دوور لە گڵکۆکەی دایکمەوە ، خەیاڵات …. بەرزان هەستیار
bhastiar@yahoo.de
بەرزان هەستیار
مایسی 2009
کۆلن/ ئەڵمانیا
ئەو سپێدە ڕەنگ پەڕیوەی ،……
دایکم وەک پیرەدارێکی میهرەبان
بەسەر مەینەتییەکانی خۆیدا بەربۆوە ،
ئەوەم لە خۆر ڕائەبینی ….
سبەینێ نەچێتە سەر کار ،
یان هیچ نەبێت قردێلەیەکی ڕەش
بدات لە یەخەی چاکەتە ڕەنگ زیوییەکەی ،
کە مەستییش هێندەی چنگێکم ئەهێڵێتەوە ،
وا ئەزانم ، شەقامیش خۆی لوول ئەکات ،
کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵما ئەگەڕێت و
گۆرانیەکی کزەڵە و پەشۆکاو ئەچڕێت
ئاسمانیش خزمایەتیی نمە و ڕەهێڵە ناکات و
ڕێگەی بروسکەش نادات ببێتەوە بە دراوسێی ؛
ئەفسووس ، شتاقیان نابینم و
هەموو خەیاڵە تەڕەکانم
سترانێکی ، لێو شەقار .. شەقارن ، ….
لە سارایەکی کاکی بە کاکییدا
*******
لەوە بێ ئاگا نیم
هەتا قامی قیامەت ، سەر بەرەو ژوور گالیسکەیەک داژووم و
لە بانی سەرەوە ، بەر لەخلبوونەوەی ئەو
تل ئەبمەوە دامێن ؛.
خودا هیچی بۆ نەماوەتەوە ،…..
گەڕی ئەو شیعرە پاڵتۆ زلانەم پێ ئەکات
ئەو پاڵتۆیانەی هەزار و یەک گیرفانیان هەیە ،
هەزار و یەک شێتی قسە خۆش و
هەزار و یەک سەرخۆشی ڕۆح سووک و
هەزارو یەک قەیرە کچی شەڵاڵ ، بە ئاهی وشک و
هەزارو یەک بێوەژنی وشک ، بە حەسرەتی تەڕ و
هەزار و یەک دڵۆپە فرمێسکی ترساویان ، تیا جێ بۆتەوە
خودا هیچی دی شک نابات ،
بە ساویلکەیی خۆم تاوانبارم ئەکات
لەو دڵسافییەم ئەپێچێتەوە ……
کە بڕوام بە بێ ئەقڵیی گوێ درێژ و
سپڵەیی پشیلە و
پیرۆزیی پەرەسێلکە نییە ؛
من هەر وا بووم ،
بە منداڵییش ئالوودەی ئەو گەمانە بووم
کە هاوڕێکانم بە پەرێزیاندا نە ئەچوون
بە هەرزەییش ، بەو کچانەم ئەوت خۆشم ئەوێن
کە کوڕانی گەڕەک ، …..
شەو نەبوو پێیانەوە شەیتانیی نەبن
******
چەند جوانە هەمیشە لە ئاوازێک بخوێنیت …..
دراوسێکان تەقەی سەریان بێت ،
لەسەر پەیژەی هەشتەمی مۆسیقاوە بژەنیت و
سێ شەممان سەر بتاشیت و
چوار شەممان نەچیتە سەر" شەخس " و
ڕۆژی هەینی بچیتە قوتابخانە و
بە شەوان نینۆک بکەیت و
جەژنی "ڕەمەزان " چوار ڕۆژ و
" قوربان " یش بکەیتە سێ ڕۆژ ؛
گەورەییە ، لە حەوسەڵەی ئەو کرمە بچووکە ڕابمێنیت …..
بە کاوەخۆ ، شەڕێکی نا بەرابەر لەگەڵ خاک ئەکات ،
لەو مراوییە ورد بیتەوە بە باڵی خوێناوییەوە….
بێچووەکانی لە سێرەی ڕاوچی قوتار ئەکات و
لە بانیژەی ئەوانەوە ،….
کرانەوەی شکۆفە و
هەڵوەرینی پەڕە ژاکاوەکانی خۆت بخوێنیتەوە
*******
ئەوێ ڕۆژێ ،….
دایکم لەسەر چەرپای قاچ شکاوی سێبەرێکی خەست ،
سێبەرێکی عەبووس ، …..
سێبەری " مردن " ، لێی ڕاکشا و
کەچی ، بۆ بەیانیی
خۆر ، وەک نە بای دیبێت نە بۆران …..
هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە لە خەو هەستا ،
ڕووبار هەر سەربەرەو خوار هاژەی ئەهات و
باران بە ڕیتمی جارانی ئەباریی ،
ئیتر گومانم لەوە نەما ،……
ئێمە هەموومان ڕەنگێکی مردووین ، …..
لە کەڤاڵێکی فەرامۆشکراودا ،
ئێمە هەموومان سەرقاڵی ڕاونانی سێبەری خۆمانین ،……
لە نیوەڕۆیەکی گەرمی پڕ غەفڵەتا ؛
ئێمە هەموومان گەمەی شکاوی دەستی منداڵێکین
کە چیدی کەڵکی ئەوەمان نەماوە …
خۆیمان پێوە خەریک بکات ،
گەمەیەکی تووڕ دراوین ،
گەمەیەکی تۆز لێ نیشتوو