
هیچ لیستێك داوای له زیاد ئه‌سعه‌د و ئه‌ژده‌ر وه‌هبی نه‌کردووه ڕیکلامیان بۆ بکه‌ن
قسه‌کانیان دوره له ڕاستییه‌وه ، هیچ لیستێك داوای له زیاد ئه‌سعه‌د و ئه‌ژده‌ر وه‌هبی نه‌کردووه ڕیکلامیان بۆ بکه‌ن.
رێبوار ره‌زا چوچانی
چوار لیسته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن، لێدوانی دوو گۆرانیبێژ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، پێانوترابێت له به‌رانبه‌ر پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیدا، كۆنسێرتی پشتگیری‌یان بۆ ساز بكه‌ن، وته‌بێژی لیستی كوردستانی ده‌ڵێت" لیستی كوردستانی داوای له زیاد ئه‌سعه‌د نه‌كردووه و ئه‌ژده‌ر وه‌هبیش كۆمپانیایه‌ك ویستوویه‌تی بۆ بارزگانی سودی لێوه‌ر بگرێت نه‌ك لیسته‌كان".
دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنه‌وه بڵاو كرایه‌وه، لیسته‌كانی ئێستای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، داوایان له هه‌ردوو گۆرانیبێژ زیاد ئه‌سعه‌د و ئه‌ژده‌ر وه‌هبی كردووه، له به‌رانبه‌ر سازدانی كۆنسێرتی پشتگیری، (600) هه‌زار دۆلارییان پێده‌درێت، هه‌ر چوار لیسته سه‌ره‌كه‌ییه‌كه ئه‌و هه‌واڵانه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
له لێدواێكدا (فازل عومه‌ر) وته‌بێژی لیستی كوردستانی رایگه‌یاند، لیسته‌كه‌یان بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ هیچ هونه‌رمه‌ندێك نه‌كردووه، وتیشی"عه‌زیز وه‌یسی و چۆپی فه‌تاحیش خۆ به‌خشانه به‌شداری ده‌كه‌ن له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا"، وته‌بێژی لیستی كوردستانیش ئه‌و زانیارییانه به"درۆ" ده‌زانێت، كه داوا له زیاد ئه‌سعه‌د كرابێت، له به‌رانبه‌ر سازدانی كۆنسێرتی پشتگیری بۆ لیستی كوردستانی(400) هه‌زار دۆلاری پێدرابێت، وتی" ئه‌گه‌ر زیاد راست ده‌كات، با ناوی ئه‌و كه‌سانه بڵێت قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه، ئێمه ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه دابین بكه‌ین، ده‌توانین زۆرترین ده‌نگی پێبكڕین، نه‌ك بدرێت به زیاد ئه‌سعه‌د"، وته‌بێژه‌كه‌ی لیستی كوردستانی، قسه‌كانی ئه‌ژده‌ر وه‌هبیشی ره‌ت كرده‌وه، كه وتبووی، لیستێك له به‌رانبه‌ر سازكردنی كۆنسێرتدا، (200) هه‌زار دۆلاری پێداوم به‌ڵام ناوی لیسته‌كه‌شی نه‌بردبوو، وته‌بێژه‌كه‌ی لیستی كوردستانی وتی" كۆمپانیایه‌ك قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ژده‌ر وه‌هبی كردووه، تا له‌م كاته‌دا كۆنسێرتی بۆ بكات و پاره‌ی پێ كۆبكاته‌وه وه‌ك بازرگانی و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به لیستی كوردستانیه‌وه نیه و كۆمپانیاییه‌كی بازرگانیه، ئێمه وه‌ك لیستی كوردستانی رایده‌گه‌یه‌نین، كه‌س قسه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌و دوو گۆرانبێژه نه‌كردووه بێن كۆنسێرتی بۆ بكه‌ن و قسه‌كانیان دووره له راستییه‌وه".
له‌لایه‌كی تره‌وه (عه‌دنان عوسمان)، سه‌رۆكی لیژنه‌ی راگه‌یاندنی لیستی گۆڕان، راگه‌یاند"لیستی گۆڕان یه‌ك فلسی به یه‌ك هونه‌رمه‌ند نه‌داوه"، عه‌دنان وتیشی"هه‌ر گۆرانی و سرودێكیش بۆ لیستی ئێمه تۆمار كرابێت، هه‌مووی خۆ به‌خش بووه و به‌شێك بووه له به‌شداری كردنی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه، له گۆڕان و گۆڕانكاری له كوردستاندا، داواشمان له‌كه‌س نه‌كردووه بێت ئه‌و كارنه‌مان بۆ بكه‌ن، به‌ڵكو لیسته‌كه‌یان به‌هی خۆیان زانیووه و ئه‌و كارانه‌یان كردووه".
(عه‌بدولستار مه‌جید) كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی- لیستی (4) حیزبه‌كه، له لێدوانێكی تایبه‌تدا، ره‌تی كرده‌وه لیسته‌كه‌ی داوای له‌و دوو گۆرابێژه كردبێت، كۆنسێرتیان بۆ ساز بكه‌ن، هه‌روه‌ك دابینكردنی پاره بۆ گۆرانیبَژان، به گه‌نده‌ڵی ناوبرد، ده‌ڵێت"ئێمه ئه‌گه‌ر پاره‌شمان هه‌بێت، هه‌رگیز بۆ گۆرانی وتن و پیاهه‌ڵدانی لیسته‌كه‌مان خه‌رجی ناكه‌ین"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ئێمه له لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی، ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه كه هیچ پێشنیارێكمان بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه كردبێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ئاماده‌نین پاره به‌و شێوه‌یه بۆ هیچ كه‌سێك خه‌رج بكه‌ین".
سه‌رۆكی لیستی ئازادی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی- لیستی چه‌په‌كان، (هاژه سلێمان)، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، توانای ماددی لیسته‌كه‌یان زۆر نیه و ناتوانن هه‌ڵمه‌تێكی فراوان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، هه‌ره‌وه‌ك ره‌تیشی كرده‌وه داوایان له‌و دوو گۆرانیبێژه كردبێت، كۆنسێرت بۆ لیسته‌كه‌یان ساز بكه‌ن، وه‌ك خۆی وتی"ئێمه ئه‌و ئیمكانیاته گه‌وره‌مان نیه، ئه‌و پاره زۆره بده‌ین به‌و كه‌سانه".