پرسیاره‌كانی رۆشنبیر و فه‌زای رۆشنبیری كوردی
ده‌بێت له كوێوه ده‌ست پێبكه‌ین ؟ چۆن پرسیاره‌كانمان به‌رجه‌سته‌بكه‌ین؟چۆن باس له بواری رۆشنبیری كوردی بكه‌ین؟ له‌م بارودۆخه پڕ له كاره‌سات و قه‌یراناوییه‌ی كه زه‌مه‌نێكی دورو درێژی به‌بێ ئاگایی بڕیوه ..زه‌مه‌نێك ئه‌رك و گرنگی رۆژنامه و بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و میدیاكانی راگه‌یاندن و بواری رۆشنبیری چۆن پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌وانی تره‌وه به‌رجه‌سته كردوه ؟ له روداوه مێژویی و كوده‌تا ئهنتۆلۆژیهكاندا چی خوێندنه‌وه‌و ئاماده‌كاریه‌ك كراوه..؟چی عه‌قڵێكی پێكهاته‌یی به‌رجه‌سته كردوه ؟چۆن به‌ڕوی روداوه‌كانی واقیعدا كراوه‌ته‌وه؟ئایاچۆن له‌و ته‌لیسمه بهستهڵۆكیانه ده‌رده‌چێت كه رۆژانه دێنه به‌رده‌می؟چۆن روبه‌ڕوی پرسیاره ئهنتۆلۆژیهكان ده‌بێته‌وه..؟چۆن به‌رهه‌مهێنان له فه‌زا و پانتاییهكانا ده‌كات؟
له‌كاتێكدا كه‌وتوینه‌ته قه‌یرانی بێ پرسیاری و ون بونی روخسار و مه‌رگی جه‌ده‌ل و مه‌عریفه.. ئاساییه بپرسین له‌م تێكه‌ڵاوییه‌ی رۆشنبیری كوردیدا چۆن ڕه‌ش له سپی و گوناه له پاكیزه‌یی جیا بكه‌ینه‌وه؟ كامه‌یه په‌یام و گرنگیه‌كانی رۆشنبیری و رۆشنبیر كێیه؟ له كاتێكدا ئێستا به‌هه‌مو و جنێو فرۆش و داهێنه‌ر و شه‌ڕكه‌ر و كادری حیزب و داهێنه‌ر و گڕوگاڵكهرێك ده‌گوترێت رۆشنبیر‌و نوسه‌ر؟ كه ئه‌مه‌ش هه‌قی ڕه‌وای هه‌ر حیزبێكه كه خاوه‌نی میدیا بێت و بتوانێت فیكری خۆی پیاده بكات..وه هه‌مو كه‌سیش له‌مانه پێی بگوترێت رۆشنبیر.. به‌ڵام لێره ڕۆشنبیریان په‌رده پۆش كردووه ئه‌مانه ئه‌وه‌یان بۆ لواوه كه له ده‌ره‌وه نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس و له مقهڕیش كادری حیزب بن..واته پۆڵینی بواری رۆشنبیری نه‌كراوه.. جگه‌له‌وه‌ش هیچ میدیا و كه‌ناڵ و بڵاوكراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆنیه .. به‌م جۆره‌ش بواری رۆشنبیری ترسناك بوه‌و له‌ناو گۆڕانهكانیشا به سه‌رلێشێواوی ماوه‌ته‌وه ..له‌كاتێكدا رۆژانه لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كان ده‌خوێنینه‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی بهپێشبڕكێی گۆڕانه‌كان و ده‌رخستنی نادیار‌و زانیاری نوێ و هۆشیاركردنه‌وه و عه‌قڵیه‌تی گفت وگۆكهر له‌سه‌ر روداو و په‌یوه‌ندی و ئامراز و هۆكاره‌كانی گه‌یاندن و لێك تێگه‌یشتن له هه‌ڵوێست و ئه‌زمون و فه‌ره‌یی شێواز و مامه‌ڵه‌ی گشتگیری و دۆزینه‌وه‌ی زمانی نوێ كه بمانخاته ژێر شه‌پۆلی بیركردنه‌وه‌و گومان و راڕایی بۆ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی ..هتد.
به‌داخه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌وه زۆریان بۆنی خوێن دایپۆشیون ..بۆ؟ زۆربه‌یان به ئاشكرا ده‌ڵێن: شه‌ڕ..شه‌ڕ..به مانشێت و باسه‌كانیان ئاگری شه‌ڕ كۆده‌كه‌نه‌وه .. هه‌ریه‌كه دژی لایه‌ك ده‌نوسێت .. بۆچی شه‌ڕ.. كێ كێ بكوژێت ؟ ئایا پێكهاته‌ی ئه‌م حیزبه سیاسیانه هه‌ر رۆڵه‌ی كورد نین ..؟كه كاری رۆشنبیر به‌ر له هه‌مو كه‌س خوێندنه‌وه و گۆڕینی وێنه‌ی خۆی و كێشه‌یه له‌گه‌ڵ فیكری خۆیدا..تێكشكاندنی ته‌باییه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات..هه‌ڵوێسته كردنه له‌و شته‌ی كه‌بیری لێده‌كه‌ینه‌وه ..شه‌ڕی ئێستاش جه‌نگی گۆڕانكاریه‌كانه له ده‌ستور و یاسا و پێشكه‌وتنه‌كان..جه‌نگی داهێنان و ئیشكردن و خۆدۆزینه‌وه و پێشبڕكێ و رای جه‌ماوه‌ریه..ئیتر هه‌ر هێزێكی سیاسی ده‌توانێت له‌گه‌ڵا گۆڕانكاریه‌كان بژی گه‌شه ده‌كات و ئه‌وی تری به‌ره‌و پوكاندنهوه ده‌چێت..ئه‌مه‌ش ره‌وایه زۆر هێزی سیاسی كوردی جگه له‌وه‌ی موقهدهرێكن بۆ كورد هیچی تر نین؟ئیتر شه‌ڕ لێره‌وه شه‌ڕی عه‌قڵ و پێشكه‌وتنه و هیچ فه‌زایه‌ك بۆ شه‌ڕی سه‌نگه‌ر نه‌ماوه‌ته‌وه .
به‌داخه‌وه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م سیفاتانه‌ی رۆشنبیر..نه ده‌سه‌ڵاتێك بۆ ره‌خنه هه‌یه و نه وههم بۆ رۆشنبیری و نه خستنه سه‌ر و جه‌ده‌لێك بۆ زانیاری و خوێندنه‌وه‌ی روداوی رۆژانه و ئه‌ركی تری رۆژنامه‌نوسی هه‌واڵ و داهێنانی رۆشنبیری هه‌یه ..كه بواری رۆشنبیری هه‌مویان هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه ده‌ده‌ن .. نوسین گه‌یشتۆته حاڵه‌تێك هه‌قه بڵێین: حورمه‌تێك بۆ قه‌ڵه‌م و نوسین بهێڵدرێته‌وه..چونكه قه‌ڵه‌م مانای عه‌قڵ و ئاشتی بیركردنه‌وه و فڕێدانی چه‌ك و شه‌ڕه‌نگێزیه.. كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه هه‌مووی به ناوی ڕۆشنبیرو بواری ڕۆشنبیریه‌وه ده‌ژمێردرێن كه له ڕاستیدا زۆربه‌ی شه‌ڕی كادری دواكه‌وتوی حیزبه نه‌كو ڕۆشنبیری .. چونكه رۆشنبیر چاوێكی تره بۆ سیاسی و پرۆژه‌یه‌كی جێگره بۆی و له هه‌مو بارێكدا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی به هه‌مو كێشه فیكری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌كانه‌وه هه‌یه..به هه‌مو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه هێزی جوڵانه‌وه و په‌یوه‌ندی وگۆڕانن له‌گه‌ڵا سروشت و واقیعدا . به دۆزینه‌وه و ده‌رخستنی كردار و موماره‌سه‌و ههڵوێستهكانهوه.
لێره‌وه ده‌كه‌وینه نێو تۆڕی ده‌یه‌ها پرسیاری گرنگ ..كه ناكرێت هه‌روا به‌سانایی تێپه‌ڕی ئه‌و كاره‌ساتانه بكرێت و له‌سه‌ر رۆشنبیری كوردیش بكه‌ونه‌وه؟ئێمه زۆر جار له لێكۆڵینه‌وه جیا جیاكانماندا پۆڵینی رۆڵی رۆشنبیرمان كردوه له هه‌مو ئاسته‌كاندا و به‌پێی تیئور و توێژینه‌وه‌كان شیكاریمان كردوه ؟ ئه‌وه‌ی گرنگه ئاشكرایه له كادری حیزبێكه‌وه تا مامۆستا و پزیشك و فه‌رمانبه‌رێك و رێكخراوه پیشه‌ییه‌كان و… تاد رۆشنبیره .. هه‌روه‌كو (عه‌لی حه‌رب) ئاماژه‌ی پێده‌كات رۆشنبیری به‌مانا گشتگیریهكهی دروست كردنی ژیان و كاركردنه له سروشتدا و شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی گه‌یاندن و ئاڵوگۆڕ،به‌م پێه‌ش مرۆڤ بێ رۆشنبیری نابێت .ئه‌گه‌ر له كه‌سانی كاری فیكری بێت یان له‌كه‌سانی كاری ده‌ستی ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تدا مرۆڤ به‌بێ فیكر نیه.
توێژه‌كانی رۆشنبیری زۆر ئاست ده‌گرنه‌وه .. به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه كامه‌یه رۆشنبیری داهێنه‌ر و ئه‌رك و سیفاته‌كانی ؟كام ده‌سته‌یه‌یه كه ئه‌ركی گرنگی گۆڕانیان له ئه‌ستۆدایه؟ كامه‌یه ئه‌و ده‌سته هه‌ڵبژێردراوه‌ی كه به فیكره‌كانیان ئێمه‌و جیهان ده‌گۆڕن .. ؟ چۆن له پانتاییه‌كانی فیكر و مه‌عریفه‌دا كار ده‌كه‌ن؟كام نامه‌یه‌یان پێیه بۆ ئێستا و نه‌وه‌كانی ئاینده؟ چۆن ده‌ڕواننه به جیهانی بون .؟چۆن دیوار و به‌ربه‌سته‌كان تێكده‌شكێنن؟ چۆن ده‌مانخه‌نه ناو گومان و بیركردنه‌وه و پرسیاره‌وه .
چونكه كاری رۆشنبیر تێپه‌ڕاندن و خستنه سه‌ر و ده‌ستنیشانكردنی گرفت و قه‌یرانه‌كان و كێشه و ململانێ و نادیار و شته ونه‌كان و..دامه‌زراندنی چه‌مكی نوێ و تێكشكاندنی چه‌مكه باوه‌كانه.. ئه‌و كه‌سه‌یه كه هه‌میشه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ فیكری خۆیدایه و هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆشنبیری ده‌دات.. لێره‌دا ده‌رفه‌تێ بۆ ده‌سه‌ڵات ئه‌كرێته‌وه كه پێش بكه‌وێت نه‌كو به ستایش و پیاهه‌ڵدان و هێرشی ناڕه‌وا.
ئاشكرایه هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراتی راسته‌قینه زیاتر بایه‌خی به‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌ی رۆشنبیری داوه نه‌كو كه‌سانی ناو حیزب.. به خۆڕایی نیه كه (لینین) كه‌سێكی وه‌كو (پوشكین) به واقیعی تر و باشتر ده‌زانێت له (مایكۆفسكی )كه ئه‌و به‌ده‌نگی شۆڕشی برۆلیتاریا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا كه‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش ده‌پوكێته‌وه .
)1ئه‌گه‌ر به‌وردی چاوێك به زۆر له‌و نوسینانه‌دا بخشێنین كه له رۆژنامه كوردیه‌كاندا بڵاوده‌بنه‌وه .. ده‌بینین ناتوانن جه‌ده‌ل دروست بكه‌ن توانای به دواداچون و پرسیار و توێژینه‌وه و خوێندنه‌وه و به‌دوا چونی رهوداوهكانیان نیه.. جگه له‌وه‌ش كه له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كان گۆنگره و روبه‌ڕوبونه‌وه و چاوپێكه‌وتنیان ده‌بینرێت زۆری پرسیاره‌كان هیچ مانا‌و جه‌وهه‌ری پرسیاریان تیا نیه .. به‌كورتیش بواری رۆشنبیری له قه‌یرانی مه‌رگی پرسیاردایه .
چونكه كه‌سی پرسیاركه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه توانای داهێنانی هه‌یه..خوێنه‌رێكه ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه ده‌یگوێزێته‌وه بۆ پرۆژه‌یه‌كی به‌رهه‌م هێن و به دواداچون و خوێندنه‌وه‌یه بۆئهركه مه‌عریفیه‌كانی.یاخود پێگه‌ی له پرۆژه‌ی گرنگی گۆڕانكاریه‌كاندا.؟
ئه‌م بواره گه‌یشته ئاستێك پێویستی به ته‌قینه‌وه هه‌یه.. هه‌مویشمان ده‌كه‌وینه به‌ر دادگایی كردنی مێژوو .. چونكه ئه‌ركی ڕۆشنبیر گۆڕینی واقیع و به‌ره‌و پێشبردنیهتی بۆ ئاستێكی تر..شكاندنی به‌ربه‌سته‌كانی فیكری چه‌ق به‌ستو دیواره تاریكه‌كان و سنوره‌كانه نه‌كو سه‌رلێشێواندن و چاوبه‌سته‌یی.
ئه‌گه‌ر دیسان چاوێك به میدیا و بواری ڕۆژنامه‌ی كوردیا بخشێنینه‌وه.. ده‌بینین ڕۆژانه زۆربه‌ی لاپه‌ڕه‌كان به باسه سواوه‌كانی مێژوو پاڵه‌وانێتی و لاسه‌نگ بون و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه زانراو و سواوه‌كانی رابردو .. برینداركردن و برین كولاندنهوه و هتد. ڕه‌ش ده‌بنه‌وه ،هیچ بڵاوكراوه‌یه‌ك نیه بێ لایه‌نی خۆی پاراستبێت..بای هه‌ریه‌كه‌یان بۆ لایه‌ك هه‌ڵده‌كات..به بێ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌دواداچون و خستنه سه‌ر و ده‌رخستنی ته‌نگه‌ژه و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قهیرانهكانا بكه‌ن یاخود له پرسیاره‌كانی فیكر‌و مه‌عریفه‌دا سه‌رقاڵمان بكه‌ن1(.
ئێستا ده‌بوو رۆشنبیری كوردی ئاسته‌نگی گرنگی ببڕیایه ڕۆژنامه‌نوسانی كورد پانتاییه گرنگه‌كانی فیكر‌و داهێنانیان به پرسیار‌و به‌دواداچون و گه‌ڕانه‌كانیان پڕبكردایهتهوه. له بواری خۆیان كه زانیاری و داهێنانه له بواری گرنگی شارستانی و به جیهانی بون .
لێره‌وه ده‌توانین بپرسین: چی به دواداچونێك بۆ جوتیارانی كورد هه‌یه؟ چۆن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه وكارهبایان خستۆته ژێر پرسیاره‌وه؟ئایا ده‌زانرێت ژیانی جوتیاران چیه؟كامه‌یه به‌روبومه‌كانیان؟داهات و هاوكاریان؟كه كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره و بۆشاییه‌كی فراوانیان له هه‌مو بواره‌كاندا كردۆته‌وه. یاخود چۆن خوێندنه‌وه‌یان بۆ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و شارستانی و كرێكارانی مه‌عریفه و كرێكارانی راگه‌یاندن كردوه..؟ یاخود له هه‌مو كه‌لێنه‌كانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌لایه‌كی تریش پرسیارمان له سه‌ر بواری رۆژنامه‌وانی رۆشنبیری هه‌یه كه پابه‌ندی داهێنانن له سه‌دان پرسیاری گرنگ كه روبه‌ڕومان ده‌بنه‌وه له كێشه ئه‌نتۆلۆژی و مه‌عریفیه‌كان.
پرسیاره‌كان زۆرن و زمانمان لاڵ ده‌بێت ..له كاتێكدا باری چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی توێژینه‌وه و جه‌ده‌لێكی له‌سه‌ر نیه، ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئێستا له چی ئاستێكدایه؟چی قۆناغێكی له گهشهسهندنهكانا بڕیوه؟به‌ره‌و كوێ ده‌چێت ؟كامه‌یه پێگه‌ی له گۆڕانهكانا؟له مۆدێرنێته و پێش مۆدیرنیتهو به‌جیهانی بون .. ده‌كرێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ناو ئه‌و هه‌مو گۆڕانه باڵایانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا تێپه‌ڕێت و نه‌توانێت گۆڕانێكی ریشه‌یی بكات ..؟!كه ئه‌مه‌ش كاری كه‌سه‌كانی فیكر و توێژه‌ره‌وه‌ی بواره جیا جیاكان و رۆشنبیران و رێكخراوه و دامه‌زراوه رۆشنبیریه‌كان وكاری دانیشتگا و زانكۆكان و نامه‌كانی ماجستێر و دكتۆرایه.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه هه‌مو ئه‌و گۆڕانانه ده‌ره‌كی و روپوش بون و له ناوه‌وه و له رۆحدا نه‌كراون . ئه‌مانه هۆكاره‌كانیان چین و له چیه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتوه..؟بۆچی به‌درێژایی 18 ساڵا نه‌توانراوه به‌ره‌و گۆڕانكاری بچین؟ و ته‌نیا سه‌یرمان كردوه .ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات كه ته‌نیا هه‌وڵی پاوان كردن و كوشتنی رۆشنبیری داوه و زۆربه‌ی كه‌سه‌كانی رۆشنبیریش دامه‌زراوه‌كانیان خسته خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه ،به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌میشه بیر‌و پرسیاریان كوشتوه و ئێمه‌شیان كردۆته سه‌ما كه‌ری پاڵه‌وانێتیه‌كان ،له‌ناو ڕۆشنبیریه‌كی به‌ر ته‌سكی سه‌ره‌تایی حیزبهكانا گێژیان كردوین.
كه ئه‌م هه‌ژانه كاری بواری رۆشنبیری بو كه بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌بێت.. به‌ڵام ئه‌م بواره به‌ره‌و ناو حیزبه‌كان چون و به خۆیان و دامه‌زراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه و بون به جێگری رۆشنبیری و پێگه‌كانیان گرتوه به‌بێ پۆڵینكاری..چی حه‌قێك بو یه‌كێتی نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و زۆر پێگه‌ی تر بچنه ناو ئه‌م حیزبانه‌وه ؟ ئه‌وانه چۆن ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌یان خستۆته ئه‌ستۆ؟چۆن ده‌بێت دام و ده‌زگای ئه‌مانه له نێوان دوحیزبدا دابه‌ش بكرێت..؟ئایا ئه‌مانه‌ش خرانه ئاستی فه‌وج و لیواوه..؟به‌چی حه‌قێك پێگه‌ی رۆشنبیریشیان به‌ش كرد؟. ئه‌وه‌ش پابه‌ندی باری زه‌لیلی له راده‌به‌ده‌ری ئه‌و كه‌سانه‌یه كه‌بونه‌ته جێگری رۆشنبیری و خۆیان كردۆته زمانحاڵ ده‌یانه‌وێت مێژو به سێڕیسكێن و ئاشهبهتهنوره بخه‌ڵه‌تێنن ..بۆیه‌ش ناچارین بپرسین كامه‌یه ماڵی رۆشنبیری كورد..؟هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت نه‌وه‌ی نوێ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات چونكه به‌رپرسن به‌رامبه‌ر به مێژوی رۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یه‌ك .. به‌رامبه‌ر به‌بێ باوك بون و به زۆڵ زانینی زۆربه‌مان .
ئه‌مه كاریگه‌ری گه‌وره‌و كوشنده بو بۆ كورد.. كه جگه له هه‌ڵبژارده‌یه‌كی كه‌می رۆشنبیری له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كه‌وه‌ك (زۆڵ ) سه‌یر كراون ..ئیتر هیچ ناته‌باییه‌ك نه‌بوه و ده‌سه‌ڵاتی رۆشنبیریش به‌رجه‌سته نه‌بوه كه ده‌سه‌ڵاتی ره‌مزیه واته ده‌سه‌ڵاتی قسه و نوسینه به‌رامبه‌ر شمشێر و دارایی وه‌ك (علی حرب) ئاماژه‌ی پێده‌كات . بۆیه‌ش ده‌سه‌ڵاتی رۆشنبیری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بوه كه له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی حیزب‌دا به پاشكۆیه‌تی كاری كردوه .. پرسیاری سه‌ره‌كی ئێمه هه‌مو ئه‌و ره‌وته گرنگانه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌مڕۆ به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاتی كوردیان له ده‌ستدایه ..ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌رپرسه یاخود پێگه‌كانی رۆشنبیری توانایان نیه‌و ته‌نیا له‌م ده‌سه‌ڵاته سودمه‌ندن..؟كوا رۆڵی یه‌كێتی نوسه‌ران و دانیشتگا و زانكۆكان ..؟ هونه‌رمه‌ندان و ریكخراوه پیشه‌یی و رۆشنبیریه‌كان؟كه زۆربه‌یان هه‌ره جێگه ترسناكه‌كانیان له هه‌ردو حكومه‌تدا گرتوه‌و بونه‌ته راگری جێگری رۆشنبیری..
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین: هه‌مو لایه‌ك به‌رپرسن چونكه نه‌ده‌سه‌ڵات ئه‌و رۆڵه‌ی به‌بێ ئینتما داوه به هیچ كه‌س و لایه‌ن و رێكخراوێك و نه بواری رۆشنبیریش ئه‌و توانا‌و كارامه‌ییه‌ی هه‌بوه كه بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌بێت.ئه‌مه‌ش به هۆی ده‌مامكی ده‌سته رۆشنبیریه‌كان و پاشقولگرتنیان له بواری رۆشنبیری و به حیزبی كردنی پێگه‌كان. ئه‌گه‌ر رۆشنبیرانی كورد ئه‌و كاره‌ساته‌یان به رۆشنبیری نه‌كردایه ئه‌وا ئێستا دۆخێكی ترمان ده‌بو .. ئه‌مه‌ش مانای به‌رپابونی شۆڕشێكی به‌رفراوانه له هه‌مو بواره‌كاندا كه تا ئێستا كورد نه‌یكردوه . چونكه پێویستی گۆڕانكاری ده‌بێت ره‌گی دره‌ختیش بگرێته‌وه..كورد تا ئێستا به شداری هیچ شۆڕشێكی پیشه‌سازی و بۆرژوازی و كشتوكاڵی و ریشه‌یی نه‌كردوه هه‌روه‌ك (فیصل دراج) ئه‌و ره‌خنه‌یه له فه‌زای عه‌ره‌بی ده‌گرێت ..ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كاره‌ساته كه به‌رده‌وام له جیهان به دابڕاوی و له ناوخۆشدا بهدواكهوتویی ماوه‌ته‌وه ..ئه‌وه‌شی كه گرنگه شۆڕشی رۆشنبیریه كه پێویستی و گرنگی ئێستایه و پێویسته رۆشنبیری هه‌ڵبژارده ده‌ربكه‌وێت و دایناسۆره‌كانی رۆشنبیری كوردی په‌رده‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵبماڵرێت..و بواری رۆشنبیری كوردی له هه‌مو ئاسته‌كاندا پۆڵینكاری بكرێت و ببوژێته‌وه .
ئه‌مانه‌ش ئێمه‌یان بێزمان و كه‌ڕو لاڵ كردوه‌و نه‌یهێشتوه زمان بكه‌ینه‌وه میدیا‌و رۆژنامه و فه‌زاكانی رۆشنبیری له ناوه‌ندی قه‌یرانه‌كانه‌وه نه‌ژیاونه‌ته‌وه هه‌تا ناكۆكی پرۆژه‌كان له نێوان حه‌ق و ناحه‌ق یان ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه دروست ببێت و فه‌زایه‌كیان نهخوڵقاندوه هه‌تا به‌ره‌و زمانێكی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بچین ولهدایهلۆگی شارستانی و به جیهانی بوندا به‌شداری بكه‌ین .. كه‌پێویسته به‌ره‌و فه‌زای رۆشنبیری خوڵقێنه‌ر و به‌رفراوان بچین به به‌ره‌وپێشبردنی رۆژنامه و میدیا و فه‌زای ئازاد و نوێ.. كه به رۆڵی خۆیان بمانخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه هه‌تا له گۆڕانكاریهكانا بژین و به‌شداری له گۆڕانه‌كانی به جیهانی بون بكه‌ین و عه‌قڵمان به‌روی واقیع و بزوتنه‌وه‌و ئاڵۆزایهكانیدا بكرێته‌وه.8/8/2009
له رۆژنامه‌ی رۆژنامه ژماره(534)له 17/8/2009 دا بڵاوبۆته‌وه.
1 – 1 ئه‌و چه‌ند دێره بڵاو نه‌بۆته‌وه.