕووی زمانییه‌وه، وا ده‌کات ئه‌و گه‌رده‌لووله وه‌ک وزەیەکی به‌رجه‌سته‌کراو بێتەوە ناوتەوە. دواجار تۆ دەبی بە گەردەلوولێک لە بەرهەڵستکاریی شیعریی. لە کن من گه‌رده‌لوول وه‌رده‌چه‌رخێ به‌ره‌و جۆرێك له شه‌به‌نگی سروشت، شه‌به‌نگێك کە واتلێده‌کات تۆ بۆ به‌رجه‌سته‌کردنەوەی بە دوایدا رێگە بگریت. گەردەلوول هەنووکەش بیرکردنه‌وه‌ی من ده‌ورووژێنێ.
بەمجۆرە بە واتای ئەفلاتوونیی، بیرکردنەوە “مەنۆلۆگی رووحە”، ئەو هزراندنەش سەرچاوەکەی لە ئەفسانە و شیعریی درامیی ، وەک گلگامش و شیعرە زارەکییەکانی خۆمان و رۆژهەڵاتیی هەڵدەقووڵێ، ئەمەش چرپەی شیعرییە، کە کۆتایی نییە. ئەو “مەنۆلۆگە رووح”یەش بنەمایەکی نهێنی هەیە، واتە ئەوە ئەو دەنگە ناوەکییە کە خوێنەر بەرەو خۆیەوە رادەکێشێ. کاتێک ئەو مەنۆلۆگە گەیشتە خوێنەر، دەبێتە دیالۆگ. ئەمەش گەوهەری بیرکردەنەوە و شیعریشە.
سەرەتا لە کن من پرسیاری ئه‌و گه‌رده‌لووله له کوێوه ده‌ستی پێ کرد، بە مەنەلۆگی ناوەکیی دەستی پێ‌کرد، دواجاریش ئەو پرسیارە لەگەڵ بە دەنگهێنانی لە زماندا، بوو بە دیالۆگ لەگەڵ خوێنەردا. گه‌رده‌لوول لە سروشتدا وه‌رده‌چه‌رخێ بۆ شه‌به‌نگ، کە سه‌رچاوه‌ی دیار نییه.
کاتێك ئه‌و هەستکردنە له‌گه‌ڵ خۆت وه‌ک بوونێكی گشتگر به‌راورد ده‌که‌ی، که دیار نیت، یاخود دیاربوونێكی گشتگرییت، تووشی ململانێی بیرکردنه‌وه دەبیت. ئەمەش له لای من سه‌رچاوه و خاکی نووسەریی و نووسینە. من هه‌ست ده‌که‌م نووسین له نیوان ئه‌و شه‌ڕه‌ی نێوان جووله و بێ جووله‌دا، له‌نێوان به‌رهه‌ڵستکاریی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ماڵێكدا، لە دایک دەبێ. ئەو ماڵەی، وه‌ك گوتم گرێ دراوه به ماڵێکی جێگیر که هی تۆ نییە، کە رێگەی ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییەت لێ دەگرێ، که‌واته بوونایه‌تی تۆ بوونی نییه. ئه‌گه‌ر له‌م باره‌شدا بچینه بنجوبنه‌وانی فه‌لسه‌فه و هزر، ئه‌مه دۆخێكی هزرییه. ئیشی هزر ئه‌وه‌یه، تۆ هه‌میشه جیاواز بیت له‌وانی تر و جیاوازیش ببینیت.
ئه‌وه‌ی وا ده‌کات من به‌رده‌وام بیربکه‌مه‌وه و له‌و ڕه‌وت و ڕێبوارییه‌دا، له مالێکه‌وه بۆ مالێکی دیکه، ترسی جوولە و بێجوولەیە، چونکه هه‌میشه ماڵه‌کان دروست ده‌بنەوە. ماڵێک له گوندێکەوە بۆ شارێك، لە وڵاتی خۆتەوە بۆ تاراوگە، بە کۆمه‌ڵیك مه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتوورییەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش ناچارت دەکا بچیته ناو دۆخێكی به‌رهه‌ڵستکاریی دیاریکراوی سیاسیی، کو‌لتووریی، جڤاکیی و … تاد، له‌وێشدا کۆمه‌لێك مه‌رجی دیاریکراو هه‌ن، دیسان ئه‌و مه‌رجانه وا ده‌کەن تۆ ببه‌سترێیته‌وه به دۆخێكی گشتگیرەوە.
دواجار تۆ له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌میشه ده‌بێ بڕۆی بۆ ئه‌وه‌ی تۆ ئه‌و بوونه جیاوازه‌ی خۆت بسه‌لمێنی و خۆت به دیار بخه‌یت. راستیه‌که‌ی به‌دیار خستن جه‌وهه‌ری شیعره، هاوکاتیش جه‌وهه‌ری بیرکردنه‌وه‌یه. ئه‌وه بیرکردنه‌وه و شیعره، کە هه‌رێمێکی ناوەکییت به دیار ده‌خەن. ئه‌وه بیرکردنه‌وه و پرۆسه و ململانێیە له‌نێوان جووله و ناجووله کە وا ده‌کەن تۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك و جیاوازییه‌ك بۆ خۆت دروست بکه‌یت. ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ڕه و ململانێیه له‌نێوان جووله و بێ جووله‌دا نه‌بێت، بوونی تۆ دیار نییه. ئه‌گه‌ر تۆ هه‌میشه له شه‌ڕێکدا نه‌بیت، له تۆژینه‌وه‌ی ناو ئەو هه‌رێمه‌ی کە له ده‌ره‌وه‌ڕا له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه تۆی بەستاوەتەوە بە بوونێکی گشتگرەوە، تۆ نابی بە خۆت. بۆ‌یش ئه‌وه‌ی من دڵم خۆش ده‌کا و ده‌مجۆشێنێ، ئه‌وه‌ی وا ده‌کات تا ئێستا له‌نێوان بێهوده‌بوون و نامۆبووندا، له نێوان هه‌میشه ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه و به‌جێهێشتندا بژیم، دوورکه‌وتنه‌وه‌یە لێرەوە بەرەو ئه‌و جێیه‌یە که دیار نییه.
شیعر، یان نووسینی شیعریی ئه‌وه‌یه که تۆ تاك بیت. واتا تۆ له ده‌سته‌جه‌معییه‌وه ببیه تاك. شیعر و شاعیری جیهانیش لە هەموو رۆژگارێکدا، هه‌میشه لە غەمی تاك بوونه‌دایە. نووسین و شیعر له‌لای من لێک جوودا نین. ئه‌وە شیعره دڵڕاکێشان و جۆشدانی نووسین زیاد ده‌کات. له ده‌ره‌وه‌ی شیعرییه‌تدا، نووسین مامه‌له‌یه‌ك و کارێکی زۆر ئاساییه؛ واتە نووسین شیعرییه‌تی تێدا نه‌بێ، دینه‌مۆی شیعری نه‌بێ، کتومت وه‌ستانه له‌و دۆخه جێگیره‌دا، وه‌ستانه له‌و ماڵه ده‌سته‌جه‌معییەدا.
له شیعری ئیستای کوردییدا، لە بری شیعری دەستەجەمعیی، جۆره مۆدێگەلێک لە شیعر نووسین هه‌یه. ئه‌و مۆدێلگەلەش کتومت جێی شیعری ده‌سته‌جه‌معی کوردیی گرتۆته‌وه. ئەو مۆدێلاندنەی شیعر، شاعیری ناچار کردووە جۆرە مۆدێلێکی شیعری بنووسێ. ئه‌و مۆدێلگەلەش کتومت گواستنه‌وه‌ی ئه‌و بیرکردنه‌وه ده‌سته‌جه‌معییه سه‌پێنراوەیە کە هه‌میشه وا له تاکه‌کان ده‌کا، وا له شاعیر ده‌کا ببیه به‌شێک له‌و ئاپۆڕه و ده‌سته‌جه‌معییه. به‌ڵام ئاخۆ له دۆخی پۆستمۆدێڕنیزمدا مۆدێلی چۆن بنووسین، گرفتێکی شیعرییە؟ ئه‌م مۆدێله وای کردووه کێشه‌ی نووسین چیتر کێشه‌ی دروستکردن و سازکردن و به‌رهه‌مهێنا‌نی به‌رهه‌ڵستکاریی و تاکخوازی نەبێ، به‌ڵکو به‌بێ ئاگا وای له ئێمه کردووه له‌ڕێی پێوه‌ندی کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌وه، کە وه‌ک گوتم له‌سه‌ر مۆدێلێکه‌وه جێگیربوونه، که جێگیربوونێکی ماڵیی و بێ جووله‌یه، به‌بێ ئاگا به‌و ده‌سته‌جه‌معییه‌وە وابه‌ستە بین. رۆمان کە هەنووکە بوو بە بەشێک لە مۆدێلی نووسین، چونکە رۆمان بە پێچەوانەوەی شیعر، ناچارە بە دەستەجەمعیی، بە مێژوو و کێشە و پەیوەندیییە جڤاکییەکان. رۆمان سەرقاڵی تەیکردنی هەرێمی ناوەکیی تاکی شاعیر نییە، بەڵکو نماییشکردنی دۆخی گشتایەتییە. ئه‌وه‌ی من دیقه‌تم داوه له‌ناو ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه و شیعری کوردییدا، کە من لێره‌دا ده‌توانم به جۆرێک له ڕاڕاییه‌وه بلێم، تا ئیستا که‌سێک بە وردی بیری لەو گواستنەوەی شیعری دەستەجەمعیی بۆ ئەو مۆدێلگەراییەی شیعریی نەکردۆتەوە، یان تشتێکی وای بە نووسین نه‌ورووژاندووه. ئەڵبەت گرووپ و مۆدێلی نووسین وای کردووە نووسین و شیعر و شاعیر بکا بە به‌شێک حەشامات، تاکەکەسەکان لەناو ده‌سته‌جه‌معیدا بتوێنێتەوە. ئه‌و پابه‌ندبوونه به‌و گرووپ و مۆدێلسازییه وای کردووه ئێمە چیتر نه‌ورووژێین به شیعر، چیتر دڵشاد و غه‌مگین نه‌بین به شیعر.
بۆ‌یش شیعر له‌لای ئێمه کاڵبۆتەوە، بۆتە جۆریک له سنعه‌ت و بازاڕیی و دوکانداریی. کەواتە شیعر، چیتر ئه‌و “دایمۆن”، شه‌به‌نگه سروشتییە، وزە بەرهەڵستکارییە نییه، که جۆرێک له خه‌رمانه‌یه‌کی پیرۆزیی به ده‌موچاوه‌وه دیار بێ. چیتر ئه‌و ده‌قه نییه تۆ وه‌ک ده‌قێكی پیرۆز و خه‌رمانه‌یه‌کی پیرۆز له باوه‌شی بکه‌یت و هه‌میشه‌ش لە دڵه‌وه خۆشت بوێ. بۆ‌یش ئێستا شاعیربوون و نووسەرێتیش هەڵگری جۆرێک له خه‌رمانه‌یه‌کی ناپیرۆز و تشتێكە چیتر دڵت ناورووژێنێ، که‌سێكە چیتر خۆشمان ناوێت.
وه‌ک لە بەرایی گوتم، ئه‌و خه‌لاته به پشوویه‌ک ده‌زانم له نیوان ئه‌و ڕێکردنه، لە نێوان ئەو شه‌ڕو ململانێیه‌ی کە من به‌ره‌و ئەو هەرێمە ناوەکییە نادیارە دەبا، تا ببم بە خۆم، چونکە من هێشتا ئه‌و تەرزە تاکه نیم که کۆتایی نییه. ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه هه‌ولێکی بێهوده بێت، بێهوده‌بوونیش له نووسیندا، دۆخێکه له بوون. دۆخی بوون و مرۆڤ و ته‌نانه‌ت گه‌ردوونیش، جگه له بێهوده‌یی چیتر نییه. که ده‌ڵێم بێهوده‌ییه، مانای وایه تۆ ناچار بیت له‌ڕێی زمانه‌وه دۆخێکی به‌رهه‌ڵستکاریی به‌رانبه‌ر ئه‌و گه‌ردوون و بێهوده‌بوونەی بووندا بسازێنێت. به‌بێ بوونی ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه، به‌بێ شه‌ڕی نێوان مانا و به‌مانا کردن. نێوان بێهوده‌یی و ئومێده‌وارییدا، نەک هەر نووسین کۆتایی دێت، بگرە مرۆڤیش کۆتایی دێت. دەبا بۆ دڵدانه‌وه‌ش بێ بێڵم، ئه‌گه‌ر تۆ له‌نێوان ئه‌و شه‌ڕه‌دا نه‌بێ ژیان کۆتایی دێ. من که ده‌ژیم له‌لای خۆمه‌وه وه‌ک بوونه‌وه‌رێک بیئومێدم له هه‌موو تشتێك، ئه‌وه‌ی من ده‌هێڵێته‌وه جارجار بگه‌شێمه‌وه به‌رانبه‌ر دیمه‌ن و پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌و دۆخەی نووسینه. وه‌کی تر ڕاستیه‌که‌ی که‌ره‌سه، ماتڕیاڵ، گرووپسازیی، ده‌سته‌جه‌معی جگه له مردن چیتر نییه، مردنێك کە تۆ تەنێ له دۆخێكی زیندووی بێجووله‌دا ده‌ژیت.
١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣/هەولێر
په‌یڤی هه‌ندرێن له کاتی خه‌ڵاتی ڕێزلێنان
له‌لایه‌ن بنکه‌ی ڕووناک‌بیری گه‌لاوێژ/ لقی هه‌ولێر
ئەڵبەت سوپاسی ئەرکی کاک حەمە مەنتک دەکەم کە ئەو پەیڤەی لە تۆماری دەنگییەوە گواستەوە بۆ نووسین.
ئەم نووسینە بە دوو بەش لە رۆژی ١١ و ١٢ی نۆڤێمبەردا، لە رۆژنامەی هاووڵاتی بڵاوکراوەتەوە.، ئەمەش لینکی نووسینەکەیە:
http://hawlati.co/%D8%A6%DB%95%D8%B1%D8%B4%DB%8C%DA%A4%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/18239
هەندرێن