Skip to Content

Sunday, November 10th, 2024
گه‌نده‌ڵی و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی …. وریا مامڵێسی

گه‌نده‌ڵی و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی …. وریا مامڵێسی

Closed
by August 16, 2009 گشتی

 

مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د له‌ کتێبی زاراوه‌سازی پێوانه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌کات. "گه‌نده‌ڵ ڕوه‌کێکه‌ له‌ ژوره‌وه‌ی یاخود له‌ ڕه‌گه‌کانی عه‌یبی هه‌بێ. تۆ بڵێی گه‌نده‌ڵی بۆ (مرض باطنی) ده‌ست نه‌دات به‌هه‌مه‌ حاڵ هه‌ر زینده‌وه‌رێکی له‌ ژووره‌وه‌ عه‌یبی هه‌بێ گه‌نده‌ڵی بۆ ده‌ست ده‌دات".
ئه‌مڕۆکه‌ زاراوه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ کوردستان زۆر باوه‌و له‌  زمانی سیاسه‌تمه‌دار، ڕۆشنبیر و هاوڵاتی ئاساییه‌وه‌‌، له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی بیستراو و بینراو و خوێندراو‌ ڕۆژانه‌ به‌ر چاو و گوێمان ده‌که‌وێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م زاراوه‌یه‌ بۆ مه‌به‌ستی نه‌خۆشیه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگاکانی باشوری کوردستان به‌کارده‌هێنریت.
گه‌نده‌ڵی ترسناکترین ده‌ردی کوشنده‌یه‌ بۆ کۆمه‌ڵگه‌، ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێکی سیاسی. له‌ مێژوودا ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی نێو سیسته‌مێک زۆر جار هۆکاری سه‌ره‌کی بووه‌ له‌ داڕمانی سیسته‌می حوکمرا. له‌ کۆتایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو هۆکاریکی سه‌ره‌کی داڕمانی سیسته‌می کۆمیونیستی سۆڤیه‌ت و ڕژێمه‌ کۆمیونیسته‌کانی تری ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات گه‌نده‌ڵی نێو خودی سیسته‌مه‌که‌ بوو. هه‌ڵبه‌ت گه‌نده‌ڵی  سیسته‌می سۆڤیه‌ت‌ زۆر لایه‌ن و چه‌مکی هه‌بوو. گرنگترینیان گه‌نده‌ڵی ئابووری و سیاسی بوو. گه‌نده‌ڵی ئابووری له‌ یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت به‌و شێوه‌ سه‌ره‌تاییه‌ (پریمه‌تیڤه‌)ی کوردستان نه‌بوو که‌ خۆی له‌ دزینی راسته‌وخۆی موڵکی ده‌وڵه‌ت ده‌بینێته‌وه‌ به‌ڵکو به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌و پلانه‌ ئابورییه‌دا بوو که‌ له‌ لوتکه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ داده‌ڕیژرا بێ گوێدانه‌ ڕه‌چاوکردنی پێداویستییه‌کانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیان. مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و پارتی کۆمیونیست له‌ هه‌موو بواریکی ژیاندا، نه‌بوونی چاودێر به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ وای کرد بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ به‌رتیل و هه‌ست نه‌کردن به‌ به‌رپرسیارێتی سیامایه‌‌کی به‌رچاوی داموده‌زگاکانی سۆڤیه‌ت بێت.
وه‌ک ئاشکرایه‌ یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و وڵاتانی هاوپه‌یمانی له‌ ئه‌وروپای ڕۆژهه‌لات هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی وڵاتانی سه‌رمایه‌داریان له‌سه‌ر بوو به‌ڵام به‌ زانینی ئه‌و راستییه‌ی که‌ توانستی سه‌ربازی و ته‌کنیکی سوپایی سۆڤیه‌ت بارته‌قای توانستی سه‌ربازی و ته‌کنیکی سوپایی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو، پێمان ده‌ڵێت که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ئه‌و سیسته‌مه‌ داڕمێنێ گه‌ر گه‌نده‌ڵی و که‌موکوڕی له‌ خودی سیسته‌مه‌که‌ نه‌بوایه‌.
‌هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی له‌ ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان زۆر به‌چاوتر و به‌هێزتره بگره‌ هه‌میشه‌ وه‌ک مێردزمه‌یه‌ک له‌ ئاسمانی خه‌و و خه‌یاڵماندایه‌. هه‌روه‌ک مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌ڵێ ‌هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێی ته‌یری ناو قه‌فه‌سه‌ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ده‌وره‌ دراوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زانینی ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ فه‌رمی له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌وڵه‌تی دانی پێدانه‌نراوه‌، له‌ هه‌مان کاتدا به‌رژوه‌ند و ئیراده‌یه‌کی ده‌ره‌کی به‌ده‌ر له‌ ده‌سه‌ڵات و ئیراده‌ی کوردی خوڵقانوویه‌تی. که‌ ده‌زانین گرنگترین شت بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ره‌کییه‌ به‌رژوه‌ندییه‌ ستراتیجییه‌کانی خۆیه‌تی.
به‌ زانینی ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ ‌هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی له‌ سه‌ر هه‌رێم هه‌رده‌م ئاماده‌یه‌، پێگه‌ و ستاتوی هه‌رێم له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی لاوازه، ده‌وجا ده‌بوایه‌ سه‌رکرده‌ و جڵه‌وبه‌ده‌ستانی هه‌رێم شیوازی ڕه‌فتار و حوکمرانیان چۆن بوایه‌ له‌ یه‌که‌م ڕۆژی ده‌سه‌ڵاتییانه‌وه‌؟. به‌ده‌ر له‌ ‌ ‌هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی ده‌بوایه‌ ده‌مڕاستانی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردی خوێندنه‌یه‌کی قوڵ و وردیان بۆ پاشخانی ڕه‌جاڵ و هه‌ژاری ئابووری و سیاسی کورد بکردایه،‌ باش تێبگه‌شتنایه‌ که‌ تا چ راده‌یه‌ک ئه‌و پاشخانی بێده‌سه‌ڵاتیی و داگیرکاری و هه‌ژارییه‌ ‌ ئه‌قڵیه‌ت و  که‌سایه‌تی تاکی کوردی ئافراندوه‌.
سه‌رکرده‌کانی هه‌رێمی کوردستان زۆر به‌ داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌یاندا له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون که‌ به‌شێک له‌و ده‌رده‌ کوشندانه‌ی که‌ تاکی کورد و جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێ بتوانن ساڕیژ بکه‌ن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان زامه‌کانیان قوڵتر کرده‌وه‌. زامی بێ بڕوایی، زامی لاوازی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی، زامی ڕاکردن و دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ وڵات، زامی خۆپه‌رستی و خزمپه‌رستی و ناوچه‌په‌رستی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی حوکمڕانی کوردا پتر به‌هێز و گه‌ش بووه‌.
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد باسیان له‌ ته‌بایی و یه‌کڕیزی ده‌کرد و داوایان له‌ تاکی کورد ده‌کرد که‌ ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ده‌سه‌ڵات بۆ پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێم له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی. بێگومان پاراستنی ئه‌زموون و ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ر له‌ هه‌موو شتیک دێت ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ دیمۆکراسی و ئازادی تاک دێت. پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر ده‌مڕاستانی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان به‌ خه‌می ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ئه‌زموونه‌وه‌ نه‌یه‌ن که‌ پێش هه‌ر تاکێکی کورد سوودی ئابووری و خۆشگوزه‌رانییان له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستکه‌وتوه‌‌، ده‌وجا بۆچی زۆرینه‌ی تاکی کورد که‌ ڕۆژانه‌ به‌ به‌رچاوییه‌وه‌ مافه‌کانی پێشێلده‌کرێ و حورمه‌ت و که‌رامه‌تی ناپاریزرێ و ڕۆژانه‌ له‌ ململانێیه‌کی سه‌ختادایه‌ بۆ دابین کردنی پێداوێستییه‌کانی ژیانی به‌ ته‌نگ ده‌سه‌ڵات و ئه‌زموونه‌وه‌ بێت.
ده‌سه‌ڵاتێک که‌ له‌ گۆمی گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ریدا خنکا بێ‌ ناتوانێ ڕوحی یه‌کڕیزی و ته‌بایی له‌ نێو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا بئافرێنێ، ناتوانی ڕوحی هاوڵاتیبوون و خۆ به‌ستنه‌وه‌ به‌ گه‌ل و خاکه‌وه‌‌ له‌ تاکه‌که‌ندا بئافرێنێ.
گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆ هه‌رێمی کوردستان دووچاری بۆته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ تاکه‌ زامنی ته‌بایی و یه‌کڕیزی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی حوکمیکی عادیلانه‌ی پاکژی دوور له‌ گه‌نده‌ڵیبه‌، دڵفراوانی سنگفراوانیه‌‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو چین و توێژ و بیروڕا جیاوازه‌کان.

وریا مامڵێسی
02-08-2009
ستۆکهۆڵم
   
      
       

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.