Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و چه‌ند راستیه‌ک!!….ره‌عد سلیم

هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و چه‌ند راستیه‌ک!!….ره‌عد سلیم

Closed
by July 31, 2009 گشتی

 
له‌ 25 ته‌موزی 2009دا پرۆسه‌یه‌ک به‌رێوه‌چوو له‌ کوردستاندا که‌ به‌ هه‌ڵه‌ ناوی نرا هه‌ڵبژاردن ، من نامه‌وێت لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی بۆ بکه‌م به‌ڵام چه‌ند راستیه‌ک ده‌خه‌مه‌روو که‌له‌سه‌ر زاری خه‌ڵک و چاودێران و ،هه‌ندێک ‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانه‌وه‌ باسی لێکرا. که‌ له‌دوایدا خوێنه‌ر خۆی سه‌رپشکه‌ ناوێکی تری بۆ بدۆزێته‌وه‌.
راپۆرتێ هه‌واڵنێری ته‌له‌فیزۆنی بی بی سی و العربیه‌ له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ کاتژمێر 3 پاش نیوه‌رۆ ئه‌وه‌ خرایه‌ روو که‌ له‌ سلێمانی رێژه‌ی هه‌ڵبژاردن زۆره‌ و بنکه‌کانی ده‌نگدان قه‌ره‌بالغه‌ رێژه‌که‌ش خۆی ده‌دات %78 ، به‌ڵام له‌ هه‌ولیر و دهۆک رێژه‌که‌ %35 و زوربه‌ی زۆری بنکه‌کان چوڵن ، به‌لام کاتژمێر 7 ئێواره‌ واته‌ له‌ماوه‌ی 4 کاتژمێردا هه‌ولێر رێژه‌که‌ی بوو به‌ %78 و دهۆک %80 و سلێمانی %76 ئه‌م چ موعجیزه‌یه‌که‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا روویدا؟! هه‌رچه‌نده‌ هه‌واڵنێرانیش  باسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد له‌ هه‌ولێر و دهۆک باسی هه‌ڵبژاردن نییه‌ و له‌ %60 ی خه‌ڵک نازانن چ لیستێک خۆی هه‌ڵبژاردوه‌.
هێزه‌کانی زێره‌ڤانی، تایبه‌ت، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان، هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش، کوڕانه‌‌ توانیان له‌ ماوه‌ی یه‌ک سه‌عاتی زیاد کراودا داستان تۆمار بکه‌ن و بتوانن بۆ جاری دووه‌م و سێیه‌م ده‌نگ بده‌ن، ئه‌م پرۆسه‌یه‌، له‌یاری تۆپتۆپێنێک ده‌چوو که‌ پارتی ساحه‌که‌ هی خۆی بێت، له‌بری یازده‌ یاریزان بییستی دابه‌زاندبیت، به‌ حه‌که‌مه‌ دۆسته‌که‌یشی وتبێت که‌ سه‌عاتێک کاتی ئیزافی بخاته‌ سه‌ر یارییه‌که‌، ئه‌ویش به‌ومه‌رجه‌ی‌ که‌ پینچ شه‌ش یاریزانیان له‌ ئۆف سایتدا بوه‌ستن گۆڵه‌کانیشیان بۆ حساببکرێت.
 له‌ کۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ دیموقراته‌کانی قاسملو به‌لێنه‌که‌ی خویان دوپاتکرده‌وه‌ بۆ با‌رزانی و لیستی کوردستانی هه‌موو به‌ جومله‌ ده‌نگیاندا، له‌ ناوچه‌ی مێرگه‌سوور ژماره‌يه‌کی زۆر هێزه‌کانی گریلا و خه‌ڵکه‌‌ ئاواره‌که‌ی کوردستانی تورکیا به‌ده‌م  بانگه‌وازه‌که‌ی سه‌رۆک ئاپۆوه‌ چوون و ده‌نگیان بۆ بارزانی و کوردستانی دا، ئه‌مه‌ پاش ئه‌وه‌ی  له‌لایه‌ن وه‌کیلی دابه‌ش کردنی خۆراکی مێرگه‌سووره‌وه‌ کارتی ده‌نگدانیان بۆ دروستکرا.
له‌ دیانه‌، حه‌ریر، چومان، ئامێدی، زاخو، بارزان،  ناوچه‌ی ناسراو به‌ سورچیه‌کان، رێکخراوه‌کانی پارتی و ده‌ستگای  پاراستن سوێندی قورئانیان‌ به‌خه‌ڵک خواردووه‌، تاکو ده‌نگ به‌ بارزانی و لیستی کوردستانی بده‌ن ، ‌ هه‌ره‌شه‌یان کردوه‌ ئه‌گه‌ر  ئه‌نجامه‌کان ده‌رچوون و گۆڕان ده‌نگی هێنا ئه‌وا ده‌زانین کێ ده‌نگی پێ داون  واته‌  ئه‌وکه‌سانه‌ن که‌ پارتی نین و له‌ناو ریکخستنه‌کانی پارتی نین، جا ئه‌گه‌ر ده‌نگیان بۆ پارتی نه‌دا ئه‌وا ئیتر شوێنیان له‌و ناوچانه‌ نابێته‌وه‌ و ده‌بێت شاربه‌ده‌ر بکرێن و بۆ کێ ده‌چن بچن . یه‌کیک له‌ لاینگرانی پارتی پارێزگاران شه‌وێک پێش هڵبژاردن بانگایان کردوه‌ بۆ لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی پێیان ووتووه‌  ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ بارزانی نه‌ده‌یت ئه‌بێت بارکه‌ی بۆ سلێمانی، رۆژێ هه‌ڵبژاردن خێزانه‌که‌ی ده‌بات بۆ لیژنه‌ی ناوچه‌ و ده‌ڵێت بابه‌ ئه‌وه‌ منداڵ و خێزانه‌که‌م ، خۆتان له‌گه‌ڵی بچن با ده‌نگ بۆ خۆتان بدات ،  خۆشی له‌کاتێ ده‌نگ دانکه‌دا پێیش ئه‌وه‌ی کارته‌که‌ بخاته‌ سندوقه‌که‌وه‌  کارته‌که‌ی پێشانی نوێنه‌ری پارتی له‌وێ ده‌دات و ده‌ڵیت بزانه‌ ده‌نگم بۆ ئێوه‌ داوه‌.
لێدان، هه‌ڕه‌‌شه‌ی‌ کوشن ، هه‌ڕه‌‌شه‌ی نانبڕین و ده‌رکردن له‌ ناوچه‌کان، کارو به‌رنامه‌ی لیستی کوردستانی و ده‌ستگا ئه‌منیه‌کان بوو که‌ توانیان .زۆر سه‌رکه‌ووتووانه‌ به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن .
باس ده‌که‌ن ده‌ڵین له‌ زۆر ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌لاتی پارتیدا له‌ چومان، مێرگه‌سوور، دیانه‌ و رواندز له‌ جیاتی خه‌لک پارستن ووتویه‌تی مه‌چن خۆمان ده‌نگدان بۆ ده‌ده‌ین.
له‌ زوربه‌ی زوری ناوچه‌کانی شاری هه‌ولێر و دهۆک به‌رپرسی بنکه‌کان ئه‌ندام لق و ئه‌ندام ناوچه‌، یان پاراستن  بوون.
به‌پێی زوربه‌ی سه‌رچاوه‌کان ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر و دهۆک روویدا نه‌ک مه‌سه‌له‌ی خروقات و تجاوز یان تزویر به‌ڵکو وه‌کو باس ده‌کرێت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان نه‌بوو به‌ڵکو مبایعه‌ی رێکخستنه‌کانی پارتی بوو بۆ بارزانی و لیستی کوردستانی.
که‌ش و هه‌وای پێش هه‌ڵبژرادن و هه‌ڵمه‌تی پرۆپاگه‌نده‌کان به‌تایبه‌ت له‌ سلێمانی بۆنی خۆێنی لێده‌هات، داگیرکردنی شه‌قامی تووی مه‌لیک له‌لایه‌ن لیستی گۆڕان و په‌نته‌ڕناش لیدانی جیمس بۆندیانه‌یان له‌ نێو شه‌قامه‌کان، نیشانی دا که‌ ئه‌م لیسته‌ش په‌یامێکی باشتریان له‌ ره‌قیبه‌کانیان پێ نییه‌، له‌و رۆژانه‌ ئاوی سه‌فه‌ری باشترین کڕیاری هه‌بوو، هۆکه‌شی نه‌گه‌رمای هاوین و نه‌ ماندووبوونی تێکۆشه‌رانی پروپاگه‌نده‌که‌رانی هه‌ردوو لیستی گۆڕان و کوردستانی بوو، به‌ڵکو بۆ به‌رهه‌مێنانی زۆرترین راده‌ی میز بوو که‌ بیکه‌نه‌وه‌ نێو بتڵه به‌تاڵه‌کان‌ و بیگرنه‌ یه‌کتر، ئه‌م شه‌ڕه‌میزه‌ی هه‌ردوو لیستی ره‌قیب  سیمایه‌کی جیاکه‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ میزاوییه‌ بوو. 
ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا پارت و هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان به‌ راست و چه‌پ و ئیسلامیوه‌ به‌شداریان تێدا کرد جگه‌ له‌ کۆمۆنیستی کرێکاری نه‌بێت که‌ داوایان له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگران و خه‌لک کرد نه‌چن بۆ هه‌ڵبژاردن. به‌پێی راگه‌یاندنی سه‌رۆکی ده‌ستگای هه‌ڵبژاردن نزیکه‌ی 500 هه‌زار که‌س بشداری ده‌نگدانی نه‌کرد.

من لێره‌دا ته‌نیا باسی به‌شێکی که‌مم له‌و پرۆسه‌ی به‌ناو هه‌لبژاردنه‌ کرد، بێ گومان‌ خه‌ڵکانی تر راستی زۆرتریان لایه‌، به‌لام من ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم ئه‌م گاڵته‌جاریه‌ ناو ده‌نێن چی؟! وه‌عد و به‌ڵێنی دیموکراسیه‌ت و مافی مرۆڤ و ئیراده‌ی به‌ناوگه‌ل و گۆرانیان چ فریوکارییه‌که‌؟؟،
ره‌عد سلیم

Previous
Next