Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
له‌ نۆبه‌ره‌وه‌ بۆ شێرزاد حه‌سه‌ن…هه‌ندرێن حه‌مه‌د ئه‌مین

له‌ نۆبه‌ره‌وه‌ بۆ شێرزاد حه‌سه‌ن…هه‌ندرێن حه‌مه‌د ئه‌مین

Closed
by February 20, 2008 ئەدەب

شێرزاد دوای ئه‌وه‌ی له‌ گۆرستان له‌گه‌ڵ ته‌رم و سه‌گه‌كانی باوكم به‌جێتهشتم، ئاگات له‌ من نه‌ما، واتزانی ئیتر تا هه‌تا هه‌تایه‌ ئه‌وه‌ جێگا و ژیانی من ئه‌بێت، من نازانم تۆ بۆ به‌م شێوه‌یه‌ ره‌فتارت له‌گه‌ڵ كردم، ئه‌زانی زۆر شت هه‌بوون من نه‌مده‌ویست بیكه‌م تۆ به‌زۆر پێتئه‌كردم، زۆر شتیش هه‌بوو من له‌ به‌رناممدا بوون بیكه‌م وه‌ ده‌بوایه‌ بمكدنایه‌ كه‌چی تۆ نه‌تهێشت بیانكه‌م، من نه‌مده‌ویست وا دابڕاو بم له‌ خوشك و براكانم و له‌ دایكه‌كانم، كه‌چی تو هه‌رگیز بوارت نه‌دام كه‌ وه‌ك ویستی خۆم لێیان نزیك ببمه‌وه‌ و هه‌رگیز نه‌تهێشت كه‌سیشیان له‌ من نزیك بێته‌وه‌، ته‌نها یه‌كجار نه‌بێت، ئه‌مجاره‌ش من ئاوام نه‌ده‌ویست، به‌ڵام تۆ به‌ زۆری ئه‌ویشت پێكردم، ئاخر نازانم كه‌ تۆ منت وا ناپووت و ریسوا كردبوو له‌لای برا و خوشك و دایكه‌كانم چۆن هاتی له‌ بڕێكا له‌گه‌ڵ سه‌فه‌رێكی باوك منت كرد به‌ سه‌ركرده‌ و پێشه‌وا بۆ راگواستنه‌وه‌ی هه‌موو گیانه‌وه‌رانی حه‌سار ؟؟ منێك كه‌ جێگای باوڕی كه‌سیان نه‌بووم چۆن توانیم له‌م كتوپڕیه‌ هه‌موویان رازی بكه‌م و له‌گه‌ڵمدا ئه‌م كاره‌ ئه‌نجامبده‌ن، دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر خۆت هه‌موویانت په‌شێمان كرده‌وه‌ و هیچ قسه‌یه‌كیشت بۆ من نه‌هێشته‌وه‌ !! شێرزاد گیان ره‌نگه‌ تۆ لێره‌وه‌ له‌ خۆته‌وه‌ سه‌یری منت كردبێت، یان ره‌نگه‌ پێت خۆش نه‌بووبێت هه‌موو راستیه‌كانی من بدركێنیت وه‌ك چۆن هه‌موو راستیه‌كانی ناو حه‌سارت نه‌دركاند، یان ره‌نگه‌ ئاگات لێی نه‌بووبێت، خۆ ئه‌شبێت ترسی باوك ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌رت زۆر بووبێت وایلێكردبیت زۆر شت فه‌رامۆش بكه‌یت یان زۆر شت له‌بیر بكه‌یت، من چه‌ندین په‌یوه‌ندی نێهنیم له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ خوشك و براكانم و هه‌ندێك له‌ دایكه‌كانم هه‌بوو، باوك له‌م نێهنیانه‌ ته‌واو بێئاگا بوو، كۆمه‌ڵێك نێهنی ناو حه‌سار هه‌بوو ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ی منی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ خوشك و دایك و براكان دروست كردبوو، تۆ هه‌ر ئاگات له‌ به‌شێكی ئه‌م نێهنیانه‌ی ناو حه‌سار هه‌بوو، یان ره‌نگه‌ هه‌ندێكیتریشت زانیبێت و له‌ ترسان باست نه‌كردبێت یان له‌ شه‌رمان یان له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار كه‌ منیش نایزانم، ره‌نگه‌ هه‌ر به‌خۆت بزانی بۆ باسی هه‌موو شته‌كانت نه‌كردووه‌ ره‌نگه‌ خۆشت نه‌یزانی.ئایا ئه‌زانی براكانیشم وه‌ك خوشكه‌كانم بۆ ئاره‌زوه‌ سیكسیه‌كانیان په‌نایان ئه‌برده‌ به‌ر گیانه‌وه‌رانی ناو حه‌سار ؟؟ نازانم بۆ تۆ هه‌نێك له‌وانه‌ی خوشكه‌كانمت باسكردوو و به‌لای ئه‌وانه‌ی براكانمدا نه‌چوویت !! ئایا ئه‌زانی هه‌ندێك له‌ خوشك و براكانم په‌یوه‌ندی ده‌سبازی و ماچ و موچ و هه‌ڵگوشین و هه‌ڵمژینیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بوو ؟؟ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ له‌ نێوان هه‌ندێك له‌ برا و دایكه‌كانیشم هه‌بوو ؟؟ با ئه‌وه‌شت پێبڵێم كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ له‌ نێوان براكانیشم هه‌بوو !! با من شتێكت بۆ بگێڕمه‌وه‌، به‌بیرت دێت كه‌ یه‌كێك له‌ خوشكه‌كانم ورده‌ ورده‌ زگی گه‌وره‌ ئه‌بوو تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌ دوو گیانه‌، به‌وه‌ باوك به‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان وای لێكرد كه‌ دان به‌وه‌وه‌ بنێ ئه‌م زگه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ براكانمه‌، ئه‌وه‌ بوو ئه‌و ئێواره‌یه‌ باوك هه‌ردووكیانی له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌ساردا سه‌ربڕی، نازانم چۆن ئه‌وه‌ت بیر چۆته‌وه‌ ؟؟ ئه‌مه‌ و چه‌ندین شتیتر، نازانم بیرت چوونه‌ته‌وه‌ یان ناوێریت باسیان بكه‌ی یان ئه‌ترسیت !!من له‌و باوڕه‌دام كه‌ تۆ بترسیت، تۆ ترست زۆر پێوه‌ دیار بوو، هه‌ر زۆر به‌ ترسنۆكانه‌ش منت به‌ره‌و كوشتنی باوك برد، من نه‌مده‌ویست وا بیكوژم،به‌ڵام تۆ وات پێكردم، من له‌و باخه‌وانه‌ كه‌متر نه‌بووم كه‌ ئه‌یتوانی بۆ خاتری رابی كچكه‌ ژنی باوكم ئاوا چه‌ندین جار خۆی بگه‌ینێته‌ ناو حه‌سار و بتوانێ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ توند و تۆڵه‌ له‌گه‌ڵ رابی دابمه‌زرێنێت و ئه‌و نه‌خشه‌و بیلانانه‌ بكێشن، منیش توانیبووم په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ره‌وه‌ بكه‌م، نازانم تۆ بۆ قه‌ت باست نه‌كرد ؟؟ من چه‌ندینجار نه‌خشه‌ و پیلانی ئه‌وه‌م كێشا كه‌ یه‌ك یه‌ك سه‌گه‌كانی باوكم له‌ناو به‌رم، خوشك و براو و دایكه‌كانم یارمه‌تیان ئه‌دام و نێهنیه‌كانیشیان ئه‌پاراستم، به‌ تایبه‌ت ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ باوك سه‌فه‌ری كرد بوو دوای ئه‌وه‌ی تۆ خوشك و براكانمت په‌شێمان كرده‌وه‌ و ترست خسته‌ دڵیانه‌وه‌ له‌ راگواستنه‌وه‌ی گیانه‌وه‌ره‌كانی حه‌سار، من رازیم كردن كه‌ ئه‌م هه‌له‌ بقۆزینه‌وه‌ و چه‌ندین سه‌گی هاری باوك بكوژین، كوڕه‌ خۆ ئه‌وه‌شمان كرد به‌ڵام تۆ هه‌ر باست نه‌كرد، له‌ دوای كوشتنی باوكیش رێگات پێنه‌دام ئه‌مه‌ به‌بیر خوشك و براكانم بێنمه‌وه‌، ئه‌وان هه‌موویان وه‌ك یه‌كتر نه‌بوون جیاوازیه‌كی زۆر له‌ نێوانیان هه‌بوو وه‌ك چۆن جیاوازی له‌ نێوان ئێمه‌ی ناو حه‌سار و ئه‌وانه‌ی راكردوو حه‌سار هه‌بوو، نازانم تۆ بۆ ئه‌و جیاوازیه‌ت له‌به‌ر چاو نه‌گرتبوو، ئه‌زانی جیاوازیه‌كی زۆر له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی حه‌ساریش هه‌بوو، به‌ڵام تۆ ئمانه‌ت هه‌موو فه‌رامۆش كرد بوون، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر باست نكردبان ئه‌وا منیش ئیستا به‌ روومدا نه‌ئه‌دایه‌وه‌.من سه‌یرم پێت دێت، تۆ باوكت به‌ من كوشت وه‌ هه‌موو حه‌سارت به‌و كوشتنه‌ خسته‌ سه‌ما، هه‌ر هه‌موویشت به‌گه‌ر مندا بۆ گۆڕستان و شاردنه‌وه‌ی باوك، كه‌چی هه‌ر له‌ هیچ و خۆڕایی هه‌ر هه‌موویانیشت لێكردمه‌وه‌، راسته‌ زۆریان پشتیان تێكردم و كه‌وتنه‌ دوای ئازادی خۆیان، به‌ڵام بۆ باسی ئه‌وانه‌ ناكه‌یت كه‌ له‌گه‌ڵم مانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌ك من بوون یان نزیك بوون له‌ من ئه‌وانه‌ی كه‌ پیشتر په‌یوه‌ندی تایبه‌تیم پێیان هه‌بوو، دوایی نازانم ئه‌م زێوانه‌ت بۆ وا له‌سه‌ر من كرد به‌ كه‌له‌كه‌ گا من ئه‌و كات ده‌ستم به‌ خوێنی باوك سوور بوو،  خۆم سه‌رگه‌وره‌ و سالاری حه‌سار بووم چ باكم به‌ زێوان و گۆڕستان بوو، من ئه‌متوانی ته‌رمی باوك له‌ قوڵترین ژێرزه‌مینی حه‌سار بشارمه‌وه‌، ئه‌متوانی هه‌ر له‌ ناو حه‌سار گۆڕی بۆ هه‌ڵكه‌نم و سه‌ر گۆڕه‌كه‌شی بكه‌م به‌ ئاوده‌ست، تۆ نه‌تویست من وه‌ك ئه‌و بم توند و تیژ بم و جێگای ئه‌و بگرمه‌وه‌، له‌وه‌یه‌ ئه‌توانم هه‌ندێكجار له‌گه‌ڵت كۆكبم، به‌ڵام ئه‌و جاره‌نووسه‌ی تۆ بۆت هه‌ڵبژاردم له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنه‌ ساده‌كانی من ته‌واو جیاواز بوون، من بۆ هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی خۆم و ئه‌و هه‌مووه‌ی باوك پێی كردم هه‌ر چۆنێك بێت هه‌وڵی ئه‌وه‌م ئه‌دا كه‌ جێگای ئه‌و بگرمه‌وه‌ به‌ روخسارێكیتر، به‌ڵام تۆ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر زوو ئه‌م چاره‌ نووسه‌ت بۆ دانابم و نه‌ته‌وێت هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری بیت هه‌ر هێنات و بردت تا به‌و چاره‌نووسه‌ت گه‌یاندم كه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمی باوك و سه‌گه‌كانی بژیم .ئه‌وه‌ی كه‌ گرینگه‌ لێره‌ بیزانیت په‌شێمان نه‌بوونه‌وه‌مه‌ له‌ كوشتنی باوك، به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ ئه‌و چاره‌نووسه‌ی كه‌ له‌ خۆته‌وه‌ به‌ منت به‌خشی من په‌شیمان نیم له‌وه‌ی كه‌ زوڵمم كوشت دكتاتور و توند و تیژیم كوشت، حه‌سارم ئازادكرد و شتێكم بۆ خوشك و براكانم هێنا پێش كه‌ خه‌ونیان پێوه‌ ئه‌بینی، ئه‌وه‌ته‌ ئه‌وه‌ش ئه‌بینی كه‌ منیش له‌و چاره‌نووسه‌ی تۆ بۆت نووسیبووم ده‌ربازم بوو، ئه‌وه‌ته‌ من له‌ به‌رانبه‌ر كۆمبیوته‌ره‌كه‌ی هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین  دانیشتووم و نامه‌ بۆ تۆ ئه‌نووسم، هه‌ر دوای ته‌واو بوونی ئه‌م نامه‌یه‌ش راسته‌وخۆ بڵاوی ئه‌كه‌مه‌وه‌، دڵنیاشم كه‌ به‌ تۆش ئه‌گات، هه‌رچه‌ند ئه‌زانم ئه‌م نامه‌یه‌ وا له‌ تو ناكات كه‌ بتوانی ئه‌و ترسه‌ له‌ خۆت ده‌ركه‌یت، به‌ڵام هه‌ر هیچ نه‌بێت شتێكت له‌لا دروست ئه‌كات، هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌مه‌و به‌دوا تۆ و ئه‌وانه‌ی وه‌ك تۆ ئه‌زانن كه‌ چاره‌نووسی پاله‌وانه‌كانیان تا سه‌ر له‌ به‌ر ده‌ستی خۆتان نیه‌، له‌وه‌وه‌ ئه‌زانن دوای ته‌واو بوونی ئێوه‌ پاڵه‌وانه‌كانتان ئازدتر ئه‌بن ئه‌گه‌ر ته‌واویش ئازاد نه‌بن، ئه‌و نامه‌ی من له‌ ژێر ناوی تۆ بۆ خه‌لكی حه‌ساره‌ ئه‌و حه‌ساره‌ی دوای باوك ئه‌زانم بووه‌ به‌ چ گه‌ندڵستانێك، به‌ چ فه‌وزا و هه‌رایه‌ك، به‌ڵام هه‌رگیز ناڵێم كاتی باوك باشتر بوو، ئه‌ڵێم ده‌ستم خۆش بێت بۆ كوشتنی باوك، به‌ هه‌موو باوكانیش ئه‌ڵێم تا من له‌ ژیان بمێنم ژیانی هه‌ر هه‌مووتان وه‌ك باوك له‌ مه‌ترسی دایه‌، ئه‌گه‌ر ئیوه‌ بتوانن وانه‌ له‌ باوك وه‌رگرن و زۆر له‌ باوك خرابتر كۆنترۆلی حه‌سار بكه‌ن و خه‌لكی حه‌سار له‌ په‌ل و پۆ بێهخن ئه‌وا نوبه‌ره‌كانیتریش وانه‌ له‌ من وه‌ر ئه‌گرن و روبه‌ڕو بوونه‌وه‌یان له‌ هی منیش باشتر و سه‌ركه‌وتووتر ئه‌بێت، با هه‌موو باوكه‌كان بزانن ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌توانن شێرزاد و ئه‌وانه‌ی وه‌ك شێرزاد بترسێن و بێده‌نگیان بكه‌ن یان خه‌لكیان پێبترسێنن، ئه‌وا دواجار نۆبه‌ره‌یه‌ك هه‌ر ئه‌بێت كه‌ مه‌رجیش نیه‌ نۆبه‌ره‌ بێت ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌یان ناوه‌ندی یان پاشه‌به‌ره‌ بێت.ئه‌و ترسه‌ی شێرزاد له‌ باوك هه‌رگیز ناتوانێت گیان و ژیانی باوكان بپارێزێت، ئه‌وه‌ی شێرزاد و ئه‌وانه‌ی وه‌ك شێرزاد بۆ ته‌رمی باوك دروستی ئه‌كه‌ن ته‌نها وه‌همێكی خۆیانه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ تا پاڵه‌وان له‌ ده‌ستیان رزگاری ئه‌بێت و ئاوا وه‌ك نۆبه‌ره‌ ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌ نامه‌ نووسین بۆ ئه‌و خودایانه‌ی كه‌ به‌ بێ خه‌لك هیچ بوون و به‌هایێكیان نیه‌ .ئه‌وه‌ته‌ شێرزاد وه‌ك خوایه‌ك مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ نۆبه‌ره‌ كرد، ئازاریدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ باوكی كوشت له‌ كاتێك هه‌ر خۆشی وای كرد كه‌ نۆبه‌ره‌ باوك بكوژێت، شێرزاد تا ئه‌و كاته‌ی نۆبه‌ری خسته‌ ناو ته‌رمی هه‌ڵئاوساوی باوك و به‌ سه‌گه‌كانی باوك گه‌مارۆیدا و خوشك و براكانی هه‌موو ترساند و وای لێكردن كه‌ پشت له‌ نۆبه‌ره‌ بكه‌ن ئه‌وه‌ و چه‌ندین شتیتری كرد، كردی و كردی تا له‌ دواجاردا خۆی هیلاك بوو و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌ گه‌رمكه‌ی و خوانه‌ خۆشه‌كه‌ی، نه‌یتوانی له‌وه‌ زیاتر به‌ ده‌وری نۆبه‌ره‌ بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ته‌ هه‌ر شێرزاد رۆیی نۆبه‌ره‌ ئازاد بوو له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی شێرزاد ده‌رچوو و خه‌ریكه‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌و ئه‌كه‌وێته‌ سزادانی شێرزاد . Handren88@hotmail.com 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.