
په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و عێراق ..
په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و عێراق
دوابه‌دوای سه‌ردانه‌که‌ی ڕۆبه‌رت گیتس
ئیبراهیم مهلازادهله بابه‌تی ڕابردووماندا باسمان له هۆکاره‌کانی پێکهاته‌ی ئه‌قڵیه‌تی سه‌رانی عه‌ره‌ب له به‌غدا به‌تایبه‌تی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش به‌گشتی کرد له هه‌ڵوێستیاندا به‌رامبه‌ر پرسی کورد. گوتمان هۆکاره‌کانی پێکهاته‌ی ئه‌و ئه‌قڵه‌ی که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له ڕۆژی دروستبوونی عێراقه‌وه تا ئێستاکه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت که له به‌غدا ده‌سته‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات، دوو ڕه‌وتی ئایدیۆلۆژیای جیاواز بوون که له‌دوای شه‌ری جیهانی یه‌که‌مه‌وه به‌شێوه‌ی جیاواز سه‌ریان هه‌ڵداوه، ئه‌وانیش ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ک و ئایدیۆلۆژیای ئاینی و ناوه‌ندگه‌رایی عه‌ره‌ب له‌لایه‌کی دیکه‌وه، که ڕۆڵێکی کاریگه‌ر و ڕاسته‌وخۆیان بینیوه له پێکهاته‌ی ئه‌قڵی عه‌ره‌بی، که ده‌توانین به "ئه‌قڵی قه‌یران" ناوزه‌دی بکه‌ین.
له دووتوێی ڕه‌وشێکی له‌و جۆره‌دا و خواستی گیتس بۆ به‌په‌له چاره‌سه‌رکردنی کێشه هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد، ده‌توانین بپرسین، هاتنی مالیکی چ هاوکێشه‌یه‌ک له کێلگه‌ی ئه‌و کێشانه‌دا ده‌گۆڕێت؟ ئایا به‌ڕاستی ئاماده‌یه بڕگه تایبه‌ته‌کانی ده‌ستوور سه‌باره‌ت به ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان چاره‌سه‌ر بکات و بگه‌ینه ئه‌نجامدانی قۆناغی ڕاپرسی له که‌رکوک؟ ئایا داوایه‌کانی مالیکی بۆ هه‌موارکردنی ده‌ستور کۆتای‌یان پێهاتووه؟ ئایا له‌مه‌ودوا داوای به‌هێزکردنی سه‌نترالیزم ناکاته‌وه له‌سه‌ر حیسابی ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمه‌کان؟ مه‌گه‌ر مالیکی نه‌بوو پشتیوانی خۆی بۆ لیستی حه‌دبا ده‌ربڕی؟ هه‌ر مالیکی نه‌بوو که نیگه‌رانی خۆی پیشاندا له‌سه‌ر جموجۆڵی پێشمه‌رگه له‌ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کاندا؟ چ هاوکێشه‌یه‌کی دیکه له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی مالیکی سیاسه‌تێکی تازه بگرێته به‌ر؟
ده‌توانین کێشه‌کان دابه‌شبکه‌ینه سه‌ر دوو جۆر، یه‌که‌میان ڕه‌هه‌ندێکی جه‌ماوه‌ری هه‌یه و مالیکی ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی نابینێت له چاره‌سه‌رکردنیدا، ئه‌ویش کێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کانه. ئه‌وه‌ی ئاگاداری ڕای گشتی عه‌ره‌به‌کانی عێراق به‌تایبه‌تی و وڵاتانی عه‌ره‌بیش به‌گشتی بێت، که‌رکوک به هێڵی سوور داده‌نێن، سه‌رۆک خێڵێکی عه‌ره‌بی ئه‌نبار باس له سه‌رتاپا سووتاندنی که‌رکوک به‌سه‌ر سه‌ری کورددا ده‌کات ئه‌گه‌ر ده‌سکاری ئه‌و سنووره بکرێت، عه‌ره‌به‌کانی ناو خودی که‌رکوک شه‌و له ڕۆژ گرێده‌ده‌ن بۆ به‌رگرتن له‌و هه‌وڵانه، له‌وه‌ش زیاتر که‌سانێکی ده‌سته‌ڵاتدار له‌ناو حکومه‌تی عێراقدا ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی ژێربه‌ژێر ده‌بینن له وروژاندنی ئاژاوه و ڕژدبوون له‌دژی هه‌وڵه‌کانی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 و ته‌نانه‌ت له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا گروپ له‌دژی ئه‌وجۆره داوایانه پێکده‌هێنن. وێڕای چاودێریکردن و ناڕه‌زایی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌تایبه‌تیش تورکیا و ده‌ستوه‌ردانی به‌رده‌وامیان له‌ڕێی که‌سان و لایه‌نی سه‌ربه‌خۆیانه‌وه له‌دژی مادده‌ی 140ی ده‌ستور. له ڕه‌وشێکی ئاوادا نه‌ک هه‌ر مالیکی، به‌ڵکو هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ش بێته سه‌ر ده‌سته‌ڵات له به‌غداد زادی ئه‌وه ناکات ئه‌و مادده‌یه به‌ره‌و جێبه‌جێکردن ببات، له‌به‌ر هۆیه‌کی زۆر ساده، که ئه‌ویش به‌ستنه‌وه‌ی که‌رکوکه به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌به‌وه. بۆیه تا ئایدیۆلۆژیای به‌عسیزم که به‌رجه‌سته‌بوونی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌به، وێڕای ئه‌قڵی ئیسلامیزمی عه‌ره‌بی که دژی زیاتر دابه‌شکردن و پارچه‌پارچه‌کردنی دونیای ئیسلامه له ڕواڵه‌تدا و له ناوه‌رۆکیشدا دونیای عه‌ره‌ب، تا ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه و ئه‌قڵی قه‌یراناوی و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو کێشه‌کان به پیلانی ده‌ره‌کیه‌وه، هه‌یمه‌نه‌دار بێت له‌ناو ڕای گشتی عه‌ره‌بکاندا، مه‌حاڵه له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ڕێگا به جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 بدرێت.
جۆری دووه‌می کێشه‌کان، له ڕووی ده‌ره‌وه‌یدا په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به هه‌یمه‌نه‌داری و تاکڕه‌وی مالیکیه‌وه هه‌یه. یاریکردن له‌سه‌ر په‌ته‌کانی نیشتمانپه‌روه‌ری عێراقی و سه‌روه‌ری یاسا و سوپایه‌کی به‌هێز، ئه‌گه‌ر له دیویده‌ره‌وه‌یاندا په‌سه‌ندیش بن، ئه‌وا له دیوی ناوه‌وه‌یدا ده‌کرێت بیبه‌ستینه‌وه به داوایه‌کانی دیکه‌ی مالیکی له سه‌نترالیزم و تاکڕه‌وی له بڕیاردان و هه‌وڵدانی به‌رکه‌نارکردنی حیزبه هاوپه‌یمانه به‌هێزه‌کان و له‌خۆنزیککرنه‌وه‌ی ئه‌و حیزب و گروپانه‌ی که نه‌ک هه‌ر ڕکابه‌ری خۆی و حیزبه‌که‌ی نابن، به‌ڵکو ژیانیان به مانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌به‌سترێته‌وه و بێی ئه‌و هیچ ده‌نگ و کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆیان نابێت. هه‌ر ئه‌و جۆره پێره‌وکردنه‌شه له سیاسه‌ت که کاریگه‌ری له‌سه‌ر بژارده‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌بێت و هه‌وادار و پشتیوانی ته‌واوی عه‌ره‌بی سوونه‌مه‌زهه‌ب و ڕووبه‌رێکی فراوانی شیعه‌مه‌زهه‌به‌کانه. له‌و کێڵگه‌یه‌شدا داوایه‌کانی کورد بۆ به‌هێزکردنی فیدرالیزم و هاوبه‌شیه‌کی وه‌کیه‌کی یا دادپه‌روه‌رانه‌ی ته‌واو له سوپا و له سامانه‌کاندا، سنووردانانێکه بۆ ده‌سته‌ڵات و خه‌ونه‌کانی مالیکی و دژی خواست و دروشمه‌کانی حیزب و ناوه‌نده حیزبی و خێڵه‌کیه هه‌یمه‌نه‌داره‌کانی سووننه‌کان و زۆرێک له شیعه‌کانیشه.
له هه‌ڵومه‌رجێکی ئاوا ئاڵۆزیشدا، ڕێگاچاره و ئۆپشنه‌کانی سه‌رانی کورد له مامه‌ڵه‌کردنیاندا له‌گه‌ڵ مالیکی و ده‌سته‌ڵاتی به‌ناو فیدرالی ناوه‌نددا، زۆر که‌من و بۆ ده‌یانجاری دیکه‌ش کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی هه‌مه‌جۆریان پێ ده‌درێت و به‌ڵینه‌کان ده‌به‌سترێنه‌وه به هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو و په‌رله‌مانی تازه و حکومه‌تی تازه‌وه، وێرای دروستکردنی ژماره‌یه‌ک لیژنه‌ی دیکه و به وه‌هم سپاردنی کێشه‌کان، به بێئاگابوون له‌وه‌ی که جێبه‌جێکردنی ئه‌و به‌ڵێنانه ئه‌گه‌ر له بێهێزی ده‌سته‌ڵاتی مالیکیدا ئه‌نجام نه‌درێن، هه‌رگیز له به‌هێزی ئه‌ودا ئه‌نجام نادرێن و ڕای گشتی عه‌ره‌به‌کانی عێراق ڕۆژبه‌ڕۆژ ڕژدتر و ته‌ییارتر ده‌کرێت له‌دژی کورد و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیدا.
لێره‌دا له‌سه‌رمانه بپرسین هاتنی ڕۆبه‌رت گیتس بۆ هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌سه‌ر چ پانتاییه‌کدا ده‌بێت؟ کوا ئه‌و پانتاییه‌ی که بۆ کورد ده‌هێڵرێته‌وه بۆ یاریتێداکردنی؟ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوه خه‌ته سووره‌کانی به‌غدا هه‌موو داخوازیه ستراتیژیه‌کانی کورد ده‌گرێته‌وه، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیانه‌وه که‌رکوک، که‌واته ده‌بێت سروشتی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه چۆن بێت؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ش لای ئێمه نه‌بێت، هیچێک له ئه‌گه‌ره‌کان ئومێدبه‌خش نین، ته‌نها مه‌گه‌ر سه‌رانی کورد واز له به‌رنامه و به‌ڵێنه‌کانی هه‌ڵبژاردن بێنن و که‌رکوک به به‌ڵێنه نادیاره‌کانی ئاینده بسپێرنه‌وه و له‌هه‌ندێک له‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی که ئه‌مڕۆ هه‌رێم هه‌یه‌تی دابه‌زن و چیتر پێشگیری له سوپای عێراق له ناوچه دابڕاوه‌کان نه‌کرێت، ئه‌وکاته په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی ده‌بێته‌وه و گرژیه‌کان کۆتای‌یان پێدێن و داخوازی ڕۆبه‌رت گیتس دێته جێ.
بۆیه پێموایه ئه‌رکی دانوستاندکاری کورد له به‌غدا قورسترین ئه‌رکه سه‌باره‌ت به پرسه چاره‌نوسسازه‌کانه‌وه. به‌غدا ئاماده‌ی شته ڕواڵه‌تیه‌کان ده‌بێت، له پێدانی هه‌ندنێک پۆست له چوارچێوه‌ی هه‌وپه‌یمانێتیه‌کاندا و به‌پێی قه‌باره و یه‌کگرتووییان له په‌رله‌مانی داهاتووی عێراقدا، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رکردنی هه‌ندێک کێشه‌ی وه‌کو داهاتی نه‌وت و نوسینی زمانی کوردی له‌سه‌ر پاسپۆرت و تادوایی هه‌ندێک کاروباری رۆژانه، به‌ڵام له‌وه‌به‌ده‌ر ده‌بێت دانوستانداکاری کورد به‌دوای به‌کارهێنانی کارت و فشاری جیددیدا بگه‌ڕێت، نه‌ک له‌گه‌ڵ مالیکی که چاره‌نوسی خۆیشی له‌قۆناغی ئێستادا هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادایه، به‌ڵکو پێم وایه وه‌ڵامی ئه‌و پرسانه هه‌ر لای ئه‌مریکیه‌کان خودی خۆیاندایه. پرسیاریش لێره‌دا ئه‌وه‌یه په‌یامی شاردراوه‌ی ڕۆبه‌رت گیتس بۆ بارزانی هه‌ر ئه‌وه‌بوو که بیستمان یا چاره‌سه‌ری سه‌ریای له‌پاشۆڵدا هه‌بوون؟
• ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی (4940)ی کوردستانی نوێ‌دا بلوبۆته‌وه.