ئایا لیستی گۆڕان یه‌كسانه به‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؟
عبدالله مه‌حمود
abdulla.mahmud@gmail.comبه‌دوای ده‌ركه‌وتنی لیستی گۆڕان و به‌شداریكردنی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، باسی وه‌ڕێكه‌وتنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی نوێ به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاتۆته ئارا. تیپێك له نووسه‌ران و كه‌سایه‌تیه سیاسیه‌كانی كوردستان، هاتنه ئارای لیستی گۆڕان یه‌كسان ده‌كه‌ن به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌مه‌ش به فاكتێكی تازه‌ی واقعی كۆمه‌ڵگای كوردستانی نیشان ئه‌ده‌ن.
دیاره نكۆڵی له‌وه ناكرێت، كه شتێك به واقعیه‌تی سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردستان زیاد بووه به‌تایبه‌تیش له سنوری پاریزگای سلێمانیدا. ئه‌ویش هێزیكی سیاسی تازه‌یه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و هیزه سیاسیه تازه‌یه، كه تا ئێستا ناوی لیستی گۆرانه به‌رهه‌می چ واقعیه‌تێكه؟ وه‌ئایا ئه‌مه به‌ڕیكه‌وتنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی نوێیه بۆ گۆڕانی سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی؟ له‌م وتاره كورته‌دا هه‌وڵئه‌ده‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌مه‌وه و دیدیكی تر نیشان بده‌م كه پێچه‌وانه‌ی دیدی تائێستا زاڵی ناو نوخبه "ئیلیت"ی سیاسی و ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگایه، كه‌خه‌ریكن به‌وێنه‌ی جۆریك له شۆڕشی ئایدۆلۆژی تیۆریزه‌ی لیستی گۆران به بزوتنه‌وه‌ی گۆران ده‌كه‌ن.
له‌كه‌س شاراوه نییه كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ بوو به‌ده‌ست گرفته ناوخۆیه‌كانی خۆیه‌وه ده‌یناڵاندو ئێستاش هه‌رده‌ناڵێنی، گرفته ناوخۆیه‌كانی یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌ك چڕ بوونه‌وه كه‌چه‌ندین پرۆژه‌و نامه‌و نامه‌كاری و پێشنیار بۆ ده‌رچوون له‌و ئه‌زمه‌یه خرانه ڕوو، به‌ڵام به‌وهۆیه‌وه كه كێشه ناوخۆیه‌كانی یه‌كێتی قوڵتر‌و به‌رینتر له‌و ڕوانگه‌و دیدو پێشنیار‌و پرۆژانه بوون، بۆیه هیچ كام له گرفت و نه‌خۆشه‌یه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی نه‌ك به‌ره‌و چاره‌سه‌ر وسارێژكردن نه‌برد، به‌ڵكو به‌ره‌و قوڵبونه‌وه‌ی زیاتر برد.
قوڵبونه‌وه‌ی گرفته بناغه‌یه‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌جیا له گرفته ڕێكخراوییه‌كانی خۆی، به‌وێنه‌ی باڵێكی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورد، ئاكامی ئاڵوگۆڕه‌كانی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی دنیا‌و ناوچه‌كه‌و عێراق كوردستان بوو. ڕاپۆرتی بیكه‌ر هاملتۆن، پاشه‌كشه‌ی ئه‌مریكا، فه‌شه‌لی به‌كرده‌وه‌ی فیدرالیزم، بنبه‌ستنی ماده‌ی 140، تێكچونی هاوسه‌نگی هێز له‌گه‌ڵ هێزگه‌لی قه‌ومی و ئیسلامی به‌غدا، تێكچوونی رێكه‌وتنامه‌كان، هاتنه پێشه‌وه‌ی گرفت و كێشه له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی بودجه، ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، یاسای نه‌وت و غاز، چونه ژێر پرسیاری پۆسته‌كانیان له حكومه‌تی مه‌ركه‌زی، مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه، سنور، پرسی هه‌مواركردنی ده‌ستور، په‌یوه‌ندی به دنیای ده‌ره‌وه،….تاد، جگه له‌هه‌موو ئه‌م گرفتانه كه پارتیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا گیرۆده‌یان بوو، هاوكات ڕۆژ به‌ڕۆژیش لاسه‌نگ بوون و لاوازبوونی جێگا‌و ڕێگای یه‌كیتی له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا، یه‌كێتی نیشتمانی كرده قه‌واره‌و هێزێكی ئاماده بۆ ته‌كتول بازیه‌كی نوێ و سه‌ر ئه‌نجام یه‌كێتی به ئاقاری ئینشیقاق "لێكترازان"دا په‌لكێش كرد.
سه‌رئه‌نجام یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لێكترازاو شه‌ق بوو، خۆشبه‌ختانه‌ش به‌هۆی كراوه‌ی دنیای ئه‌مرۆ و چاوله‌سه‌ر بوونی دنیا له‌سه‌ر عێراق و كوردستان سه‌رباری هه‌ره‌شه‌و چاوسوركردنه‌وه‌و نانبڕین و… به‌ڵام لێكترازان و شه‌قبوونێكی سارد ڕوویدا و دوور بوو له پێكداپژانی چه‌كدارانه.
له‌م شه‌ق بوونه‌دا به‌شێكی زۆری سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسه حزبی و حكومی و عه‌سكه‌ری و ئیداریه‌كانی یه‌كێتی بوونه دووبه‌ش، به‌شێكیان له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فاو باقیاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و خه‌تی ڕه‌سمی مانه‌وه.
دیاره له‌تبوونی هێزێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری وه‌كو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌و بنكه جه‌ماوه‌ریه‌وه له ڕێكخستن و لایه‌نگرانییه‌وه، به‌تایبه‌تی له سنوری پاریزگای سلێمانیدا، بوو به هۆی له‌تبوونی ئه‌م بنكه جه‌ماوه‌ریه له ڕێكخستن و لایه‌نگرانیشیاندا به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، به‌ره‌یه‌كی تازه كه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ناوی خۆی نا لیستی گۆران و له‌گه‌ل یه‌كێتی نیشتمانیش.
گه‌مه و كه‌ش و هه‌وای بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هێنانه گۆڕی دروشم و بانگه‌شه‌و به‌ڵێنی هه‌مه‌ڕه‌نگی لایه‌نه‌كان، ده‌روازه‌ی كرده‌وه تا به‌ره‌ی جیابووه‌وه له‌یه‌كێتی، به‌تایبه‌تیش ڕیزێك نووسه‌ر و رۆشنبیر‌و كه‌سایه‌تی سیاسی به‌ناحه‌ق ناوی لیستی گۆڕانیان، كه باڵی جیابوه‌وه بوو له یه‌كێتی كه‌وتنه تیۆریزه‌كردنی ئه‌وه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له كوردستان هاتۆته مه‌یدان و داینه‌مۆكه‌ش لیستی گۆرانه. هێنانی 25 كورسیش له‌هه‌لبژاردنه‌كاندا به‌ده‌نگی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانخوازی بزانن، له‌كاتێكدا هیچ له‌وه ڕۆشنتر نییه ده‌نگی ئه‌ندامان و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بوو به‌دووبه‌ش و به‌شیكی لیستی گۆران بردی، ئه‌مه‌ش هیچ په‌یوه‌ندی به بزوتنه‌وه‌ی گۆران!!ه‌وه نییه.
دیاره له كه‌ش و هه‌وای گه‌رمی هه‌لبژاردنه‌كاندا، خه‌ڵكانێكی بیلایه‌نیش هه‌بوون ده‌نگیان داوه به لیستی گۆڕان. به‌ڵام ئه‌مه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی یه‌كێتی و پارتی و ناڕه‌زایه‌تی بووه له‌وان، نه‌ك قبوڵكردن و هه‌ڵبژاردنی لیستی گۆران به‌وێنه‌ی باڵێكی جیابوه‌وه‌و هه‌ڵگری گۆڕانخوازی.
هه‌روه‌كو بۆ هه‌موو كه‌سێكی هوشیاریش چاوه‌ڕوان ده‌كرا، ڕیزێك له نووسه‌رو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی ناسیونالیست‌و ڕاستڕه‌و، وه‌كو هه‌میشه ڕاسته‌وخۆ یان شه‌رمنۆكانه بوونه به‌شێك له‌گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌و نێوه‌شدا ڕیزێك له‌م نووسه‌رو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه به قازانجی لیستی گۆران و كه‌وتنه به‌خشینه‌وه‌ی وه‌هم و خۆشباوه‌ڕی به‌وه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی پێكردووه، بێئه‌وه‌ی به وشه‌یه‌كیش بێت، ناوه‌ڕۆكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سیماكانی، پێشینه‌كه‌ی، دروشمه‌كانی، تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی، كه‌سایه‌تی و ڕابه‌ره‌كانی، په‌یامه‌كان و جیاوازیه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی…. ڕابگه‌یه‌نن. به‌م ڕه‌دوكه‌وتوویه سیاسییه‌ش بوونه یه‌كه‌مین قوربانیانی ئه‌م گه‌مه سیاسی و لیكترازانه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی.
وتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه قڵشت كه‌وتۆته نێوان ده‌سه‌ڵات وخه‌ڵك، حزب ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای هه‌موو جومگه‌كانی ژیانی كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی و ئابوری وفكری و كه‌لتوری و وه‌رزشی و ….حزب گوێ ناگرێت، گه‌نده‌ڵی و دزی و تاڵانی و هه‌ڵوشینی داهاتی كۆمه‌ڵگا حزب ده‌یكات، لاوان به فه‌رامۆشی سپێردراون… ئه‌م عیباره‌تانه بوون كه پێشتر نووسه‌رانی ئازادیخواز و ڕادیكاڵ چه‌پ و ئه‌نتی ناسیونالیست، به‌وپه‌ری جه‌رائه‌تی شۆرشگێڕانه‌وه به‌یانیان كردبوو نیشانیان دابوو، وه له‌وه‌ش واوه‌تر خه‌ڵك بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌م دۆخه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌یان خۆپیشاندان و مانگرتنی وه‌ڕێخستبوو، خه‌ڵك له پێناویدا نانی بڕابوو، زیندانی كرابوو، ته‌قه‌ی لێكرابوو، قاچیان بڕابۆوه‌و كوژرابوو.
ئه‌م به‌ڕێزانه به‌هۆی پاشكۆیی وته‌نگه‌نه‌فه‌سی و كورتبینی سیاسیان ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری و خواستی گۆرانی خه‌ڵكیان لێببوو به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. له‌كاتێكدا ناڕه‌زایه‌تی و خواستی گۆڕان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆران مه‌ودایه‌كی فراوان له نێوانیاندا هه‌یه.
بزوتنه‌وه‌ی گۆران، چۆن ناتوانێ بزوتنه‌وه‌یه‌كی خۆبه‌خۆ بێت، ئاوهاش ناتوانێ بزوتنه‌وه‌یه‌ك بێت هه‌ڵگری هه‌مان په‌یام دروشمی زاڵ و گشتی ناو كۆمه‌ڵگا بێت. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به پێچه‌وانه‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌كه بۆگۆڕینی كاراكته‌رو دروشم و ختابی زاڵی كۆمه‌ڵگا، به خیتاب و دروشمی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی تائێستا بووه، وه هه‌وڵێكی له‌خواره‌وه‌ی خه‌ڵكه بۆ بازدان و "عبور" تێپه‌راندی دۆخی باو و زاڵ.
به‌كورتی به بزوتنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وترێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه‌له‌سه‌ر ئاستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بۆ ئاڵوگۆرێكی ڕیشه‌یی وه‌ڕێكه‌وتبێت.
به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌خواستی گۆڕان له كوردستان خواستێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ بوونی به بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌كرده‌وه‌ی گۆڕانخوازی له‌گه‌ڵ ده‌یان گرفت و هێزگه‌لی كۆنه‌په‌رستی قه‌ومی- عه‌شیره‌تی و و قه‌ومی میلتانتی-عه‌شیره‌تی و هێزگه‌لی كۆنه‌پارێزی ئیسلامی ڕوبه‌ڕووه.
له‌ونێوه‌دا لیستی گۆڕان، نه‌ك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به خواستی گۆڕان و به‌و هه‌وڵانه‌وه نییه بۆ وه‌ڕێخستنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه چه‌ندین ساڵه له ئارادایه، به‌ڵكه وه‌كو باڵێكی جیابوه‌وه‌ی توندڕه‌و له‌یه‌كێتی، زۆر له خه‌تی ڕه‌سمی یه‌كێتی دواكه‌وتوترو ده‌ست و دامێنگیرتری كۆنه‌په‌رستییه.
وه بێگومان یه‌كێك له كۆسپه‌كانی به‌رده‌م گۆڕان و به‌رده‌م هه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك بۆگۆڕانی واقعی و ڕیشه‌یی، ڕوانیین و دیدی كاركته‌ره‌كانی لیستی گۆڕانه.
دیاره لیستی گۆڕان، بۆ درێژه‌دان به‌خۆی و مانه‌وه‌ی پێویستی به‌وه‌یه له زوترین كاتدا ببێته قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و چواچێوه‌یه‌كی ڕێكخراوه‌یی بۆچونه ناوكایه و ململانێی سیاسی به‌خۆی بدات. ئه‌گه‌ر نا لایه‌نگران و هێزه‌كانی ده‌گه‌رێنه‌وه ناو ماڵه باوانیان یان سه‌رگه‌ردان ئه‌بن. هه‌روه‌ها لیستی گۆڕان ئێستا تێكه‌ڵه‌یه‌كه له بیروبۆچون و هێڵی فكری و سیاسی جیاواز جیاواز به‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت دژ به‌یه‌كیش، ئه‌م تێكه‌ڵه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر بۆ به‌ره‌یه‌ك یان پێكهاته‌یه‌ك بۆ كاری هاوبه‌ش له‌سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی هاوبه‌ش دروست بێت، به‌لام بۆ حه‌یاتی ڕێكخراو حزبی سیاسی، نه‌شیاو نه‌گونجاوه و به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری ته‌مه‌ن كورته. بۆیه ئه‌م ره‌وته جیابوه‌وه له‌یه‌كیتی نیشتمانی له‌گه‌ل خۆیدا هه‌ڵگری زۆر ناكۆكییه‌و هاوكات ره‌وتیكی پرقه‌یرانه.
به كورتیه‌كه‌ی واقعیه‌تی تازه‌ی كوردستان، به تایبه‌تی له پارێزگای سلێمانی له‌تبوونی یه‌كێتی نیشتمانییه، ئیتر پارێزگای سلێمانی هه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان تیایدا باڵاده‌ست نییه، به‌ڵكه لیستی گۆرانیش به‌شێكه له هێزێكی سیاسی تازه كه له‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جیابۆته‌وه. به‌قه‌باره‌ی خۆیشی له ئه‌ندام و لایه‌نگرو جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی بۆ خۆی بردووه‌و ئه‌م 25 كورسیه كه به‌ده‌ستی هێناوه به‌رهه‌می ئه‌م له‌تبونه‌ی یه‌كێتی یه، نه‌ك هاتنه مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه لیستی گۆران به‌شێك له‌داینه‌مۆكه‌ی بۆبێت.
وه لیستی گۆڕان تا ئه‌م ساته وه‌خته له په‌یوه‌ند به‌هیچ كام له پرسه‌كان و كێشه سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا، هه‌ڵگری هیچ په‌یام و ڕێگاچاره‌و ختابێكی جیا له هێزه قه‌ومیه كوردیه‌كان نییه، به‌ڵكه ئه‌میش باڵێك و لقێكی تازه‌ی هه‌مان بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورده، به‌وینه‌ی یه‌كێتی و پارتی و زه‌حمه‌تكیشان و حسك….كه هه‌ریه‌كه‌یان لقیكی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی- عه‌شیره‌تین. بۆیه چاوه‌ڕوانی له‌وه‌ی كه لیستی گۆڕان بتوانێت كارێك بكات كه‌جیاوازی بنه‌ڕه‌تی و ته‌نانه‌ت به‌رچاوی هه‌بێت له‌گه‌ڵ باقی هێزگه‌له قه‌ومیه‌كانی تری كوردستان، چاوه‌ڕوانیه‌كی بێهوده‌یه.
ئه‌ركی نووسه‌ران و ڕوناكبیرانی ئازادیخواز‌و پێشكه‌وتنخواز ئه‌وه‌یه، ئه‌م ڕاستیانه به‌یان بكه‌ن، وه ببنه هه‌وڵێك بۆ وه‌ڕیخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی واقعی بۆ گۆڕانی ڕیشه‌یی، كه كۆی سیسته‌می سیاسی ئێستا ژێره‌و ژور بكات و سیسته‌مێكی پێشكه‌وتنخوازو پشت به‌ستو به ئیراده‌ی خه‌ڵك له جێگایدا دابمه‌زرێنێت، نه‌ك ژماره‌ی حزبه‌كان به‌هه‌مان ناوه‌رۆكه‌وه زیاد بكات.
وه پێویسته ئه‌وڕاستییه به كۆمه‌ڵگا رابگه‌یه‌نرێت كه لیستی گۆڕان، ته‌نها لیستی جیابوه‌وه‌كانه له یه‌كێتی نیشتمانی نه‌ك شتێكی تر، هه‌روه‌ها ئه‌م لیسته به زیانی بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی كوردستانه، چونكه كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆشباوه‌ركراون و لایان وایه لیستی گۆڕان، گۆڕان ده‌كات. بۆیه له خۆشباوه‌ریان بۆ ئه‌م لیسته‌و بانگشه‌كانیان ئه‌گه‌ر بۆماوه‌یه‌كی كورتیش بێت ئه‌م لیسته ئه‌توانێت ئیحتیوای ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكات.
ئه‌وه ئه‌ركی رۆشنبیرانێكی پێشكه‌وتنخوازو شۆرشگێڕه، كه ڕێگه نه‌ده‌ن خه‌ڵكی كوردستان خۆشباوه‌ری بێت به‌م لیسته و بانگه‌شه‌كانی. وه نابێ ڕێگه بدرێت هێزێكی تر به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆكی یه‌كێتی و پارتیه‌وه بۆ چه‌ندین ساڵی تر به‌ڕه‌نگ و ناوێكی تره‌وه خه‌ڵكی كوردستان بكاته زه‌خیره‌ی ئامانج و دروشمه‌كانی كه له بنه‌ڕه‌تدا جیاوازیه‌كی ڕیشه‌یی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیدا نییه.13-8-2009