
ئێواره‌یه‌ك هه‌ڵئه‌وه‌رێم تۆ لێره‌نیت …. فازیل ئه‌حمه‌د
-1-
ئه‌وه‌نده به ئازاره‌كانمه‌وه موعتادم
زۆر ئێواره شه‌ڕ به ئاسمان ئه‌فرۆشم
شه‌وی عومرم له غه‌ریبیه‌وه ئه‌تكێ و
سپێده‌یه‌ك شه‌رم نایگرێت
****************************
-2 –
كه دوایین ماچم له‌سه‌ر لێوی به‌جێما
ئه‌و ئاوای ووت: ڕه‌نگت له‌سێوێكی سوور ئه‌چێ
ده‌ست به ئێواره‌كانمه‌وه بگره
منیش ووتم: ئیلاهی مه‌رگ بپێچه‌وه
نه‌بادا به‌م شه‌قامانه‌دا هه‌ڵكا
**************************
-3-
من ده‌مزانی سه‌رسپی بوون به‌دیار ئه‌م حه‌رفانه‌وه
نامان گه‌یه‌نێته یه‌قیین
وه‌ره‌و خۆڵه‌مێشه‌كه‌م بده به بایه‌كی غه‌ریب
تا به‌م شه‌كه‌تییه‌وه دڵی زه‌وی نه‌شكێنم
**************************
-4-
ئه‌ی دوا هه‌میین چیرۆكی من
وه‌ره‌و تا له‌م بازاڕی گوناهه‌دا له‌هۆش خۆم چم
گه‌ر نه‌یه‌یت و به خامۆشی ئێواره‌یه‌كم بڵێیت
ئیتر به‌سه ئه‌م ڕۆحه ماندوو بوو
باوه‌ڕناهێنم كه ڕۆحم
له دڵی شكاوی پێغه‌مبه‌ره‌كان ناچێت
-5-
ئه‌ی قه‌صیده جێماوه‌كه‌ی ڕۆحی من
كه تۆ هاتی ڕووم له گوڵه‌كان وه‌رگێڕاو
باخچه‌كانم فه‌رامۆش كرد
ئه‌مێستا بۆ كوێ ئه‌چی؟
ڕوو له سپێده‌ی چ ماڵێ ئه‌كه‌ی
ئاخر هێنده‌ی نه‌ماوه
دڵم به ئێواره‌یه‌كه‌و جێ بمێنێت
-6-
من ده‌مزانی گه‌ر تۆ هاتبای
نه‌هامه‌تیه‌كانم باڵیان ده‌شكا
كه‌ی دێیت؟
با مردن له‌م ماڵه ده‌ركه‌م
كه‌نایه‌وێت ئه‌م وێرانه جێ بهێڵێت
ده‌وه‌ره‌وه با ئه‌م وه‌رزانه هه‌ر بێن و بچن
خودای ئه‌یكرد ئه‌یاندا به یه‌كتردا
-7-
ئیتر باڵنده‌ی هیچ ئومێدێك
له‌سه‌ر دره‌ختی ئه‌م عومره هه‌ڵناكورمێ
هیچ گۆرانییه‌ك ناتوانێـت
شكۆی ئه‌م ته‌نهاییه كه‌م كات و
ده‌ستی زه‌مه‌ن له‌سه‌ر ڕۆحمان هه‌ڵگرێت
-8-
به‌م ناوه‌خته بۆ كوێ ئه‌چی
ڕۆحی ماندووی ئه‌م شه‌قامه بێ‌دار مه‌كه
با كۆتره‌كانی ئه‌م ماڵه نه‌زانن لێره ئه‌ڕۆی
جێم مه‌هێڵه
چرای عومرم واخه‌ریكه شه‌و ئه‌یكوژێ
-9-
ئیتر كه سه‌وزی له باخچه بڕا
ئومێدێك به ماڵی ئێمه‌دا گوزه‌ر ناكا
تكایه
به دۆسته‌كانمان بڵێن
گه‌ر هه‌واڵی یادگارییه‌كانمان ئه‌پرسن
عه‌یامێكه خۆڵه‌میـَش ئومێده‌كانی ئێمه
– 10-
ته‌نها ترین مه‌خلوق بووم له‌یادگارییه‌كانی تۆوه هاتم
هاتم ونامه‌كانت ڕه‌نگی جه‌نگیان گرتبوو
له‌م شه‌قامه بێڕه‌نگه دا غه‌ریبی بۆ كوێ به‌رم
تۆ كه نه‌توانی
له‌نێو ئه‌م ده‌ریای گوناهه‌دا
قه‌تره قه‌تره كۆم كه‌یته‌وه
بۆچی هاتی ؟