
قه‌واره‌ی ژنانی ئێرانی له ناو ئاوێنه‌ی مێژودا ئێتر تارمایی نیه.
"…پێم خۆشه په‌لکه‌ی شاراوه‌ی قژه‌کانم بهێنمه ده‌ر، له‌چک له سه‌ر لابه‌رم و قژه‌کانم به سه‌ر شانمدا به‌ر بده‌مه‌وه و گوێم له هات و چوو و زه‌مزه‌مه‌ی ئه‌فسوناوی با به ناو قژه‌کانمدا بێت. پێم خۆشه ئیتر ئاگام له گریانی دایکم نه‌بێت که چاوه‌ڕوانه و له سوچێکی ماڵه‌وه به دزیه‌وه فرمێسکه‌کانی ده‌سرێته‌وه. پێم خۆشه ئه‌گه‌ر بۆ یه‌کجاریش بووبێت بێ‌ترس و دڵه‌ڕاوکێ له ژێر خێوه‌تی ئه‌ستێره‌چنی ئاسمان قه‌ده‌م لێ بده‌م و کوشکێکی ئهستێرهداڕژاو بۆ ئاواته‌کانم دروست بکه‌م بێ ئه‌وه‌ی که‌س ڕام بوه‌ستێنێ و بڵێت ئه‌تۆ کچێکی به ته‌نها لێره چ ده‌که‌ی؟
پێم خۆشه له داوێنی هه‌ر گوڵزارێک دابنوێمهوه، گوڵێک بچنم و له به‌رۆکی ژیانی بده‌م. پێم خۆشه خۆم دیاری بکه‌م که چۆن جل له به‌ر بکه‌م و ڕه‌نگه‌کان بۆ خۆم هه‌ڵی بژێرم….
ده‌ڕۆم بۆ ڕێپێوان، ئه‌م شتانه ده‌نوسم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ڕۆژێک نه‌گه‌ڕامه‌وه بزانن له به‌ر چی!!!!!"به‌شێک له نامه‌ی کچێکی خوێندکاری ئێرانی که له زبانی فارسیه‌وه به کوردی وه‌رگێڕدراوه.
زۆر له مێژه کڵپه‌ی ئاگر و ئازارێکی زۆر که له ناخی کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا قه‌تیس ماوه خۆی به هه‌موو که‌لین و قوژبنێکدا ده‌کێشێ و ڵه ڕیگایێک بۆ ده‌ربازبوون ده‌گه‌ڕیت،له ڕۆچنهیێک که بتوانێ له‌وێوه ئێشی ئازاره‌کانی هاوار بکات و باسێکی کورت له ژیانی لێواولێو له ئازار و ئه‌شکه‌نجه و فه‌وتانی وڵاتێک به گویی دونیادا بچرپێنێ. شر و کێشه‌یێکی مه‌زن و ته‌مه‌ندار که سات به سات و چرکه به چرکه‌ی ژیانی هاووڵاتیانی خستۆته مهترسێهوه و زۆر جار له‌وه ده‌چوو که هیچ ده‌ره‌تانێک بۆ ڕزگاربوونی ئه‌م میلله‌ته نیه.
دیاره که کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر له ده‌سپێکی به ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات سه‌رکوت کردنی ژنان و جیلی نوێ کرده یه‌کیک له ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کانی و بۆ سه‌قامگیر کردنی خۆی هه‌ر چه‌شنه توند‌و تیژیکی گرته به‌ر. هیچ جێی گومان نیه گه کوماری ئیسلامی به به‌رنامه و پلانی تایبه‌ته‌وه له گه‌ڵ مه‌سئه‌له‌ی ژناندا ڕووبه‌ڕوو بووه‌وه و هه‌ر له به زور لچک به سه‌ر دا دانی ژنانه‌وه بیگره تا هه‌ڵاواردنی جنسی و به‌ردبارانکردن و کوشتن هه‌مووی بۆ ده‌سته‌مۆ کردنی ژنان بووه و بۆ گه‌شتن به‌م ئامانجه له هیچ چه‌شنه توند وتیژیک کۆتایی نه‌کردووه و ئێستاش بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یکه‌ره‌ی خۆی له سه‌ر بنه‌ماکانی پێشوو په‌له‌قاژه ده‌کات و دڕندانه بۆ مانه‌وه‌ی، ته‌واوی سنووره‌کانی به‌زاندوه‌و و هه‌موو پرنسیبه ئه‌خلاقیه‌کانی ماڤی مروڤی ژێر پێ خستووه.
تێکههڵكێشانی ئائین و سیاسه‌ت و به پێوانه‌ی پێوهرهئایینیهکان دامه‌زراندنی بنه‌مای جکومه‌تی به گشتی بارودۆخێکی نائاسایی و دوور له دونیای مه‌ده‌نی و مودرنی خولقاندوه که ڕاسته و خۆ ته‌واوی ماڤه ئینسانی و ڕه‌واکانی ژنان له خۆ ده‌گرێت و بازنه‌یکی له توند و تێژی دروست کردووه و به که‌ڵک وه‌ر گرتن له بیانووی دین و ئایین ژنانی به ته‌واوی هێزه‌وه خستۆته په‌راوێزه‌وه و هه‌لێکی ڕه‌خساندووه که ژنان وه‌ک مرۆڤ نه‌توانن ڕۆڵی سه‌ره‌کی خۆیان بۆ داڕشتنی بناخه‌ی کومهڵگایێکی ئینسانی ببینن و سیسته‌مێکیان پێک هێناوه که ده‌رخستنی تاڵێکی موی ژنان ده‌توانێ مه‌ترسیک بۆ ئه‌و سیسته‌مه پێک بهێنێت و هه‌ر به‌و هۆیه ووشه‌ی حیجاب لێره‌دا تایبه‌تمه‌ندی په‌یدا ده‌کات و ده‌بێته سمبولێک که باس له سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی ئیسلامی ده‌کات.
جیا له‌وه‌ی که کۆماری ئیسلامی ساڵیانێکی زۆره به ته‌واوی توانایه‌وه هه‌وڵ ئه‌دات که ئه‌و سنوورانه بپارێزێت و هه‌ر جۆره سنوور شکاندنێکی به توندی به‌ر هه‌ڕه‌شه داوه و تۆڵه‌ی کردۆته‌وه و زۆر جاریش له‌وه ده‌چوو که تا ڕادهیێکش سه‌رکه‌وتوو بووه بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵقی ئێران و ئه‌وه‌ی که ژنان له پێشڕه‌وانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ن ئه‌وه ده‌ر ده‌خات که حکومتی ئیسلامی نه‌یتوانیوه تۆیی ئاواته ئینسانیه‌کان بۆ ژیانێکی ئازاد و به‌رانبه‌ر له ناو به‌رێت .به گوێره‌ی ئامارێک که ساڵانه ده‌درێته ده‌ره‌وه له دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه سه‌ره‌رای ئیعدام زیاتر له سه‌د ژن به هۆی شکاندنی سنووره ده‌ستکرده‌کان ته‌نها له سێداره دراون و زیاتر له 22 ژن به حوکمی شه‌رع و قانون به‌رد باران کراون و ده‌یان کچی ته‌مه‌ن 10-17 ساڵ که ڕێیان که‌وتۆته به‌ندیخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی وه‌ک کۆیله له ناو زیندانه‌کان ئیستفاده‌ی جنسیان لێ کراوه و دوایش به بیانووی جواروجور کوژراون و نزیک به 8 ژن هه‌ر ئێستا چاوه‌ڕوانی به‌ڕێوه‌چوونی سناریوی به‌ردباران ده‌که‌ن.ئه‌گه‌ر تۆزێک بچینه ناو ناخی دهردهکانهوه ده‌توانێن لێکی بده‌ینه‌وه که بۆ چی ژنان ئه‌مڕۆکه ده‌یانهه‌وێ خۆیان له ناو گۆڕه‌پانی ئه‌م خه‌باته پێرۆزهدا هاوشان و هاووههنگاو به‌ره‌و پێش بڕۆن و ئێستا پرسی ڕۆڵی ژن یه‌کێک له مه‌رجه سه‌ره‌کیه‌کانی باسه جیهانیه‌کانه و ئه‌و ده‌وره‌ی ژن له‌م بزوتنه‌وه‌دا ده‌یبینێت یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه که کۆماری ئیسلامیش زۆر به جوانی له‌و شته تێ گه‌شتووه و بۆێه له هیچ بیحورمهتیک به بایه‌خه ئینسانیه‌کانی ژنان چاوپۆشی ناکات و بۆ چکۆله کردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ژنان به خراپترین شێوه سوکایه‌تیان پێده‌کات و به شێوازی جوراوجور ده‌سترێژیان ده‌کاته سه‌ر.به‌ڵام ژنانی ئێران له قۆناغێکیتردان و هیچ شتێک ئیتر ناتوانی گه‌وره‌یی هێز و توانایان بخاته ژێرپرسیاره‌وه و وه‌ک هێزێکی بنچینه‌یی خه‌ریکن پێگه و ناسنامه‌ی خۆیان به دونیا ده‌ناسێنن.ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ژنان ده‌رئه‌نجامی ساڵیانێکی زۆر زۆڵم و گوشار و له ناوبردنه، ده‌رئه‌نجامی دروست بوونی ڕقێکی پیرۆزه که ده‌ڕوا به‌ره‌و ئاسۆێکی ڕوون.ئه‌مجاره‌یان کۆمه‌ڵگای ئێران به ژن و پیاوه‌وه هاوشان و هاووههنگاو ده‌یانهه‌وێ ئاسۆکان دیاری بکه‌ن.
زه‌وی ووشک و لێوقهڵشاوی ئه‌م ووڵاته چاوه‌ڕوانی بارانێکه، ئاسمانی ته‌ماوی وه‌ک خێوه‌تێک هاواره‌کان ده‌گرێته خۆی و وتێکیان هه‌ڵده‌کێشێ و ئاووسی له دایک بوونی بارانێکه بڵێێ کۆڵهکهزێڕینهی دوای ئه‌م بارانه چه‌نده جوان بێت؟!!!!03/08/2009
سه‌نته‌ری ژنانی کورد له کۆڵن
centerijnan@ymail.com