هه‌ڵبژاردن و ئیتیكی رۆژنامه‌نووسی … نوری بێخاڵی
روانگه
له حیكمه‌تێكدا هاتووه ده‌ڵێ " باشتره هه‌ڵه بیت، له‌وه‌ی دوو روو بیت"، بۆیه ئه‌و په‌نده‌م كرده ده‌روازه، تا لێیه‌وه وردتر بچمه سه‌ر مه‌به‌ستی قسه‌كانم، له باره‌ی ئه‌رك و په‌یام و به‌رپرسیارێتی رۆژنامه‌نووسی له ئاستی رووداو و پێشهاته‌كاندا.
یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی ده‌توانێ روونتر سیمای ژیانی دیموكراسی پرۆسه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه نیشان بدات، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنن، ئه‌و كه‌ناڵانه‌ش به‌بێ ره‌چاوكردنی پره‌نسیپه‌كانی ئیتیكی رۆژنامه‌نووسی، ئه‌سته‌مه بتوانن به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌و به‌رپرسیارێتییه قوڕسه خۆیان رابن.
به شێوه‌یه‌كی گشتی، راستگۆیی و وردبینی و هاوسه‌نگی و بابه‌تی بوون، به بنه‌ما هه‌ره له پێشینه و كۆڵه‌گه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئیتیكی رۆژنامه‌نووسی داده‌نرێن، بۆیه هه‌ر كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن، ئه‌گه‌ر له رووی پابه‌ندی ویژدانی و ئه‌خلاقی و به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه ره‌چاوی ئه‌و بنه‌مایانه نه‌كات له كاركردنیدا، به تایبه‌تی له رووماڵكردنی رووداوه‌كانی هه‌ڵبژاردن و چاودێریكردنی پرۆسه‌كه، ئه‌وا جگه له‌وه‌ی ناتوانێ سه‌روه‌رییه‌كی مه‌زن بۆ خۆی تۆمار بكات، به‌ڵكو ده‌بێته هۆی ناشیرینكردنی خودی پرۆسه‌كه‌ش و دوور نییه ببێته مایه‌ی له‌باربردنی ته‌بایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه، كه به‌مه‌ش له په‌یامه ژیاندۆستییه‌كه‌ی خۆی دوور ده‌كه‌وێته‌وه.
به‌داخه‌وه تا ئه‌و چركه‌ساته‌ی تێیدان، هه‌ر یه‌ك له‌و بنه‌ما گرنگانه به كه‌مترین رێژه و ئاست له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی كوردی ره‌نگیان داوه‌ته‌وه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین زۆر به ده‌گمه‌ن ئاماده‌ییان هه‌یه، كه دواجار وێڕای نا پڕۆفیشناڵیه‌تی رۆژنامه‌نووس خۆی، به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ش ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌ناڵه‌كان، روونتر بڵێم ئه‌و نا ئاماده‌ییه‌ی بنه‌ماكانی ئیتیكی رۆژنامه‌نووسی له ماس میدیاكانی كوردستاندا به‌رهه‌می سیاسه‌تی كورتبین و تاك ره‌هه‌ندی سه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌ناڵه‌كانه، تا ئه‌وه‌ی زۆرجار له‌ژێر ئه‌وپه‌ڕی كاریگه‌ری وروژێنه‌ره ئایدیۆلۆژی و ئینتما كۆمه‌ڵایه‌تی و باوه‌ڕسالارییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان دان، به مانایه‌كی تر و به داخه‌وه راگه‌یاندنی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی كارتێكراوه و چۆته ژێر باری چه‌ند پێشمه‌رج و بیركردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌نده كارتێكه‌ر نه‌بووه و نییه.
رۆژنامه‌نووسی كایه‌ی دروستكردنی پاڵه‌وان نییه، رۆژنامه‌نووسی بریتی نییه له بوێری و ئازایه‌تی، وه‌ك ئه‌و شێوه ته‌وزیفكردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستان بۆی ده‌كرێ، به‌ڵكو رۆژنامه‌نووسی بریتییه له به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر ئێستا و ئایینده‌ی كۆمه‌ڵگه و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی پرده‌كانی متمانه‌ی نێوان كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات، بریتییه له چاودێریكردن و ئاگاداركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له كه‌مته‌رخه‌می و كه‌موكوڕییه‌كانی و چاندنی تۆوی به‌رپرسیارێتی و ئینتما له ناخی تاكه‌كان و هوشیاركردنه‌وه‌یان به ئه‌رك و مافه‌كانیان، بریتییه له به‌رهه‌م هێنانی گوتارێكی ژیاندۆستانه و په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆییانه‌ی نێوان تاك و گروپ و پێكهاته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه و چه‌سپاندنی یاسا و قوڵكردنه‌وه‌ی دیموكراسی و گیانی یه‌كترخوێندنه‌وه و قه‌بوڵكردنی جیاوازییه‌كان.
به گوێره‌ی تیۆره‌كانی رۆژنامه‌نووسیش، ئه‌مڕۆ تیۆری به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی له پێشه‌وه‌ی تیۆره كارپێكراوه‌كانی دونیای رۆژنامه‌گه‌ری دێت له دونیادا، كه له توێی ئه‌و تیۆره‌دا كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌گشتی و رۆژنامه‌نووس به تایبه‌تی له راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاوازدا ده‌كه‌ونه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی، به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه و به‌هاكانی، به‌وه‌ی په‌یامێكی ژیاندۆستی دوور له (ئاژاوه نانه‌وه و دنه‌دان و سوكایه‌تی پێكردن و ناوزڕاندن و …) ئاراسته بكه‌ن، هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتی له به‌رامبه‌ر خودی خۆیان، له پێناو پاراستنی بڕوا و متمانه‌ی وه‌رگر به په‌یامه‌كه‌یان، له ره‌چاوكردنی (وردبینی و بێلایه‌نی و راستگۆیی و بابه‌تی بوون و ….)، ره‌چاونه‌كردنی هه‌ریه‌ك له‌م به‌رپرسیارێتییانه‌ش دواجار به زیانی خودی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر به زیانی میدیا و كاركته‌ره‌كانی ته‌واو ده‌بێت.
ده‌مێنێته‌وه بڵێین، له هه‌ڵبژاردندا ئه‌گه‌ر ئاستی هوشیاری تاك بگاته ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئیراده و بڕیاری خۆی بێت و به‌رمه‌بنای ویژدان و دوور له خودپه‌رستی ده‌نگ بدات و هان بدرێ بۆ به‌شداری زیاتر له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، كه هه‌ڵبژاردن به هه‌ردوو ئاستی ده‌نگدان و خۆكاندیدكردن، به‌شێكی ئه‌و به‌شدارییه و مافێكی سروشتی و بنه‌ڕه‌تی هاووڵاتییه، ئه‌وا هیچ كه‌س و گروپ و هێزێك له‌و گه‌مه‌یه‌دا دۆڕاو نییه، چونكه له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان و چه‌سپاندنی یاسا و دیموكراسییه‌تدا هه‌موومان براوه‌ین.