سـپێده‌یه‌ك به‌ر له كۆتایی…داستان به‌رزان
سـپێده‌یه‌ك به‌ر له كۆتایی
داستان به‌رزان
به‌ده‌م هه‌ڵمژینی دوایین هه‌ناسه‌كانی ئه‌و سپێدهیهوه كه ئیدی دوای ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌ك نه‌ده‌مایه‌وه بۆ ژیان، چاوم به‌و دیمه‌نانه‌دا ده‌گێڕا كه تێیاندا وه‌ك پاسارییه‌كی غه‌مگین و بێده‌نگ ههڵدهكوڕمام و چاوه‌ڕوانی هاتنی ئه‌وم ده‌كرد، له‌و به‌یانییه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی هێنده‌ی نه‌مابێت بمرم، قسه و ڕووداوه‌كانی ڕابردوو له شێوه‌ی فیلمێكی كلاسیك‌دا، نیوه مله‌وه‌ن و ڕه‌ش و سپی له‌نێو یاده‌وه‌ریمدا دووباره ده‌بوونه‌وه،….
ئێستا له به‌رده‌می ئه‌و نیوهڕۆیهدام كه ته‌پ و تۆزێكی وشك و گه‌رم ئاسمانی شاری ته‌ڵخ كردبوو، له ژێر دارتوویه‌كی سه‌ر یه‌كێك له شاڕێكانی شاردا به هه‌ستێكی پاك و سهرگهمانهوه، ده‌ستم درێژكرد و ده‌نكه توویه‌كی سپیم لێكرده‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی وه‌ك یادگارییه‌ك پێشكه‌شی بكه‌م، دروست له‌و كاته‌دا به‌چه‌شنێك ته‌ماشام ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رزه‌نشتی بكه‌م و بڵێم: ها ئه‌مه دڵمه كه له ده‌نكه توویه‌كی گه‌ییوو ته‌ڕتر و ناسكتره، ئاگات لێی بێت، نه‌هێڵیت گه‌ردی لێ بنیشێت، به‌ڵام ئه‌و به‌خوێنساردی ڕووخسارییه‌وه پێی گوتم كه نه‌ك ئاگای لێی نابێت، به‌ڵكو وه‌ریشی ناگرێت و له دووریشه‌وه گه‌رد بارانی ده‌كات.
ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر عه‌شقی ئه‌و له ده‌روونمدا گه‌شه‌ی ده‌كرد، گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا وه‌ك هه‌موو مرۆڤێكی تر به‌و جۆره نه‌بوو، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار وه‌ك داربه‌ڕوویه‌ك ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕۆده‌چوو به نێو دڵمدا، له خوێنبهرهكانمدا هه‌ستم به هات و چۆی خڕۆكه بزێوه‌كانی عه‌شقێكی سه‌یر ده‌كرد.
عه‌سرێك دڵخۆشبووم به‌وه‌ی كه له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌كی نزم دانیشتبوو و له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌نگی ناسك ده‌كرده‌وه و ده‌یگوت..*(ئێمه گیانێكین له دوو جه‌سته‌دا/ وه‌ك شیعر و ئاواز له یه‌ك به‌سته‌دا).
له ناخی دڵمه‌وه به هه‌موو تین و تاوی عه‌شقه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی بمه‌وێت وه‌ڵامی بده‌مه‌وه ده‌مگوت..**(تۆ خۆرنیت،به‌ڵام خۆر غه‌مگینه كه تۆ خۆرنیت/ فریشته نیت…به‌ڵام فریشته به‌ختیاره تۆ فریشته بیت….)
به‌هه‌رحاڵ ئه‌و شه‌وه تا سپێده بیرم لێكرده‌وه، جار جاره‌ش ده‌نگی له زه‌ینمدا لێده‌درایه‌وه و منیش به‌هه‌مان شێوه‌ی خۆم وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه، به‌یانی دووای ئه‌و ڕۆژه له ڕێگه‌ی پرسیارێكه‌وه دڵنیابووم له‌وه‌ی كه ئه‌و چه‌ند دێڕه به‌بێ ویستی خۆی له زاری هاتوونه‌ته ده‌رێ و ته‌نانه‌ت بیریشی نه‌مابوو چی وتووه، لێره‌وه بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و شتانه‌ی كه ئه‌و له ژیانی ڕۆژانه‌یدا بایه‌خ و گرنگی پێ نه‌ده‌دان، لای من ده‌بوونه جێگه‌ی تێڕامان و له بیره‌وه‌ریمدا ده‌بوونه پشكۆیه‌كی نه‌كوژاوه.
هه‌مان سپێده دوایین ڕۆژی پێنج ساڵ خوێندمان بوو پێكه‌وه له په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان، كه به خێرایی وه‌رینی گه‌ڵاكانی دارههنارێك له پاییزدا تێپه‌ڕی، هاوڕێكانم هه‌ریه‌كه‌یان ده‌ستیاندایه كه‌ل و په‌لی چه‌ندان ساڵه‌ی خوێندنیان تا له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌نه‌وه، منیش توره‌كه‌یه‌ك له مه‌راق و جانتایه‌ك له بیره‌وه‌ریم به‌ده‌م هه‌ڵكێشانی چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كی تاڵ و به ئازار برده‌وه، ئیدی ده‌بێت تا ماوم خۆم له تارماییه‌كانی ئه‌و عه‌شقه ناكامه بشارمه‌وه، كه ده‌رگای مردنی له‌سه‌ر ژیانم خسته سه‌ر پشت، چونكه ئه‌و بێباكانه و دووای چه‌ند هه‌نگاوێكی هێمن به نێو بینینمدا، له ناو ته‌پ و تۆزێكی سپی‌دا ون بوو.*له گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند(ئیبراهیم خه‌یات)ه‌وه
**دوو دێڕه شیعری (به‌ختیار عه‌لی)ه
ئه‌م چیرۆكه پایزی 2008 نوسراوه و له ژماره 37ی گۆڤاری (هه‌نار)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.