سوتاندنی وشه‌ی نابه‌رپرس
سوتاندنی ووشه‌ی نابه‌رپرس
– بۆ داکۆکیی له‌و گه‌نجانه‌ی له که‌لار کتێبیان سووتاند –
سیروان عهبدولکێ ده‌ڵێت کتێب قه‌ت و له‌ژێر هه‌ر بیانوویه‌کدا بێت نابێت بسوتێنرێت؟!
گرنگه ئێمه کرداری سووتاندنی کتێب و کرداری هێرش بۆ سه‌ر ئازادیی بیروڕا له‌یه‌کتر جیا بکه‌ینه‌وه و ئه‌م دوانه به‌یه‌ک تێنه‌گه‌ین. مه‌رج نییه هه‌موو کتێبسووتاندنێک هێرش بێت بۆ سه‌ر ئازادیی بیروڕا، به‌ڵکو ده‌کرێت هه‌ڵوێستنواندنێک بێت له‌ئاست هه‌ست به به‌رپرسیارێتیینه‌کردن و دووڕوویی نووسه‌رێک له قسه‌کردندا. سووتاندنی کۆمه‌ڵێک کتێبی نووسه‌رێک له‌سه‌ر قه‌ڵای شێروانه له‌لایه‌ن خوێنه‌رانێکه‌وه هه‌ڵوێستگیرییه‌کی له‌م چه‌شنه‌یه و دروست نییه ئێمه ئه‌و هه‌موو ئیدانه‌یه‌یان ڕووبه‌ڕوو بکه‌ینه‌وه که ئه‌م ڕۆژانه له میدیاکاندا ڕووبه‌ڕوویان ده‌کرێته‌وه.
ئه‌وه لێتێنه‌گه‌یشتن و ته‌عمیمکردنێکی نادروسته ئێمه بێین ئه‌و قسه به‌ناوبانگه‌ی شاعیری ئه‌ڵمانیی هاینریش هاینه که ده‌ڵێت ”له هه‌ر کوێیه‌ک کتێب سووتێنرا، له‌درێژماوه‌دا له‌وێ مرۆڤیش ده‌سووتێنرێت” وا لێکبده‌ینه‌وه که هه‌موو حاڵه‌تێکی کتێبسووتاندن ده‌گرێته‌وه. هاینه کاتێک ده‌ڵێت کتێبسووتاندن، مه‌به‌ستی ته‌نها فیعلی کتێبسووتاندن نییه به‌ڵکو مه‌به‌ستی ئه‌و هێرشانه‌یه که ده‌کرێنه سه‌ر ئازادیی بیروڕا. به مانایه‌کی تر، هاینه کرداری کتێبسووتاندن وه‌ک نموونه‌یه‌ک و وه‌ک مێتافۆرێک بۆ کرداری کۆتوبه‌ندکردنی ئازادیی بیروڕا به‌کار ده‌هێنێت و له ئاکامه ترسناکه‌کانی ئه‌و کۆتوبه‌ندکردنه ئاگادارمان ده‌کاته‌وه، نه‌ک ئه‌وه‌ی به‌حه‌سریی له خه‌ته‌رناکیی سوتاندنی فیزیکیی کتێب ئاگادارمان بکاته‌وه.
وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و ووته‌یه‌ی هاینه زیاد له پێویست هه‌ستیاری کردووین له ئاست حه‌ره‌می کتێب‌دا، به‌تایبه‌ت چونکه هێرشکردنه سه‌ر ئازادیی بیروڕای نووسه‌ران و هه‌وڵی له‌ناوبردنی فیکر و کتێب تائێستاش دیارده‌یه‌کی ڕۆژانه و ته‌واو به‌رچاوی ناو ژیانی سیاسیی وڵاتانی ئێمه‌یه. به‌ڵام ئه‌و کتێبسووتاندنه‌ی که‌لار به مه‌به‌ستی سانسۆر و بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و کتێبانه ئه‌نجام نه‌دراوه به‌ڵکو ئه‌وه ئیقدامێکی ڕه‌مزییه که مه‌به‌ست لێی پیشاندانی ناڕه‌زاییه له‌ئاست دیارده‌ی ”جووتمۆڕاڵیی” و هه‌ست به به‌رپرسیارێتیینه‌کردنی نووسه‌رانی ئێمه. ئه‌و خوێنه‌رانه له‌ئاکامی ئه‌وه‌ی که تۆڵیڕانسیان نییه بۆ دووڕوویی و قسهبهباکردنی نامه‌سئولانه‌ی نووسه‌ران ده‌ست بۆ سووتاندنی کتێبه‌کانیان ده‌به‌ن نه‌ک ئه‌وه‌ی تۆڵیڕانسیان بۆ ڕای جیاوازیان نه‌بێت. به‌ڕای من دڵخۆشکه‌ره خوێنه‌ری کورد گه‌یشتبێته ئه‌و ئاستی هوشیارییه‌ی که ئیتر ئه‌و قسه و هه‌ڵوێسته پڕ له نیفاق و ڕیاکارییانه قبوڵ نه‌که‌ن که ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی کورد بێ هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتیی و ترس له سومعه‌تی ڕۆشنبیریی خۆیان لێره‌وله‌وێ به بای ده‌که‌ن. جارێ پشتچۆڵکردنی خه‌ڵکیی له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرانه‌وه و چوونه‌وه‌یان بۆ ناو باوه‌شی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵانه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی و ئیغرابوونیان به ئیمتیازات دیارده‌یه‌کی وا خه‌ته‌رناکه که گرنگه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستگیریی توند ببێته‌وه. له‌ئاست نووسه‌رێکدا که له شه‌وی به‌ر له هه‌ڵبژاردندا وه‌لائی خۆی ده‌به‌خشێته ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رتاپا گه‌نده‌ڵ، کردارێکی تیژ و ناحه‌قانه نییه گه‌ر که‌سانێک بێن و بڵێن ئیتر ئه‌م نیفاقه‌مان به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێت و ئه‌م کتێبانه‌ت به‌جیددی لێ وه‌رناگرین و شایان به سووتانیان ده‌زانین.
ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار ته‌نها موماره‌سه‌ی ئازادیی بیروڕای خۆیان کردووه، نه‌ک ئه‌وه‌ی هێرشیان کردبێته سه‌ر ئازادیی بیروڕای که‌سانی تر؛ بۆیه کارێکی ناحه‌قانه‌یه ئیدانه‌یان بکه‌ین. ئه‌وان به‌و کتێبسووتاندنه‌یان به نووسه‌ره‌که‌یان نه‌ووتووه که تۆ حه‌قی ئه‌وه‌ت نییه ڕایه‌کی جیاواز له ڕای ئێمه‌ت هه‌بێت، به‌ڵکو ئه‌وان ده‌ڵێن تۆ حه‌قی ئه‌وه‌ت نییه هه‌ر ڕۆژه‌و قسه‌یه‌کی جیاواز له‌وه‌ی دوێنێت بکه‌یت و هاوکات داواش بکه‌یت ڕێز بۆ نووسینه‌کانت دابنێین و وه‌ک نووسینی بێکه‌ڵک سه‌یریان نه‌که‌ین.
ئه‌و که‌سانه‌ی که دژ به ئه‌م جۆره له کتێبسووتاندن ده‌وه‌ستنه‌وه، بێئه‌وه‌ی خۆیان بزانن له‌پێناوی داکۆکیی له ئازادیی بیروڕادا، دژ به پره‌نسیپی ئازادیی بیروڕا کار ده‌که‌ن و دژ به ئازادیی بیروڕای ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌لار ده‌وه‌ستنه‌وه که ده‌یانه‌وێت به هه‌ڵوێستنواندنێک سه‌رکۆنه‌ی نابه‌رپرسیاریی نووسه‌ری نابه‌رپرس بکه‌ن. دروستتره ئێمه قودسییه‌ت بده‌ینه پره‌نسیپی ئازادیی بیروڕا، نه‌ک کتێب.
به‌ڵێ ڕه‌نگه سووتاندنی ئه‌و کتێبانه‌ی که خوێنه‌ر بۆی ده‌رده‌که‌وێت قسه‌ی ناجیددیانه‌یان تیایه کردارێکی دراماتیکییانه بێت، به‌ڵام کردارێکی توندوتیژانه نییه، وه‌ک چۆن زۆرێک ده‌یانه‌وێت وا وێنای بکه‌ن. به‌لای منه‌وه جیاوازییه‌ک نییه له‌نێوان فڕێدانی کتێبێک بۆ ناو ته‌نه‌که‌یه‌کی خۆڵ و فرێدانی بۆ ناو ئاگرێک.
کتێبسووتاندن و کتێبسووتاندن هه‌یه. گرنگه هه‌ڵوێستی ته‌واو توندمان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و جۆره له کتێبسووتاندنه که بۆ هێرشکردنه سه‌ر پره‌نسیپی ئازادیی بیروڕا ده‌ستی بۆ ده‌برێت. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا گرنگه هێرش نه‌که‌ینه سه‌ر ئازادیی بیروڕای ئه‌و که‌سانه‌ی که بۆ ده‌ربڕینی ڕای خۆیان ده‌ست بۆ هه‌ڵوێستی توند (نه‌ک توندوتیژانه) ده‌به‌ن. ئه‌م جۆره‌ی دووه‌میان، وێڕای شێوازه تونده‌که‌ی، ده‌کرێت وه‌ک به‌شدارییه‌کی دراماتیکییانه‌ی بکه‌رانی له دێباتی سیاسیی ناو کۆمه‌ڵگادا و، لێره‌شه‌وه وه‌ک موماره‌سه‌یه‌کی دیموکراتیی سه‌یری بکه‌ین نه‌ک دژایه‌تییکردنی دیموکراتیی.
دیارده‌ی جۆلانه‌کردنی ڕۆشنبیران له‌نێوان ناڕه‌زاییده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به سته‌مکاریی ده‌سه‌ڵات و له‌پڕ چوونه‌وه باوه‌شی ده‌سه‌ڵات دیارده‌یه‌کی باو و کوشنده‌ی ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌یه. دیارده‌یه‌کی وا باو و وا کوشنده‌یه که ڕه‌نگه هه‌ندێک – له‌وانه ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار – گه‌یشتووبێتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که ته‌نها به ڕه‌خنه‌ی نووسراو چاره‌سه‌ر ناکرێت. من به گرفتێکی نازانم ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری ڕه‌خنه‌گر هه‌ر جاره‌و دوای به‌یانکردنی هۆکاره‌که‌ی هه‌ڵوێست له ته‌نها نوسخه‌یه‌کی هه‌ندێک کتێبی ناجیددی وه‌ربگرن و به‌شێوازێک بێ‌حیسابی بکه‌ن، چونکه ئه‌وه حه‌قیقه‌تێکه که هه‌ر ئێستا له کتێبخانه‌ی کوردییدا چه‌ندین کتێبی نووسه‌ری گه‌ڕاوه بۆ لای ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن و ووشه‌ی نابه‌رپرسمان هه‌یه که شایان به‌وه‌ن له سزای ناجیدییه‌تی قسه‌کانی ناویاندا هه‌ڵوێستیان لێ وه‌بگیردرێت و له ڕێوڕه‌سمێکی گشتیی‌دا ئه‌و کتێبانه ده‌رخواردی ئاگر بدرێن.ئۆسلۆ، ١٠ / ٨ / ٢٠٠٩
sirwanebdul@yahoo.com