گۆڕان كێ و چۆن ده‌یكات؟!……نوری بێخاڵی
روانگه
گۆڕان حه‌تمییه‌تێكی مێژوویی و دیالێكتیكی ژیانه، چونكه هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ناتوانێ له حاڵه‌تی جێگیر و مت بوون درێژه به مانه‌وه و به‌رده‌وامی خۆی بدات، واته گۆڕان پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كی كۆی كایه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتوری و فه‌رهه‌نگییه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه، له پێناو نوێبوونه‌وه و به‌ره‌و پێشچوون و تێپه‌ڕاندنی قۆناغ و واقیعی باو به‌ره‌و باشتر و جوانتر، به‌ڵام پرسیاره جددییه‌كان له‌م نێوه‌دا بریتین له‌وه‌ی: كێ و كه‌ی و له كوێ و له چی و چۆن و به چ میكانیزمێكه‌وه گۆڕان ده‌كات و ئه‌لته‌رناتیڤ و گه‌ره‌نتییه‌كانی چین؟
ئایا كه‌س و هێز و كایه‌یه‌ك له ئاستی فیكری و بیركردنه‌وه‌دا درێژكراوه‌ی هه‌مان كولتوری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی باو بێت و به‌شێك بێت له شكسته‌كانی رابردووی كۆمه‌ڵگه و قه‌یرانه‌كانی ده‌توانێ گۆڕان بكات؟ ئایا گۆڕان به ته‌نها ئه‌نجام دانی یارییه‌كی فوتبۆڵێنه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا و له فیكه‌یه‌كه‌وه ده‌ست پێده‌كات و به فیكه‌یه‌ك كۆتایی؟ به مانایه‌كی دی، ئاخۆ سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دیاریكراو بۆ گۆڕان هه‌یه، یان له بنه‌ڕه‌تدا گۆڕان پڕۆسه‌یه‌كی درێژ خایه‌ن و به‌رده‌وامه؟ وه‌كو تر ئایا به ته‌نیا گۆڕان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و گۆڕینی كاراكته‌ره‌كان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی موژده به كۆمه‌ڵگه بده‌ین و له‌ولاش جومگه هه‌ستیاره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و فه‌رهه‌نگی نه‌خه‌ینه ژێر پرسیاری جددی؟ ئایا گۆڕان به‌بێ بوونی پلان و به‌رنامه و پڕۆژه‌ی هه‌مه‌لایه‌ن و ستراتیژی كار ده‌كرێ؟ ئه‌و میكانیزمانه چین كه به هۆیه‌وه گۆڕان ده‌كه‌ین، ئاخۆ ئه‌و هێزه ماددی و فیكری و مرۆیی و عه‌قڵی و ئابوورییه‌مان هه‌یه ته‌كانێك به واقیعه‌كه بده‌ن و كاراتری بكه‌ن و جووڵه بخه‌نه‌وه نێو سوڕی ژیانی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌رجه‌م ئاست و كایه‌كاندا؟ ئایا ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤانه‌ی ئێمه له‌وه‌ی هه‌ن شیاو و گونجاو و دیموكراسی و شارستانی و پێشكه‌وتوو ترن؟ به‌ڕاست گۆڕان پرۆسه‌یه‌كی دینامیكی و به‌رده‌وامه، یان ته‌نها عه‌سای مو‌سا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه سه‌ر له نوێ بگوازینه‌وه دۆخێكی دیكه‌ی ژیان و شیفای مه‌سیح به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی رۆح به به‌ر جه‌سته‌یدا بێنینه‌وه؟ ئاخۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێ بیكه‌ین گۆڕانه یان چاكسازی؟ ده‌رمانی هێوركردنه‌وه‌ی ژانه‌كانه، یان چاره‌سه‌ر؟
بێگومان ئه‌زموونه‌كانی دونیا سه‌لماندوویانه، هه‌رگیز كه‌س و هێز و لایه‌نێك، كه په‌روه‌رده و درێژكراوه‌ی هه‌مان عه‌قڵیه‌ت و كولتوری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی باو بن و كاراكته‌ری نێو شكسته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دوێنێ بن، نه‌ك ناتوانن گۆڕان بكه‌ن و ئه‌زموونێكی نوێتر پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه بكه‌ن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه له قه‌یرانێكه‌وه ده‌گوازنه‌وه نێو قه‌یرانێكی ئاڵۆز و سه‌خت تر له‌وه‌ی هه‌یه. به مانایه‌كی تر بۆ به ئاكام گه‌یاندنی پڕۆسه‌ی گۆڕان به ته‌نها كه‌سێتی كاریزمایی به‌س نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاریزمایه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و واقیعی بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی پێ نه‌بێت و ئاسته هوشیاری و بوونیاده سایكۆلۆژی و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تاك و گروپه‌كانی نه‌خوێندبێته‌وه، چونكه بێدادی و نا یه‌كسانی و چی و چی ده‌سه‌ڵات به ته‌نها ئه‌رگۆمێنت و به‌ڵگه نین، له‌وه‌ی پڕۆسه‌كه سه‌ر ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیوی كولتوری و فه‌رهه‌نگی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه له‌به‌رچاو نه‌گیرێ و بڕێكیش په‌ند له‌و حیكمه‌ته وه‌رنه‌گرین، كه ده‌ڵێ " ده‌سه‌ڵاتی خراپ، به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی خراپه"، چونكه گۆڕان به خه‌یاڵی ئه‌گه‌ر و گریمانه نایه‌ته دی، ئه‌گه‌ر ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه وردتر شرۆڤه نه‌كرێ.