بێرنه‌ر مازۆ : شیعر دوا مه‌نزڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه
شاعیر فه‌ره‌نسایی (بێرنه‌ر مازۆ)و شه‌بقه پووشینهكهیو، پێكه‌نینه دهنگاوییهكهی كه به جانگایان ده‌چێ، قۆشمه‌چی‌و پیرۆزینو ئه‌نارشیست، شاعیرێكه شێوه شه‌یتانییه‌كی رامبۆیانهی پێوه دیاره، ئالان پۆسكێ له‌باره‌ی مازۆوه ده‌بێژێ: لهوشهدا كورتبڕو ئابووریكهرهو ده‌گاته چڕبوونهوهیهك له رۆشنایی، كه شاعیرانی تر ئیره‌یی پێده‌به‌ن، شه‌ش كۆهۆزانی بڵاوكردۆته‌وه‌و، ئێستاش سكرتێری گشتیی خه‌ڵاتی ئهبولینیره، یه‌كێكیشه له سێ سه‌رپه‌رشتیاری گۆڤاری (یه‌ك شیعر)، به‌م دواییه‌ش رۆژنامه‌یه‌كی مانگانه‌ی له‌باره‌ی شیعره‌وه به‌ناوی (چامهینهمڕۆ)و دیوانێكی شیعریشی بڵاوكردۆته‌وه.
نیوه‌ڕۆیه‌كیان له باخچه‌ی (پیرماری)ی هاوڕێی جاك بریڤهر له‌سه‌ر كه‌ناری به‌نده‌ری گریمۆ چاوم پێیكهوتو، له‌ژێر سایه‌ی داربییهكو نزیك به‌له‌مه سپییه‌كان كه‌وتینه قسه‌و باس، له‌نێو قسان‌دا بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ جاك بریڤهر ده‌گێڕایه‌وه، پاشان باسی هه‌واڵی فرۆشتنی كه‌لوپه‌له‌كانی كۆشكه‌كه‌ی دۆینۆی كرد، ئه‌وه‌ی كه شاعیری ئه‌ڵمانی ریلكه شیوه‌ننامه ناوداره‌كه‌ی بۆ نووسیوه، یه‌كێكی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یان له‌گه‌ڵدابوو كه خاوه‌ن كۆشكه‌كه بوون، هه‌موو وتووێژه‌كان نۆستالژیانه بوون، له‌باره‌ی شیعره‌وه‌و له‌باره‌ی سینه‌مای ساڵانی دوای جه‌نگیش زۆر قسه‌كرا، پاشان له سووچێكی باخچه‌كه ئه‌م وتووێژه به‌م شێوه‌یه خه‌ستبۆوه:
* چۆن یه‌كه‌مجار خۆت به‌رانبه‌ر به‌شیعر دۆزییه‌وه؟ مه‌به‌ستم خوێندنه‌وه سهرهتاكانتو، كاریگه‌رییه یهكهمینییهكانت بوو به توانا سیحریو سه‌یره‌كانی وشه‌وه؟
– له ده‌وروبه‌ری یانزه دوانزه، ساڵیی ته‌مه‌نمدا هه‌ستم بهڕاچهنینێكی سۆزاوی كرد، وه‌ك چركهساتێ به‌جۆره گه‌شانه‌وه‌و پێگهیشتنێك كرد، كه چۆن حه‌زم ده‌چێته نووسین، به‌مجۆره بوو یه‌كه‌مین چامه‌ی خۆمم نووسی.
* واته بۆ یه‌كه‌مینجار به‌و شێوه‌یه لای ئێوه سه‌ریهه‌ڵدا، بێ ئامادهكردنو راهێنانی زمان‌و خوێندنه‌وه، وه‌ك لای زۆربه‌ی ئه‌وانه باوه كه تازه ده‌ست به نووسین ده‌كه‌ن، كه چۆن لاسایی پێشووی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه؟
– خوێندنه‌وه‌م راسته‌وخۆ دوای ئه‌وه‌وه ده‌ستپێكرد، چونكه گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌وا پێویسته قسه‌كان بهۆنمهوهو ههستو ورووژانهكانم چوارچێوه‌دار بكه‌م، دیاره ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ڕێی نووسینه‌وه بووه، كه پێشتر نه‌مده‌توانی كۆنترۆڵی میكانیزمی نووسین بكه‌م، هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه بوو كه لهخۆشبهختیمدا مامۆستایه‌كی ژیر‌و وریای بواری ئه‌ده‌بم لێههڵكهوتو وایلێكردم كه دوای پرۆگرامه‌كانی فێركردن، بۆدلێرو جیراردی نێرڤاڵو پۆل ڤێرلنو رامبۆو ستیڤان مالارمێ بخوێنمه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی چوومه نێو دنیای ئه‌مانه. بۆم ده‌ركه‌وت كه‌وا ئه‌ركی شیعر گوزارشتكردنه له جوانیی جیهانو بهڕهگاچوونی مرۆڤ بۆ نێو سروشت، ئه‌ركی شیعر گوزارشتكردنه له نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر دنیا‌و ئه‌و بوونه شاشو واشهو راگوزاریانهیهتی، كه‌وا شاعیره‌كان بهپیتهكانیان ده‌توانن به‌ڕوونی دهریببڕنو خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌ستی پێده‌كات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆزهكاوو كوێرانه، بێ ئه‌وه‌ی توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێ ده‌ریببڕن.
* چامه ئه‌و پانتاییه رۆحی و زمانییه‌یه له‌هه‌مان كاتدا، چۆن نیشانیده‌ده‌ن؟
– چامه كچی شیعره، مرۆڤی كۆن پێیان ده‌گوت (له دایكبوونی بۆچوونه‌كان)، من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه چامه كۆتاییه‌كی ته‌واو یان ناته‌واوی ده‌نگی ناوه‌وه‌یه، ده‌نگێك كه نازانی له‌كوێوه سه‌رهه‌ڵده‌دا، به‌ڵام له‌ڕێی ئێمه‌وه بهدیاردهكهوێو بۆ ساتێ له‌گه‌ڵماندا دهبێو، پاشتر پێشمان ده‌كه‌وێ.
به گوێره‌ی خۆم، چامه هه‌رچه‌نده له‌ڕووی خۆشیه‌وه داخراوبێو تێگه‌یشتنی قورس بێت، ئه‌وا به‌لای منه‌وه بڕگه‌یه‌كی تاكه بوێژێكی گه‌وره‌یه‌و، له‌هه‌مان كاتیش‌دا نه‌مره‌و به‌ده‌ره له‌كات.
* یه‌كه‌مین هۆكاره شیعرییه‌كان كامانه بوون كه تۆ‌و ده‌نگی تۆ‌و تێڕوانینی تۆیان داڕشته‌وه؟
– كاریگه‌ریی یه‌كه‌مین، كه تائێستاش وه‌ك شاعیرانی سه‌ده‌ی بیسته‌می لای خۆمان له‌سه‌رم مابێته‌وه، كاریگه‌ریی بۆدلێرو رامبۆ بووه، كه دووه‌میشیان هه‌ر له‌ژێر كاریگه‌ریی بۆدلێر بوو.
* واته لای ئێوه بۆدلێر باوكی تازه‌گه‌رییه؟
– به‌ڵێ، بۆدلێر خۆیشی كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ریی رۆمانسییه‌تی ئهڵمانیو ئۆڤالیسو هۆڵدرلینو… هتد، له‌سه‌ره‌تاوه بۆدلێر بهكاریگهریی ئه‌مانه‌وه ئه‌ركی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئهلفو بێی دنیا‌و خستنه‌ڕووی راستییه‌كانی دایه چامه.
راستییه دیار‌و بینراوه‌كان، راستییه‌كی شاراوه‌ی تریان تێدایه، ئه‌ویش گه‌ڕان به‌دوای دهلالهتو هێماكانه، كه هه‌مان دیدگه‌و بۆچوونی سۆفیگه‌ری دانیماركی (سویدنبێرگ)ـه، بۆیه به‌گوێره‌ی بویهرو جوانی دابیندهبن، هه‌روه‌ك رۆژێكیان (مارسێل پرۆست)ی رۆماننووس به‌دوای شت‌و دیارده بینراوه‌كاندا گه‌ڕاوه، هه‌روه‌ها پێشتر ئه‌رستۆ دووپاتی ئه‌وه‌ی كردۆته‌وه كه ئه‌ركی هونه‌ر به‌ته‌نیا گوزارشت نییه له‌شته به‌رچاوه‌كانی دنیا، به‌ڵكو دۆزینه‌وه‌ی مانا شاراوه‌كه‌یه‌تی، به‌م شێوه‌یه بۆدلێر له زۆربه‌ی چامه‌كانیدا وادهبینرێ كه ده‌رباره‌ی دیدگه ون‌و شاراوه‌كانی نێوان دهنگو رۆح‌و ره‌نگه‌كان ده‌دوێ.
* یه‌كێ له دیارده سه‌ره‌تاییه‌كانی شیعری نوێ، ئه‌وه‌یه كه‌وا وه‌سفی دنیا ناگه‌یه‌نێ، هه‌روه‌ك چۆن شێوه‌كاری تازه وێنه‌ی دیمه‌نه‌كانی دنیا ناگرێ، بهمجۆرهشه كه‌وا دابڕانێك له ئێوه‌وه له‌گه‌ڵ شیعره‌ی كلاسیكی، تا سه‌ده‌ی نۆزده‌م په‌یدابوو، تۆ چۆن له‌نێو ئه‌م سهرهڕۆییهدا ژیایت؟
– منیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ستم به‌وه‌كرد، كه یه‌كێ له ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شیعر له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هێمایه باوانه خۆی ده‌بینێته‌وه، كه راهاتبوون لهسهریو پرسیارێكی كۆنینه بوو، ئه‌م پرسیاره له سه‌رده‌مانی پێشین له‌گه‌ڵماندا هاتبوو، ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه‌وا مرۆڤ بۆ یه‌كه‌مینجار هه‌ستی به‌وه‌كرد كه رۆژی فه‌نابوون چاوه‌ڕێیه‌تی، بۆیه هه‌وڵیدا كه به‌رپه‌رچی تراژیدیای ئه‌و گه‌شته به په‌له‌یه‌ی ژیانی خۆی له‌ڕێی دیدگه‌و بۆچوونه‌كانی خۆی بداته‌وه، بۆیه‌ش بۆچوون‌و هه‌سته‌كانی خۆی له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كانی (تسیلیو تامێر) تۆماركرد.
* ئایا شیعری رامبۆییانهت هه‌یه، وه‌ك ههڵایسانه ساتییهكانی وشه، یان هه‌ندێ لێكتامچوون له‌گه‌ڵ رێنێ شار؟
– رێنێ شار به‌گوێره‌ی من زۆر گه‌وره‌یه‌و، توانیی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا (لۆگۆسی هیراگلیتی)مان بۆ دابێنێ، كه له شیعرا زمانی خوای ئۆله‌مپ ده‌پارێته‌وه، شیعریش یه‌كێكه له په‌رجووه زمانییه‌كان، وه‌ك چۆن زمانی مرۆكانی سه‌ره‌تایه، یاخود لۆگۆسێكی دامه‌زرێنه‌وه، رێنێشار هاوڕێی مارتن هایدگه‌ر بوو.
* له شیعره‌كانتدا جۆرێ له سریالیهت له گوزارشتكردندا به‌دیده‌كرێ، پێوه‌ندیت به سریالیزم چییه، كه یه‌كێ بووه له دۆزینه‌وه مه‌زنه‌كانی هۆشو میكانیزمی گوزارهكردنه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له شیعر‌و وێنه له‌م سه‌ده‌یه‌دا؟
– من مرۆڤێكی سریالی نیم، هه‌رچه‌نده رێزی زۆرم بۆ ئه‌ندرێ برۆتۆن هه‌یه كه رامبۆ مامۆستای یه‌كه‌می بوو.
* ئایا شیعری ئه‌مڕۆی فه‌ره‌نسایی به‌چ ساته وه‌ختێكدا تێده‌په‌ڕێ، به‌واتایه‌كی تر، ئایا ده‌توانێ وێنه‌ی نه‌خشه‌ی شیعریی ئه‌مڕۆ بكێشێ؟
– له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ چه‌ندین رهوتو سه‌رچاوه‌ی شیعریی جیاجیا له فه‌ره‌نسا له ئارادایه، به‌ڵام دابڕانێك له‌نێوان شاعیره زانكۆییهكانو شاعیرانی تردا هه‌یه، لێره‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم كه لای پێشه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كه به گرووپێكی ئه‌كادیمی ئاڵۆزكاوه، ئه‌و شاعیره بهرچاوانهش كه چامه‌ی دژه شیعر ده‌نووسن، له قووڵایی ئه‌و دابڕانه‌ی نێوان چامه‌و خوێنه‌ردایه.
* ئێمه له‌نێو دنیایه‌كه‌ی خۆماندا، جگه له گه‌وره‌و ناوداره‌كانی وه‌ك پۆل ڤالێریو پۆل كلۆدیلو سان ژۆن پێرسو رێنی شار‌و تا هێنری میشیۆو وایڤ بۆنڤوا زیاتر نازانین كێ له گۆڕه‌پانی شیعردایه، بۆیه حه‌زده‌كه‌م هه‌ندێ ناوی ترمان پێ بڵێی، كه ئێستا له‌شیعری فه‌ره‌نساییدا جێپه‌نجه‌یان دیاره؟
– دوای رۆیشتنی رێنی َشارو جان تاردیۆو ئه‌ندرێ فرینۆ، ئێستا گه‌وره‌ترین ناو (ئیڤ بون‌ڤوا، جاك دوبان، فیلیپ جاكۆتی)ن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی دوای ئه‌مانه‌ش نه‌وه‌ی لهدایبووانی نێوان (1925-1930)یه كه نوێنه‌ره‌كانیان (لۆران گاسپار، جاك دریدا)ن، دوای ئه‌مانه‌ش میشال دۆگێ دێ كه نزیكه له نه‌وه‌ی من، هه‌روه‌ها فرانك فینای شاعیر‌و شاعیرانی دیكه كه ته‌مه‌نیان له نێوان (40-50) ساڵیدان، وه‌ك (جان میشال مۆلبۆ، سیمیۆن، لیۆنێل، بیرنار نوێل).
* تایبه‌تمه‌ندییه گشتییه‌كانی ئه‌م شیعره تازانه‌ی فه‌ره‌نسایی چییه؟
– شیعر ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جۆرێك له لیریكیهت، هه‌روه‌ها روون‌و ئاشكرایی له نووسینیدا، شیعری ئێستامان وێنه‌ی به‌هێزی تێدا به‌دیده‌كرێ، هه‌روه‌ها هه‌ندێ له مامۆستاكانی زانكۆكانمان هه‌ن شیعر دهنووسنو، هه‌ندێ هه‌وڵده‌ده‌ن كه رامان بێنن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وا شیعری زیندوو په‌نای بردۆته به‌ر گۆرانی‌و مۆسیقای راب، خوێنه‌رانی شیعر له‌هه‌ر گرووپێكدا ژماره‌یان له (300-600) خوێنه‌ر تێناپه‌ڕێ، به‌ڵام فه‌ره‌نسا هه‌رگیز وه‌ك ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌و گۆڤاری تایبه‌تمه‌ندی نه‌بووه، ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌ی وا هه‌یه كه ساڵانه سه‌د ده‌ستنووسی شیعریی بۆ ده‌چێ.
* ئایا تائێستاش له دنیادا پانتاییه‌كی شیعری هه‌یه، كه تیایدا وشه ره‌هه‌نده ئایینی‌و ئهنتۆلۆژیو پیرۆزییه‌كانی خۆی له ده‌ستدابێ به‌شێوه‌یه‌ك كه وشه له‌گه‌ڵ ته‌كنۆلۆژیای هاوچه‌رخی گه‌یاندن ته‌نیا شتێكی دروستكراوبێ؟، لێره‌دا پێشبینییه‌كانی هایدگه‌رو بڵانشۆ هاتوونه‌ته‌دی، كه وتوویانه ته‌كنۆلۆژیا مرۆڤایه‌تی داگیرده‌كات وشه‌ی شیعری له‌م ئۆقیانووسه‌دا رۆشنبیرییه كه دژی هه‌موو قووڵاییه‌كانی ئه‌نتۆلۆژیایه، چی بۆ ده‌مێنێته‌وه؟
– شیعر شۆڕشه، خۆڕزگاركردنه له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و وێرانكارییانه‌ی كه‌وا ته‌كنۆلۆژیای تازه‌ی گه‌یاندنی ئهنتهرنێتو سبیرنیتیكا په‌لی بۆكێشان ،ئه‌و دنیایه‌ی كه‌وا له‌سه‌ر سكرینی كۆمپیوتهران به‌درێژایی كیشوه‌ره‌كان ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڕای منیش شیعر دوامه‌نزڵگه‌ی رۆشنبیری‌و مرۆڤایه‌تییه‌و رووبه‌ڕووی ئه‌م دیارده كۆمهڵهییه پووچه‌ڵه‌ی بویه‌ر چوونه نێو شارستانیه‌تی وێنه، به‌مجۆره ئێمه ده‌توانین دوور له سكرینی ته‌كنۆلۆژیا بژین.
* گۆڤاری (شیعر- یه‌ك) كه هه‌شت هه‌زار دانه‌ی لێ بڵاوده‌بێته‌وه. به‌ڵگه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا شیعر له خۆرئاوادا ماوه. هه‌رچه‌نده له‌باره‌ی مه‌رگی شیعره‌وه زۆر وتراوه. ئایا رۆڵی ئه‌م گۆڤاره له‌مباره‌یه‌وه چییه كه ئێوه له بڵاوكردنه‌وه‌یدا به‌شدارن؟
– ئه‌م گۆڤاره له ساڵی (1967)دا ده‌رچووه، ئه‌وكاته تاڕادده‌یه‌ك یه‌كه‌مین ئه‌زموونی جیابوو، واته ئێمه شیعرمان خسته به‌رده‌ست خه‌ڵكانێكی بهرفراوانو به‌نرخێكی زۆر هه‌رزان كه یه‌ك فره‌نك بوو، له‌ساڵی (1980)دا له بڵاوكردنه‌وه وه‌ستا، پاشان له‌سه‌ر ده‌ستی (جۆن ئۆریزی، مارسیل جۆلیان) دهرچۆوه.
گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كه ئه‌م گۆڤاره هه‌شت هه‌زار دانه‌ی لێده‌فرۆشرێ، كه نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س به‌شداریی كڕینی به‌رده‌وامی ده‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتنیشی به‌ڕای من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چوار هۆ كه ئه‌مانه‌ن: یه‌كه‌میان: هه‌رزانی نرخه‌كه (28 فره‌نك)، دووه‌میان: قه‌باره‌كه‌ی له‌شێوه‌ی جێبوونه‌وه‌ی له‌گیرفاندایه، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وابووه، سێیه‌میان: بڵاوكردنه‌وه‌یه‌تی، كه له‌هه‌موو كتێبخانه‌و دوكانه گه‌ڕۆكه‌كانی رۆژنامهفرۆشیدا بڵاوده‌كرێته‌وه، چواره‌میان: ره‌وته ئهكادیمیهكهیهتی، واته گۆڤاری ده‌سته‌یه‌ك نییه، هه‌روه‌ها هه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌م گۆڤاره‌دا بابه‌تێكی تایبه‌ت- دۆسیه‌ك-ی تێدایه، وه‌ك سریالیزم یان شاعیران‌و نووسین، شاعیران‌و گه‌ردوون،… هتد.
وه‌رگێڕانی : عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی
—————————-
سه‌رچاوه: ژماره(13369)ی رۆژنامه‌ی (الحیاه).