Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و گۆڕانی هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و گۆڕانی هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان

Closed
by August 24, 2009 گشتی

مافپه‌روه‌ر: ئارێز سمكۆ (دهام)

 دواجار ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژادنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژادنه‌كان له‌ عێراق راگه‌یه‌ندرا، واته‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ خولی دووه‌م ده‌ست به‌كارده‌بێ‌ و په‌رله‌مانیش بۆ خولی سێیه‌مینی. ئه‌وه‌ی  ئێمه‌ و چاودێرانی بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمه‌كه‌ هه‌ستمان پێی كرد كه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژادنه‌كان بۆ هه‌ندێك لایه‌ن و قه‌واره‌ موفاجه‌ئه‌ بوو ، به‌ جۆرێك هیچ كات بیریان له‌م رێژه‌ زۆره‌ی متمانه‌ی ده‌نگده‌ران نه‌كردبۆوه‌ كه‌ به‌ده‌ستیان هێنا، هاوكات بۆ هه‌ندێك لایه‌نی تر جۆرێك له‌ شكستی سیاسیی بوو كه‌ به‌ وته‌ی خۆشیان ده‌بێ‌ بیر له‌ گۆڕانكاری و چاكسازی جیدی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چیتر نه‌پرسن ئه‌مه‌ چی بوو رویدا، هه‌ندێك لایه‌نی تریش ئه‌و به‌رگه‌ فشۆڵه‌یان له‌به‌ر داكه‌نرا كه‌ ئه‌وان تاقه‌ ئۆپۆزسیۆنی گۆڕه‌پانه‌كه‌ بوون، به‌ جۆرێك له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هاوكێشه‌كان گۆڕان و له‌ ئاینده‌شدانه‌خشه‌ی سیاسیش ته‌واو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، لێ‌ ده‌رئه‌نجام خودی پرۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی ویستی گه‌لی كورد له‌ باشوری كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌مان كۆی تاكی كوردی ته‌واو بوو.
ئێستا به‌ رامان له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و به‌رای چاودێرانی سیاسیش كه‌ خوێندنه‌وه‌ گه‌لێك بۆ ئاینده‌ی سیاسیی هه‌رێم ده‌كه‌ن و، پێیان وایه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردن هاوكێشه‌كان به‌ ته‌واوی گۆڕاون و ئاراسته‌كانیش ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت هه‌نگاو ده‌نێت، چونكه‌ مایه‌ی دلخۆشیه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كان وه‌ك وڵاته‌ تۆتالیتاره‌كان ده‌رنه‌چوو كه‌ به‌ نزیكه‌ی له‌ سه‌دا %99,99 بێت، واته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ هه‌م هۆشیاری سیاسیی تاكی كوردی نیشان ده‌دا، هاوكات ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌ كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی كه‌ خۆی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بینێته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی باش ئه‌دای كاره‌كانی نه‌كردووه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا، به‌ شێوه‌یه‌ك كاره‌ و له‌ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكدا نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم فه‌راهه‌م بكات، هاوكات به‌هۆی هه‌بوونی میدیای ئازاد له‌ كوردستاندا كه‌ هاوڵاتیانی له‌ نه‌هێنیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پشتی په‌رده‌ی سیاسه‌تی حیزبه‌ كوردیه‌كانی روونكرده‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌گه‌ر به‌ نیازی مانه‌وه‌ی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ ده‌بێ‌ ئه‌وكارانه‌ بكات كه‌ ئۆپۆزسیۆن داوای كرد له‌ په‌یام و كاری خۆی له‌ هه‌ڵبژادنه‌كاندا، هاوكات به‌ جدی بیر له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵك بكاته‌وه‌، ئه‌و سیاسیه‌ عێراقیه‌ راستی وت كه‌: خه‌ڵكی ئاسایی دامه‌زراندنی كوڕه‌كه‌ی له‌لا گرینگتره‌ فیدرالیه‌ت. ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ئه‌مرۆش كه‌ حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات بیكه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای ئه‌و هاوڵاتیانه‌ و موچه‌ خۆرانه‌ی خۆیاندا بگه‌ڕێن تاوه‌كو بزانن ده‌نگیان به‌چ لیستێك داوه‌ و له‌ ده‌زگاكانیشیان بانگه‌شه‌ی ئازادی راده‌ربیڕین بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی ترسێك له‌ ده‌روونی هاوڵاتیان دروست ده‌كه‌ن، دوایش هه‌ر به‌ زیانی خودی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كۆتایی دێت چونكه‌ هه‌موو كارێك كاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ببێت به‌ حه‌كیمی خۆی و په‌نجه‌ له‌سه‌ر كه‌م و كوڕیه‌كانی خۆی دابنێت و خۆی چاره‌سه‌ریان بكات، ئه‌گه‌ر هاتووش ئه‌و رووناكبیر و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ خۆبه‌خشانه‌ و له‌ كاتی خۆیان ده‌گرن و هه‌ڵه‌كانیان بۆ دیاری ده‌كه‌ن چیتر به‌ دوژمن و نۆكه‌ر و خائین و دڕكی چاو و رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌زموونه‌كه‌مان ناو نه‌به‌ن، چونكه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بێ‌ سه‌رانی ده‌سه‌ڵات و پارته‌ كوردیه‌كان له‌وه‌ بگه‌ن ئه‌و كادیرانه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵیان راست نه‌بوون به‌وه‌ی كه‌ داتای هه‌ڵه‌یان پێیاندا له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانیان و دوایش وه‌ها ده‌رنه‌چوو و به‌ شكست بۆیان كۆتایی هات، بۆیه‌ گوێگرتن له‌ تاكه‌كانی ده‌روه‌ی حیزب زۆرجار باشتره‌ و  دڵسۆزانه‌ تره‌ چونكه‌كادیری حیزبی له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی كه‌م و كورتیه‌كان په‌رده‌ پۆش ده‌كات، لێ‌ روناكبیری ده‌ره‌وه‌ی حیزب خه‌مێكی ناوه‌كی و گشتیان هه‌یه‌ هه‌م بۆ كۆی هاوڵاتیان هه‌م بۆ خودی ئه‌زموونه‌كه‌ش.
بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵبژادنه‌ به‌ هه‌موو بارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندایه‌ و، له‌لایه‌ك پۆپۆزسیۆنێكی ته‌ندروست و خاوه‌ن ئه‌ركی به‌رهه‌م هێنا هه‌میش ده‌سه‌ڵاتی له‌ خه‌وێكی قووڵ به‌ئاگاهێنا بۆ ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ له‌ هاوڵاتیان.

arezsmko@yahoo.com

 

Previous
Next