ماندوو بوون له دونیا…!
ماندوو بوون له دونیا…!
حسێن ئه‌حمه‌د-فه‌ره‌نسا
هه‌ڵبه‌ت وام خواستووه، که تۆههبیت و من بیرم بکه‌وێته‌وه یه‌ک زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆ به‌شی خاپوربونی مێروله‌یه‌ک ئه‌کات. به‌شی تێکدانی ته‌ونی جاڵجاڵۆکهیهکو به‌شی ئه‌وه‌ش که باڵنده‌یه‌ک به‌سه‌ر لقی شاتۆیهکهوه ڕاونێ. ژیان جۆرێکه له ڕاو نان، دوای هه‌ر داهاتنی سپێده‌یه‌ک، شتێک هه‌یه تارمایی ڕاو ده‌نێ و شه‌و ده‌پێچیته‌وه و له‌ناو دڵۆپێک ڕوناکیدا ئه‌یکوژێت. ئایا ئه‌مه ڕاسته؟ من زۆر جار به‌ده‌م ته‌ماسی زهنگۆڵێک بارانه‌وه له‌ئاسمان ئه‌ڕوانم و یه‌ک به‌یه‌ک ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ئه‌بینم که له‌فه‌زادا ئاسمانی بریندار کردووه و هه‌میشه شتێک شتێکی دیکه ڕاو ئه‌نێت. بیر کردنه‌وه له‌مه زیاترم ئه‌کات. هه‌سته‌که‌م یه‌ک به‌یه‌کی خوێنبهرهکانم فراوان ئه‌بن و ئیتر دڵیشم ده‌ست ئه‌کات به ڕاو نان. ئهگایم ته‌ماشام له‌سه‌ر دیمه‌نێکه‌وه ڕاو ئه‌نێت بۆ دیمه‌نێکی دیکه، غهریزهم پاکێتیم له گوناهێکه‌وه ڕاو ئه‌نێت بۆ گوناهێکی تر. نازانم بۆ وه‌ها خه‌یاڵێک منی کردووه به بتێکی لاته‌ریک و بێده‌نگ! ئه‌م ڕۆژانه‌ی دوایی، دانیشتنی خۆمم له‌نێو هاوڕێکانمدا گۆڕیوه، براکه‌م پێم ئه‌ڵێت چه‌ند گه‌مژه‌یت.. کۆپینهکهم هاوار ده‌کات: ئۆهـ لا لا چه‌ند به‌خه‌سار ئه‌ژیت! جوابم بۆ که‌س نییه و ئه‌و شته‌ی له سه‌رمه‌وه یاری ئه‌کات وایکردووه زیاتر له مرۆڤه‌کان بێمه‌ده‌رێ. سه‌رم به هیچه‌وه قاڵ ناکه‌م، باوه‌ڕم وایه پهیوهیستی من به هه‌رشتێکه‌وه واده‌کات زیاتر له ئێستا به‌های ئه‌و شته قورس بکه‌م. شه‌وان دره‌نگ ئه‌نووم و کاتم هه‌یه تێر به‌سه‌ر کۆڵانه‌که‌ماندا بڕوانم، که پڕن له ماشینی وه‌ستاوو ئاماده بۆ کاری به‌یانی. ئه‌مه یه‌کێک له‌و توڕه‌هاته گه‌ورانه‌یه منیان والێکردووه زیاتر له مرۆڤ و کار دوور بکه‌مه‌وه. ڕه‌نگه بێزار نه‌بم، به ئاگایمدا ئه‌زانم مرۆڤی بێزار که‌سێکه، ئاوات دروستناکات. وه‌لێ من خه‌ونم هه‌یه هه‌موو ئه‌و شههوهتانه بگۆڕم په‌یوه‌ندییان به‌ڕۆحی مرۆڤه‌وه هه‌یه. مرۆڤ له‌م ساته‌دا گهربیزانیبایه چۆن خاپوور بووه خۆی ئه‌کوشت. ئه‌مه درۆ نییه. قسه‌م له‌سه‌ر مرۆڤ و زینده‌وه‌ران زۆره، گه‌ر واز نه‌هێنم ناجۆریهک له جه‌قی زه‌ویدا ئه‌قه‌ومێت. خودا وای کردووه هه‌رچه‌ند له خه‌ڵکی بێمهپێشێ هێڵنج به‌م و ئیتر ڕشانه‌وه‌م توش دێت. ئیتر ئه‌که‌وم به‌سه‌ر به‌د فه‌ڕی دونیادا. ئه‌مڕۆ چوم بۆ زانکۆ، وه‌ک هه‌میشه غه‌مگین و بێزار له‌و تیشکه زۆرانه‌ی، که له ئاسمانه‌وه به‌ر ئه‌بوونه‌وه سه‌ر به‌شی ده‌ره‌وه‌ی جانتاکه‌م، خه‌یاڵم ئه‌شێوا و هه‌نگاوه‌کانم له خۆوه تێکه‌ڵ ئه‌بوون. هه‌ندێک جار هێنده خراپ قۆرتم ئه‌یا تا زۆرینه‌ی ئه‌و مرۆڤهساردانهی به‌شه‌قامه‌که‌دا تێده‌په‌ڕین، لهسیمایاندا حهیفێکی گه‌وره ده‌ر ئه‌که‌وت. هه‌رله‌وێدا هه‌ستێکی سه‌یر ده‌ڕژێته ڕۆحمه‌وه و شه‌رمی مرۆڤ بوون ئه‌مگرێت، شه‌رمی ئه‌وه‌ی به‌ڕاست منیش هه‌م، ناچاری کردووم زۆربه‌ی کات وه‌ک ده‌روێشێکی بیمار سهربابهم و ههیاهووم بگاته ماڵی خوا. نزولهم بگاته ئه‌ودیوی فه‌له‌ک و ئه‌ودیوی ئه‌ودیوی مهلهکووته دووره‌کان. من وا درووست بووم، له قورسایی هه‌ر شتێک، له سه‌نگینی هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی تێکشکاو بچمه پێشێ، زێده‌تر سه‌رم گێژ ده‌خواو خراپتر ده‌ردی ته‌نهایی ده‌روونم خوێناوییهکات. به‌خوێنه‌وه هه‌مێشه بهکهلاوهکاندا ئه‌ڕۆم و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ که گوناهـ په‌نگی تێدا خواردۆته‌وه، وای کردووه زێده‌تر پشیله‌م خۆشبوێت. قوڵتر به‌هه‌ناوی سه‌گێکی ته‌نهادا بڕۆم و وه‌ک بوونه‌وه‌رێک که له جنسی که‌س نیم، نه‌فره‌ت له ئاژاوه‌کان بکه‌م. ئه‌مڕۆ له‌زانکۆ بووم، وه‌ک هه‌ریه‌ک له قوتابییه ماندووه‌کان، خۆمم کۆکرده‌وه به‌ره‌و شوێنێک که ته‌نها من و هه‌تاوو خودا له‌وێ یه‌کمان ئه‌گرت. بێده‌نگییه‌کی خراپ وای لێکردم، قوڵتر له‌هه‌ر کاتێکی ئاسایی به‌خۆمدا بشکێمه‌وه و وابکه‌م مرۆڤ بخوێنمه‌وه. مرۆڤ که ڕۆژێک له‌چیا دووره‌کان دێته‌خوارێ و شکۆی سروشتی خۆی ئه‌شکێنێت. من واده‌ڵێم: هه‌مێشه ده‌ردێک که له‌دونیادا دروست ئه‌بێت مرۆڤ خاوه‌نێتی. ئهگهروانهبوایه من به پشیله ڕازینه‌بووم، نهم ئه‌ویست له‌گه‌ڵ سه‌گه‌کاندا کۆک بم، نهم ده‌خواست بڕۆم شه‌هێن ماچ که‌م، گوێ له بولبول بگرم، ئاهی ئه‌و نه‌وڕه‌سانه بچیته گه‌روومه‌وه که هاوسه‌نگی من و ئاو ڕاناگرن. ڕه‌نگه وابێت، من سه‌رم له‌جێی خۆی ناوه‌ستێ و ڕۆژانه زیاد له پێنج که‌ڕه‌ت شێت ئه‌بم. کۆپینهکهم به‌مه بێزار ئه‌بێ و که ئه‌مبینێت سه‌ر وه‌رده‌چه‌رخێنێ و ده‌ستێک به‌چاویه‌وه ده‌گرێت. من پێی ده‌ڵێم: بۆنژوور.. ئه‌و، وه‌ک ههرفریشتهیهک حه‌زێکی زۆر وای لێبکات نه‌ڵێت باشم، به‌سه‌ری ئاماژه‌م بۆ ئه‌کات.. ڕه‌نگی زێده‌تر له‌ئاسایی زه‌رده و به پرچیدا لێم دیاره که‌ی ئه‌مرێت. ڕۆژێک بۆم نووسیبوو زه‌ردیی تۆ وای کردووه هیچ به‌شێکی سوور له‌م گه‌ردوونه‌دا ڕامناکێشێت. ئه‌و وه‌ک هه‌میشه نووسیبووی: کێ ده‌ڵێت؟ من نووسیم: ڕه‌نگی تۆ به‌یانیم پێده‌ڵێت که به‌تیشک خونچه ههڵئهستێنێت له خه‌و. ئه‌و بۆی نووسیبووم: چه‌ند باشی. زۆر شه‌وان ئه‌م تێکستانه ئه‌خوێنمه‌وه، حاله‌تی ئاساییم تێک ده‌چێ و په‌نجه به ژماره‌کانیدا ئه‌نێم: 1.2.5.10… ده‌ترسم وه‌ڵامم باته‌وه و هه‌رچی ته‌نهایی له‌م گه‌ردونه‌دا کۆبۆته‌وه بیده‌م به ڕوخاساریا..! زه‌نگێک ئه‌ڕواو من ته‌نهاتر کاو ئه‌بم.
له‌یه‌ک به یه‌کی چرکه‌کانه‌وه تێده‌گه‌م من لیره‌م بۆ ئه‌وه‌ی که‌س لیره نه‌بێت! تێله‌که دائه‌نێم و خۆم ڕادێنم ژیان قورس نه‌که‌وێت له‌سه‌رم. دونیای تازه وای کردووه من به‌هیچ به‌هایه‌که‌وه نه‌گه‌مه‌وه به‌تۆ.. شتیک له ناوه‌وه‌مدا هاوار ئه‌کا و ده‌نگێک که له‌هه‌ناوما ئه‌له‌رزێت توشی خراپ بوونی کردووم. ئه‌مڕۆژانه باش نیم، یه‌کێک له هاوڕیکانم پێم ده‌ڵێت؛ تف بکه، چونکه تۆ به‌س نیت بۆ ژیان.. بیر له‌م وته‌یه ناکه‌مه‌وه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی پێم وایه نامه‌وێت خه‌یاڵ مه‌سره‌ف بکه‌م. حه‌زم له ته‌نهایی نییه و به‌شه جه‌معییه‌کانی دونیاش فێری خۆدزینه‌وه‌یان کردووم…! به‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی دوایی بێت من و ژیان بهعزین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ڕۆم و ده‌رگاکه‌م داناخه‌م، موبیله‌که‌م هه‌میشه ده‌نگی دێ و گشت که‌ون به کراوه‌یی جێدێڵم.. باوکم له یه‌کێک له نامه‌کانیدا بۆم ئه‌نوسێت؛ حه‌یفه کوڕی منی. ئه‌م نامه‌یه‌م زیاد له جارێک خویندۆته‌وه و هه‌ر که‌ده‌ست پێده‌که‌مه‌وه داغانمهکات. خوا بۆ منی وه‌ها خولقاند؟ ئیشی خودا ئه‌وه‌یه مرۆڤ ته‌نها بکات؟ ئه‌ی تۆ کوایت؟ به‌قوڵی ئه‌م ئاژاوه‌یه بێت شتێک له دونیادا ئه‌شکێت، هه‌نگێک له باخچه دیته ده‌رێ، گوڵیک به سوڕی مانگانه‌ی خۆی ئه‌مرێت. هه‌میشه وام نوسیوه و پرۆفیسۆره‌که‌م پێم ده‌ڵێت: دونیا هێنده‌ی خه‌ونه‌کانی تۆ گه‌وره نییه. ئه‌ی ئه‌گه‌ر دونیا گهورهبوایه چیم ده‌کرد؟ خوایه دونیا بچوک بکه‌یته‌وه، تا هه‌ر ڕیگایه‌ک که ئه‌مبات، بمکێشێت به ماڵه‌که‌ی تۆدا، خوایه دونیا گه‌وره بکه‌ی، تاهه‌ر ڕیگایه‌ک که ئه‌مبات دوورترم بخاته‌وه له‌مرۆڤ.