چۆن له دیارده‌ی کتێبسوتاندن تێبگه‌ین
له‌ماوه‌ی ڕابردووی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان، ژماره‌یه‌ک گه‌نج کتێبه‌کانی د. فه‌رهاد پیربالیان کۆکردنه‌وه و سوتاندیان، ، له چه‌ند شوێنێکی دیکه‌شه‌وه چه‌ندین ده‌نگی پشتیوانیمان بۆ ئه‌و ڕه‌فتاره و دژهڕهفتارهوه بیستن. هه‌م پشتیوانیکردن له‌و حاڵه‌ته و هه‌میش سه‌رکۆنه‌کردنی، له دووتوێی کاردانه‌وه‌یه‌کی سیاسیه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرت و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سهریام له‌و ڕووه‌وه نه‌بینی؟ تا ئێستاکه نه‌مانزانی بۆ ژماره‌یه‌ک گه‌نج به کتێب سوتاندن ئاماژه به ناره‌زایی خۆیان ده‌که‌ن؟ چۆن ده‌کرێت لهڕهفتارێکی له‌و جۆره تێبگه‌ین؟ ئه‌و هۆکارانه چین که ژماره‌یه‌ک گه‌نج هێنده توڕهبکهن و په‌نا بۆ ئه‌و جۆره توندوتیژیه ببه‌ن؟ لێره‌دا من کارم به‌سه‌ر ناو و شوینی هیچێک له‌و دوو لایه‌نه‌دا نیه، به‌ڵکوو له‌به‌رده‌م دیارده‌یه‌کداین و ده‌مانه‌وێت تێی بگه‌ین، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م ته‌نها باس له یه‌ک هۆکاری دوولایه‌نه یا دووسه‌ره بکه‌م، کهبههۆکارێکی گشتگیری گرنگی ده‌زانم بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و جۆره ڕه‌فتارانه، هه‌ڵبه‌ت هۆکاری دیکه‌ش هه‌ن و ده‌کرێت له ده‌رفه‌تی دیکه‌دا له‌سه‌ری بوه‌ستین، ئه‌وه چش له‌وه‌ی که خودی تاکه‌کان و شوێنه‌کانیش کاریگه‌ری خۆیان هه‌یه له‌و کێشه‌یه‌دا و ده‌کریت به تایبه‌تتر قسه‌یان لێبکرێت.
ئێمه له‌و حاڵه‌ته‌دا له‌به‌رده‌م دوو جۆر ڕه‌وشی جیاوازداین، یه‌که‌میان ڕه‌وشی گشتی ئه‌و کۆمیونیتێیانهیه که کۆمه‌ڵگای کوردستانیان لێپێکدێت، له‌به‌رده‌م چه‌ند نۆرمێکداین که کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌فتار و ئاکاره‌کانی رۆژانه‌ی تاکه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌یه و له‌هه‌موو سات و کاته‌کاندا ئه‌و نۆرمانه ئه‌کتیڤن و ناکرێت هیج ڕه‌فتارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به شێوه‌یه‌کی دابڕ له‌و نۆڕمانهوه بخوێنینه‌وه و تاماشایان بکه‌ین. ڕه‌وشی دووه‌میش که ئه‌و نۆرمانه خورتتتر و گه‌رمتر ده‌کات و پێکهاته‌کان به‌گه‌وره و بچوکیانه‌وه ده‌وڕوژێنێت، ئه‌ویش ڕه‌وشی هه‌ڵبژاردنه، که ئه‌کته‌ره سیاسیه‌کان دێنه گۆڕه‌پان و به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تتر له‌هه‌موو کاته‌کانی دیکه هه‌وڵی دانانی کاریگه‌ری خۆیان ده‌ده‌ن و هه‌ر یه‌کێک له‌و ئه‌کته‌رانه ده‌یانه‌وێت ڕۆژه‌ڤی ڕووداوه‌کان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و هه‌یمه‌نه‌ی سیاسی خۆیاندا بشکێننه‌وه. لایه‌نی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ش له ڕه‌وشێکی وه‌هادا تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگان. له‌و ململانێیه‌دا خاوه‌ن مۆڕاڵ و بێ مۆراڵمان نین، به‌ڵام بۆی هه‌یه ڕه‌فتاری مۆڕالی و نامۆڕالیمان هه‌بن. له‌حاڵه‌تی یه‌که‌مدا له‌به‌رده‌م پڕۆسێسی ده‌سته‌جه‌معی کۆمه‌ڵایه‌تی داین و تاک تیایدا نه ئه‌کته‌رێکی ڕاسته‌قینه‌یه و نه هیچ بوونێکی ئۆتۆنۆمی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. له‌حاڵه‌تی دووه‌میشدا له‌به‌رده‌م ململانێی ههیمهنهدارهکان و هه‌یمه‌نه لهسهرکراوهکانداین و تاک تیایدا ده‌بێته‌وه به سوته‌مه‌نی پێکهاته دهستهجهمعیهکانهوه.
یه‌کێک له‌و نۆرمه خۆسه‌پێنه‌ر و گشتگیرانه‌ی که کۆمه‌ڵگای کوردی پێیه‌وه ده‌ناڵێنێت و تائێستاش بێبه‌شه له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مۆدێرن، نه‌بوونی ئۆتۆنۆمی و سه‌روه‌ری تاکه، تاک به‌مانای که‌س. تا ئێستاش تاک به‌شێکی تاواوهیه له‌ناو ئه‌و پێکهاته و کۆمیونیتێیانهی وه‌کو خێڵ و خێزان و مزگه‌وت و حیزب و ڕێکخراو و گه‌ڕه‌ک و قوتابخانه و تیپی فوتبۆڵێن و تا دوایی پێکهاته‌کان که تاک تیایاندا ده‌ژیه‌ت. واته تاک له‌ناو ئه‌و پێکهاتانه‌دا که‌س نیه، به‌ڵکو به‌شێکی ون و که‌ره‌سته‌یه‌که له‌پێناو خه‌ون و خواسته‌کانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئه‌و پێکهاته‌یه‌ی که تیایاندایه. هه‌موومان گوێمان له خۆشی و ناخۆشیه‌کانی پێکهاته‌کان ده‌بێت، گوێیان بۆ ده‌گیرێت، ڕێز له ههیمهنهداریان ده‌نرێت و تاکه‌کان ده‌که‌نه گڕی دیاربوون و هه‌یمه‌نه‌داری خۆیانه‌وه. یه‌کێکیش له‌و پێکهاتانه حیزبه. لێره‌شدا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و کولتوره له ساڵێک و ده‌ساڵ و بیست ساڵدا کورت بکه‌ینه‌وه، یا پابه‌ندی بکه‌ین به که‌سێکه‌وه. کولتوری هه‌یمه‌نه‌داری پێکهاته‌کان به‌سه‌ر تاکه‌کانه‌وه له‌چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگادا مێژووێکی دوور و درێژی هه‌یه و ڕه‌گ و ڕیشه‌ی بۆ زۆرکۆنتر ده‌گه‌ڕێته‌وه و تا ئه‌مڕۆش ماکینه‌ی ئه‌و پێکهاتانه به‌رده‌وامه له هارینی تاکه‌کان له‌پێناو سه‌روه‌ریه‌کانی پێکهاته‌که‌دا. ئه‌م کولتوره کاردانه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه. تاکه‌کان لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی ناهۆشیارانه جه‌رگی خۆیان ده‌خۆنه‌وه له‌پێناو پاراستنی هه‌یمه‌نه‌داری پێکهاته‌کان. بۆیه خودی تاکه‌کانیش ده‌بنه‌وه به جه‌للادی خۆیان و بێڕێزی به هه‌ر هه‌وڵێكی هه‌ر تاکێکه‌وه ده‌که‌ن که ده‌یه‌وێت ئۆتۆنۆم بێت و وه‌کو که‌س مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کاندا بکات و ڕۆڵی خۆی ببینێت.
له‌و کێڵگه‌یه‌دا دوو بوونمان هه‌ن، یه‌کێکیان پێکهاته‌یه، ئه‌ویدیش تاکه. حیزب له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وه‌کو پێکهاته‌یه‌ک تا ئێستکهش کاربۆ پیرۆزی مانه‌وه و هه‌یمه‌نه‌داری خۆی ده‌کات و خۆی له هه‌مان نۆرمی پیرۆزکراوی پێکهاته‌کانی دیکه‌دا ده‌بینێته‌وه. حیزب له‌دونیای مۆدێرندا ده‌سکاری پیرۆزی و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی که‌سه‌کان ناکات، ده‌ست له ئۆتۆنۆمبوونی که‌سه‌کانه‌وه وه‌رنادات، ده‌ستناخاته ناو کاروباری تایبه‌تیانه‌وه، به‌کورتی که‌س له‌ناو حیزبی مۆدێرندا میکانیزمێکه ته‌نها بۆ ده‌نگ له‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا. نایخاته ناو ململانێ ئادیۆلۆژیهکان و شه‌ری پێکهاته‌کانی دیکه‌ی پێ بکات، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی که حیزب کاری بۆ ده‌کات ئایدیۆلۆژیا نیه، به‌ڵکو ژماره‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه و هه‌مه‌ڕه‌نگن و ده‌یه‌وێت پیانپاریزێت، که له‌ئاکامدا به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو کۆمه‌ڵگا و پێکهاته‌کانی له‌سه‌ر ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام له تێڕوانینی حیزبه‌وه. که‌چی له دونیای ئێمه‌دا، حیزب هێشتا ڕه‌نگه‌کانی ترادیسیۆنی به‌رنه‌داون و ئه‌رکی باوک ده‌بینێت، ئه‌وه حکومه‌ت نیه که به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هاوڵاتی به‌یه‌ک به‌یه‌ک ئاست ده‌پارێزێت، به‌ڵکو حیزب ئه‌و ئه‌رکه ده‌بینێت و درێژه به‌و پیرۆزگه‌راییه ده‌دات. تاکه‌کان له ئاست حیزبی ترادیسیۆندا پۆڵین ده‌کرێن، ئه‌وانه‌ی خۆیان به کوری حیزب نازانن، توڕه‌ییان ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی کتێبی که‌سێک بسوتێنن که تا دوێنێ نه‌ک هه‌ر له‌خۆیان جیاواز نه‌بووه به‌ڵکو نموونه‌یه‌ک بووه بۆ چاولێکردن و شوێنکه‌وتن. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌کان، به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ته‌وه، جیاوازی ده‌خاته نێوان ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی که بۆی هه‌یه هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا وههم بووبێت، چونکه هێشتا ئه‌و په‌یوه‌ندیه له چوارچێوه‌ی پێکهاته‌یه‌کی مه‌عنه‌وی خاوه‌ن سیما و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تدا نه‌بووه. لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و گه‌نجانه له دووڕیانێک و هی ئه‌و نوسه‌ره‌ش له دووڕیانێکی دیکه‌دا ده‌که‌وێته‌وه. که ناتوانین هیچێک له‌و دوو به‌رژه‌وه‌ندیانه به مۆڕال یا بێ مۆرال له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین. ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت که هیچ حیزب و قه‌واره‌یه‌ک له هه‌رێمی کوردستاندا نه به‌ر له هه‌ڵبژاردن و نه دوای هه‌ڵبژاردنیش، له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه تا ئه‌و چرکه‌ساته‌ش پڕۆژه‌یه‌کی سه‌ریای بۆ ئه‌و پرسه پێبێت، به‌ڵکوو درێژه‌پێده‌ری هه‌مان ئه‌و کولتووره‌ن که پۆلێنی تاکه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای نۆرمه‌کانی کۆمیونیتێ نه‌ک هاوڵاتیبوون ده‌کات. بۆیه ئه‌و تاکانه له قه‌واره‌یه‌که‌وه ڕاده‌که‌ن بۆ قه‌واره‌یه‌کی دیکه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ باسوخواسێکی بۆ گه‌ردوونی ئۆتۆنۆمبوونی ئه‌و گه‌نجانه‌ی پێبێت، که به‌ڕای من تا تاک بوونێکی سه‌ربه‌خۆی ئۆتۆنۆمی ته‌واوی نه‌بێت، ناکرێت پێ بنێته قۆناغی که‌سایه‌تی و بتوانێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی به‌ده‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیه ده‌سته‌جه‌معیه‌کان فۆرموله بکات.
کێشه‌ی کتێبسووتاندن جیا نیه له‌زۆر کێشه‌ی دیکه‌ی که ڕۆژانه ڕووده‌ده‌ن و به‌سه‌ریاندا گوزه‌رده‌که‌ین. ئه‌م ڕه‌فتاره‌ش به‌هه‌مان شێوه پێشێلکردنی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی تاکه‌کانه. لێره‌دا له‌به‌رده‌م نه‌بوونی توانای جیاکردنهوهین له‌نێوان ڕه‌فتارێکی سیاسی و که‌سێکی نوسه‌ر. نوسه‌ر لێره‌دا له تایبه‌تیه مرۆیه‌کانی خۆی دهشۆرێنرێت و مافی ئه‌وه‌ی نیه ڕاوبۆچوونی سیاسی خۆی هه‌بێت و وه‌کو که‌سێک ڕه‌فتار بکات، واته نوسه‌ر نابێت نوسه‌ر بێت و له‌شوێنێکی دیکه‌شدا سیاسی، نابێت حه‌زێکی دیکه‌ی جیاوازی له‌و ده‌سته‌جه‌معیه هه‌بێت که حیزب یا تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا هه‌یانه. له‌دیدی ئه‌وانیدیدا ئه‌و هه‌ر تاکه و نابێت ئۆتۆنۆمیانه بیربکاته‌وه و ڕه‌فتار بکات، ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی ئه‌و نوسه‌ره له دیوێکیدا که له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێکدایه، پاڵه‌وانێتییه و له دیوێکی دیکه‌شدا خیانه‌ته. هه‌ر بۆیه‌شه حیزب سوود له‌و تاکایه‌تییه‌ی ئه‌و نوسه‌ره وه‌رده‌گرێت و ده‌یکاته میکانیزمێک بۆ پیرۆزی خۆی، چونکه وه‌کو گوتمان نوسه‌ر لێره‌دا به‌شێکه له پێکهاته‌یه‌ک. له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌که‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی پێکهاته‌یه‌کی دیکه و هه‌ڵوێستی ئه‌و که‌سه وه‌کو که‌سێکی ئۆتۆنۆم ته‌ماشاناکرێت و ده‌بێت له‌وێشدا توانای هه‌ڵبژاردنی نه‌بێت. ده‌بێت له‌وێشدا هه‌ر نوسه‌ر بێت و به‌شێک بێت له‌وانه‌ی که په‌یوه‌ندیه‌کی تایبه‌تی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه. په‌یوه‌ندیه‌کی باوکسالاری، چونکه مامۆستایان بووه یا ڕۆڵی بینیوه له دروستکردنی هه‌ڵوێستێکی سیاسی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌دا، بۆیه ده‌بێت له هه‌لوێستی سیاسی خۆیدا بمێنێته‌وه و گرێدراوی ئه‌وانی دی بێت، چونکه به تێڕوانینی ئه‌وان ده‌که‌وێته به‌رده‌م پهرپرسیاریهتێکی مۆڕاڵی که ئه‌قڵی کۆلـلهکتیڤ دروستی ده‌کات.
لێره‌شدا ئێمه له‌به‌رده‌م دوو قوربانیداین، که هه‌ردووکیان قوربانی ئه‌قڵی کۆللـهکتیڤن و ڕێگا به ئۆتۆنۆمبوونیان نادرێت. دوو قوربانی ده‌بنه‌وه جه‌للادی یه‌کدی و ڕێز له تایبه‌تیه‌کانی یه‌کدی ناگرن، به شێوه‌یه‌کی هۆشیارانه بێت یا به‌شێوه‌یه‌کی ناهه‌ش. هه‌ردووکیان قوربانی ئه‌و نۆرمانه‌ن که شه‌وی تاریکی تاکه‌کان درێژه پێ ده‌ده‌ن و نایه‌وێت تاکه‌کان گوزه‌ر بکه‌ن به‌ره‌وبوون به که‌س.
• ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی (4946) ی کوردستانی نوێ‌دا بڵاوبۆته‌وه.