Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
سەگێک بێتاقەتە… زۆر! …. توانا ئەمین

سەگێک بێتاقەتە… زۆر! …. توانا ئەمین

Closed
by July 31, 2009 چیرۆک

سەگێک بێتاقەتە… زۆر!
توانا ئەمین

 

 

              
خۆش خۆش لەپێشییەوە دەڕوات‌‌و ئەوى شوێن خۆى خستووە، سەگێگ ژنێکى بۆ پیاسە بردووە، من سەیرى شینایى دەکەم.. لێرە نیم.. تەنیایى هەڵیپێچاوم، قولەپێمى گرتووە، سەیرى دەکەم پێمدەوەڕێ، گەماڵێکى خرپنە، چاوى لەسەر قەتیسدەکەم، ژنەکە گەشکە دەیگرێت وادەزانێ من بیر لەسەگەکەى ئەو دەکەمەوە، شتێک دەڵێ.. دەزانم  فزولییەکەت لێناگەڕێ‌و سەرم کوندەکەیت ئەگەرنا بۆم نەدەکردیتە کوردى.
لەئیمەیڵێکدا بە دلاوەر دەڵێم "ئوستاز.. غوربەت چۆن تایپدەکرێت؟ بۆم بنوسە..  خۆتدەزانى من لەئیملادا کۆڵم" دەروێشێک لەو سەهۆڵبەندانەوە بۆمدەنوسێت "ئازیز.. تۆ بۆ وادەکەیت؟ بۆ ئەوەندە خۆت هەڵدەکۆڵیت؟" ئەو نازانێ من لەسوبحى ساڵحانەوە لە ئەڵماس دەگەڕێم‌‌‌‌و مەغریبان بەڵا سەردەخەم!!
 بیر لە لێبوونەوە دەکەمەوە.. لێبوونەوە.. لێبوونەوە .. من وەک لێبوونەوەى قەیرەکچێک لەخوێن لێبوومەتەوە‌‌‌‌و هێندەش پێى دڵتەنگم.. ئەم هەموو ژنە چییە بەمندا دێن، من چیم بەم هەموو ژنەدا دەچم..! نەگبەتى گرتوومى‌‌‌‌و حەزدەکەم میزبکەم بە سەقفى ژوورەکەدا.. بۆمناکرێ! وەک پیاوێکى هەرزان لەمەیدانى چەرچییەکانم، گێژەگێژدەکەم کە دەبینم جاڕچییەک پاش قەیرێ وردبوونەوە لەمن لەپڕهاواردەکات: "پیــــاوێـــک بـــۆ ســــــکــراب" ..تازە هیچ.. هەڵموەشێنە.. ئەو هەموو پارچەیەم کۆنابێتەوە.. چیملێدەکەیت؟ قاچم وەک داهۆڵێک بچەقێنەوە چیرۆکێکى شێرزاد.. سەرم بەدەمدا (تکایە بەدەمدا) سەرەونخونبکەوە نێو سیفۆنى ئاودەستێک، بۆنى ئەوێ گەلەک.. گەلەک لە سیاناوى ژیان خۆشترە.
تاقەتى راستکردنەوەى رێزمانى رستەکەم نییە، ژنەکە هەر ئەوەندەى وتووە: (سەگ بێتاقەتە .. زۆر) باوێشێک دەدەم کە ژنەکەم لە تەلەفوندا دەڵێ "با ئەوەندە پێنەکەنین، پێکەنینمان پێوە نایە" من قاقاى نائومێدى دەکێشم‌‌‌‌و بەکچە بەقاڵێکى رووخۆش دەڵێم تۆش کیلۆیەک بەختەوەرى بۆمن بکێشە، بەس توخوا با جوانبێت بۆ زەڵاتەم دەوێت.
تاسەرم دەڕوات دەڕۆم.. تا قاچم عەرد دەگرێ دەگەڕێمەوە، ئەم رۆیشتن‌‌‌‌و گەڕانەوەیە لەتیانکردووم.. هەڵــتڵــیــشـــام.. لەدڵەوە حەزدەکەم بەشى گەڕانەوەم فرەتربێت، کەچى ئەفسوس هەمیشە تاى سەرهەڵگرتنم قورسترە.. من وەک سەگێک سەرم کزکز باوکم دەڵێ "بڵێ حیز حیز" کردووە.. بەم حەمکە جادەیەدا دەڕۆم، ئەو هەموو جادەیە بەمندا دەچێ. چاوم دەفڕێ‌‌‌‌و کەسیش نیازى هاتنى بۆلاى من نییە، من لەیەککاتدا خانەخوێیەکى بێ میوان‌‌‌‌و میوانێکى بێ خانەخوێم.. لەسەر ئاوازى گۆرانییەکى ماملێ فیکە دەکێشم‌‌‌‌و بەم جادانەدا لەنجە دەکەم.. هەرچەند تاقیدەکەمەوە ئەم وڵاتە تەنگە بەبەرم.
خۆى‌‌‌‌و سەگەکەى من‌‌‌‌و تەنیایى، ئێمە هەرچوارمانین.. بەدرێژایى رۆژ لێرە باران دەبارێ، دەڵێى خودا هەرچى ئاوى هەیە دەیکاتە نێوگەڵى ئەم مەلەکەتەوە.. بەسەر تەلێکى دڕکاویدا راومدەنێن، تەلێکى دڕکاوى بەجەستەى مندا رادەکێشن.. جوێن بە تورکومانستانیش دەدەم.. بە قەفقازستانیش.. بە ئاسیاى دوور.. بە شارەکەى خۆم! حەزدەکەم تا سکەى ئاسن دەڕوات جوێنت بۆ حەواڵە بکەم.. تا ئاسمان هەیە‌‌‌‌و وەک زەردەواڵەیەکى قورس فڕۆکە گێژەکانتى پیا دەفڕێ، تفت بۆ پۆست بکەم.. ئەملا‌‌‌‌و لاى خۆم ماچدەکەم کە لەوێش بووم لەلات.. وشیاریم کۆمەکى کردووم بزانم تۆ شارنیت.. تۆ قەحبەیت.
لە دەم پیسیم عەفوو بفەرموو، بەڵام تــۆ نـــا! خودایە تــۆ نــــا.. تۆ لێشمخۆشببیت، من لێتخۆشنابم .. بابمێنێ.. رۆژێک من‌و تۆ حسابى خۆمان پاکدەکەینەوە، دەزانم هەر ئیشمان دەکەوێتەوە یەک.. تۆ دەزانى من چوارشەممان سەفەردەکەم، هەینیان دەچمە کڵێساو داواى شەراب‌‌‌و نان دەکەم، نیوەڕۆى یەکشەممان لەپشت مەلایەکى گەورەوە نوێژى جومعە دەکەم، زانیاریم لەسەر جولەکەکان زۆرکەمە، ئەگەرنا رۆژانى شەممە دەچوومە قودس‌‌‌‌‌‌و لە تەنیشت دیوارى پیرۆزەوە دیلانێم بەخۆم دەکردو دوعایەکم دەخوێند.. دوعایەک کە هەر خۆم دەمزانى چیمدەخواست.. دووشەممەو سێشەممە هیچناکەم دەست دەنێمە ژێرسەرم‌و لەسەر ئەم جادانە دەخەوم.. تۆ قەت سێ رۆژ لەسەر یەک خەوتویت؟ .
ئێستا ساڵى 1567ە، سوڵتان لەئەستانەوە لەگەڵ (قەدى سەیفوڵڵا ئەفەندى)و دەستەیەک میرزاى وڕو پۆلێ میئمارى گیژدا ناردوومى بۆ ئەم شارە تا مزگەوتێک دروستبکەم، مزگەوتێک کە دواى پێنج سەدەى تر ئەولادەکانى شار سێکس لەبەردرگاکەیدا بکەن‌و خواش نەتوانێ فزەبکات.. کە سەیرى سەدەکانى ناوەڕاست دەکەم،‌ دڵم بۆخودا دەسوتێ ئەو رۆژانە زۆرى ئیش هەببووە، ئێستاش وەک پیرێکى خانەنشین چەند بێ ئیشە، دروست وەکو ئەم بەندەیەى خۆى.. خودا چەند تەنیایە من، من چەند تەنیام خودایە.
ژنەکە لەسەگەکەى زیاتر خۆیم تێهەڵدەسوێ‌‌و لەویش زیاتر بۆنم پێوەدەکات، کەچى من  لەعکسێتیمدا زۆرتر دڵم لەسەر حەیوانەکەیەتى تا خۆى.. وەختێک دەزانم پەتەکە لەملم توندببووە.. خەریکە دەخنکێم.. سەگێک من کێشدەکات‌و ژنێک تەنیایمى لەگەڵ خۆی بردووە.
هەمووان دەخوازن منداڵێک بخەنەوەو من لەمنداڵێک رادەکەم، سەرمامە شەق لەهەرچى کونى دونیایە هەڵدەدەم بەکونى بەرمۆداشەوە، هەر لەخۆمەوە واهەستدەکم کونەکان هى تێچوون نین! هى گیر خواردنن!
دیسان لەسەر جادەم
باى ساردى ئەم شارە دەمباتەوە پۆلى سێى سەرەتایى جاران، رەحلەیەک پێش ئاخیر خۆمم، وەک هەمیشە لاى پەنجەرەوە، ئەگەر هەر نەتدۆزیمەوە بلوسێکى خورى شینم وا لەبەردا دایکم خۆى چنیوێتى بۆم.. وەک ئەوەى پێشهاتى پیاوێکى خوارى* لێکردبێتم، هەرخۆى بەدەست‌و خەتێکى خوار، بەشلیلەیەکى پیرۆزەیى لەسەر پشتمى نوسیوە (توانا).
وانەى زانستە؛ بێ دەستهەڵبڕین هەستاوم‌و دەرسەکەم بە مامۆستا بڕیوە.. ئەلێم "ست ئەڵوەن.. بەقورئان کەڕوو تەنها لەسەر شتى شێدار ناژى" ئەڵێ ئەى ئەفەندى کەڕوو لەسەر چى دەژى؟.. چاوم پڕبووە.. دیسانەوە قوڕگم گیراوەتەوە.. پچڕپچڕ قسەکەمى بۆ تەواو دەکەم: "مامۆستا گیان.. کەڕوو لەسەر من.. لەسەر م..ن.. دەژى.. لەسەر من".
کێ سەلیقەى ئەو هەموو گوێگرتنەى لەخۆى هەیە.. من یەک MP3 قسەم پێیە بۆ خۆم.. خەریکى چیم؟.. لاسایى خۆمدەکەمەوە‌و لەدڵەوە چەمۆڵە لەخۆم دەنێم.. نوقتەکانى ئەم نوسینە تۆخدەکەمەوەو هەستدەکەم ئیتر هیچ ئیشێکم نە لێَرە‌و نە لەوێ‌و نە لەم دونیایەدا نییە.. من نازانم چى دەکەم.. نازانم بۆ هاتووم؟!.. دەستم گیرکردووە لەناوچەوانم‌و سەرم دەکوڵێ.. نامەوێ هیچیکە بڵێم.

     www.Tanyaee.Kurdblogger.com  
          سۆفیا-2009

* پیاوێکى خوار: ناوی چیڕۆکێکی ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین-ه.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.