Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
ڕێبین هه‌ردی له‌ئه‌لبومی سیاسه‌تدا…. ره‌حمان غه‌ریب

ڕێبین هه‌ردی له‌ئه‌لبومی سیاسه‌تدا…. ره‌حمان غه‌ریب

Closed
by August 14, 2009 گشتی

 

كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌لبومی ڕۆشنبیری باشوری كوردستان، هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه‌ وێنه‌ی كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیری یاخی ده‌بینین ،كۆمه‌ڵێ  به‌رهه‌می فكری‌و ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ری له‌ده‌رگای هوشیاریمان ده‌ده‌ن، خه‌ڵكێكی سه‌ركێش له‌ناو فه‌زای رۆِشنبیری ده‌بینین، به‌رله‌ له‌ده‌رگای دڵی شكاومان، له‌ده‌رگای هۆشیاریمان ده‌ده‌ن.

وێنه‌ی ئه‌وان، ده‌نگی ئه‌وان، بۆیه‌ بینراوو بیستراو بوو،چونكه‌ به‌زمانی رۆشنبیری به‌ زمانی هزرو ڕاڤه‌ عه‌وداڵی حه‌قیقه‌ت بوون ،نه‌ك به‌ توندڕه‌ویی‌و ئسولیه‌ت‌و زمانی دارو ته‌خته‌. بۆ ئه‌وان حه‌قیقه‌ت خۆی ئامرازێك بوو بۆ گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ت، بۆیه‌ میتۆدی مه‌عریفیان له‌به‌رده‌م جه‌هل‌و زانستدا، له‌ ناوه‌ڕاستی ڕیگا، توشی سه‌رسوڕمان نه‌بوو تا په‌نا بۆ سیاسه‌ت به‌رن ، له‌بری سه‌رسوڕمان هاتن له‌ناو جه‌رگه‌ی بێهوده‌ییدا ئاگریان به‌ردایه‌ خۆڵه‌مێشی تیۆر، نه‌ك پوشوپه‌ڵاشی سیاسه‌ت .
وه‌لێ له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وان ناشیرینیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی به‌ زمانی سیاسییه‌كان، به‌كه‌ره‌سه‌كانی سیاسه‌ت ده‌رنه‌بڕی ، زمانی ئه‌وان زمانی هزری ره‌خنه‌ی مه‌عریفی‌و ئه‌ده‌بی بوو، بۆیه‌ له‌یاده‌وه‌ریماندا ماونه‌ته‌وه‌.
 به‌ته‌نها ئێمه‌ نه‌بوین كاتێك له‌ناوخۆپیشاندانه‌كاندا سنگمان ئه‌دایه‌ به‌ر فیشه‌كی پۆلیس‌و ئاسایشی نه‌خوێنده‌وار، به‌ته‌نها نه‌بوین كاتێك هوتافمان لێده‌دا بۆئاوی خوادنه‌وه‌و ژینگه‌یه‌كی پاك، بۆنان‌و ئازادی، ئه‌وه‌ دڵ‌و بیری زیندوی ڕۆشنبیرانی به‌ ویژدان بوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاواریان ده‌كرد:  وه‌حشه‌كه‌ی ناو شۆرشی كوردایه‌تی، روخساری ئازادی خوێناوی كرد. ئه‌وان بوون داوای ئازادكردنی ئازادیان ده‌كرد له‌ سجنه‌كانی كانی گۆمه‌،نه‌ك ڕۆشنبیری ئه‌مڕۆی دیمه‌نی هه‌ڵبژاردن.

 هه‌ر به‌فه‌لسه‌فه‌ی جوانی ، جوانییه‌ك كه‌ تیایدا حه‌قیقه‌ت سه‌ركرده‌ بوو دركمان به‌مه‌ترسییه‌كانی جه‌هل‌و ناعه‌داله‌تی سیستمی باوكسالاری له‌ سیاسه‌ت‌و حزبایه‌تی كرد. به‌ زمانی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌وان كه‌لێنه‌كانی په‌روه‌رده‌ بونه‌ وێردی سه‌رزاری نه‌خوێنده‌واریش. ئه‌وان هۆشداریان دایه‌ خه‌ڵك له‌مه‌ترسی قه‌ڵه‌وبونی پشیله‌ خرپنه‌كانی نزیك مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كان‌و وه‌زاره‌ته‌كان، ئه‌وان فه‌رهه‌نگی سڕینه‌وه‌ی (ئه‌ویدی جیاواز)یان ریسواكرد. كه‌ ئه‌مانه‌ ریسواده‌كران جارێ  گردێك قسه‌، له‌سه‌ر گردی سیاسی‌و بازرگانی له‌ ئارادا نه‌بون، زه‌مه‌نێكی پڕ له‌ گومان‌و ڕاڤه‌ پڕ له‌خه‌ون بوو، له‌و زه‌مه‌نه‌ جارێ هه‌ندێ ڕۆشنبیری كورد وه‌ك ئه‌مڕۆ، به‌ باوكی مێژویی خۆیان شادو شكور نه‌ببون .ئه‌و ڕۆژگاره‌ جارێ هزری ڕه‌خنه‌گر سه‌ری شۆڕنه‌كردبوو بۆ سیاسه‌ت.

ئه‌وڕۆشنبیرانه‌ بۆ پشتگیریان له‌ئازادی‌و كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌كسان‌و دادوه‌ر، په‌نایان بۆ زمانی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی‌و به‌رپرسی حزبی‌و په‌رله‌مانتاری نوستوو نه‌برد، بۆیه‌ تا دێت پێگه‌ی ئه‌وان له‌ هۆشیاری خه‌ڵك نه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار جێگیرتر ده‌بێت ، پێگه‌ی كۆمه‌ڵێك رۆشنبیری تر له‌دڵی فیئه‌یه‌كی سیاسیدا ده‌مێننه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ڕێبین هه‌ردی ئه‌مه‌یانی هه‌ڵبژارد.

 كاك ڕێبین له‌ژێر كاریگه‌ری (زانستی ده‌رونی به‌كۆمه‌ڵ) كاتێك جه‌ماوه‌ر دوای سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌كه‌ون یان هانده‌رانی تیپێكی فوتبۆڵ كه‌ به‌عوسابێكی به‌كۆمه‌ڵ خه‌می بردنه‌وه‌ی تیپه‌كه‌یانه‌، ئه‌و دوای لیسته‌كه‌ی كۆمپانیای ووشه‌ كه‌وت، پێم وایه‌ چاره‌نوسی ئه‌و رۆشنبیرانه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تدا وه‌ك بیرمه‌ندی گه‌وره‌ (گرامشی) لێدێت، شه‌وان حزبی شیوعی ئیتالیای ته‌لاق ده‌دا، به‌ڕۆژیش زه‌واجی له‌گه‌ڵ ده‌كرده‌وه‌.

 ئه‌وه‌ ته‌نها گێل‌و نه‌فامه‌ كه‌ مافی مه‌ده‌نی ئه‌و له‌ ده‌نگدان‌و ده‌ربڕین ره‌تده‌كاته‌وه‌، ئه‌و ئازاده‌ ده‌نگ به‌ یۆتۆبیاكه‌ی گۆڕان یان دۆزه‌خه‌كه‌ی (هێنری باربۆس) ده‌دات، رێز له‌ ده‌نگه‌كه‌ی ده‌گرم، گرفته‌كه‌ له‌وێدا نیه‌، قسه‌ی من له‌سه‌ر به‌زاندنی سنوره‌كانی گوتاری مه‌عریفیه‌ بۆ ته‌بشیری سیاسی له‌لای كاك ڕێبین. ئه‌و ئامرازه‌كانی ره‌خنه‌ی بۆ سیاسه‌ت نه‌رمكرد، به‌ لێدوانی سیاسی له‌ماڵی ڕاڤه‌وه‌ هاته‌ ژوری یه‌قین، وێنه‌كانی له‌ ئه‌لبومی ڕۆشنبیرییه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ نێو ئه‌لبومی چالاكوانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی، به‌مه‌ش له‌ بری نوێنه‌رایه‌تی كردنی  وێژدانی خه‌ڵك، بووه‌ ویژدانی  قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ناو هه‌ڵبژاردن.

ئه‌مڕۆ كاك ڕێبین له‌ژێر كاریگه‌یی عه‌قڵی سه‌ركه‌وتنی سیاسی لیسته‌كه‌ی ، وه‌ك وته‌بێژو سه‌فیری ئه‌وان قسه‌ده‌كات، دێت به‌قه‌ناعه‌تێكی سیاسی ڕه‌ها  ، په‌لی فكری سه‌ركێش‌و ره‌خنه‌گر بۆ سیاسه‌ت باده‌دات‌و له‌ناو ڕۆژنامه‌یه‌كی سه‌له‌فیدا ده‌یشكێنێ , ئه‌و له‌دوا دیداریشیدا به‌بێ میتۆدی جیاكردنه‌وه‌، هه‌موو چه‌په‌كان ده‌كاته‌ گیرفانی یه‌كێتی‌و پارتی " به‌ تایبه‌تیش پارتی".

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر فكری ڕه‌خنه‌گر له‌فه‌زای ئازادیدا  له‌ ئیجازه‌ بێت‌و ڕێگه‌ بده‌ین سیاسه‌ت قسه‌ بكات. با منیش وه‌ك به‌ڕێزی ئامرازه‌كانی گوزارشت‌و ڕه‌خنه‌ خیانه‌تم لێبكه‌نو بڵێم: ویژدانی ڕێبین هه‌ردیش له‌ گیرفانی نه‌وشیروان مسته‌فادایه‌.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.