گۆڕان ده‌بێ گوێدان بێت به یه‌کتر
ئه‌نوه‌ری ره‌شی عه‌وڵا
گۆڕان
ده‌بێ گوێدان بێت به یه‌کتر
شه‌قڵ و سه‌رباشقه‌بوونی گۆڕان بۆ خۆ گیڤکردنه‌وه نیه، هێنده‌ی بزاوتێکه بۆ خستنه رووی ئیراده‌یه‌ک که ده‌خوازێ کۆمه‌ڵگا بخاته‌وه سه‌ر ره‌وتی به ئه‌قڵانی کردنی ستراکتۆر و فیگه‌ره‌کانی هه‌ناوی خۆی. هه‌تا بینینه‌وه‌ی ئازادییه‌کی پێویست و دروست که رێگه چاره بێت بۆ رێکه‌وتن و هه‌ڵکردنی ماف و ئه‌رک و راڤه و دنیابینیه هه‌مه‌چه‌شن و جیاوازه‌کانی یه‌کتری. هه‌روه‌ک جه‌لالودینی رۆمی ده‌فه‌رموێ .. هه‌قیقه‌ت ئاوێنه‌کی شکاوه، ئه‌وه‌ی کوتێکی ده‌دۆزێته‌وه، له‌و وایه گشت هه‌قیقه‌تی دۆزیه‌وه‌ته‌وه.
ئه‌مه‌ش ئه‌و راستیه‌مان بیر ده‌خاته‌وه پارچه‌کانی هه‌قیقه‌ت لای هه‌موومانه نه‌ک ته‌نها لای که‌سێمان! ته‌نها به‌م راستیه ساده‌یه و به‌و ئاقاره‌دایه گۆڕان ده‌توانێ و لێیده‌وه‌شێته‌وه گوزارشتکه‌ری ته‌وژمه جیاوازه‌کان بێت و به ئیداره‌دانی مافه جیاوازه‌کانیان ده‌توانێ په‌ره‌سه‌ندنیان لێبخاته‌وه، و ئا له‌و جێیه‌شدا بڵێت له‌به‌ر ئه‌م هۆیه بوو چه‌قبه‌ستویی یه‌قینه‌کانی دوێنێی حوکمڕانی کردن، کاڵایه‌ک بوون چیدی به باڵای ئه‌مڕۆیان نه‌ده‌خوارد.. زمانی چیدی له توانایدا نه‌مابوو له بری ئه‌مڕۆشمان بپه‌یڤێت.. چیدی ئه‌و رێگایانه‌ی دوێنێش نایانده‌بردینه‌وه سه‌ر مه‌ئواکانی ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ.. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه بوو ئه‌و گاشه‌به‌رده‌ی دوێنێ پێویستی به تلدان هه‌بوو!
ناکرێ و ناشگونجێ گۆڕانیش به رێوه بێت، گه‌ر له توانایدا نه‌بێت رێیه‌کی فره ره‌هه‌ندی تری وه‌ها نه‌بینێته‌وه که شیاو بێت، بۆ جێکردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌وژمگه‌له جودایانه‌ی که جارێکی تر ناندێنیان گه‌ره‌ک ده‌بێته‌وه، جودا له‌وه‌ی رێگا کۆنه‌که.. کاڵا کۆنه‌که.. زمانه کۆنه‌که له‌به‌ر گومڕابوونی به یه‌قینه‌کانی پێیاندا رانه‌ده‌گه‌یشت و گوێی لێ ده‌خه‌فاندن.
گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و مه‌قام و شکۆمه‌ندییه‌ی خۆی بێت، ده‌بێت به گڕخواردنی مه‌به‌ستگه‌رایی و شوناسه‌کانیدا بیناسینه‌وه که بۆ شکۆی تاک و گروپ و ئه‌تۆمه کۆمه‌ڵاتیه‌کان ده‌یدا به ده‌سته‌وه.. ئه‌مه‌ش ده‌توانرێ له نوێبونه‌وه‌ی ته‌فسیره‌کانی.. له گوڵکردنی ئارگومێنته‌کانی.. له گرانمایه‌یی رێگه‌چاره‌کانی.. له سه‌نگی هه‌نگاوه‌کانی.. له به‌های ته‌ماشاکردنه‌کانی.. له گوژمی زمانی.. له خوڵقی ئه‌خلاقیه‌ته‌کانی هه‌ڵگرینه‌وه. به‌مه‌ش دڵنیامان ده‌کاته‌وه له‌و بنه‌وانه‌ی له‌سه‌ری وه‌ستاوه.
چونکونێ گۆڕان هه‌ر به کۆی ئه‌مانه‌وه‌یه ده‌کارێ دوێنێی خۆی بۆ یه‌کجاری تێپه‌رێنی و جێبهێڵێ، نه‌ک بۆ یه‌کجاری ئه‌تکی بکا و بیسڕێته‌وه و رایبماڵێ.
بیرمان نه‌چێت ده‌گونجێ گۆڕان هه‌ر درێژبووه‌ی دوێنێی بێت، به‌ڵام به سه‌دو هه‌شتا پله‌ی جودا لێی! چۆن……ئه‌گه‌ره‌کو دوێنێ ده‌ره‌توانا و بێسه‌روبه‌ر و که‌فته‌کار بووه له هه‌ڵچنینی شوناسێک بۆ خۆی، به‌وه‌ی گشت شتێکی قۆرخ کرد و دوامۆری هه‌قیقه‌تی خۆی لێدا، بێ‌شک گۆڕانکار نایه‌ت بۆ خاتری دروشمه‌کانی هه‌ر خه‌ریکی په‌رده‌هه‌ڵدانه‌وه بێت له‌سه‌ر ئه‌مانه و خه‌ریکی کڕاندنه‌وه‌ی ئێسقانه‌کانی گه‌وجایه‌تیه سیاسیه‌کان بێت.
نا.. به‌ڵکو قوڵایی ئه‌م پرسانه ده‌سپێرێته‌وه به‌و کایه مه‌عریفی و رۆشنبیرییانه‌ی سه‌روکاریان له‌گه‌ڵ ئه‌م گرێ و گۆڵانه‌ی هه‌ناوی کۆمه‌ڵگادا هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی مه‌رامیان بۆ بانگه‌شه کردن بێت به‌ڵکو بۆ دۆزینه‌وه‌ی بایه‌خه نوێکان و تێگه‌یشتنه لێیان نه‌ک له‌وه‌ڕاندن له‌سه‌ریان! گه‌ر ئه‌مه درک نه‌کرێت، به‌م غه‌فڵه‌تکارییه‌وه ، نه‌ک ماهیه‌تی گۆڕان دائه‌که‌وێ و ده‌خه‌ینه‌وه ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵکو به‌راوه‌ژووانه له‌گه‌ڵ دوێنێی خۆیدا باوه‌خون ده‌بێته‌وه و ده‌یکاته‌وه به‌جێنیشینی میراته‌کانی دوێنێی خۆی که گۆڕان نیازی بوو تلی پێ‌بدا و جێی بهێڵێ، نه‌ک جارێکی تر به ده‌مامکی تازه‌وه رووییان سپیبکاته‌وه.
گه‌ر ئه‌مه رویدا به دیوێکیدا بێوه‌فابوونه له‌به‌رامبه‌ر جه‌وهه‌ری گۆڕان و گاڵته‌کردنیش ده‌بێت به‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی که ده‌بێ ویستی گۆڕان بێت هه‌تا پێی بناسرێته‌وه.
چونکه باوه‌خولێ له ناو یاری و شوێنپێکانی دوێنێدا که بۆ هه‌موو لایه‌ک دژواری و بارگرانیه‌کانی دیارن و کێشاویانه، ئیدی ناکرێ ئیش و سه‌رقاڵیه‌کانی گۆڕان هه‌ر ئه‌وه بێت بیکاته پێخوڕی هه‌میشه‌یی، له بری خوێندنه‌وه و شیکار و لێتوێژینه‌وه، راوی ماسی له ئاوی ڵێڵدا ببێته خوڵق و پیشه‌که‌ی.
باشه گه‌ر ئه‌وان ده‌ره توانابوون، بنه‌وانی تواناییه‌کانی تۆ له کوێوه‌ن؟
گه‌ر رێگاکانی ئه‌وان داخرابوون، رێگا‌کراوه‌کانی تۆ له کوێوه‌ن؟
بۆ نمونه گه‌ر پێتوایه ئه‌وان هه‌ر چاو له‌دووی سه‌نتراڵیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی بوون و گه‌مارۆی گشت ورده ده‌سه‌ڵاته‌کانی تری کۆمه‌ڵیان دابوو، بۆ سه‌رکزکردن و چاو به‌ره‌و خوار کردنیان له به‌رامبه‌ر ئیگۆی حیزبی‌دا، ئه‌ی تۆ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پاوانخوازییه‌دا چۆن و به چ میکانیزمێکی تر، ده‌کاری ئیگۆ و رێز بگێرینیته‌وه بۆ هه‌ر یه‌ک له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که به‌ره‌و خه‌ساندنیان ده‌بردن و ده‌بران؟
داخوا ئه‌و له‌مپه‌ره قانونیانه چین، که حکومه‌ت چیدی ناتوانێ فه‌زلی گروپێک.. ورده کولتورێک.. دیالێکتێک بدات به‌سه‌ر ئه‌و‌ی تردا؟ زه‌مانه‌تی دادپه‌روه‌رییه‌کی له‌م جۆره که بتوانێ ئیداره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی به‌رژه‌وه‌ندییه جوداکان بدات و وایان لێبکات له‌گه‌ڵ هه‌مه‌چه‌شنی یه‌کتریدا رابێن و هه‌ڵبکه‌ن نه‌ک بیر له قڕکردنی ئیراده یان ده‌سته‌مۆ کردنی که‌سایه‌تی یه‌کتر بکه‌نه‌وه.
داخوا ئه‌مانه‌ن گۆڕانمان بۆ به‌رجه‌سته‌تر ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه ده‌ربڕی ماهیه‌تی خۆیشی؟
پێده‌چێ ئه‌م راستیه رۆشن و سادانه‌ش بن داوای خوڵقاندنی ئه‌و فه‌زا لیبڕاڵه‌مان لێبکه‌ن و بخوازن، که گوزارشتێک بێت له کۆی ئۆتۆنۆمیه‌تی خودی تاکه‌کان.. و گروپه‌کان.. و ورده ده‌سه‌ڵات.. و ورده کولتوره‌کان، هه‌تا له سایه‌سه‌ریدا ئه‌و پێکهاتانه هه‌ست بکه‌ن ئه‌وه ئه‌و فه‌زایه‌یه، که له ئیراده‌ی ئازادانه‌ی هه‌مویان رسکاوه، بۆیه له‌وێشه‌وه ده‌توانن هه‌ست به ره‌هابوونی خۆیان بکه‌نه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ن و ده‌یانه‌وێ ببن خۆ بخه‌نه‌روو، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئیگۆی درشته ده‌سه‌ڵاتێک له‌سه‌ر قه‌ڵاچۆکردن و ته‌رمی ورده ئیگۆکانی تر مشه‌خۆرانه خۆی بژێنێت و پان بکاته‌وه.
که‌وایه ده‌شێ نه‌شونمای گۆڕان له‌و جێیه‌وه ده‌ستپێبکات، که ته‌نگه‌به‌ری و نێوبۆشی و پوچی ده‌زگا و ئۆرگانه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ و گروپه‌کانی واز بکات و بیخاته سه‌رپشت و پڕیبکاته‌وه به زیندوێتیه‌ک که خود به خود له به ئه‌قڵاندنی ماهیه‌تی ده‌زگاکاندا ده‌بزوێن و ده‌ڕسکێن و هه‌ن. نه‌ک سیخناخ و قورس بکرێن به گوتار و راز و نیازی دروشمه بێخوێنه‌کانی ئایدۆلۆژیا، که له چزوی موتڵه‌قخوازییه‌کی پێوه‌ده‌ره‌وه جوقاوه و رێچکه‌ی گرتووه، و زۆرهێنه‌رانه هه‌موو شته‌کان به رایه‌ڵه بینراو و نه‌بینراوه‌کانی خۆیه‌وه ده‌ئاڵێنێ و ده‌ئاڵۆسکێنێ، ئه‌و ده‌مه‌شی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی مه‌سخاند و ئاوه‌ژوو کرده‌وه سه‌ر پێودانگی یه‌قینه‌کانی، دواتر گوێڕایه‌ڵگه‌لێکیشی بۆ مو‌عیزه‌کانی خۆی خه‌ڵق کرد و هه‌رزانفرۆشانه لێیخوڕین و ئیراده‌یانی زه‌وتکرد و پابه‌ندی کردن به مه‌ر‌جه‌کانیه‌وه ئه‌وجا ده‌ڵێت: منیش هه‌م
ئیدی ئا له‌وێدایه گرنگ نیه مه‌رگ به ژیان… و نادادپه‌روه‌ری به دادپه‌روه‌ری… و
کۆیله‌بوون به ئازادی له قه‌ڵه‌م بدرێ و بخوێندرێته‌وه.
به‌ڵێ گه‌لی براده‌رینه، ده‌شێ نه‌شونمای گۆڕان له‌و جێیه‌وه ده‌ستپێبکات نا‌ته‌واوییه‌کان له نێو مقۆمقۆی زڕ و ته‌وه‌زه‌ل و ته‌نافبازییه‌کانیان بگۆڕدرێته سه‌ر چه‌له‌نگی و ئاکتیڤکردنێک که له‌ده‌ره‌نجامی یه‌کتربڕینی بۆچونه‌کان.. و تێهه‌ڵکێشی پێشنیاره‌کان.. و پیتاندنی ئیده‌کان.. وکارلێکی رێباز و شێواز و هه‌ڵوێستی پێکهاته‌کانه‌وه، که فیگه‌ری جودای نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگان، وه‌کو شه‌ریکه به‌شێک مانای نوێ له ره‌نگ و هێڵ و چۆنایه‌تیه‌کانیان هه‌ڵبهێنجنه‌وه. وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان هه‌ن و له سایه‌سه‌ریدا خۆیان ده‌ناسێنن و ده‌ناسنه‌وه، له‌وێشه‌وه خۆیان به خۆیان راڤه بکه‌نه‌وه. چونکه نیچه گوته‌نی: به‌شێک له به‌شه‌کانی هه‌ر کولتورێکی دروست ئه‌وه‌یه، که ئازادی پێویست بڕه‌خسێنێ تا ئه‌وه‌ی له توانای ئیراده‌دا هه‌یه بۆ پراکتیزه، پراکتیزه‌ی بکات.
پێموایه له هه‌نووکه‌دا روناکی گۆڕان ده‌بێت له‌سه‌ر تونێلی ئه‌و تاریکیانه بن که ده‌بێ پیایدا بڕۆیین و بێسڵه‌مینه‌وه گوزه‌ری لێ بکه‌ین.
¬