
كۆتایی چیرۆكه‌كه: تۆب بێ مێنیفێست …وه‌رگێرانی: ڕێبوار ڕه‌شید
….(به‌رده‌وامی به‌شی پێشوو)…
دوو چیرۆكه‌كه‌ی ماركسیزم….
لارش ئاهلین له یه‌كه‌م ڕۆمانیدا "تۆب كه مێنیفێستی هه‌یه" باس له تۆبیاس یانسۆن، كوڕه لاو‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌كات كه له ڕێگای ده‌وره‌ی فێركردنی سۆسیالیستی و ناسینی مێنیفێستی ماركس و ئه‌نگلس ده‌بێت به خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی نوێ، به‌و شێوه‌یه تۆبیاس "تۆب كه مێنیفێستی هه‌یه" ده‌بێت به ئه‌ندامێكی ئه‌و هاوبه‌شیه‌تیه چینایه‌تیه‌ی كه ئاینده‌ی له دامێندایه، تۆبیاسێكی مووچه‌خۆر ئه‌و په‌یامه‌ی پێسپێردراوه كه بێت و بۆ وه‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی پرۆلیتاریایی تێبكۆشێت. "ئیدی لاپه‌ڕه بچووكه‌كانی مانیفێست سه‌باره‌ت به هه‌موو واقیع ده‌گه‌نه كۆتایی. تۆب ئه‌و هه‌سته دایده‌گرێت كه هه‌رچی ڕاستی هه‌یه له‌و لاپه‌ڕانه‌دا نووسراونه‌ته‌وه. لێره به دواوه تۆب حاڵی ده‌بێت كه لایه‌نگرتن له مێنیفێست لایه‌نگرتنه له ڕاستیی… مێنیفێست هه‌ر به ته‌نها تیشكی خۆی ناهاوێته سه‌ر مێژوو به‌گشتیی، به‌ڵكو ده‌یخاته سه‌ر نه‌زمگه‌لی به‌رهه‌مهێنان و سه‌ر هه‌موو شتێك كه له ژیانی كۆمه‌ڵگادا كه‌سیی (شه‌خسیی) نییه. مێنیفێست هه‌روه‌ها باری ده‌روونیی، هه‌ستیی و كه‌سایه‌تیش ڕووناك ده‌كاته‌وه. ئه‌رێ، مێنیفێست گرینگ‌ترین زانستی بۆ هه‌موو مرۆڤێك پێیه." به هاسانیی مرۆڤ ده‌توانێت له‌و هێزه ته‌لیسماوه‌یه كارتێكه‌ره‌ی سه‌ره‌تای باسی ناو مێنیفێست بگات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه مێژوو بریتیه له مێژووی خه‌باتێكی چینایه‌تی به‌رده‌وام. [به پێی مێنێفێست] مێژوو بریتیی نییه له كۆمه‌ڵه ڕووداوێكی زنجیره‌یی به‌هه‌ڵكه‌وت هه‌ڵكه‌وتوو، به‌ڵكو سه‌رتاپاگیر ده‌توانرێت مێژوو وه‌ك یه‌ك چیرۆك سه‌باره‌ت به شۆڕش و خه‌باتی چینایه‌تی ببینرێت. ئه‌و ڕووناكیه‌ی ده‌هاوێژرێته سه‌ر مێژوو په‌رده له‌سه‌ر خه‌باتێكی سیاسیی له نێوان چه‌وساوه و چه‌وسێنه‌ردا ده‌داته‌وه كه گاهـ شاراوه‌یه و گاهـ ئاشكرایه، به‌ڵام هه‌میشه له ئارادایه. درامای ناو ئه‌و چیرۆكه له‌و ڕێگایه‌وه ده‌گاته ترۆپكی خۆی كه تیایدا هێزی وه‌گه‌ڕخستنی كۆمه‌ڵگا و چه‌وسانه‌وه ئاشكرا ده‌كردرێت. دره‌نگ نابات كه ته‌نها تاكه دوو چین له شه‌ڕێكی به‌رامبه‌ر به یه‌كی چاره‌نووسسازانه‌ی مێژوویی‌دا ده‌مێننه‌وه: بورژوازی و پرۆلیتاریا.[به پێی چیرۆكی مێنیفێست] سه‌رمایه‌داری حوكمڕان – بورژوازیی – له‌و ڕێگایه‌وه كه به‌رده‌وام بازاڕگه‌لی خۆی به‌رفراوان بكات "نامیهره‌بانانه ئه‌و پێوه‌ندیه هه‌مه‌لایه‌نه فیودالیانه‌ی تێك شكاندووه كه مرۆڤه‌كانی به سه‌رۆكه سرووشتیه‌كه‌یانه‌وه ده‌به‌سته‌وه، و هیچ جۆره ئه‌ڵقه‌یه‌كی پێوه‌ندیی دیكه‌ی نه‌هێشتووه‌ته‌وه بێ له‌و پێوه‌ندیه به‌رژه‌وه‌ندیه ڕووت و ئاشكرایه نه‌بێت كه هه‌یه و بێ له‌و "نه‌قد پاره‌دانه" بێ هه‌ست و سۆزه نه‌بێت كه له ئارادایه. له‌و كاته‌وه سه‌رمایه‌داریی "هه‌موو ئه‌و كاروچالاكیانه‌ی ڕووت و قووت هێشتووه‌ته‌وه كه كاتی خۆی به جێگای ڕێز و پێ‌زانین ده‌بینران و داده‌نران" و "ته‌نانه‌ت پزیشكان، یاساناسان، قه‌شه‌گه‌ل، شاعیرگه‌ل و پیاوانی زانستیشی كردووه به كرێكاری مووچه‌خۆری كرێگرته‌ی خۆی"، ئه‌وا [به‌و پێیه] ده‌بێت سه‌رئه‌نجامی خه‌باتی چینایه‌تی ببێته مایه‌ی بردنه‌وه به قازانجی سه‌رمایه‌داران. به‌ڵام ماركس و ئه‌نگلس تێگه‌یشتن و زانینێكی درامایی گه‌لێك باشتریان له‌وه هه‌بوو. چونكه [به ڕای ئه‌مان] بورژوازیی له ڕێگای خودحوكمڕانیی خۆیه‌وه نه هه‌ر به ته‌نها "ئه‌و چه‌كه وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه له ئاكامدا خۆی ده‌كوژێت، به‌ڵكو هه‌روه‌ها ئه‌و پیاوانه‌ش وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه ئه‌و چه‌كانه‌ش هه‌ڵبگرن – كرێكارانی مۆدێرن، پرۆلیتاریاكان".كۆپله‌ی كۆتایی ئه‌و شانۆنامه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه چۆن سه‌رمایه‌داریی له ڕێگای شۆڕشه‌وه ده‌ڕووخێنرێت، ئه‌ویش باسێكه له مێنیفێستدا نووسراوه. ڕۆڵی گرینگ له درامای مێژوودا ئیتر تازه له‌وێدا به چینی كرێكار به‌خشراوه. به‌ڵام خوێنه‌ر خۆی ده‌بێت چالاكانه بچێته ژووره‌وه و له ده‌رهێنانه‌كه‌دا به‌شدار بێت. تۆب ـ ـی مووچه‌خۆر توانی ئایینده‌ی خۆی له مێنیفێستدا ببینێته‌وه. ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌وه بوو كه چالاكانه ئه‌و ته‌نها هاوبه‌شێتیه ڕێك بخات كه مابووه‌وه و سه‌رمایه‌داران نه‌یانتوانیبوو له ناوی ببه‌ن: هاوبه‌شیتی كرێكاران، خاوه‌ن ڕۆڵی سه‌ره‌كیی له دوا كۆپله‌ی شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌ی مێژوودا.پێنج ساڵ به‌ر له‌وه‌ی مێنیفێستی كۆمۆنیست بڵاو بێته‌وه ماركس ڕوونی كردبووه‌وه كه له به‌رچی ئه‌وه به‌تایبه‌تی چینی كرێكارانه كه ڕۆڵی سه‌ره‌كیی له‌و دراما شۆڕشگێڕیه‌دا پێ به‌خشراوه. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی چینی كرێكاران یه‌كجار ئا به‌و شێوه‌یه خاترجه‌میی نییه وه‌كوو له پاشانیش تێیده‌گه‌ین. له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا گرووپی دیكه‌ی چه‌وساوه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌بوون، بۆ نموونه كرێكارانی پیشه‌ی ده‌ستی و جووتیاران، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كرێكاران خه‌سڵه‌تێكی "ئازاركێشی گێتیانه‌یان" هه‌بوو و له ناو گرووپگه‌لی جودای چه‌وساوه‌ی كۆمه‌ڵگادا یه‌كێك بوون له هه‌ره چه‌وساوه‌كان، ئه‌وا كرێكاران ته‌نها گرووپێك بوون كه بتوانن هه‌ر هه‌موو ساختاری چه‌وسانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌ونخون بكه‌ن و ئه‌ركی ئازادكردنی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بخه‌نه ئه‌ستۆی خۆیان. [به‌و شێوه‌یه] پرۆلیتاریا له لای ماركس شێوه‌ڕووخسارێكی مه‌سیح [مه‌هدی/ پێغه‌مبه‌ری ئاخرزه‌مان] ده‌گرێته خۆی. عیسای له خاچدراو كاتێك به خاچه‌وه بوو هه‌موو گوناهی مرۆڤه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه سه‌رفه‌رازكردنی سه‌رتاپای مرۆڤایه‌تی شیاو بكات. كاتێكیش تۆب ده‌بێت به ماركسیست، ئه‌وا ئه‌م ڕۆڵه فره گرینگه‌ی پێ ده‌سپێردرێت. به‌ڵام تۆب ئه‌و كاره له چوارچێوه‌ی هاوبه‌شێتی چینایه‌تی مووچه‌خۆریی خۆیدا ده‌كات [كه خاوه‌نی كاره].كاتێك له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌دا تۆب فڕی ده‌درێته ناو گێژاوی بێكارییه‌وه، ته‌لیسمه‌كه ده‌شكێت. تۆب ده‌بێت به شتێكی دیكه، ده‌بێت به‌و شته‌ی كه ماركس و ئه‌نگلس پێی ده‌ڵێن پۆخڵه‌ی پرۆلیتاریا، واته خاوه‌ن ڕۆڵێكی ناسه‌ره‌كیی خوێڕی له دراماكه‌دا، كه‌سێك كه ته‌واو بێ ئیمكانه كه بێت و سه‌رفه‌رازیی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بخاته سه‌رشانی خۆی. باسه‌چیرۆكی ژیانی تۆب ئیتر قابیلی ئه‌وه نییه گه‌رانتی كۆتاییه‌كی شادی پێ بدرێت. ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌و ئیتر جێگای له سه‌رده‌می شۆڕشگێڕانه‌ی مێنیفێستدا نابێته‌وه.له مێنیفێستدا هه‌روه‌ها چیرۆكێكی دیكه‌ش هه‌یه، چیرۆكێكی هاوته‌ریب به چیرۆكی ڕۆڵی شۆڕشگێڕانه‌ی مێژوو. ئه‌م چیرۆكه‌یان سه‌باره‌ت به شه‌ڕی چینایه‌تی نییه، به‌ڵكو سه‌باره‌ت به خودی پێشخستنی ئامرازی به‌رهه‌مهێنانه. له ڕۆڵی سه‌ره‌كی ئه‌م به‌شه‌یاندا تۆب یاخود ئه‌ندامێكی دیكه‌ی چینی كرێكار به‌شدار نییه. له جیاتی ئه‌وه باس له پێشكه‌وتنێكی هه‌رده‌م به‌رده‌وام ده‌كردرێت كه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردن و به‌رده‌وامیی سه‌رمایه‌دارییدا هاتووه‌ته ئاراوه. به‌و حیسابه ئه‌وه ئاستی گه‌شه‌ی ئامرازی به‌رهه‌مهێنانه كه بڕیار له‌سه‌ر ساختاری چینایه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌دات. ساڵێك به‌ر له‌وه‌ی مێنیفێست په‌خش بكرێت ماركس به وردیی و چڕیی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م تێگه‌یشتنه مێژووییه‌ی فۆرموله كردبوو [به ڕای ماركس]: "كرێكاری پیشه‌ی ده‌ستیی كۆمه‌ڵگایه‌ك وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه هی ئاغاواته، ئاشی هه‌ڵم كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارانی پیشه‌سازیی وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنێت". [به پێی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی ماركس] پێشخستنی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان بووه مایه‌ی گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌روبنكار.پاشان كاتێك كه ماركس ئه‌م تیئۆریه‌ی پێشخست و كه نازناوی تێگه‌یشتنی مه‌تریالیستیانه له مێژووی لێ‌نرا، ئه‌مه‌ی به به‌كارهێنانی دوو چه‌مك ئه‌نجام دا، ژێرخان و سه‌رخان. ژێرخان بریتی‌بوو له كۆی پێوه‌ندیه‌كانی ناو به‌رهه‌م له كۆمه‌ڵگادا. ئه‌م پێوه‌ندیانه له به‌رهه‌مهێناندا به شێوه‌یه‌كی وا ڕێك خراون كه هه‌میشه له قازانجی پێشخستنی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێناندان (بۆ نموونه ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان كه شتومه‌كی ته‌كنیكین و هه‌روه‌ها هێزی كار). به‌ڵام له هه‌ندێك قۆناخی پێشخستنی شتومه‌كی ته‌كنیكیدا ئه‌و پێوه‌ندیگه‌له‌ی ناو به‌رهه‌مهێنان كه هه‌ن ئیتر چیدی ناتوانن جۆش و خرۆش به گه‌شه‌ی هێزه‌كانی كار بده‌ن. كاتێك كه ئه‌م دۆخانه ده‌بن به ئیستۆپ [تورمز/ له‌مپه‌ر/ ئاسته‌نگ] بۆ گه‌شه‌كه، سه‌رده‌مێك له شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یدا ده‌بێت. ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی ژێرخانی كۆمه‌ڵگا هه‌روه‌ها كاری خۆی له‌سه‌ر سه‌رخانی كۆمه‌ڵگاش ده‌كات. كه‌واته به‌م شێوه‌یه ئه‌م سه‌رخانه یاسایی و سیاسییه (ده‌وڵه‌ت، سیسته‌می دادوه‌ریی و هتد) له ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی پێشكه‌وتنه مه‌تریاڵیه‌كه‌وه كه له ژێرخاندا ڕوو ده‌دات ده‌كه‌وێته ناو پرۆسه‌یه‌ك له شۆڕش. پێشخستنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان به درێژایی هه‌موو مێژوو بووه‌ته مایه‌ی په‌یدابوونی گه‌لێك شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان. ماركس ناوی كۆمه‌ڵگای كۆیله‌یه‌تی ئه‌نتیك (فره كۆن)، كۆمه‌ڵگای ئاسیایی، كۆمه‌ڵگای فیوداڵی و كۆمه‌ڵگای مۆدێرنی برژوازیی ده‌هێنێت. له مێنیفێستدا ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی به‌رهه‌مهێنان كه دوا دانه‌یه و كه له‌سه‌ر بناخه‌ی چینایه‌تییه به سیحربازێك ده‌چووێنرێت كه ئیتر له توانایدا نامێنێت كۆنترۆڵی ئه‌و هێزانه بكات كه خۆی دروستی كردوون.ئه‌م مه‌تریالیزمه مێژووییه ته‌كنۆلۆژیاییه هه‌روه‌ها هێزێكی سیحرئامیزی هه‌یه. ڤیلهێلم لیبكنێخت كه یه‌كێك بوو له هاوڕێیانی ماركس و ئه‌نگلس له‌مه‌ڕ یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی پڕ جۆش و خرۆشی خۆی و مامۆستاكانی، كه ماركس و ئه‌نگلسن، ده‌دوێت. له باڕێكی خۆییانه‌دا له له‌نده‌ن كه په‌ناهێنده‌ی سیاسیی ئه‌و ده‌مه‌ی تیادا خڕ ده‌بووه‌وه، به بیره‌یه‌كی كه‌فچڕ و خه‌ونی خواردنی پارچه گۆشتێكی خۆشی ئینگلیزیه‌وه (ئه‌مه زۆر پێش ئه‌و زه‌مانه بوو كه مانگای ئینگلستان تووشی شێتی ببن) لیبكنێخت به نیگه‌رانیه‌وه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ده‌كرد له تیئۆری سۆسیالیستی‌دا تاقی بكرێته‌وه. ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه كه چاوه‌ڕووانیه‌تی هه‌ر زوو ده‌بێت به گفتوگۆیه‌كی گه‌رم و له سنوورده‌رچوو. لیبكنێخت ده‌گێڕێته‌وه كه ماركس ده‌ست ده‌كات به گێڕانه‌وه‌ی مۆدێلی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی (قیتارێكی) ئه‌له‌كتریكیی كه له شه‌قامی ڕێگێنت (ڕێگێنت ستریت) بۆ پیشاندان دانراوه و ئه‌وجا گوتی: "ئێستا گرفته‌كه چاره‌سه‌ری هه‌یه… و نه‌شیاوه سه‌ره‌ئه‌نجامه‌كان به گشتیی پێشبینی بكردرێن. [به‌ڵام] شۆڕشه ئابووریه‌كه سرووشتیانه حه‌تمه‌ن ده‌بێت هه‌ر شۆڕشێكی سیاسیی به دوادا بێت، چونكه شۆڕشه سیاسیه‌كه هه‌ر ته‌نها شێوه‌یه‌كی خۆده‌ربڕینه بۆ شۆڕشه ئابووریه‌كه ".ئه‌و ئێواره‌یه بۆ لیبكنێخت بوو به شه‌وێكی درێژ. كاتێك كه له به‌ره‌باینیدا چوو له‌سه‌ر جێگا ڕابكشێت پاش ئه‌و هه‌موو شته‌ی كه بیستبووی نه‌یده‌توانی خه‌وی لێ بكه‌وێت. ئه‌و باسه‌ی كه ماركس گێڕابوویه‌وه خۆی گه‌یاندبوویه و چووبووه ناخیه‌وه و بێ‌دار ڕای گرتبوو. لیبكنێخت ناچار بوو خۆی بگه‌یه‌نێته شه‌قامی ڕێگێنت بۆ ئه‌وه‌ی به چاوی خۆی ئه‌و ئه‌سپی ترواده‌یه ببینێت كه له شێوه‌ی مۆدێلی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكدا دروست كرابوو، ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی كه چینی بورژوازیی له نابینایی خۆكوژیی خۆیدا دروستی كردبوو و له‌وێدا داینابوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بیبینێت. له ناو جه‌ماوه‌رێكی گه‌وره‌ی خه‌ڵكدا لیبكنێخت وه‌كوو یه‌كێك له‌وان وێستابوو و له‌و نمایشنامه‌یه‌ی ده‌ڕووانی. جه‌ماوه‌ره‌كه مۆدێلێكی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ده‌بینی، و لیبكنێختیش [له ئه‌قڵی خۆیدا] كۆرپه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ی ده‌بینی كه بڕیاری دابوو له پێناویدا ببێت به په‌ناهێنده.[له ئه‌قڵی ئه‌مدا] شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه هه‌ر به ته‌نها داهێنانێك نه‌بوو له ناو داهێنانه‌كانی دیكه‌دا، به‌ڵكو بۆ كه‌سێكی ماركسیستی وه‌كوو لیبكنێخت شتێك بوو بخرێته ناو خشته‌ی پێشخستنێكه‌وه كه دووباره‌كاردانه‌وه‌ی سیاسیی بێئه‌ژماردی لێ ده‌كه‌وته‌وه.سه‌رده‌می كرێكاری پیشه‌ی ده‌ستیی سه‌رده‌می ئاغایان بوو، سه‌رده‌می ئاشی هه‌ڵم سه‌رده‌می سه‌رمایه‌دارانی پیشه‌سازیی و ئه‌و ماتۆڕه ئه‌له‌كتریكیه‌ش [كه تێی ده‌ڕووانی] ئێستا پێداویستیانه ده‌بێته مایه‌ی سوڕێكی قڵپبوونه‌وه‌ی سیاسیی نوێی ته‌واو. ئه‌ویش هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ماركس گوتبووی كه ئه‌م شۆڕشه ته‌كنیكیه حه‌تمه‌ن ده‌بێت شۆڕشێكی سیاسیی به‌دوادا بێت.هه‌ردوو ئه‌م چیرۆكه هاوته‌ریبه، كه تیایاندا خه‌باتی چینایه‌تی و هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان به ماتۆڕی مێژوو حیساب ده‌كرێن، بوو به خاڵێكی بڕیارده‌ر بۆ ئه‌و گفتوگۆ ستراتیژیه ماركسیستیه‌ی كه دوای ئه‌مه هاته ئاراوه. ماركس و ئه‌نگلس هه‌ر به ته‌نها ده‌ستنیشانی ئه‌و چینه‌یان نه‌كردبوو كه دێت و ڕابه‌رایه‌تی شۆڕش ده‌كات، به‌ڵكو [به پێی ئه‌و چیرۆكه] هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشیان ڕوون كردبووه‌وه كه ئه‌م گۆڕانكاریه كۆمه‌ڵگاییه ته‌نها له ڕێگای پارتێكی سیاسییه‌وه به‌رقه‌رار ده‌بێت. پارتی به‌و شێوه‌یه [به پێی ئه‌و چیرۆكه ماركسیستیه] بوو به‌و ڕێكخراوه سیاسیه كه ئه‌ركی وه‌ئه‌نجامگه‌یاندنی سه‌رفه‌رازیی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌وێته سه‌رشان و ده‌بێت مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و دوا قۆناخی مێژوو ببات و ڕابه‌رایه‌تیی بكات.
ڕێبوار ڕه‌شیدله سوێدیه‌وه كردویه به كوردی
١٨/٢/٢٠٠٨
ئه‌م بابه‌ته درێژه‌ی هه‌یه ..…
ئه‌م وتاره له‌م كتێبه وه‌رگیراوه:
Socialismens liv efter döden, Klas Gustavsson, ScandBook, Smedjebacken 2004. s 21-44ئه‌مه‌ش ناوی ئه‌و وتاره‌یه به سوێدی: كۆتایی چیرۆكه‌كه: تۆب بێ مێنیفێست Berättelsens slut: Tåbb utan manifestڕوونكردنه‌وه (ڕێبوار):كلاس گوستاڤسۆن Klas Gustavsson ـی نووسه‌ر سه‌رناوی ئه‌م وتاره‌ی له ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی لاش ئاهلین Lars Ahlin وه‌رگرتووه و له ئه‌نقه‌ست گۆڕیویه‌تی. لاش ئاهلین ده‌ڵێت "تۆب كه مێنیفێستی هه‌یه" و كلاس گوستاڤسۆنیش ده‌ڵێت "تۆب بێ مێنیفێست". ئولۆف پاڵمه‌ش له یه‌كێك له وتاره‌كانیدا ئاماژه‌ی به هه‌مان ڕۆمان كردووه كه له كتێبی Palme Själv دا هه‌یه و من ساڵی ١٩٩٦ وه‌رمگێڕاوه‌ته سه‌ر كوردی. ڕۆمانه‌كه ناوی "تۆب كه مێنیفێستی هه‌یه" یه‌كه‌مین ڕۆمانی لارش ئاهلین بوو كه ساڵی ١٩٤٣ نووسی و له زۆر لایه‌نی چه‌پ كه‌وتووه‌ته به‌ر باس. له‌وێدا كوڕه بێكارێكی لاو كه ناوی تۆبیاس یانسۆن ـ ـه (كورته‌ی ناوه‌كه‌ی به سویدی ده‌بێت به تۆب) و وه‌كوو ئینجیل له مینێفیستی كۆمۆنیست ده‌ڕووانێت، به‌ڵام له پراكتیكدا ڕووبه‌ڕووی زۆر شت ده‌بێته‌وه كه به‌و شێوه‌یه نییه و نابن كه ئه‌م له مێنیفێست حاڵی بووه.