
سووتانی کتێب، سووتانی مرۆڤ
نه‌زه‌ند به‌گیخانی – زانکۆی بریستڵ
شاعیری به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی هێنریش هاینه له ساڵی 1821 نووسیویه‌تی: "ئه‌وانه‌ی ئیمڕؤ کتێب ده‌سووتێنن، سبه‌ینێ به ئاسانی مرۆڤیش ده‌سووتێنن". سه‌ده‌یه‌ک دوای ئه‌مه، ئه‌م پێشبینیه راست که‌وته‌وه و نازیه‌کان هاوتا له‌گه‌ڵ ده‌یه‌ها هه‌زار کتێب، چه‌ندان ملیۆن جووله‌که‌یان له ژووره‌کانی گازدا سووتاند.
سووتانی کتێب رووداوێکی ئاسایی نیه و نابێ به ئاسایی لێی بڕوانین. سووتاندنی کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵ له که‌لار رووداوێکی ئاسایی نه‌بوو و ناکرێ وه‌کو کرده‌وه‌یه‌كی تاکوته‌رای کۆمه‌ڵێ گه‌نج، له ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌کانی دیکه سه‌یری بکه‌ین. ئه‌م رووداوه به‌رهه‌می مێژوویه‌کی پڕ له توندوتیژی و رق و ناته‌بایی و ناکۆکی و دوژمنکاریه. ئه‌و مێژووه‌ش ته‌نها مێژووی گه‌نجه‌کانی که‌لار نیه، به‌ڵکو مێژووی هه‌موومانه: هه‌موومان به‌شێوازی جیا رۆژانه توندوتیژی ئه‌زموون ده‌که‌ین و به‌رهه‌می دێنینه‌وه جا چ له‌سه‌ر ئاستی زمان بێ (نووسین و وتن) یا له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی (لێدان، کوشتن و سووتاندنی ژنان، سزای منداڵان)، یا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی (کوشتن و زیندانیکردن و ئه‌شکه‌نجه و سانسۆر).
مێژووی کورد له کوردستانی عێراق بریتیه له مێژووی 40 ساڵ له ئایدیۆلۆژیای ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی رژێمی به‌عس و سیاسه‌تی وێرانکاری و تێک‌شکاندن و کۆمه‌ڵکوژیی خه‌لکی کوردستان؛ بریتیه له مێژووییه‌کی دوورودرێژی شه‌ڕی پارتیزانی که ئه‌گه‌رچی بۆ "ئامانجێکی پیرۆز" بووه، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای کوشتن و له‌ناوبردنی به‌رامبه‌ر بووه؛ بریتیه له ئه‌زموونی خوێناوی راپه‌ڕین و ساڵانێکی زۆری شه‌ڕی ناوخۆ و براکوژی و راوه‌دوونانی یه‌كتری؛ بریتیه له چه‌ندین ساڵ هه‌ژاری و زاڵبوونی توخمی کۆنه‌پارێز و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی؛ بریتیه له شه‌ڕی ساردی نێوان یه‌کیێتی و پارتی که به‌ربه‌ست بووه له‌به‌رده‌م پێکهێنانی حکومه‌تێکی یه‌کگرتووی کارا و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی کاریگه‌ر.
ئێمه‌ی کوردی عێراق له کابووسێکی مێژوویی‌دا ژیاوین و پێی راهاتووین، تا ئێستاش هه‌نگاوی راسته‌قینه نه‌نراوه بۆ سارێژکردنی برینه رۆحی و سایکۆژیهکانمان نه له‌سه‌ر ئاستی تاک نه له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه. به‌رچاوترین دیارده‌ی ئه‌و جۆره کۆمه‌ڵگانه، نه‌بوونی کولتورێکی سیاسیی دیموکراسیه. له جیاتی کولتوری دیموکراسیی پابه‌ند به رێزگرتن له مرۆڤ، له ماف، له ئازادی، هیزێکی کوێرانه‌ی دابونه‌ریت و ئه‌خلاقیه‌تێکی کۆنه‌پارێز کۆمه‌ڵگه به‌ڕێوه ده‌بات. کاتێ سیاسه‌تمه‌داران به ناوی شۆڕش و بزووتنه‌وه و شه‌ڕی "ئازادیخوانهوه" یاری به هه‌ست و سۆزی خه‌ڵک ده‌که‌ن، جه‌ماوه‌ر به بێ رانومایی و ئاراسته‌ی پۆزه‌تیڤ به‌ره‌و یاخیبوون و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و توندوتیژی تاو ده‌ده‌ن، بێگومان مرۆڤه‌کان ئاسایی نابن؛ مرۆڤ له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له حاله‌تێکی سایکۆلۆژیی ناجێگیردا ده‌ژی و ئیدمان بووه به توندوتیژی، به تووڕه‌یی، به تاوانی رقئامێز. تاک له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌ها و بوونی نیه، ئه‌و وه‌کو خود سڕاوه‌ته‌وه و له ئایدیۆلۆژیای گروپدا به دوای ناسنامه‌ی خۆیدا وێڵه و پێویستی به دوژمن و سنور هه‌یه، پێویستی به هاوکێشه‌ی دۆست و ناحه‌ز، هێزی فریشته‌ئاسا و هێزی ئیبلیسی هه‌یه. له‌م ژینگه ناهاوسه‌نگ و ناجێگیر و ره‌ق و بێبه‌زه‌ییه‌دا، ئه‌و به‌وه راهاتووه ژیان له دوو جه‌مسه‌ردا بچووک بکاته‌وه، جه‌مسه‌ری خێر و جه‌مسه‌ری شه‌ڕ. جه‌مسه‌ری ره‌ش و سپی. له نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌دا بوار نه‌ماوه بۆ گفتوگۆ، بۆ تێگه‌ییشتنی قووڵ و لێکدانه‌وه‌ی ئۆبژێکتیڤانه، بۆ خۆشه‌ویستی و قبوڵکردنی یه‌کتری، قبوڵکردنی جیاوازی، بۆ هاوکاری و دۆستایه‌تی و به‌خشنده‌یی (ئه‌وه‌ی وه‌کو من نه‌ژی، وه‌کو من بیر نه‌کاته‌وه، وه‌کو من نه‌نووسێت و ره‌فتار نه‌کات، ئه‌وه دوژمنه و ده‌بێ ریسوا بکرێت، له‌ناوببردرێت).
حکومه‌ت له جیاتی ئهوههی ئه‌م رووداوه بچووک بکاته‌وه و وه‌کو به‌رهه‌می کاری ده‌سته‌یه‌ک له لایه‌نگیرانی گۆڕان ببینێ، پێویسته به وردی سه‌رنج بداته ئه‌م دیارده‌یه و دیارده هاوشێوه‌کانی دیکه‌ش. پێویسته داموده‌زگا حکومیه‌کان توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه له‌سه‌ر ئاستی سایکۆلۆژی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی بۆ ئه‌و توندوتیژیانه بکه‌ن و سروشت و خاسیه‌ته‌کانیان دیاریبکه‌ن و به‌پێی ئه‌مه‌ش ستراتیژیه‌ت و پێوه‌ری گونجاو دابنێن بۆ چاره‌سه‌رکردن. به‌ڕای من ئه‌وه‌ی ئیمڕؤ له سه‌ر شانۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی رووده‌دات حاله‌تیكی سایکۆپاتۆلۆژیه و پێویستی به چاره‌سه‌ری جدی و قووڵ و خێرا هه‌یه.ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، ژماره 549، 9/8/ 2009، ل3 دا بڵاوبۆته‌وه.