شاعیرێك له‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا …محمد حسین
له داخی نامۆییه‌كدا كه هه‌رگیز ته‌واو نه‌ئه‌بوو , له بێزاری ڕۆژانێكدا ئاوائه‌بون و خۆره‌تاوێكی ئاره‌زو بزوێنی تیا نه‌ئه‌دی , بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه ..
بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر و به‌ڕۆحیه‌تێكی تره‌وه له‌گه‌ڵ نیشتمان تێهه‌ڵچێته‌وه .. ئه‌و بڕه‌ی ته‌مه‌نی ماوته‌وه له‌گه‌ڵ دایكی‌دا , ئاسوده‌و به‌خته‌وه‌ر ژیانێكی تر ده‌ست پێ بكاته‌وه ..
به‌ڵام ڕاوه‌ستن بزانن چ قه‌ده‌رێك چاوه‌ڕێی ئه‌كات , به ئومێدی ژیان بۆ كوێ گه‌ڕایه‌وه‌و .. بۆ به ده‌ست هێنانی مردنیش به‌كوێ گه‌یشت .
هاوڕێكه‌مان ناوی ئازاده .. هه‌ر به‌ڕاستی پیاوێكی ئازادیخوازیشه ..
به‌شانازیه‌كه‌وه ئه‌ڵێت :
"خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌م كه هه‌رچی تایبه‌تمه‌ندی جوان هه‌یه تیایدایه .. شاری شاعیرانه , مه‌ڵبه‌ندی پێشكه‌وتن و داهێنانه , كانگای خه‌بات و تێكۆشان و سه‌روه‌ریه مێژوییه‌كانه , تا ئێستا 3 سه‌رۆك و 13 وه‌زیر و به‌هه‌زاران لێپرسراوی گه‌وره‌و گچكه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌مان به‌رهه‌مهێناوه .. به‌ڵام نیوه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی برسیه‌تی , سێ به‌شی پێویستیان به‌هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری هه‌یه , چوار وه‌رزی ساڵیش , په‌تاكانی كۆلێرا و ڕشانه‌وه و زه‌حیری تیا بڵاوه ".
زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌یناسن به‌پیاوێكی دۆڕاو و تێكشكاوی ئه‌زانن , وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك ئه‌یبینن كه هه‌موو ته‌مه‌نی به‌شوێن كڵاوه بابردوه‌كانیدا خه‌رجكردووه .. كه‌چی ئه‌و هه‌ر گاڵـته‌ی لێدێت .. بێ باكه له‌وه‌ی به باش و به‌خراپ , چۆن باسی ئه‌كه‌ن و چی پێ ئه‌ڵێن .. هه‌میشه نوقمی ناو دنیا تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆی بوه‌و بۆ خه‌یاڵه شاعیرانه‌كه‌ی خۆی ئه‌ژی .
له‌ڕابردووی دوریدا .. چه‌پێكی نیشتمانپه‌روه‌ری تێكۆشه‌ر بوو .
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا .. ده‌رگای ڕه‌حمه‌تی خودایی لێئه‌كرێته‌وه و ده‌بێته موجاهیدێكی خواپه‌رستی قورئانی ..
ئێستایش .. پیاوێكی گه‌ڕاوه‌ی هانده‌رانیه , به‌یاده‌وه‌ریه‌كی بارگاوی به‌شیعر و لاره‌سه‌نگ به‌شكست , به گیرفانێكی ته‌نك و به‌تاڵ له دۆلار , هاتۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فریایی دایكی بكه‌وێت .. له‌و شاره‌ی حه‌ڤده ساڵ له‌مه‌و به‌ر , وه‌ك هه‌ڵوێستێكی دڵسۆزانه‌و نیشتمان په‌روه‌رانه به‌جێی هێشت .. چونكه له‌وسه‌رده‌مه‌دا نیشتمان هه‌ر ڕۆڵه‌ی وه‌های ده‌ویست , ته‌نها خزمه‌تگوزاری جێهێشتنی پێویست بوو , ئه‌گینا ئه‌و به‌سه‌رو ماڵه‌وه , ئاماده‌ی قوربانیی دان بوو …
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی منه بۆتۆتۆ .. ئه‌گینا ئه‌و خۆی واناڵێت .. ئه‌و چیرۆكێكی تری هه‌یه بۆگێڕانه‌وه , له‌دانیماركیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م چیرۆكه مافی په‌نابه‌ری وه‌رگرت .. ئه‌و ده‌ڵێت :-
" له‌سه‌ر یه‌ك ڕسته من ڕامكرد و ئه‌م شاره‌م جێهێشت , كه‌دڵنیام ڕامنه‌كردایه ئه‌یانكوشتم " .
چونكه له دێڕه‌شیعرێكیدا نوسیبوی " هێشتا گوی به‌عس له چوكمان نه‌بۆته‌وه , ئێوه ئه‌تانه‌وێت دایكی نیشتمانمان پێ ئه‌تك كه‌ن " .
ئه‌م دێڕه‌ی له‌ناو شیعرێكدا نوسی بو , كه بۆ یه‌كه‌م جار له چله‌ی ماته‌مینی یه‌كێك له هاوڕێكانیدا خوێندیه‌وه .. هاوڕێیه‌كی كه به‌هه‌ڵه گروپی پاكتاوكردنی یه‌كێك له حیزبه شه‌ڕكه‌ره‌كانی شار له‌به‌ر ده‌رگاكه‌ی خۆیدا كوشتبویان .
دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م دێڕه , ته‌نها له یه‌ك شه‌ودا چوار جار ماڵه‌كه‌ی ده‌پشكنن , وه‌ك تاوانبارێك وێنه‌كه‌ی له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌و خه‌ڵاتێكی باشیش دائه‌نرێـت بۆئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌یدۆزێته‌وه , ئیتر مردو بێـت یان زیندو گرنگ نیه .. له‌شاریشدا ده‌نگوباسی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه كه لۆریه‌ك TNT له باقوبه‌وه هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌ی پێ كاول بكات ..
***
دواجار هه‌ر گه‌ڕایه‌وه …
پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی دوره وڵاتی , له پاشنیوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رم و ناسازی مانگی ئابدا له‌فڕۆكه‌خانه دابه‌زی .. وڕو كاس و سه‌رسام , به‌دووجانتای گه‌وره و قورسه‌وه سواری ته‌كسیه‌ك بوو .. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌هه‌ساره‌یه‌كی تری گه‌ردون خۆی دۆزیبێـته‌وه , كه‌وته تێڕامان و نیگاكردنێكی قوڵی ده‌ورو به‌ره‌كه‌ی , ته‌ماشاكردنێكی وردی هه‌موو ئه‌و شته بێ گیان و گیاندارانه‌ی خێرا و تێپه‌ڕ ئه‌كه‌وتنه به‌رچاوی , وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار و بۆ دواجاریش بێـت له‌دنیادا ئه‌یانبینێت . هه‌ر به‌یه‌كه‌م نیگای بۆی ده‌ركه‌وت زۆر شت له‌م شاره‌دا گۆڕاوه , هه‌مان ئه‌و ڕوخساره نابوت په‌شێوه‌ی جارانی نه‌ماوه كه له ناو یاده‌وه‌ریه‌كانیدا به زیندویی ڕایگرتبوو ..
سه‌ره‌تا نه‌یئه‌زانی بۆكوێ بچێت .. بۆناو ئه‌و خانوه قوڕه داته‌پیوه‌ی بێگومان بوو تا ئێستا دووجار تێكدراوه‌و بونیادنراوه‌ته‌وه , بۆلای ئه‌و خوشك و برا به‌سۆزانه‌ی هه‌رده‌م له‌سه‌ر هێڵی ته‌له‌فون بون بۆی .. یاخود هه‌ر بۆهیچ كوێیه‌ك نا .. له‌وتێلێك دابه‌زێت و دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌حه‌سانه‌وه , ئه‌وسا هه‌موو لایه‌ك له‌هاتنه‌وه‌ی ئاگاداركاته‌وه .
دیاره چاوه‌ڕێ بووه ڕۆژنامه‌كان ده‌نگوباسی هاتنه‌وه‌ی بڵاوبكه‌نه‌وه , بڵاوكراوه ئه‌ده‌بیه‌كان بنوسن " ئه‌وشاعیره‌ی هه‌میشه به‌شیعره‌كانی له گه‌ڵ ئازاره‌كانماندا ژیاوه , ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه باوه‌شی نیشتمان " .. هه‌ر هیچ نه‌بێت خۆ دێن چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ سازبكه‌ن , وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی ئه‌ده‌بی و نیشتمانی , جارێكی تر ئه‌یخه‌نه‌وه سه‌ر ڕوپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كان .. خۆ هیچ نه‌بێت هه‌ر ده‌نوسن " شاعیرێك له گه‌ڕانه‌وه‌یدا … " , , به‌ڵام ئاش له‌خه‌یاڵێك و ئاشه‌وان له‌خه‌یاڵێكی تر ئه‌گه‌ڕا .. نه‌وه‌ك شاعیر و نه‌وه‌ك تێكۆشه‌ری دێرینیش , به‌لای كه‌سه‌وه جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگی پێدان نه‌بوو ..
بۆ شادبونه‌وه به‌دیداری هاوڕێكانی , به تامه‌زرۆییه‌كی زۆره‌وه خۆی گه‌یانده چایخانه‌ی ئه‌دیبان , ئه‌و شوێنه‌ی ساڵانێكی زۆر یانه‌ی پێگه‌یاندنی به‌هره ئه‌ده‌بیه‌كانی بوو .. چایخانه‌یه‌كی ماندوی چڵكن , نیو سه‌ده‌یه له ناوه‌ڕاستی بازاڕدا , به دیمه‌نی خشته ڕوته‌كانی , بۆنی حێل و هه‌ڵمی كتریه فافۆنه‌كه‌ی , خۆڵه‌مێشی یاده‌وه‌ری ڕۆژه له‌ده‌ستچوه‌كانی ئه‌و و, سه‌دانی تری وه‌ك ئه‌وی په‌نهانكردووه .
هه‌ركه گه‌یشته جێ یه‌كێك له هاوڕێكانی ڕۆژانی هه‌رزه‌كاری خۆی دۆزیه‌وه .. به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م هیچی لێ بپرسێت , گله‌یی و بناشتی خۆی لابكات , كه‌وته قسه‌كردن .. وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵانێكی دور و درێژ چاوه‌ڕێی ئه‌م دانیشتنه‌ی كردبێت , به‌حه‌سره‌ت و خه‌مێكی قوڵه‌وه پێی گوت :
— " وڵاته‌كه‌مان پیس گۆڕاوه هاوڕێ , , نه‌جێگه‌یه‌ك بۆئه‌فسانه‌ی گیڤاراكانی ماوه‌ته‌وه , نه‌مۆبایله شیعریش نرخێكی بۆئه‌ده‌بی فحوله‌ت و كه‌ڵه‌مێردی هێشتۆته‌وه .. ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی وه‌ك خۆمان كه‌س به سه‌لكه تورێك نایكڕێت .. " .
كه ئه‌میش به‌ده‌نگێكی نوزه‌ڵه و پچڕپچڕه‌وه پێی گوت :
— "واهه‌ست ئه‌كه‌م له‌شارێكی غه‌ریبدام , نه‌ك ئه‌وشاره‌ی هه‌مومانی گه‌وره و .. دواتریش پیر كرد " .
ئیتر ده‌رگای هه‌ڵڕشتنی ده‌رده دڵی له‌هاوڕێكه‌ی كرده‌وه , ئه‌گه‌رچی له‌ناخه‌وه بێزار بوو له‌و بۆڵه بۆڵه‌ی له هه‌موو كات و شوینێكی وڵات‌دا هه‌ر دوباره ئه‌بوه‌وه .. به‌ڵام ناچار بوو گوێ له ئه‌میش بگرێت , لانی كه‌م بۆئه‌وه‌ی جارێكی تر پێی بڵێنه‌وه :-
" گه‌ر ئه‌ته‌وێت له‌م شاردا هه‌ست به‌نامۆیی نه‌كه‌یت , هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نیه كه‌سانێكت هه‌بێـت چاوه‌ڕێت بكه‌ن , ماڵێكت هه‌بێت سێبه‌ری ئولفه‌ت و ئارامیت پێ ببه‌خشێت .. نه‌خێر , هاوكات ناسینی دوو سێ سۆزانی , به‌رتیل خۆرێكی شاره‌زا , لێپرسراوێكی كاربه‌ده‌ست , سه‌رۆك خێڵێك كه پیاوی حیزب وشۆڕش و دیوه‌خانیش بێت پێویسته .. ئه‌مانه به‌شێكن له‌پێداویستیه‌كانی ژیانی ئاسایی ئه‌م شاره .. هه‌تازووه فریای خۆت كه‌وه " .***
ئه‌و پیاوی خه‌ونه مه‌زنه‌كان بوو , هه‌ڵگری خه‌مه قورس و گرانه‌كانی گه‌ل و نیشتمان بوو .. له‌گه‌ڵ گروپێك له هاوته‌مه‌نه‌كانی , هه‌موو گه‌نجێتی خۆیان به كۆمه‌ڵه دروشمێكی جوانه‌وه برده‌سه‌ر , له‌و دروشمانه‌ی مژده‌ی دنیایه‌كی باشتر و كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاسوده‌تری پێ ئه‌به‌خشین .
به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌و پیر بوو , بێ ئه‌وه‌ی دنیا به‌و جۆره بگۆڕێت كه چاوه‌ڕێی ئه‌كرد .. ئاواره‌یی و نامۆییش هه‌موو ته‌مه‌نی داغان كرد , بێ ئه‌وه‌ی كه‌س منه‌تی هه‌بێت به‌و قوربانیانه‌ی به دروشمه‌كانی به‌خشی ..
گه‌وره‌ترین نه‌گبه‌تی ئه‌م هاوڕێیه‌مان له‌وێوه دێت كه دره‌نگ هه‌ست به‌شته‌كان ئه‌كات , توانای ناسین و تێگه‌یشتنی توشی ته‌مبه‌ڵیه‌كی خراپ هاتووه , ئه‌مه‌یش وای كردووه ته‌مه‌نێكی له‌ناو بڕیار و پرۆژه ناماقوڵه‌كانیدا خه‌رج ئه‌كات , ئه‌وسا ده‌كه‌وێته گومان و پرسیاركردن به‌رانبه‌ریان .. بۆیه هه‌میشه وڕ و گێژی دڵنیایی و بێ ئاگاییه‌كانی خۆی بووه , تا ئه‌و ڕۆژه‌ی هاوڕێ كچه پۆلۆنیه‌كه‌ی پێی ئه‌ڵێت :-
" ئایی چه‌نده گه‌مژه‌و گوناهیت ئازاد ..
تۆ كه له شارێكدا ئه‌ژیایت هه‌رهه‌مووی خانوی گه‌چ و قوڕ و قایه بوو , بۆچی كۆلیژی ئه‌ندازه‌ی بیناسازیت هه‌ڵبژارد ؟
كه هه‌موو وڵاته‌كه‌تان ده‌رزه‌نێك پڕۆلیتاریای ڕاسته‌قینه و كارگه‌یه‌كی دۆشاوی ته‌ماته‌ی تیا نیه , بۆ بویته كۆمۆنیست ؟
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر نامه‌یه‌كی دڵداری وه‌ك كاره كۆرپه عاشقه‌كانتان سه‌رئه‌بڕن , چیت داوه له شیعری ڕۆمانسی و … ؟ ".
ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه بۆی ده‌ركه‌وت ڕێڕه‌وی دنیا نه به‌و شێوه‌یه كه ئه‌م تێیگه‌یشتووه , نه‌به‌وجۆره‌یش گۆڕا كه كتێبه قورس و سه‌نگینه‌كان پێشبینیان ئه‌كرد ..
ئازار و خه‌می سه‌ختی ئه‌و كتێبانه‌یش با بوه‌ستێت ..
به‌مجۆره هاوڕێكه‌مان گه‌یشته ساتێكی هه‌ستیار و ئاڵۆزی ژیانی خۆی .. ساته‌وه‌ختێك كه تێگه‌یشت هه‌موو ته‌مه‌نی گه‌نجێتی خۆی , به‌هه‌ڵه و بێ سود , له‌پێناوی كورد و چینی چه‌وساوه‌كان و خودا و ئیسلامدا به‌فیڕۆداوه .
ئیتر هه‌ر له‌وێیه‌وه بڕیاری به خۆداچونه‌وه و گۆڕانكاری دا , به‌ڵێنی دا بۆ له‌مه‌ولا , ته‌نهاو ته‌نها له پێناوی به‌خته‌وه‌ركردنی دایكی‌دا تێبكۆشێت .. ئه‌و وزه‌و توانایانه‌ی پێی ماوه بۆ به‌خته‌وه‌ركردنی ( دایكه گیان ) ی و , ئینجا پاشه‌ڕۆژی خۆی بیخاته گه‌ڕ .***
به‌باوه‌ڕێكی پته‌وه‌وه پێی وایه ئه‌م جاره‌یان بڕیارێكی دروستی داوه , ڕێگایه‌كی پیرۆزی هه‌ڵبژاردووه .. به‌ڵام هێشتا هه‌ر نیگه‌رانه , دوودڵه له‌وه‌ی كه كاتێكی گونجاوی بۆئه‌م بڕیاره دروست و ڕێگا پیرۆزه هه‌ڵبژاردبێت .. چونكه ته‌مه‌نی دایكی گه‌یشتۆته سه‌روی حه‌فتاو هه‌شت ساڵه , ئێستا كه‌س نازانێت به‌لاشه‌ی ده‌رده‌دار و چاوه كز‌و كۆڵه‌واره‌كانیه‌وه له‌به‌ر ده‌رگای چ مزگه‌وتێكدا ده‌سته‌سڕی سواڵكردنی داخستووه .. بۆیه زۆر نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه بشێـت كاتێكی گونجاوی هه‌ڵبژاردبێت بۆ ئه‌م ئاوڕدانه‌وه گرنگه‌ی ؟ بشێت تازه بتوانێت خزمه‌تێك به‌و دایكه داماوه‌ی پێشكه‌شكات ؟
تا دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌می هه‌ر وا له‌ته‌ماشاكردنی شار حه‌په‌سا بوو , هه‌ر وا پرسیاره وه‌ڕسكه‌ره‌كان بون ژاوه‌ژاوی ناو مێشكیان گه‌رمتر ئه‌كرد , دیمه‌نی باڵه‌خانه به‌رزه‌كانی ناوشار و نابوتی گه‌ڕه‌كه میللی و ته‌جاوزه‌كان , ئه‌وه‌نده‌ی ترده‌هریان ئه‌كرد .
له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یپرسی :-
" ئه‌شێـت ئه‌م كۆشكانه هی كێ بێـت ؟ كه من دڵنیام هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ناویا ئیش ئه‌كه‌ن , كرێ چین ..
ئه‌وانه‌یش له‌سێبه‌ره‌كه‌یدا كاری ده‌ستگێڕی و پێڵاو بۆیاخكردن ئه‌كه‌ن , ته‌ماشاچین .. "
تا ده‌هات زیاتر هه‌ستی به‌نامۆیی ئه‌كرد , زیاتر له‌و واقعه تازه دور ئه‌كه‌وته‌وه كه گۆڕانه سه‌قه‌ت و شێواوه‌كانی شار و خه‌ڵكی شاردروستیان كردبوو .. خوشك و براكانیشی كه زانیان هێنده پاره‌ی نه‌هێناوه‌ته‌وه نانه‌واخانه‌یه‌كی پێ دابنێت , ته‌واو سارد بونه‌وه له‌گه‌ڵیا , به‌جۆرێك هه‌رگیز له‌وخوشك و برایانه نه‌ئه‌چون كه كاتی خۆی له‌دانیماركه‌وه به‌ته‌له‌فون سۆزی براو خوشكێتیان پێ ئه‌فرۆشت .. بۆیه هه‌ر زۆر زوو گه‌یشته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه برایه‌كی ناو ته‌له‌فون , به‌مه‌رجێك له‌ئه‌وروپا بژی , هه‌زار جار به‌ڕێز تر و خۆشه‌ویست تره له‌برایه‌كی لات و بێ پاره , كه هیچ ناونیشانێكی نه‌بێـت له‌ناو تابوری تازه‌ده‌وڵه‌مه‌نه‌كانی شاردا..
***
به دوای دایكی‌دا كه‌وته گه‌ڕان و شوێن پێ هه‌ڵگرتن ..
یه‌كه‌مجار براگه‌وره‌كه‌ی پێی گوت :
– " سێ مانگ زیاتره نه‌مبینیوه , ئه‌و به‌ماڵی ئێمه ڕازی نابێت .. بابه پاره‌ی زۆره و خۆشیه‌تی , خودا ئه‌زانێت ئێستا له‌كوێیه ".
خوشكێكی تری گوتی :
-" ئه‌م دایكه‌ی ئێمه ئابڕوبه‌ره , هه‌ر بۆئه‌وه‌ی له‌كه‌دارمان بكات ده‌ستی داوه‌ته سواڵكردن , ئه‌گینا ئه‌و موچه‌یه‌كی خانه‌نیشینی و یه‌كێكی بێوه‌ژنانه‌یشی هه‌یه , كه‌ی ناچاره … " .
هاوسه‌ری برابچوكه‌كه‌ی , به‌هه‌مان شێواز و و به گاڵته‌و بزه‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه پێی ئه‌ڵێت :
– "كوره سواڵ كیمیایه حه‌یاتم .. ئه‌وه‌ی ده‌می لێبدات مه‌گه‌ر به مردن وازی لێبهێنێت .. خۆتی پێوه ماندو مه‌كه " .
حكایه‌تی ده‌رودراوسێ به‌جۆرێكی تر بوو .. ئه‌وان باسی پیره‌ژنێكی ده‌ركراو و لانه‌وازی داماویان ئه‌كرد , كه سواڵكردنی خۆی , ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌كه بۆ له برسانه‌مردن و له سه‌رجاده نه‌نوستنی .
له فه‌رمانگه‌ی كار‌و باری كۆمه‌ڵایه‌تیش پێیان گوت :
– " ئه‌م ناوه پێشتر سێ جار هاتۆته لای ئێمه , دیاره رازی نه‌بووه به‌و بڕه یارمه‌تیه‌ی بۆمان دابین ئه‌كرا , ئیتر دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌كه‌وته‌وه گه‌ڕان و شاره‌و شار كردن " .
له دوهه‌مین حه‌فته‌ی گه‌ڕانه‌كه‌یدا دایكی دۆزیه‌وه , ده ڕۆژ بوو توشی ڕوداوی ئۆتۆمبیل هاتبوو , له‌به‌ر نه‌ناسراوی ته‌رمه‌كه‌ی و هه‌ڵنه‌گرتنی ناسنامه , له‌مه‌یتخانه‌كه‌ی شاردا وه‌ك ته‌رمێكی نه‌ناسراو دایان نابوو . هه‌ر چه‌نده شێوه‌و ڕوخساری زۆر جیاواز بوو له‌و ژنه به‌سۆز وغه‌مناكه‌ی پێش حه‌ڤده ساڵ دواماڵئاوایی لێ‌كرد , به‌ڵام یه‌كسه‌ر ناسیه‌وه , چونكه سكێچه‌كانی دیمه‌نی دایك له‌یاده‌وه‌ری هیچ كه‌سێكدا ون نابێت , هه‌رچه‌نده مه‌ودای دابڕانه‌كان دور بێت , نه‌قشی زاڵمانه‌ی ته‌مه‌ن و پیری له‌سه‌ر ڕوخساره‌كان كاریگه‌ر و قوڵ بێت , دیمه‌نی دایك هه‌ر به‌ئاشنایی ئه‌مێنێته‌وه .***
دایكی به‌خاكسپارد ..
له‌مه‌راسیمی پرسه‌كه‌یدا , به پێچه‌وانه‌ی خوشك و براكانیه‌وه , گرژ‌و مۆن و لوته‌لا , به‌مه‌راقێكی زۆره‌وه خۆی به‌دور ئه‌گرت له‌و ڕوپایی كردن و نواندنه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌بوایه بیكردایه .. بۆیه هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه , ئه‌م وه‌ك خوشك و براكانی نه‌مایه‌وه , نه‌وه‌ستا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ی خه‌م و ئازاری دایكمردنی هه‌ڵكێشێت , قژ و ڕیشێكی چڵكن دا‌نێت و زیره‌كانه ڕۆڵی كاره‌كته‌رێكی غه‌مناك بنوێنێت .. به پێچه‌وانه‌وه , ئه‌و ملی ڕێگای بازاڕی گرت .. به‌دوو چاوی سورو ده‌رونێكی شێواوه‌وه كه‌وته خولانه‌وه به بازاڕدا , گه‌ڕا تابه‌رزترین باڵه‌خانه‌ی شاری دۆزیه‌وه .. بازاڕێكی هاوچه‌رخی جوان , هه‌یكه‌لێكی كریستاڵی شوشه‌به‌ندی دره‌وشاوه , كه له‌دوری 50 متره‌وه كه‌وته ژێر ڕه‌شایی سێبه‌ره‌كه‌ی .. له لوتكه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌دا تابلۆیه‌كی سپی گه‌وره دانرابوو , به گڵۆپێكی سور له‌ناویا نوسرابو ( بازاڕی ژیان ) ..
نهۆم نهۆم به‌سه‌ر قادرمه‌كانیدا سه‌ركه‌وت , تاگه‌یشته نهۆمی حه‌وته‌م , له‌وێ بۆ ساتێكی كه‌م ڕاوه‌ستا و پڕ به سیه‌كانی هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵمژی , تێر تێرته‌ماشای جوڵه‌ی خشۆكه‌یی خه‌ڵكی ناو بازاڕه‌كه‌ی كرد .. سه‌ره‌تا هه‌ستی كرد خه‌ریكه له‌مردن ئه‌ترسێت , به‌ڵام هه‌ر سور بوو له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه : مادام هیچ هه‌ڵبژاردن و بڕیارێكی له‌ده‌ستپێكردنی ژیانیدا نه‌بووه , ئێستا مافی هه‌ڵبژاردنی شوێن و كاتی مردنی خۆی هه‌یه .. دواتر هه‌ردوو چاوی نوقاند و وه‌ك مه‌له‌وانێكی شه‌یدای خۆهه‌ڵدانه نێو قوڵایی گۆمه‌كان .. به‌سه‌ردا خۆی خسته‌خواره‌وه ..محمد حسین
10- 2008
………………………………………………………………………………………….
له ژماره 42 ی گۆڤاری هه‌نار بڵاوبۆته‌وه