
نووسه‌ران و روناكبیران: واز له پاره‌و ده‌سه‌ڵات بێنن، له‌به‌ره‌ی میلله‌تدا بن..!
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ *
دیارده‌یه‌كی زۆر ترسناك، كه ئه‌مڕۆ نێو ژینگه و مه‌جلسی نوسه‌رانی كوردستانی ئازادی ته‌نیووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه نوسه‌رانێكی زۆری هه‌نده‌راننشین پاش ئه‌و هه‌موو ساڵانه له فێربوون و له كرانه‌وه، له زمانێكی زیاتر فێربوون و له فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر وه‌رگرتنه‌وه.. له دیدگای فره ڕه‌نگتر و ڕه‌هه‌ندی زۆرتر و به‌رفراوانتره‌وه.. له‌دونیای جوانتر و سروشتی كردگارترهوه، له‌په‌یوه‌ندی پڕ خۆشه‌ویستی و عاشقانهترهوه.. لهچاوێكی گه‌شتره‌وه بۆ ژیان و ماناكانییه‌وه.. له عیزه‌تی نه‌فسێكی به‌رزتره‌وه.. له ده‌روون و ناخێكی ته‌ندروستتره‌وه.. له كه‌سێتییه‌كی دروستترهوه.. ئه‌فسووس، كه‌سانێكی نوسه‌ر و روناكبیر‌و وه‌رگێڕو پسپۆڕ‌و زانا كه چه‌نده‌ها ساڵه له خزمه‌تی زمان و فه‌رهه‌نگی كوردیدابوون.. هاتنه‌وه بۆ نیشتمان و خه‌ڵكانێكی زۆریش به‌وه خۆشنودو به‌خته‌وه‌ربوون كه ئیدی به‌ڵكو ئه‌م نوسه‌رانه بتوانن، گۆڕانێكی نوێ، هه‌نگاوێكی نوێ، دیدگایه‌كی نوێ، پڕۆژه‌یه‌كی نوێ، ته‌كانێكی نوێ،خزمه‌تگوزارییه‌كی نوێ پێشكه‌ش به خه‌ڵكی ههناسهساردو سته‌مدیده‌ی ئه‌م خاكه خێرنهدیووه بكه‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێیداخه و نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نوسه‌رانه زۆربه‌ی زۆریان هاتوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بچنه پاڵ (حه‌جه‌كه) و بۆئه‌وه‌ی كه ڤێلاو سه‌یاره‌و مووچه‌ی خه‌یاڵی و…تاد. وه‌كو ئیمتیازات و خه‌ڵات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه وه‌ربگرن!! نوسه‌ری هێژاو به‌ڕێز: ئێمه ناڵێین حیزبی مه‌بن و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا مه‌بن.. هیچ شوره‌یی و نه‌نگی نییه تۆیه‌كی نوسه‌ر حیزبی یان هه‌واداری ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه بیت.. هیچ نه‌نگ نییه تۆ له هه‌نده‌رانه‌وه بۆ باوه‌شی ئه‌م حكومه‌ت و حیزبه ده‌وڵه‌مه‌ندانه بگه‌ڕێیته‌وه.. هه‌ر هیچ نه‌نگ نییه‌و تۆ ئازادیت كه نه‌توانیت له خانووی كرێدا بژیت و تازه به تازه كرێچی بیت.
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شوره‌یی نییه‌و تۆ ئازادیت كه نه‌توانیت سواری پاسی كۆسته‌ر (21 نه‌فه‌ری) ببیت كه له پاسه‌كانی سودان و سۆماڵ ده‌چێت.. تۆ ئازادیت و هه‌قته كه نه‌توانیت برنجی باییعی بخۆیت.. به‌ڵێ هه‌قته كه نه‌توانیت به چه‌نده‌ها كاژێر بێكارهباو بێئاوو بێسووته‌مه‌نی و بێهاتوهاوارو قیژه‌قیژی هه‌ژارانی كۆڵانه میللییه‌كان بژیت..
به‌ڵام نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان.. ئه‌ی براو خوشكه جوانه‌كانی به‌نده، ته‌نها یه‌ك پرسیاری لاسار‌و بزێو و بێچاوو ڕووم لێتان هه‌یه‌و به‌س، ئایا ئێوه له‌م ڕه‌وشه ناههوارو بێسه‌روبه‌ره‌ییه ڕازین؟ ئایا ئێوه‌ش بوونه‌ته كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت؟ ئایا گوێتان له‌و هه‌موو سكاڵایانه نییه، گوێتان له گرییهوزاری مناڵ لاو‌و ئافره‌ت و پیاوو پیرو نه‌خۆش و خێزانی ئه‌نفالكراوو شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ی دێرینی هێژاو گوندنشینان و شارنشینان و ته‌له‌به‌و قوتابیان و خوێندكاران و مامۆستایان و كارمه‌ندان و بێكاران و نوسه‌رانی بێپشتوپه‌نا و هونه‌رمه‌ندانی ناحیزبیی و هه‌ژار و ڕێزلێنانبڕاوان و مووچهبڕاوان و جوتیاران و شۆفێران و…..تاد.نییه
ئێوه له ته‌نیشتی حهجهكهوهن به به‌ڵگه‌ش زۆربه‌ی جاران، له ته‌له‌فزیۆن و موناسهباتدا ده‌تانبینین.. بابه‌ت و نوسین و كێبهكانتان زۆر به‌ئاسانی و بێزهحمهتكێشان و هاتووچوون بۆ چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه.. پاره‌ی زۆر‌و خه‌ڵاتی زۆر‌و ئینتیازاتی زۆرتریش وه‌رده‌گرن. به‌ڵام ئایا ئێوه له‌وه ناترسن و پرسیارێكی ویژدانیی له‌خۆتان ناكه‌ن، كه ئایا بۆ ورته‌یه‌ك، ئاخاوتنێك، قسه‌یه‌ك، نوسینێك، به‌یاننامه‌یه‌ك، پڕۆژه‌یه‌ك، هه‌ڵوێستێك، ڕێكخراوێك، لانه‌یه‌ك، ماڵێك، مه‌جلیسێك، دیوانخانهیهك، فهرههنگخانهیهك، لیژنه‌یه‌ك، به‌دواداچوونێك، بۆچی هیچ هه‌لوێستێكی جارانی سه‌رده‌می بوێریتان نه‌ماوه ده‌رهه‌ق به‌و ژیانه ناخۆشه‌ی خه‌ڵكان و زۆربه‌ی دانیشتوانی كوردستانی ئازاد به‌سه‌ریده‌به‌ن.
زۆرێك له‌و نوسه‌رانه چه‌ندین ساڵ له هه‌نده‌ران و له ئه‌وروپای ئازاد‌و مه‌عریفه‌و زانست و دیمۆكراسیدا وانه‌ی فێربوونیان خوێند: سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده‌ی تاكی سهربهخۆو ئازادی و مافه مرۆڤــ و یه‌كسانی و دادوه‌ری كۆمه‌لایه‌تی و سه‌روه‌ری یاسا‌و به‌هێزی و سه‌ربه‌ستی ڕه‌های په‌رله‌مان و فره حیزبی و فره ڕه‌نگی و شه‌فافییه‌ت و شه‌فافییه‌تی بودجه‌و نه‌سرییه ته‌رخانكردن و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان، چه‌ند وانه‌یان بینی و بیست سه‌باره‌ت به سزادانی سرپێچیكاران له وه‌زیرو گزیرانی ئه‌وروپاو دادگاییكردنییان له‌به‌رچاوی خه‌ڵكییه‌وه‌و له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كان و ڕیسواكردنییان بۆ یه‌كجاریی و نهفرهتكردنییان بۆ هه‌تاهه‌تایی.
زۆرێك له‌م دلێرانه، چی‌یان هێنایه‌وه بۆ كوردستانی دواكه‌وتووی بێخاوه‌ن؟ چ هه‌ڵوێستێكیان نواند كه بویچرو ئازایانه‌و اهخۆبووردوانه بێت و بوغراكانی نێو ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كان بته‌زێنن!
(بێجگه له ههڵــــوێستی ئازا‌و بوێر‌و ناوازانه‌ی هه‌ریه‌ك له مامۆستایان و ئازیزان: جه‌مال نه‌به‌زو دكتۆر شاهۆ سهعیدو دكتۆر جه‌عفه‌ر عه‌لی و رێبین هه‌ردی و مه‌ریوان و هه‌ورامانی وریا قانیع و به‌ختیار عه‌لی و عه‌دنان عوسمان و ئاسۆ جه‌بارو نه‌به‌ز گۆران و چه‌نده‌های دیكه كه هه‌ڵوێست و ویژدانیان له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسییه‌وه داناوه‌و زۆرینه‌یان ژیان و پله‌وپایه‌ی خۆیان و خێزانیان خستۆته مه‌ترسییه‌وه‌و به نێو خه‌ڵكیدا كه‌لتوورو رۆشنبیرییهكیان پیادهكردووهو توانیویانه گووتاری كۆنهخوازان و خۆسه‌پێن بخه‌نه‌ژێر پرسیار‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه به‌وه‌ش به هزرو به هه‌ڵوێست نزیكبوونه‌ته‌وه له هه‌ڵوێستی هه‌ریه‌ك له ڕۆسۆو ڤۆڵتێرو سارته‌رو ماندێلا‌و گاندی و حورمه‌تیان بۆ قه‌ڵه‌م و ده‌نگ و ڕه‌نگی نوسه‌رو رووناكبیرو مامۆستای زانكۆ گه‌ڕانده‌وه).
ئه‌و نوسه‌رانه كه ئه‌مڕۆ له حكومه‌ت و له حیزبه‌كانی كوردستاندا پۆستییان هه‌یه به ئاشكرا‌و به نهێنی.. زۆرێك له‌و كادێرو دكتۆر‌و ماستهرانهی له هه‌نده‌رانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه له‌و كادێره حیزبییانه خراپتر‌و بودهڵترو گرگنترو گه‌نده‌ڵترن كه له مێژه له كوردستانن و له دوای راپه‌ڕینه‌وه پۆست و كورسی و مێزیان هه‌یه.. زۆر له‌م ئهزموونكارانهی هه‌نده‌ران خاكیترو بهخزمهتترو نه‌جیبترن.. هه‌ندێكی زۆریان هه‌ن كه چاوپۆشی ناكه‌ن، بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرن، بێهه‌ڵوێستی ناكه‌نه كار‌و خووی رۆژانه‌یان، نه‌بوونه‌ته كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت.. وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنی ناسیاوو براده‌رانیان ده‌ده‌نه‌وه.. سه‌ردانی هه‌ژاران و نه‌داران و نه‌خۆش و كه‌سوكارانی پرسه‌دار ده‌كه‌ن.. له پشت جامی ره‌شی سهیارهكانیانهوه جارجار سڵاوێك له ئه‌حباب و دۆستی پیاده‌ی سه‌ر شه‌قامه بێبهزهییهكانی كوردستانیان ده‌كه‌ن.
زۆرێك له‌م نوسه‌ر و كادێرو ئهزموونكارانهی گه‌ڕاونه‌ته‌وه هێنده‌ی ئه‌و لاوانهشیان پێناكرێت، كه له‌م رۆژنامه یان ئه‌و رۆژنامه‌دا سكاڵای خه‌ڵكی خێرنهدیووی ئه‌م نیشتمانه دزراوه به ده‌سه‌ڵات و به حكومه‌ت ده‌گه‌یه‌نن و لێره‌و له‌وێ هه‌ڕه‌شیان لێده‌كرێت و چاویان لێسووردهكرێنهوهو ده‌م و كاكیلهیان ده‌هاڕن.. رۆژانه به لێشاو ژن و ئافره‌تی كورد، له‌م كوردستانه ئازاد‌و زهنگینهدا ده‌كوژرێن و ده‌سووتێن و زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێن و ون و بێسه‌روشوێن ده‌كرێن.. ژنكوژ و ئافرهتسووتێن و جه‌لادی رۆحی كچهجوان و بێگهردهكانیشمان وه‌كو به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رده‌چن و نه یاسای سه‌روه‌ر ده‌توانێت سزایان بدات، نه به‌رپرسه‌كانمان، نه زه‌بری ده‌سه‌ڵاتی یاسا ڕاپێچی لای دادگایان ده‌كات، نه كه‌سێك و لایه‌ن و كۆمه‌ڵه‌و ڕێكخراوێك و زانكۆ‌و پیاوانێك، ده‌رهه‌ق به‌م جههلستان و نه‌زانی و وهحشییهتگهرایه، یاداشتێك یاخود به‌یاننامه‌یه‌ك یان ئیدانهكردنێك له‌م ئه‌وروپییه ئازادیخواو نوێخوازانه‌وه ده‌بیستین و ده‌بینین.
زۆربه‌ی زۆری ئه‌م نوسه‌ر و كادێرانه ئه‌مێستا له كوردستاندا مامۆستا‌و ڕاوێژكارو وه‌زیرو وه‌كیل وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیكارو كاربه‌ده‌ستی گه‌وره‌ی حیزب و حكومه‌تن، باشه كوا، كامه‌یه، چییه قسه‌و تیۆری و پڕۆژه‌و به‌رنامه‌و ڕهخنو گازه‌نده و گله‌یی و هه‌ڵوێست و یاداشتنامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌و ڕهفزكردن و قبووڵنهكردنتان و ناڕه‌زاییتان؟
رۆژ له دوای رۆژ باری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ده‌روونی تاك و كۆمه‌ڵی كوردستان‌مان به‌ره‌و خراپ و خراپتر‌و چه‌واشه‌و چهواشهترو گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵترو گه‌نده‌ڵترین و به‌ره‌و ههڵـــــدێرو هه‌ره‌س و لێكدابڕان و لێكترازان و ده‌چێت!
ئێوه له ئه‌وروپا وانه‌تان سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵی و دزی و واسیته‌و خزم خزمێنه‌و مه‌حسوبیه‌ت خوێندووه، وا ئێوه‌ش هاتوونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌مان سفره‌و به‌لاتانه‌وه ئه‌م كه‌شوهه‌واو ئاتمۆسفییره، غه‌ریب و نامۆ نییه!؟ئه‌ی نوسه‌ران وكادێرانی ده‌ربارو به‌رژه‌وه‌ندخوازان: له ئێوه ئه‌پرسم و له ئێوه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م، چونكه ئێوه به دیوێك زۆر ههستیارو حه‌ساس و دڵناسك و شاعیرین و زۆربه‌شتان شاعیرن و خوێنه‌رو نووسه‌رن، هه‌روه‌ها به دیوێكی دیكه‌ش زۆر نزیكن له ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و حیزب و حكومه‌ت متمانه‌تان پێده‌كات، توو ئه‌و خوایه‌ی ئه‌یپه‌رستن و توو سه‌ری ئازیزتان، ئایا له‌م زه‌مه‌نه ناخۆشترتان به‌چاوی خۆتان بینیووه؟ له‌م كۆمه‌ڵگایه ههشبهسهرترو له‌م حكومه‌ته گهندهڵترتان بینیووه؟
ئایا ئێوه له هه‌نده‌ران و له وڵاتانی ئه‌وروپی به‌چاوی خۆتان نه‌تانبینی كه حیزب و حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی له‌سه‌ر كورسی دانیشتوون، نه‌ك خه‌ڵك خزمه‌تی ئه‌وان بكات، من به چاوی خۆم له هۆڵه‌ندا بینیم كه شاژن بیاتریكس/ چه‌نده گریاو خۆی پێڕانه‌گیرا له‌به‌رده‌م كامێرادا، بۆ ئه‌و شاره‌ی كه كارگه‌ی فیشه‌كه شێته‌ی تیا ته‌قییه‌وه.. ( شاری ئه‌نیشخه‌ده له هۆڵاند) یان وه‌كو لای ئێمه ده‌بێت خه‌ڵكی له‌خزمه‌تی حیزب و حكومه‌تدا ژیانی نه‌هامه‌تی بژی!!؟؟
ده‌بێت لێره كاره‌باو ئاو و نه‌وت و نه‌خۆشخانه‌و رێكاوبانی قیرتاوو هه‌رزانی و خزمه‌تگوزاری ببنه ئه‌ستێره‌ی سیوه‌یل و ببنه داخ و ده‌رده‌دڵی خه‌ڵكی زۆرینه‌ی كوردستان، ببنه جه‌ڵته‌ی دڵ و ده‌ماخی هه‌زاران هه‌زار گه‌نجی ڕه‌سه‌نی كورد.
ئه‌وا بۆ چوار ساڵ ده‌چێت له هۆڵه‌ندا گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌و به چاوی خۆم ده‌یبینم و ته‌ماشایان ده‌كه‌م، زۆرێك له‌وانه‌ی كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌فته‌ی یه‌كه‌م له چایخانه‌ی سه‌هۆڵه‌كه ده‌یانبینم و پاشان یان ده‌چنه نێو سه‌یاره‌ی جام ڕه‌شه‌وه‌و ئیدی هه‌ر ئه‌و ئێمه‌ی لاتوپات ده‌بینێت یان له پشت سپلیتی ئه‌م یان ئه‌و ده‌زگای حیزبی یان حكومی یان رۆشنبیری یاخود رێكخراوی له‌ژێره‌وه سه‌ر به حیزبی و به‌ناو ئه‌هلی ده‌یانبینمه‌وه.. ئیدی به قودره‌تی قادر‌و به كوون فه‌یه‌كونێك ده‌بنه خاوه‌نی سه‌یاره‌ی مۆدێل به‌رزو خانووی مه‌ڕمه‌ری و پۆشاكی فاسۆنی ئینگلیزی بریقه‌دار لهبهرداو نوسینهكانیشیان زۆر بچووكتر ده‌بنه‌وه‌و به‌ڵام به بۆڵدی گه‌وره‌و به وێنه‌ی زۆر گهرهوهو له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌ت و له‌گه‌ڵ پیاوماقووڵان و مه‌جلسی ڕیش سپییهكانداو له رۆژنامه گۆڤاری به‌گ و ئاغاكاندا بۆیان بڵاویاندهكهنهوهو پاداشت و موكافهئاتیشیان به سه‌یاره بۆ ده‌به‌نه‌وه بهدهركی ماڵیان…
به‌نده‌ی موخلیستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستی كه‌سم ماچنهكردوهو ماچی ناكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رم بۆ كه‌س دانهنهواندوهو داینانهوێنم، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌كو حه‌للاج ههقبێژیمان گووت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه بوودهڵی و گه‌نده‌ڵیمان قبوڵنهكردوه، هیواو ئاواتمان، خه‌ون و خولیامان، پڕۆژه و بیرۆكه و نووسین وبیردۆزهو داهێنانی نوێمان، چووه ژێر گڵه‌وه، زینده‌به‌چاڵ بوو، ئیدی هیلاك و ماندوو بووین، ئیدی ئینتمامان كاڵوكاڵتر ده‌بێته‌وه، ئیدی هه‌وڵه‌كانمان كیسه‌ڵ ئاسا ده‌بنه‌وه، ئیدی ڕه‌شبینیمان به‌سه‌ر ڕوونبینی و ئومێددا باڵده‌كێشێت.. ئیدی خۆمان به هاووڵاتی پله دوو و سێیش نازانین.. ئیدی ئێمه نامۆ‌و غه‌ریبین به‌م نیشتمانه.. ئیدی ئه‌م نیشتمان و خاكه پیرۆزه، ئێمه خاوه‌نی نین و ئێمه خاوه‌نی بستێك زه‌وی نین، ئێمه وه‌كو هه‌زاران و ده‌یان هه‌زاران و زۆرینه‌ی ئه‌م كوردستانه، كرێچین و له‌ژێر زه‌بری ساحێب خانووداین، نیوه‌و زیاتری مووچه‌كانمان بۆ كرێیه و بۆ كرێی پاسه.
***
خوشك و برای هێژام نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندو كادێری زانكۆیی گه‌ڕاوه له هه‌نده‌رانه‌وه.. له‌م به‌شه‌دا، یاداشت و نامه‌و مانیفێست و ههڵوێستێَكی چكۆلانه‌ی خۆم بۆ ئه‌م برا نووسه‌رو كادێر و هونه‌رمه‌ندو ئه‌دیب و رووناكبیرانه ده‌خه‌مه به‌رچاو كه خزمه‌تكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بوغرایه به‌فیڕۆ ده‌چێت و كه‌سانی بێوهفاو بوغراو گه‌نده‌ڵ و گرگن له شوێنی حه‌ساس و هه‌ستیاری ئه‌وتۆدا دانراون و هیچ كارێكی مه‌ده‌نی و سكۆلارییانهی مۆدێرن، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئینسانی و خزمه‌تگوزار، هیچ بیرۆكه‌یه‌كی تازه‌گه‌رو نوێخواز، هیچ لیژنه‌یه‌كی پته‌و بۆ ڕاستی ده‌رخستن و (تهقهسی حه‌قایق)و شه‌فافییه‌ت و هه‌قبێژی گووتن، هیچ پاكتاوی و چاكسازی بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و دزی و درۆزنی و داوێنپیسی و ئه‌وانه‌ی هانده‌ده‌ن ژماره‌ی بكوژ‌و ژنكوژو رۆژنامه‌نووسی ئازادیخواكوژ زیاد بێت.. ئه‌وانه‌ی پاره‌یان ده‌ده‌نێ، ئه‌وانه‌ی له یاسا ده‌یانشارنه‌وه، ئه‌وانه‌ی به‌خێویان ده‌ده‌ن و مووچه‌ی تایبه‌تیان ده‌ده‌نێ….
له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌و ئه‌م دهستهبژێرهو ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه‌دا سوودی نییه.. چونكه چۆن سه‌دامی دیكتاتۆر‌و خوێنمژ، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی بوه‌ستانایه ده‌كه‌وت و ده‌ڕووخا هه‌ر ئاوه‌هاش ئه‌م ده‌سه‌ڵات و ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێمه، گه‌نده‌ڵیی بووه‌ته سیما‌و خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی ئه‌م به‌رپرس و وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رانه، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵ و دز و درۆزن و داوێنپیس موحاسه‌به بكات و به‌سه‌ری سفره‌وه بیانخاته سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و به ئاشكرا دادگاییان بكات و یاسا به‌بێ ده‌ستێوه‌ردان دادگاییان بكات و ئیدی گه‌نده‌ڵی و دیارده‌ی فه‌ساد به‌ڕێوه‌بردن سنووری بۆ داده‌نرێت و لێپرسینه‌وه‌و زیندانیكردنی دزو گه‌نده‌ڵ و ئازادكوژ به‌ره‌و كۆتاییهاتن ده‌چێت.
شایانی وتنه زۆرێنهمان له‌و باوه‌ڕه‌داین كه ئه‌م به‌رپرسانه‌ی ئێمه خه‌بات و شۆڕشێكی زۆر پیرۆز‌و بێكۆتاو نه‌بڕاوه‌یان له سه‌روه‌خت و سه‌رده‌می خۆیاندا بهرپاكردو ئێمه‌یان له سته‌مدیده‌یی و فه‌وتان و قڕكردنی حه‌تمی قووتاركردو بوونه‌ته فریادڕه‌س و ڕزگاركه‌ر، به‌ڵام ئه‌وانه چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیارن و ئاشكران و هه‌ندێكیان وازیان هێناوه هه‌ندێكیان ئه‌وه‌نده دووره‌ده‌ست و دوورن له خه‌ڵك و له چاوانه‌وه وه‌كو نه‌بن وایه، بڕیاره‌كانیان ناگاته شوێنی مه‌به‌ست، نموونه‌یان زۆر كه‌م بۆته‌وه.. سیفات و خه‌سڵه‌تی جیڤارا ئاسا‌و ماندێلا ئاسا‌و شه‌هید قازی محه‌مه‌د ئاسا‌و…..تاد. یان تیادا كه‌م بۆته‌وه.كه‌سانی وه‌كو جیڤارا و ماندێلا پاش ئه‌وه‌ی شۆرش و تێكۆشانی بێوێنه‌یان سه‌ركه‌وت و بوونه نموونه‌ی باڵا بۆ هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، بوونه وانه‌یه‌كی مه‌زن و نه‌مر بۆ هه‌ر كه‌سێك مانای مرۆڤایه‌تی و ئینسانییه‌ت و ویژدان و یه‌كسانی و دادوه‌ری و دیمۆكراسی و ئازادی و نرخ و به‌های به‌رزی مرۆڤـــــــ و ژیان ده‌زانێت و هاوپه‌یمان و هاوبیره له‌گه‌ڵیاندا تا مردن. زۆرینه‌شمان ره‌شبینین و زه‌مانه وای لێكردوین كه‌وا بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌و بڵێین: ئه‌و نموونانه له ئینسانی گه‌وره‌و مه‌زن له‌مڕۆدا زۆر كه‌م بوونه‌ته‌وه‌و مه‌خابن كه‌سانی له‌و نموونانه ده‌گمه‌نن و له‌وه ده‌چێت بووبنه دانسقه له‌م كۆمه‌ڵگا ههشبهسهرهی ئێمه‌دا كه بتوانێت له كاتی ته‌نگانه‌و ناخۆشی مرۆڤه‌كانی برای خۆیدا به‌شدارو هاریكارو هاوخه‌م و هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست بن. مه‌گه‌ر ویژدانبهرزو ههڵوێستخوازو لهخۆبوردووكانی لیستی گۆڕان بتوانن وه‌كو چرایه‌ك كۆڵانی تاریكی ژیانمان بۆ رووناك بكه‌نه‌وه.
* توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.