چه‌ند قسه‌یه‌ك له گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی ناو په‌رله‌مانی كوردستان
مه‌جید ساڵح
ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7 كه‌وتنه‌وه، هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی خستوه‌ته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌وه و پێویست ده‌كات له‌مه‌ولا له پێناوی دروست بوونی په‌رله‌مان و حكومه‌تێكی وهڵامدهرهو دیموكراتی راسته‌قینه‌دا، سه‌رله‌نوێ گۆڕه‌پانی سیاسیی له هه‌رێمه‌كه‌دا دارێژرێتهوه. ئێستا به پێچه‌وانه‌ی جاران كه په‌رله‌مان و حكومه‌ت بریتی بوون له دوو ده‌زگای سه‌ربه یه‌كێتی و پارتی، ئۆپۆزسیۆنێكی كارا هه‌یه‌و ئه‌یه‌وێت چی له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت شه‌فافانه‌و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه بێت، نه‌ك له پشتی په‌رده‌وه نه‌خشه‌ی بۆ دابنرێت.
كاری قۆناغی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان به فراكسیۆنی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه، بریته له پڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو كه‌موكوڕیه‌كانی قۆناغی رابردوو. فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و چاكسازی و خزمه‌تگوزاری كه نزیكه‌ی چل كورسی پارله‌مانیان هه‌یه، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌توانن له چوار ساڵی ئاینده‌دا پێكه‌وه رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا بگێڕن. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له شاره‌زایانی بواری ئه‌حزابی ئیسلامی پێیان وایه له رابردوودا هه‌ردوو حزبه ئیسلامیه‌كه (كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو)، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سوكایه‌تیه‌ی كه پێیان كراوه له لایه‌ن یه‌كێتی وپارتیه‌وه، به‌ڵام هه‌میشه ویستویانه "تاَله دهزوهكهی معاویه" له گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیدا نهپسێنن، بۆیه پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌مجاره‌ش وه‌ك جاری جارات كه‌مترین مه‌یلیان به‌لای "فراكسیۆنی گۆڕان"دا هه‌بێت. به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای كوردستاندا، هه‌ر هێزێكی سیاسیی گه‌ر نه‌ختێك پێشبینی سیاسی به‌هێز بێت، ده‌زانێت چوونه ناو كه‌شتی ده‌سه‌ڵات (به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتێكی غه‌رق بووی ناو گه‌نده‌ڵی وه‌ك ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رێم)، جگه له ئینتحارێكی سیاسیی؛ به‌ولاوه هیچی تر نیه. به تایبه‌تی له‌م ساته وه‌خته‌دا كه چه‌ند هه‌ڵبژاردنێك به‌ڕێوه‌یه. نزیك بوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی چاكسازی له ده‌سه‌ڵات، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نگره توڕه‌كانی له حزبه ئیسلامیه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك (بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی)و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نزیك ببنه‌وه، هه‌ربۆیه بۆ خاتری به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆشیان بێت، پێناچێت له ماوه‌ی ئاینده‌دا، فراكسیۆنی چاكسازی، بده‌نه پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و ئه‌و ئه‌گه‌ره نزیكتره كه له گه‌ڵ "فراكسیۆنی گۆڕان"دا به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی ئۆپۆسیۆن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پاوانخوازه گه‌نده‌ڵه‌دا دروست بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت گه‌ر ئه‌و كاره سه‌ری گرت كۆمه‌ڵێك ئه‌رك چاوه‌ڕوانیان ده‌كات وا لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م باس له هه‌ندێكیان بكه‌م.
وه‌ك ده‌زانین ئه‌ركی سه‌ركی په‌رله‌مان بریتیه له ده‌ركردنی یاسا‌و چاودێری كردنی حكومه‌ت. گه‌رچی په‌رله‌مان له 17 ساڵی ته‌مه‌نیدا چه‌ندین یاسای ده‌ركردوه‌و له‌وه‌شدا جێگه‌ی ده‌ستی دیاره، به‌ڵام به حكومی بارودۆخی كوردستان، گه‌لێ لایه‌نی دیكه‌ش هه‌ن به ده‌ست نه‌بوونی یاسایه‌وه ده‌ناڵێنن، بۆیه پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه یاسایه‌كان له ئهولهویاتیی كاری په‌رله‌مانی داهاتوو ده‌بێت. سه‌باره‌ت به چاودێریكردنی حكومه‌ت له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، ئێمه ده‌زانین له‌رابردودا په‌رله‌مان هه‌میشه په‌رده‌پۆشی كارهخراپهكانی حكومه‌ت و گه‌نده‌ڵیه‌كانی كردوه، ئه‌ركی ئه‌م په‌رله‌مانه به تایبه‌ت فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، بریتیه له هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌رده له‌سه‌ر خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و چاودێری وردی حكومه‌ت و گه‌ر پێویستی كرد وه‌زیرو كاربه‌ده‌سته كه‌مته‌رخه‌مه‌كان راپیچی په‌رله‌مان بكات.
ئه‌و ئاستانه‌ی كه پێویسته په‌رله‌مان كاری جیدی له‌سه‌ر بكات له‌مانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه: له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، كاری پێویست بریتیه له پاراستنی ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كه تاوه‌كو ئێستا له ده‌ستوری عێراقیدا به ده‌ست هاتوون و له پاڵ رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كوردیدا به‌شداری چالاكی كورد هه‌بێت له دروستكردنی عێراقێكی دیموكراتدا.من پێم وایه تاوه‌كو دیموكراسیی له ناوه‌ند زیاتر بچه‌سپێت، پریشكی ئه‌و دیموكراسیه‌ته پێش ئه‌وه‌ی به ناوچه‌كه‌دا بڵاوبێته‌وه، به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردایه له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌ركێكی دیكه‌ی به‌ری ئۆپۆسیۆنی ناو په‌رله‌مانی هه‌رێم بریتیه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیعتبار بۆ ئه‌ركه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ربازكردنی له هه‌ژموونی حزب و سه‌ركرده‌كان و پته‌وكردنی دیموكراسیه‌ت و چه‌سپاندنی رۆحی ئالوگۆڕكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات. دابینكردنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ودابهشكردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی سامانی نیشتمانی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی، هه‌روه‌ها چالاك كردنی رۆڵی دیوانی چاودێری دارایی و دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌كی نه‌زاهه‌ی سهربهخۆو چاونه‌ترس له په‌رله‌مانی كوردستان، له واجباته سه‌ره‌كیه‌كانی په‌رله‌مانی ئایندهی كوردستانه‌و ده‌بێت فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له پێناوه‌دا كاری جیدی بكه‌ن. هه‌موومان ده‌زانین له رابردوودا به هۆی ده‌ستێوه‌ردانی حزبه‌كانه‌وه له ژیانی ئابوری كوردستان، توانای به‌رهه‌م هێنان و دۆزینه‌وه‌ی كار و وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر په‌كی كه‌وتبوو. پێویسته په‌رله‌مانی ئایندهی كوردستان له رێگه‌ی هه‌ڵنانی كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوه‌وه ئابوری كوردستان ببوژێنێته‌وه‌و بیخاته‌وه سه‌ر هێلی راستی خۆی. هه‌نگاوی گرنگ و به په‌له ئه‌وه‌یه كوردستان له بازاڕێك له ساغكردنه‌وه‌ی كاڵای به‌سه‌رچووی پله سێ‌و چواری چینی و ئیرانی و توركی و سوری ده‌رباز بكات وبه كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و بودجه زه‌به‌لاحه‌ی كه دێت بۆ كوردستان راده‌ی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی به‌رزكاته‌وه‌و به‌راوێژكردن له گه‌ڵ خه‌ڵكانی پسپۆری ناوخۆیی و بێگانه، ئابوری كوردستان له ئابوریه‌كی په‌راوێز كه‌وته‌و و وابه‌سته‌وه گرێبداته ئابوری جیهانی و بازاڕی ئازاده‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان كه ئۆپۆزسیۆن تێدا كارایه ده‌توانێت له رێگه‌ی دابینكردنی بودجه‌ی زۆره‌وه، ژیانی گوندنشینی به شێوه‌یه‌كی هاوچه‌رخ ببوژێنێته‌وه و جگه له ئاسایشی خۆراك، بواری كۆمه‌ڵایه‌تی ئابوریش په‌ره‌پێبدات.
مهسهلهیهیكی هه‌ر گرنگ كه پێویسته له په‌رله‌مانی ئاینده‌دا له لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه بوروژێت، مه‌سه‌له‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمه. ئێستا ئاسایش و هێزی پێشمه‌رگه و پۆلیس موڵكی حزبن، بگره له هه‌ندێك حاڵه‌تدا موڵكی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كانن و به ئاره‌زووی خۆیان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ چاوترساندنی خه‌ڵك به‌كاری ده‌هێنن، نیو هێنده بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان قوت نه‌كراونه‌ته‌وه. ئه‌و عه‌قیده سه‌ربازیه‌ی كه ئه‌فسه‌رو سه‌ربازی كوردی له كۆلیژو ئه‌كادیمیه سه‌ربازیی و پۆلیسیه‌كاندا پێ راده‌هێنن، و ملكه‌چی نییه بۆ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی ملكه‌چه بۆ حزب و سه‌ركرده‌كان. بۆیه ئه‌ركی په‌رله‌مانی ئایندهی كوردستان، ده‌ربازكردنی هێزه چه‌كداره‌كانه له هه‌یمه‌نه‌ی حزب و سه‌ركرده‌كان و دروستكردنی سوپایه‌كی به‌هێز و كارایه كه ته‌نها ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵی كوردستان بێت.
ئه‌م په‌رله‌مانه جیا له په‌رله‌مانه‌كانی پێشوو، ده‌بێت وهرشهیهكی عه‌ملی هاوبه‌ش بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆچونه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به كێشه‌كان به ئازادی بخه‌نه‌ڕوو، دوای تاوتوێكردن و موناقشه‌ی جیدیی، ئه‌نجا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت؛ نه‌ك له مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كانه‌وه به فه‌رمان ده‌ربكرێت.
له كۆتایدا ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆنی ناو په‌رله‌مانه، په‌رله‌مان له موجه‌ڕه‌د باڵه‌خانه‌یه‌ك بۆ ده‌ست به‌رزكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بڕیار‌و یاسایانه‌ی كه له مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كانه‌وه ده‌رده‌كرێن بكاته‌وه به په‌رله‌مانێك هه‌موو كێشه چاره‌نوسازه‌كانی خه‌ڵكی تێدا تاوتوێ بكرێت. ئه‌م په‌رله‌مانه ده‌بێت پهرلهمانیًَك بێت به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستانی عێراق وه‌ك جاری جاران نه‌كاته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و سه‌ركرده‌كان. بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ولا كه‌س نه‌ته‌وانێت موزایه‌ده‌ی ناوخۆیی و موناقسهی ده‌ره‌كی سیاسیی به كیشه‌ی كورده‌وه بكات، پێویسته رێكه‌وتن و په‌یمان به‌ستنه‌كان له رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه بێت، نه‌ك حزب و لاینه سیاسییه‌كان.