خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی(له ڕقه‌وه تا خۆشه‌ویستی)…شكۆ عومه‌ر
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی(له ڕقه‌وه تا خۆشه‌ویستی)
شكۆ عومه‌ر
نوسین له‌سه‌ر كه‌سێك كه نه‌وه‌د له سه‌دای ته‌مه‌نی له نێو شانۆدا به‌سه‌ر بردووه، كارێكی هێنده ئاسان نیه و پێویستی به هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه، چ جای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه كاریگه‌رییه‌كی زۆری له نێوه‌ندی شانۆیی كوردیدا هه‌بێت و ئه‌و كه‌سه‌ش شانۆكار (گه‌زیزه عومه‌ر) بێت، بۆیه من له‌م نوسینه‌دا ته‌نها خوێندنه‌وه بۆچاوپێكهوتنێكی ئه‌و ده‌كه‌م و زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌مه‌وه، چونكه ئێمه زیاتر قسه و تێڕوانینه‌كانی ئه‌ومان به‌لاوه مه‌به‌سته، گه‌زیزه ئێستا وا ته‌ماشا ده‌كرێت كه خه‌ریكه ببێت به خاوه‌نی مۆركێكی تایبه‌ت له نمایشه‌كانیدا، ئه‌ویش مۆركی ژنگه‌رایی وفیمینیستییه، به‌وه‌ی كه له زۆربه‌ی شانۆییهكانییدا و به تایبه‌تی ئه‌م چه‌ند ئیشه‌ی كه له دوای نیوه‌ی دووه‌می نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ده‌ستی پێكرد و تاكو ئه‌م ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی درێژ بووه‌وه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه ده‌كاته‌وه، چونكه خۆی پێیووایه كه ئاساییه هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك ئازاده كه چ پرسێك ده‌خاته نێو كاره شانۆییه‌كانییه‌وه بۆیه ئه‌میش به حوكمی ئه‌وه‌ی كه هونه‌رمه‌ندێكی ژنه و خۆی له ئازاره‌كانی ژن تێده‌گات، هاوكات هه‌ستی به‌وه كردووه كه ڕۆڵی ژن له شانۆدا په‌راوێز خراوه، جا بۆئه‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌لێنه پڕببێته‌وه، ئه‌ویش ژن‌بوون و چه‌مكی فیمینیستی كردووه به بنه‌مای میتۆد ماتریالی ئیشه‌كانی خۆی و ده‌یه‌وێت هه‌ر به‌م جۆره بناسرێت.كه من بۆ خۆم پێمووایه ئه‌مه شێوه‌یه‌كی جوانه و هه‌ڵبژاردنێكی پۆزه‌تیڤه، پاشان گه‌زیزه بۆ ئیشه‌كانی هه‌ر خۆی كاری نووسینه‌وه‌ی ده‌ق ده‌كات، كه ئه‌مه‌شیان هه‌ر خاڵێكی ئیجابییه، چونكه ئیدی ئه‌و بڕیاری داوه كه له‌سه‌ر ئه‌م جۆره ئیش بكات و ڕه‌نگه كه‌م نووسه‌ر هه‌بێت كه تایبه‌ت له‌و بواره‌دا بنوسن تا گه‌زیزه كار له‌سه‌ر ده‌قه‌كانیان بكات، بۆیه باشترین كه‌سێك كه ئه‌و كاره ئه‌نجام بدات ته‌نها خودی ده‌رهێنه‌ره، كه من هیچ كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه ئیش له ده‌قی خۆماڵی بكرێت، چونكه شتێكمان نیه ناوی ده‌قی شانۆیی كوردی بێت، به‌ڵام بۆ كاره‌كانی گه‌زیزه بۆچوونه‌كه‌م ته‌واو پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.
له یه‌كێك له پرسیاره‌كاندا باسی داهێنان و داهێنه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام گه‌زیزه زۆر به دروستی وه‌ڵام دهداتههوهو ده‌ڵێت: كێ ده‌ڵێ من داهێنه‌رم؟ هونه‌رمه‌ند بوون و ئه‌زموونكاری گه‌زیزه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له دوای ئه‌وه هه‌موو ته‌مه‌نه و ئه‌و كاره جدی و باشانه‌ی كه كردوونی هێشتا پێیوایه هونه‌رمه‌ندێكی ئاساییه، منیش ئه‌ڵێم داهێنه‌ر بوون به چ پێوه‌رێك؟ به پێیی هه‌موو پێوه‌ره‌كان داهێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه له بوارێكدا تیۆری هه‌بێت و كارگه‌لێكی ناوازه به مانای ووشه ئه‌نجام بدات. كاتێ مامۆستا گه‌زیزه باس له شانازی كردن به خۆی و به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه ده‌كات ده‌ڵێت هیچ كات شانازی به خۆمه‌وه ناكه‌م، كه ئه‌مه بۆچوونێكی دروست نییه، چونكه ئه‌وه مافێكی زۆر سه‌ره‌تایی هونه‌رمه‌نده كه شانازی به خۆیه‌وه بكات، چونكه ساڵانێكی زۆر هه‌وڵی داوه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه، بۆیه ئه‌بێت له‌هه‌موو شوێنێك باسی خۆی و به‌رهه‌مه‌كانی بكات، به تایبه‌ت له ووڵاتێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا كه زۆر بێئهمهكانه ئیشه‌كان بیر ده‌برێنه‌وه، بۆیه ده‌بێت هه‌میشه بیری خه‌ڵكی بخه‌یته‌وه كه تۆ هونه‌رمه‌ندیت و جیاوازی له كه‌سی ئاسایی. منیش وه‌ك گه‌زیزه پێموایه ده‌بێت هه‌میشه ئه‌كته‌ر هه‌وڵ بدات سه‌ره‌تا خۆی كارێكی وا بكات كه ببێته جێی سه‌نجی ده‌رهێنه‌ران و ڕایبگه‌یه‌نێت كه ئه‌میش ئه‌كته‌رێكی بوون و توانایه‌كی لێهاتووی هه‌یه و ئه‌بێت ده‌رهێنه‌ره‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له سه‌ره‌تای ئیش كردنی گه‌زیزه‌دا ڕووی داوه تاكو خۆی نمایشێكی نه‌كردووه كه‌س به‌شداری ئیشی پێنه‌كردووه.
گه‌زیزه له وه‌ڵامی پرسیارێكدا باسی زه‌روری و پێویستی بوونی شانۆ ده‌كات، شانۆ تا ئێستا لای هیچ شانۆكارێك نه‌بووه به پێویسیتییهكی ژیانی ڕۆژانه تاكو به بێ شانۆ نه‌توانێت هه‌ڵبكات و بژێت، چونكه هۆشیارییه‌كی وا له سه‌ر شانۆ نیه، واته تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه تا تێپه‌ڕاندنی قۆناغی هه‌رزه‌كاری شتێكی وا ناناسێت به ناوی شانۆوه، بۆیه ئه‌گه‌ر له دوای ئه‌و قۆناغه‌شه‌وه بێته ناو شانۆوه و بڕیاری شانۆكاربوونی خۆی بدات كاتێكی باشی پێویسته تا بتوانێت خۆی به دنیا فراوانه‌كه ئاشنا بكات، كاتێ ئاشنای دۆخه‌كه ده‌بێت كه به‌شێكی ته‌مه‌نی ڕۆشتووه و ئیدی ناتوانێت ئه‌و هونه‌ره بكات به پێویستی ڕۆژانه‌ی خۆی.
گه‌زیزه شانۆ به هونه‌رێكی جیهانی و گشتگیر ده‌شوبهێنێت و له نێوان چه‌ند هونه‌رێكدا قه‌تیسی ناكات، كه ئه‌مه‌ش بۆچوونێكی دروسته، چونكه هیچ كات شانۆ خۆی له نێو میلله‌تێكی دیاریكراودا ناهێڵێته‌وه و هه‌میشه له لای گه‌لانی خاوه‌ن مه‌عریفه و كو‌لتور ده‌بێت و ده‌گاته ترۆپك. له لایه‌كی تره‌وه ڕه‌گه‌زه باس له پێكه‌وتنی شانۆی ووڵاتان ده‌كات كه یه‌كێك هۆیه‌كانی به هاوكاری و ده‌ستگرتنی ده‌سه‌ڵات بۆ شانۆكاران به‌ستووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌زیزه خان بیر له‌وه بكاته‌وه كه خوا نه‌كرده ده‌سه‌ڵاتی كوردی هاوكاری شانۆكاران بكات، ئه‌وه جگه له وههم هیچی تر نییه، چونكه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی شانۆكاران بووایا لانی كه‌م چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكیان ڕه‌وانی ووڵاتانی پێشكه‌وتوو له شانۆ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و له نزیكه‌وه شانۆكاری كورد ئاگاداری ئه‌زموونه جیاوازه‌كانی دونیا بێت، یانی هێنده‌ی حكومه‌تێكی دیكتاتۆری وه‌ك به‌عسی بۆ شانۆكاران و هونه‌رمه‌ندان نه‌كردووه، كه له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا پۆلێك هونه‌رمه‌ندی نارده ووڵاتان بۆئه‌وه‌ی پسپۆڕی له تازه‌ترین جۆری ئیشكردنه‌كانی دونیا وه‌ربگرن.
له كۆتایی ئه‌م خوێندنه‌وه كورته‌ی سه‌ره‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت كه بوون و بۆچوونی شانۆكارێكی وه‌ك گه‌زیزه زه‌روره له نێوه‌ندی شانۆی كوردیدا، به‌وه‌ی كه جێده‌ستی به ڕهوتهكهوه دیاره و هه‌میشه‌ش خاوه‌نی به‌رهه‌م و بۆچوونی جیاوازه له شانۆدا.