
پۆپه‌ری كڵوڵ و كڵۆڵیی هه‌میشه‌یی لیبڕاڵیزم
توێژینه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی به‌راووردكارییه
" تا ئێستا فه‌یله‌سوفان بایه‌خیان به راڤه‌كردنی بوون داوه، به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتووه كار بۆ گۆڕینی بكه‌ین نه‌ك راڤه‌كردنی"(ماركس)
به‌شه‌کانی ئه‌م کتێبه ….
1- پێشه‌کیی
2- ته‌وه‌ری یه‌که‌م
3- ته‌وه‌ری دووه‌م
4- ته‌وه‌ری چواره‌م و پهراوێزهکانمحهمهدی مشیر
ته‌مموزی 2008(ته‌وه‌ری یه‌كه‌م)
زانست و هزری فه‌لسه‌فی له روانگه‌ی پۆپه‌ره‌وه
"زانست بنكه‌یه‌كی به‌ردینی پته‌وی نییه،بونیاده بوێره‌كانی تیۆره‌كه‌ی متمانهدهكهنهسهر زۆنگاوێك، زانست وه‌ك ئه‌و بینایه‌یه كه له سه‌ر چه‌ند كۆڵه‌گه‌یه‌ك وه‌ستاوه و كۆڵهگهكانیشی رۆچوونه‌ته نێو ئه‌و زۆنگاوه بێئه‌وه‌ی به بنكه‌یه‌كی سروشتی یان " دهرهاوێشتهیهك" له دهرهاوێشهكانهوه لكابن. ئه‌گه‌ر وازیش بهێنین له داچه‌قاندنی زیاتری ئه‌و كۆڵه‌گانه، ئه‌مه له‌به‌رئه‌وه‌نییه كه ئێمه بڕوامان وایه هێنده پته‌ون وده‌توانن لایه‌نی كه‌م به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌و بینایه رابگرن"(1)
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه بۆچوونی كارڵ پۆپه‌ره له‌مه‌ڕ زانست، ئه‌و له‌وباوه‌ڕدایه كه هه‌موو زانست و ئه‌زموونه زانستییه‌كان به‌درێژایی مێژوو وه‌ك ئه‌و بینایه له‌رزۆك و بێ بنه‌مایه‌ن كه كۆڵه‌گه‌كانی رۆچوونه‌ته نێو زۆنگاوێك، زۆنگاوێك كه هیچ كۆڵه‌گه‌یه‌ك ناتوانێ تێیدا بگاته بنی بنهوهیی وبچهسپێ، هه‌ر هه‌وڵدانێكی زێتریش بۆ داچه‌قاندنی خودی ئه‌و كۆڵه‌گانه‌ی كه پێیه‌كانی زانست به زه‌مینه‌وه ده‌چه‌سپێنن كارێكی بێهوده‌یه، چونكه به‌بۆچوونی پۆپه‌ر ده‌بێ ئێمه له‌و باوهڕهدابین كه ئه‌و پێیانه‌ی زانست هێنده پته‌ونین تا بتوانن به شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت ماڵی زانست له داته‌پین بپارێزن. ئه‌م بێ بنهماكردنهی زانست له لایه‌ن پۆپه‌ره‌وه كارێكه جگه له لاوازكردنی باوه‌ڕی مرۆڤایه‌تی به زانسته‌كان هیچ ئاكامێكی دیكه‌ی لێناكه‌وێته‌وه. زۆنگاو شوێنێكه كه‌متر بیناو ماڵی تێدا دروستده‌كرێ، گه‌ر مرۆ ناچاریش نه‌بێت په‌نا بۆ زۆنگاو نابات، به‌ڵام پۆپه‌ر له‌به‌ر ره‌شبینی و بێ باوه‌ڕی به زانست، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو وشكانییه ماڵی زانست ده‌باته نێو زۆنگاو و له‌وێدا دروستی ده‌كات. ئه‌و هه‌ڵوێسته ئه‌نتی زانسته‌ی پۆپه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه خۆی خاوه‌نی تیۆری به‌درۆخستنه‌وه‌یه ((نظریة التكذیب أو قابلیة التكذیب- Faillibilism))، بۆیه مرۆڤ به‌پێی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر بوونه‌وه‌رێكی بێتوانایه وله‌رێگه‌ی ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه زانستییه‌كانی ناگاته ئه‌و ئاسته كه راڤه‌ی دیارده‌و رووداوه‌كانی سروشت بكات، یان له‌و بنكه سروشتییه‌ی ئه‌و مه‌به‌ستیه‌تی بگات، چونكه هه‌موو دیارده‌كان ته‌نها وێنایه‌كن له‌ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌زی مرۆڤ و كه لێیان نزیكده‌بێته‌وه بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه ته‌نها گوزاره له شێوه‌ی ده‌ره‌كی ماهیه‌تێك ده‌كه‌ن و ناگه‌نه ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ماهیه‌ته، ئه‌مه‌ش به بۆچوونی پۆپه‌ر مرۆ ناچار ده‌كات كه بۆ تێگه‌یشن له راستی ئه‌و ماهیه‌ته‌ی كه پۆپه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی تاقیكردنه‌وه‌ی تازه ئه‌نجامبدات تا چه‌ند ده‌ره‌نجامێكی تاقیكردنه‌وه زانستییه‌كانی پێشتری خۆی به‌درۆ بخاته‌وه و بگاته راستییه‌كی دیكه‌ی ناكامڵ، به‌و شێوه‌یه‌ش مرۆڤ ده‌كه‌وێته گێژهنگێكی به‌رده‌وام كه ده‌ربازبوونی ئاسته‌مه، به‌ڵكو هه‌ر نییه، چونكه هه‌رگیز ناگاته راستی. به‌پێی ئه‌و قسه‌یه‌ی پۆپه‌ر بێت ئه‌وه زانست نییه كه سه‌لماندوویه‌تی زه‌وی به ده‌وری خۆیدا ده‌سوڕێته‌وه و شه‌و و رۆژ پێكدێنێت،ئه‌وه زانست نییه كه مرۆڤی گه‌یانده ناو مانگ و هه‌ساره‌كان، ئه‌مه‌شیان زانست نییه كه سه‌لماندوویه‌تی نه‌بووه(عدم) جگه له نه‌بووه هیچیتر ناهێنێته به‌رهه‌م، ئه‌وه تاقیكردنه‌وه زانستییه‌كانی مرۆڤ نین كه سه‌لماندوویانه مرۆڤ له ئه‌مریكاوه ده‌توانێ به‌هۆی بێته‌لێك یان موبایلێك له گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی له سوماڵ یا ئوسترالیا قسه‌بكات ، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌مانه شتی پووچن و پێگه‌كانیان به له‌رزۆكی له نێو زۆنگاودایه، له خه‌یاڵی پۆپهریشدا نه‌بێت له‌هیچ شوێنێكی دیكه بوونیان نییه، هه‌ڵبه‌ت به‌رهه‌می پووچییش هه‌ر پووچییه.
به‌پێی پۆپه‌ر نابێ (تیۆری زانین – نظریة المعرفة)تێڕوانینێكی گه‌شبینانه‌ی هه‌بێ، واته نابێ باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێ كه مرۆڤ له رێگه‌ی تواناكانییه‌وه ده‌توانێ له جیهان بگات، نابێ ره‌شبینیش بێ به‌شێوه‌یه‌ك كه هیچ توانایه‌كی زانینی نه‌بێ، به‌ڵام زیاتر لایه‌نگری باری رهشبینیهكه ده‌كات، چونكه به‌ڕای ئه‌و" ده‌رككردنی سوكرات له باره‌ی نه‌زانینمان… واتایه‌كی مه‌زنی هه‌یه"(2)، مه‌به‌ستی سوكرات له‌م وته‌یه‌ی پۆپه‌ر به‌نموونه ده‌یهێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ سنووری زانیارییه زانستییه‌كانی خۆی له هه‌ردوو رووی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تییه‌وه بزانێ كارێكی هۆشمه‌ندانه‌یه، كه‌س نكۆڵی له‌م كاره باشه ناكات، چونكه رێژه‌ی زانین له مرۆڤێكه‌وه بۆ یه‌كی دی جیاوازه و مه‌رج نییه مرۆڤه‌كان هه‌مان رێژه‌ی زانیاری و زانینیان هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌مه وای له پۆپه‌ر كردووه گومان له تواناكانی مرۆڤ و هه‌موو راستییه زانستییه‌كان بكا‌و جگه له بۆچوونه تیۆرییه‌كانی خۆی بۆچوونی زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفان و بیرمه‌ندانی به‌رله‌خۆی ره‌تبكاته‌وه و به‌هیچیان بزانێ.
یه‌كێ له‌و تیۆرانه‌ی پۆپه‌ر، كه‌پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد و لایه‌نگرانی به داهێنانێكی مه‌زنی ده‌زانن تیۆری به‌درۆخستنه‌وه‌یه ((نظریة التكذیب أو قابلیة التكذیب- Faillibilisme)) پۆپه‌ر به‌پێی ئه‌و تیۆره‌و له كتێبی(كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دوژمنه‌كانی) كه تێیدا ره‌خنه‌ی توند له ئه‌فلاتۆن و سوكرات و ماركس و..تاد، ده‌گرێ، له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌فلاتۆن" به هه‌ڵپه‌وه هێرش ده‌كاته سه‌ر بیری ئازاد و بۆ گه‌یشتنی به راستی داكۆكی له‌درۆ، له موعجیزه‌ی سیاسی، له حه‌رامكراوه‌كان، له پچڕینهوهی هه‌قیقه‌ت و له كۆتاییشدا له توندوتیژی دڕندانه ده‌كات"(3)، هه‌موو ئه‌و (خاڵه لاواز و نێگه‌تیڤانه) دوور له‌ره‌وتی مێژوویی و جیاوازی سه‌رده‌می ئه‌فلاتۆن له گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی ده‌داته پاڵ ئه‌فلاتۆن ته‌نها بۆئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ كه تیۆر و بۆچوونه‌كانی خۆی لێوان‌لێو دروستن، به‌ڵام لهبیریدهچێتهوه كه خۆی به شێوه‌یه‌كی زۆر نازانستی تر و له سه‌رده‌مێكی گه‌لێ جیاوازتر ده‌كه‌وێته هه‌مان ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ی كه ده‌یه‌وێ ئه‌فلاتۆنی تێبهاوێژێ، (ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ لایه‌نیشدا راستبكات!)، چونكێ پۆپه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕی به‌وه نییه كه زانست ده‌توانێ مرۆڤ بگه‌یه‌نێته راستییه‌كی چه‌سپاو، ئه‌و موعجیزه سیاسییانه‌ی كه خۆی له هه‌موو فه‌یله‌سوفێك پتر باوه‌ڕی پێیان هه‌یه لیبڕاڵیزمی وه‌حشیگه‌ر و ئابووری بازاڕه، له باره‌ی درۆشه‌وه نكۆڵی له ساده‌ترین راستی زانستی ده‌كات، چونكه په‌یوه‌ندی دیالیكتیكیانهی نێوان پیسبوونی ژینگه و به‌پیشه‌سازیكردن ره‌تده‌كاته‌وه‌و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ:" ئاستی ناڕه‌زایه‌تی رۆشنبیران به‌رزبۆته‌وه به‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه شهڕانگێزهمان، ئه‌و كۆمهڵگهیهمان، ئه‌و ژیاریی و ژینگه‌یه‌ی كه هه‌مانه ریسوادهكهن، ئه‌وان به شێوه‌یه‌كی نائاوهزهكییانه زێده‌گۆیی ده‌كه‌ن له باره‌ی وێرانبوون و پیسپوونی ژینگه‌وه،كه له پێناوی كه‌ڵه‌كه‌كردنی پاره ئه‌نجاممان داون"(4). ئه‌مه له لایه‌كیان پاساو هێنانه‌وه‌یه‌كی فره ماكیاڤیلییانهی دژه مرۆڤانه‌یه كاتێ له پێناوی كه‌ڵه‌كه‌كردنی سامان و سه‌رمایه‌دا په‌نا به‌ریته به‌ر هه‌موو شێوازێكی نادروست و ناڕه‌وا و ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی سروشت له راژه‌ی ئامانجێكی نامرۆڤانه و له سه‌ر بنه‌مای تێركردنی پێداویستییه‌كانی به پیشهسازیكردنێكی دڕندانه‌و وه‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیادتر به‌كاربه‌ریت، له لایه‌كی دیكه‌شدا رێك به‌رجه‌سته‌كردنێكی روون و ئاشكرای هه‌مان ئه‌و توندوتیژییه دڕندانه‌یه كه ئه‌فلاتۆنی پێ تاوانبارده‌كات و ڕق و توندوتیژی پۆپه‌ر ده‌سه‌لمێنێ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌خنه له بۆچوون و تیۆره‌كانی ده‌گرن و له‌و باوه‌ڕه‌دان كه به‌پیشه‌سازیكردن – هه‌روه‌ك سه‌رجه‌م ژینگه‌ناسان سه‌لماندوویانه- هۆكاری سه‌ره‌كی پیسبوونی ژینگه‌یه و مرۆڤایه‌تی دووچاری قه‌یرانی ترسناك كردۆته‌وه. هه‌موو ناڕاستن ته‌نها پۆپه‌ر نه‌بێ!
پۆپه‌ر له‌م قسه‌یه‌ی سهروهیدا له سه‌لماندنی ئاوهزهكی ده‌ترسێ، چونكه پێی وانییه تیۆری بهدرۆخستنهوهش، كه به تێۆرێكی راست و ره‌های ده‌زانێ، ده‌شێ به‌درۆبخرێته‌وه، ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌فلاتۆنیش وه‌ك خۆی " هیچ باوه‌ڕی به مرۆڤ نه‌بووه و له سه‌لماندنی ئاوهزهكی ترساوه و وێڕای رقی له سته‌مكاری پێیوابووه ده‌شێ سته‌مكاری ببێته یارمه‌تیده‌رێك و داكۆكی له رێوشوێنی سته‌مكارانه‌تر كردووه"(5)، كه‌چی له‌كتێبی( كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دوژمنه‌كانی) كهپێڕهوانی به مانیڤیستۆی لیبڕالیزمی ده‌زانن، پۆپه‌ر كه خۆی به دژه سته‌مكاری و گرمۆڵه‌بوونی دژ به كرانه‌وه‌ی دیموكراسی ده‌زانێ، دووچاری شۆكمان ده‌كات كاتێ ده‌بینین داكۆكی له ده‌سته‌بژێری و نهژادسالاری ده‌كا و ده‌ڵێ:" ده‌مه‌وێ گوزارشت له قه‌ناعه‌تی خۆم بكه‌م و بڵێم شكۆمه‌ندی كه‌سێتی، جاچ نه‌ژادی بێ، یان هزری، یان مۆڕاڵی، یان په‌روه‌رده‌یی ناشێ ببێته پاساو بۆ خواستی ئیمتیازاتی سیاسی، ئه‌گه‌رچی ئه‌و شكۆمه‌ندییه هاتبێته‌دی …. خه‌ڵكانێكی زۆر له وڵاتانی ژیاریی دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه شكۆمه‌ندی نه‌ژادی ئه‌فسانه‌یه"(6)، به‌ڵام بۆ خۆی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ئه‌فسانه‌یه ره‌تناكاته‌وه و ناشیه‌وێ به‌ره‌نگاری ببێته‌وه و پێمان بڵێ كه چۆن ئه‌فسانه‌یه‌كه؟ چونكه ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌و شكۆمه‌ندییه له زه‌مینه‌ی واقعدا هاتۆته‌دی و ناكرێ چاوپۆشی لێبكرێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێ ببێته مایه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئیمتیازاتی سیاسی، به‌ڵكو ئه‌و پێیوایه "بهرپرسیاریگهلێكی مۆڕاڵی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی شكۆداران، هه‌مان ئه‌و گوتاره‌ش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌نی زه‌ین و مۆڕاڵ و فێربوونه‌وه شكۆداران دروسته "(7)، ئه‌گه‌ر به‌راووردێكی ووردی هه‌ردوو قسه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پۆپه‌ر بكه‌ین به‌دیارده‌كه‌وێت كه پۆپه‌ر هه‌ناسه‌ی كورته و هه‌ر زوو له قسه‌كانیدا تووشی ناكۆكی و دژبه‌ری ده‌بێ، له قسه‌ی یه‌كه‌میدا پێوایه ئه‌و شكۆمه‌ندییه هاتۆته‌دی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شكۆمه‌ندی نه‌ژادی به ئه‌فسانه ده‌زانێ، له قسه‌ی دووه‌میدا به‌رپرسیاره‌تی مۆڕاڵی ده‌خاته ئه‌ستۆی شكۆداران و له خه‌ڵكی بێشكۆ هه‌ڵاوێردیان ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خودی به‌رپرسیاره‌تی خستنه ئه‌ستۆی شكۆداران واتای ئه‌وه‌یه كه باوه‌ڕی به‌و شكۆدارییه هه‌یه نه‌ك به ئه‌فسانه‌ی بزانێ، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی پۆپه‌ر بسه‌لمێنن، به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی هه‌موو شێوه‌كانی جیاكاری له نێوان مرۆڤه‌كاندا ره‌تده‌كه‌نه‌وه و باوه‌ڕیان به پڕه‌نسیپی یه‌كسانی هه‌یه، به‌توندی له‌لایه‌ن پۆپه‌ره‌وه هێرشیان ده‌كرێته سه‌ر وه‌ك ده‌ڵێ:" له‌و باوه‌ڕه‌دام رای جیاوازی هه‌ندێ له رۆشنبیران و مۆڕاڵییه‌كان جگه له كه‌می جیددیه‌ت له فێربوونیان هیچی دی ناسه‌لمێنێ، چونكه(فێربوونیان) نه‌یتوانیوه هوشیاریان بكاته‌وه به‌وه‌ی كه توانایان سنوورداره‌و ریاكارن"(8)
سه‌یركه‌ن چۆن و به‌چ زمانێكی زبره‌وه هێرش ده‌كاته سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی ره‌تده‌كه‌نه‌وه یا ره‌خنه‌ی لێده‌گرن و باوه‌ڕیان به‌و ریزبه‌ندییه دژه مرۆییه‌ی پۆپه‌ر نییه(مه‌به‌ستم شكۆداركردنی هه‌ندێك مرۆڤ و بێشكۆكردنی هه‌ندێكی دیكه‌یه جا هۆكاره‌كه‌ی هه‌رچی بێت) چونكه هه‌موو مرۆڤه‌كان لای ئه‌و رۆشنبیر و مۆڕاڵییانه‌ی كه پۆپه‌ر باسیان ده‌كات له ماف و ئه‌ركدا یه‌كسانن و نابێ مرۆ له‌و باوهڕهدابێ كه كه‌سانێك یان ره‌گه‌زێكی مرۆیی له‌وانی دی باڵاتر و به‌رزتره، ئه‌گینا هه‌موویان به ناهوشیارو ریاكار و فێرنه‌بوو له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
لێره‌دا ده‌پرسم ئاخۆ لایه‌نگرانی پۆپه‌ری شۆڕه‌سواره‌كه‌ی نیولیبڕالیزم، كه هێنده خۆیان به ئازادیخواز و دیموكراسیخواز و مرۆڤ دۆست و دژه جیاكاری ده‌زانن، ئایا له پڕاكتیك و راستیشدا هه‌ر وان؟ ئه‌وان به‌چ هه‌قێك ئه‌مه‌یان قه‌بووڵه كه مرۆڤێك له مرۆڤێكی دی باڵاتر و مافدارتر و شكۆدارتربێ؟ ئایا هه‌ر شكۆمهندێتی و به باڵاتر زانینی ره‌گه‌زی ئاریایی ئه‌ڵمان نه‌بوو هیتله‌ری خسته وێزه‌ی مرۆڤایه‌تی و ملیۆنان كه‌س بوونه قوربانی شه‌ڕه نه‌گریس و وێرانكاره‌كانی نازیزم؟
ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پۆپه‌ر به دیوێكی دی‌دا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه نابێ هه‌ندێ له رۆشنبیران و مۆڕاڵییه‌كان رای جیاوازییان هه‌بێ، ئه‌گه‌ر هه‌شیان بێ ئه‌وا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێكیان له وانی دیكه‌یان جیددی‌تر به خۆیانه‌وه ماندووبوون، ئه‌مه‌شیان جیاوازییه‌كی رێژه‌یی ئاساییه له نێوان مرۆڤه رۆشنبیره‌كان و ته‌نانه‌ت ناڕۆشنبیرهكانیشدا، به‌ڵام نابێ ئه‌م جیاوازییه له ئاستی فێربوونی مرۆڤه‌كاندا هیچ كاتێك و له هیچ شوێنێكیش هۆكارێك بێت بۆ جیاكاری له نێوان مرۆڤه‌كان. كورتییه‌كه‌ی پۆپه‌ر ده‌یه‌وێ ئه‌وانیش وه‌كو خۆی بیربكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش له لایه‌كیان پێشێلكردنی ساده‌ترین بنه‌مای ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌یه كه پۆپه‌ر و هاوه‌ڵه‌كانی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له لایه‌كی دیكه‌شدا نكۆڵیكردنێكی ئاشكرایه له رێژه‌یی بوونی خودی مه‌عریفه‌ی مرۆڤایه‌تی.
وه‌ك پێده‌چێ پۆپه‌ر له ماوه‌ی ژیانیدا هه‌میشه دژایه‌تی به‌شی هه‌ره زۆری فه‌یله‌سوفان و بیرمه‌ندانی به‌ر له‌خۆیی ومیژووی مرۆڤایه‌تی كردبێت، به تایبه‌تیش بیریار‌و فه‌یله‌سوفه ماركسیستو چه‌په‌كان، به هه‌مان شێوه‌ش دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی زانسته دروسته‌كان و ئاوه‌زگه‌رایی پۆزه‌تیڤیتی بووه، سه‌رجه‌م رهخنهكهشی ئاراسته‌ی بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی میتۆدی دۆزینه‌وه‌ی زانستی(منهج الكشف العلمی) كردووه و له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه كه مرۆڤ ناتوانێ له رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا بگاته راستییه زانستییه‌كان، له‌مباره‌یه‌شه‌وه هه‌روه‌كو له پێشدا ئاماژه‌م بۆكرد پۆپه‌ر ده‌كه‌وێته نێو ئه‌و چاڵه‌ی كه بۆ ئه‌فلاتۆنی هه‌ڵكه‌ندووه كاتێ ده‌ڵێ:" من زاراوه‌ی گهوههرخوازیی میتۆدهكی(الجوهرانیة المنهجیة) بۆ وه‌سفكردنی وێناسازی به‌كارده‌به‌م كه ئه‌فلاتۆن و زۆرانێك له پێڕه‌وانی به‌كاریان هێناوه، كه گوایه ئه‌ركی زانینی په‌تی یا" زانست" دۆزینه‌وه و ده‌رككردنی سروشتی راسته‌قینه‌ی شته‌كانه، واته دۆزینه‌وه‌ی كڕۆك یا ماهیهتهكهیانه"(9)،به‌ڵكو له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا پۆپه‌ر تیۆری (ناوسازی میتۆدهكی – الاسمیهة المنهجیة) داڕشتووه و به پێی ئه‌و تیۆره له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه:" له بری ویستی دۆزینه‌وه‌ی ماهیه‌تی شته واقعییه‌كان و پێناسه‌كردنی سروشتی راسته‌قینه‌یان، ناوسازی میتۆدهكی وه‌سفكردنی چۆنیه‌تی ره‌فتاری شتێك له شته‌كان له هه‌لومه‌رجی جیاوازدا ده‌كاته ئامانج، به‌تایبه‌تیش بۆ زانینی ئایا رێكوپێكی له رهفتارهكهیدا هه‌یه، به واتایه‌كی دی ناوسازی میتۆدهكی وایده‌بینێ كه ئه‌ركی زانست دابینكردنی وه‌سفكردنی شته‌كان و ئه‌و رووداوانه‌یه كه له ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانمان رووده‌ده‌ن، ده‌بێ رووداوه‌كان راڤه بكه‌ین، به‌و مانایه‌ی كه به‌یارمه‌تی یاساگه‌لێكی هه‌مه‌كی وێنه‌یان بكێشین.ئه‌مه‌ش متمانهدهكاته سه‌رسیسته‌می زمانه‌كه‌مان، به‌تایبه‌تیش رێساكانی زمان كه ڕسته‌كان لێكجیادهكهنهوه و ده‌ره‌نجامه وهدهستهاتووهكان له‌و لایه‌نه‌وه كه هۆكارێكی گه‌وره‌ن بۆ راڤه‌كردنی زانستی به ووردی له مشتێك وشه‌ی ساده بهدووردهخهنهوه، ، چونكه وشه‌كان به‌پێی ئه‌و تێزه ده‌بنه ئامرازی یارمه‌تیده‌ری په‌یوه‌ست به‌و ئه‌ركه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ببنه ناوی ماهیهتهكان".(10)
ئه‌م بڕگه‌ی سه‌ره‌وه كڕۆكی ئهبستمۆلۆژیكییانهی گومانگه‌رایی پۆپه‌ره كه پێوایه له رێگه‌ی ناوسازی میتۆدهكییهوه، كه هۆكارێكی گه‌وره‌یه بۆ راڤه‌كردنی زانستی، مرۆ ده‌توانێ له‌رێگه‌ی رێساكانی زمانه‌وه نه‌ك له رێگای خودی رووداوه‌كان و خوێندنه‌وه و سهرنجلێدانیان بگاته راستی چه‌سپاوی زانستی، واته كه‌سی توێژه‌ر به قسه‌ی پۆپه‌ر، نابێ یا پێویستی به‌وه نییه، هه‌وڵبدات سروشت و تایبه‌تمه‌ندێتی راسته‌قینه‌ی شته‌كان بدۆزێته‌وه، به‌ڵكو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه له رێگه‌ی به‌كارهێنانی هه‌ندێ وشه‌وه وه‌سفێكی نزیك له راستی شته‌كان و رووداوه‌كان بكات، چونكه به‌ڕای ئه‌و تیۆره‌كانی زانین دروستكراون و زانست ناتوانێ كاكڵ و چییه‌تی(ماهیه) شته‌كانمان بۆ بدۆزێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش باوه‌ڕی به‌هیچ راستییه‌ك نییه و له‌مباره‌یه‌شه‌وه خۆی دانیپێدادهنێ وده‌ڵێ:" زۆرجاران تۆمه‌تێك ده‌ده‌نه پاڵ من … مه‌به‌ستم تۆمه‌تی گومانگه‌رایی بوونی منه"*، به‌ڵام بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م تۆمه‌ته خۆی دهبوارێ و هیچ وه‌ڵامێكی نییه.
به بۆچوونی پۆپه‌ر دینامیكیه‌تی زانستی به‌شێوازی كه‌ڵه‌كه‌بوونی مه‌عریفیانه به‌ڕێوه‌ناچێ، واته كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموونه زانستییه‌كانی مرۆڤ به درێژایی مێژوو ناتوانن به هانای مرۆڤه‌وه بێن و بۆ كاره‌كانی داهاتوو رێنیشانده‌رو رێنماكاری بن یان به‌رچاوی روونبكه‌نه‌وه، چونكه به‌ڕای وی هه‌موو ئه‌زموونه زانستییه‌كانی مرۆڤ زنجیره‌یه‌كی نه‌پچڕاوی به‌درۆخستنه‌وه‌ی یهكبهدوای یه‌كن تا ئه‌و رادده‌یه كه مێژووی زانست هه‌روه‌كو جیمس وارد(J.Ward) پێیوایه ده‌بێته "گۆڕستانی تیۆره زانستییه‌كان"(11)، هیچ راستییه‌ك له ئارادا نییه، به‌ڵكو هه‌میشه و به‌رده‌وام كێشه‌گه‌لێك له ئارادان كه پێویستیان به‌چاره‌سه‌ره، ده‌ربازبوون له‌و كێشهگهله ده‌روازه‌یه‌كه بۆ چوونه ناو كێشهگهلیدی، ئیدی به‌مشێوه‌یه‌و بێ كۆتایی. گریمان به‌پێی ئه‌و بۆچوونه‌ی پۆپه‌ر هیچ راستهیهك له ئارادا نییه، كه‌واته ده‌بێ بپرسین ئاخۆ پۆپه‌ر چ درۆیه‌كی كردبێته بنه‌مای فه‌لسه‌فاندن و تێفكرینه زانستییه‌كانی؟ مرۆڤایه‌تی له رێگه‌ی بیركردنه‌وه و پرسیاری به‌رده‌وام و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموونه زانستییه‌كانی وه‌ك هه‌ر ئامرازێكی دیكه‌ی مه‌عریفی به‌دوای راستییه‌كاندا گه‌ڕاوه وله مێژووی خۆیدا به كون فه‌یه‌كونێك نه‌گه‌یشتۆته ئه‌مڕۆكه‌ی، بۆیه به‌و شێوه‌یه نییه كه:" زانست به‌و كێشانه ده‌ستپێده‌كا كه په‌یوه‌ندییان به ره‌فتاری هه‌ندێ لایه‌نی جیهان یان گه‌ردوونه‌وه هه‌یه. ئه‌و گریمانانه‌ی ده‌شێ به‌درۆبخرێنه‌وه له‌لایه‌ن جیهانه‌وه پێشنیازكراون، به‌جۆرێ كه چاره‌سه‌ر ده‌خه‌نه‌به‌رده‌ست بۆ كێشه‌كه، دواتریش پێشبینی و تاقیكردنه‌وه‌كان ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێ، ئیدی هه‌رزوو هه‌ندێكیان وهلادهخرێن و بهسوودتربوونی هه‌ندێكی دیكه‌شیان به‌دیارده‌كه‌وێ، ئه‌مانه‌ی دواییش، پێویسته بخرێنه ژێرباری تاقیكردنه‌وه‌و ره‌خنه‌ی دیكه‌ی توندتر، كاتێكیش ئه‌و گریمانه‌یه‌ی سه‌ركه‌وتووانه ده‌زگاگه‌لی تاقیكردنه‌وه سه‌خته‌كانی بڕیوه به‌درۆده‌خرێته‌وه كێشه‌یه‌كی دیكه سه‌رهه‌ڵده‌دات كه هیواخوازین له‌وكێشه بنه‌ڕه‌تییه‌ی كه چاره‌سه‌ركراوه زۆر به‌دووربێت. ئه‌م كێشه نوێیه ده‌بێته هۆكارێك بۆ داڕشتنی گریمانه‌ی نوێ كه دواتر ده‌كه‌وێته به‌ر ره‌خنه و تاقیكردنه‌وه.هه‌رگیز ناشێ به تیۆرێك بڵێن راستگۆیه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووانه‌ش تاقیكردنه‌وه سه‌خته‌كانی بڕیبێت، به‌ڵكو بێئه‌وه‌ی له‌راستی لابده‌ین، ده‌شێ بڵێین ئه‌و تیۆره‌ی ئێستا به‌سه‌ر تیۆره‌كانی به‌رله‌خۆی سه‌رده‌كه‌وێ، به‌و مانایه‌ی كه ده‌توانێ به‌ره‌وڕووی ئه‌و تاقیكردنه‌وانه ببێته‌وه كه ئه‌وانی پێشتری به‌درۆخسته‌وه"(12).
ئه‌گه‌ر كه‌مێك له‌و تێكسته‌ی سه‌ره‌وه ووردبینه‌وه و دانبه‌وه‌دا بنێین كه زانست به‌و كێشانه ده‌ستپێده‌كا كه په‌یوه‌ندییان به هه‌ندێ لایه‌نی (جیهان) یا (گه‌ردوون)ه‌وه هه‌یه، ده‌بێ ملبدهینه ئه‌وه‌ش كه هیچ زانستێك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌وه بوونی نییه، واته بوونی زانست په‌یوه‌سته به‌بوونی ئه‌و كێشانه‌ی په‌یوه‌ندییان به هه‌ندێ لایه‌نی (جیهان) یا (گه‌ردوون)ه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێ كه زانسته مرۆكردهكان(القوانین الوضعیه) جگه له خه‌یاڵ و سهراب هیچیتر نین، به شێوه‌یه‌كی رۆشنتر بڵێین ئه‌و ئهلیكتریكهی كه (ئه‌دیسۆن) له رێگه‌ی چه‌ندین تاقیكردنه‌وه‌ی زانستییه‌وه دۆزیه‌وه و مرۆڤایه‌تی چه‌ندین پێنگاڤی گرنگ له بواری زانسته‌كان و پیشه‌سازی و ته‌كنۆلۆژیای ئه‌لیكترۆن و مۆدێردندا برده‌پێش، ته‌نیا وه‌همێكه‌و دوور له راستی، چونكه په‌یوه‌ندییان به (جیهان) و پشته‌وه‌ی گهردوونهكهی پۆپه‌ر و لایه‌نگرانییه‌وه نییه، واته له لایه‌ن خودی مرۆڤه‌وه ئهفراندراون نه‌ك له لایه‌ن ئه‌و جیهان و گه‌ردوونه‌ی پۆپه‌ره‌وه. سه‌یری ئه‌م گێژه‌نگه بێكۆتاییه‌ی سه‌ره‌وه بكه‌ن كه مرۆڤ و توانا و به‌هره‌كانی له بازنه‌یه‌كی داخراوی پۆپهریدا دههێڵتهوهو له په‌لوپۆی ده‌خات و هه‌رگیز رێگه‌ی پێنادات باوه‌ڕ به‌و راستییه زانستییانه بكات كه خۆی له ده‌ره‌نجامی ئه‌زموونه به‌رده‌وامه‌كانی ههڵیگۆزیون. بۆچی؟ چونكه وه‌ك پۆپه‌ر ده‌ڵێ هه‌رگیز نابێ به تیۆرێك بڵێین راستگۆیه! كه‌واته وه‌رن باپێكه‌وه له به‌رخاتری پۆپه‌ر نكۆڵی له‌و هه‌موو تاقیكردنه‌وه و تیۆره زانستییانه بكه‌ین كه (ئه‌دیسۆن)یان گه‌یانده دۆزینه‌وه‌ی ئه‌لیكتریك و دواتریش ته‌لی ته‌نگستن و…. تاد!!
پۆپه‌ر له زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا لێدوانه‌كانی دووبارهكردۆتهوهو رایگه‌یاندووه كه به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی كه ناوی ده‌نێ(گهوههرخوازیی میتۆدهكی) له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ئه‌و به‌قووڵی كتێبه‌كانی فه‌یه‌لسوفی ئه‌ڵمانی (ئه‌مانوێل كانت)ی خوێندۆته‌وه كه ده‌ڵێ:"ئه‌و یاسا زانستییانه‌ی كه جیهان ده‌یاندۆزێته‌وه له واقعی ده‌ره‌كیدا بوونیان نییه، به‌ڵكو ته‌نها ئیسقاتاتی قالبه زه‌ینییه‌كانی ئاده‌میزادن به‌سه‌ر سروشت و به‌كرده خودی شته‌كان نادۆزنه‌وه"(13).
به پێی لۆژیكی ئه‌م بۆچوونه‌ی پۆپه‌ر بێت كه له كانت – ی خواستووه مرۆڤ كاتێك ده‌ست بداته ئاگر نابێ ده‌ستی بسوتێت، چونكه ئاگره‌كه ماهیه‌تێكی ماددی نییه و له واقعی ده‌ره‌کیدا بوونی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه زه‌ینی مرۆڤه كهوێنای ئاگر ده‌كات و له هه‌قیقه‌تی ئاگر ناگات، ئاگر ته‌نها وێنه‌یه‌كی زه‌ینییه و له ده‌ره‌وه‌ی زه‌یندا، واته له واقعدا، بوونی نییه. دواتر ده‌پرسم ئاخۆ ده‌بێ ئه‌و یاسا زانستییانه كامانه بن كه جیهان ده‌یاندۆزێته‌وه؟ ئه‌و جیهانه به‌رجه‌سته‌بوونه ماددییه‌كه‌ی له كۆێدایه؟ به پێی زانست بێ هیچ شتێك له نه‌بووه نایه‌ته‌دی و دروست نابێ، به‌ڵام پۆپه‌ریش وه‌ك زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفه ئایدیالیستهكانی مێژووی مرۆڤایه‌تی ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان پێكراوه كه وه‌سفی (جیهان) و (بوون) مان بۆ بكه‌ن بێئه‌وه‌ی له واقعدا هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌و بوونه به‌ره‌و به مرۆ ڤ كردنی مرۆڤه‌كان بده‌ن.
پۆپه‌ر كه سه‌رسامی خۆی بۆ ئه‌و گوته‌یه‌ی كانت ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ:" له‌و ماوه‌یه‌دا كه به‌رده‌وام (ره‌خنه له ئاوه‌ز- نقد العقل)ی (كانت)م ده‌خوێنده‌وه، به‌خێرایی ده‌ركم به‌وه‌كرد كه ئایدیای سانتڕاڵی كانت ئه‌وه‌یه كه تیۆره زانستییه‌كان دروستكراون و ئه‌وه ئێمه‌ین ده‌مانه‌وێ به‌سه‌ر جیهاندا بیانسهپێنین"(14)،ئه‌و پووچگه‌راییه تیۆرییه هێنده كاریگه‌ری به‌سه‌ر هزری پۆپه‌ردا هه‌بووه‌و بووه‌ته قه‌ناعه‌تێكی چه‌سپاو له‌لایدا به جۆرێ كه ناكرێ ره‌تبكرێته‌وه،یا هه‌ر هیچ نه‌بێ به پێی تیۆری بهدرۆخستنهوهكهی خۆی به‌درۆبخرێته‌وه!، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایلێكردووه گومان له راستی زانستی بكات كه له رێگه‌یه‌وه زاناكان سه‌رده‌مانێكه خه‌ریكن دیارده‌كانی سروشت و یاساكانیان ئاشكرا ده‌كه‌ن و لێیاندهكۆڵنهوه. ئه‌گه‌ر ئایدیای سانتڕاڵی كانت ئه‌وه‌بێ كه هه‌موو تیۆره زانستییه‌كان دروستكراون، خودی پۆپه‌ریش یه‌ك موو له‌و بۆچوونه لاینه‌داوه، كه‌واته داهێنانه‌كانی پۆپه‌ر چین و چی سه‌رباریان بۆ پێشخستنی زانست ومرۆڤایه‌تی پێبووه؟!
یه‌كێ له‌و دانپێدانانه زانستییانه‌ی بانگه‌شه زانستیی و فه‌لسه‌فییه‌كانی پۆپه‌ر به‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه ئه‌و نامه‌یه‌یه كه فایرباندFeyerabend )بۆ لاكاتۆس Lakatos))ی ناردووه و تێیدا هه‌ڵویستی زانای ناوداری فیزیك شرۆدینگه‌ر Schrodinger)) كه خاوه‌نی تیۆری میكانیكای چه‌نده، سه‌باره‌ت بهپۆپهر روونده‌كاته‌وه كه تێیدا گووتویه‌تی:" ئه‌م پۆپه‌ره كتێبه شێواوه‌كه‌ی خۆیم ده‌داتێ ((مه‌به‌ست چاپی ئینگلیزی كتێبی" لۆژیكی دۆزینه‌وه‌ی زانستی"یه))و ده‌یه‌وێ رێی پێبده‌م ناوی من له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می دابنێ، گوایه ئه‌و گه‌یشتۆته هه‌ندێ ده‌ره‌نجام سه‌باره‌ت به ئیشكالیه‌تی هیوم، به‌ڵام ئه‌مه راست نییه ئه‌و چهنهبازیدهكا..چه‌نه‌بازی.. چه‌نه‌بازی و به‌سه،ئیشكالیه‌تی هیوم هه‌میشه بێچارهسهرماوهتهوه "(15).ئه‌م نامه‌یه ده‌یسه‌لمێنێ كه پۆپه‌ر له به‌شێكی سه‌ره‌كی بۆچوونه فهلسهفییهكانیشدا به‌و شێوه‌یه نییه وه‌ك خۆی به‌باڵای خۆیدابڕیوه، به‌ڵكو ئه‌ویش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌مان رێچكه‌ی فه‌لسه‌فی (دایڤید هیوم)ی له‌و كتێبه‌یدا هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه ئیشكالیه‌تی هیوم – ی چارسهركردووه،له كاتێكدا ئیشكالیه‌تی هیوم له‌وه‌دایه كه ئه‌و په‌یوه‌ندی نێوان هۆ و به‌ره‌نجام (السبب و النتیجة) ره‌تده‌كاته‌وه‌و له‌و باوهڕهدایهكه هه‌موو مه‌عریفه‌یه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ی هه‌سته و ئاوه‌ز (العقل)جگه له ده‌رككردنی ئه‌و هه‌ستانه هیچی دیكه‌ی تێدانییه، به‌ڵكو هه‌موو وێناكان له ههستهوهن و مرۆڤ خووی پێوه‌گرتوون كاتێ ده‌ڵێ:" مادامه‌كی هه‌موو بیرۆكه‌كانی ئاوه‌ز، به‌رله كرده‌ی بهئاوهزبوون(التعقل)، هه‌ڵگۆزراوی ئه‌و شتانه‌ن كه له به‌رده‌م ئاوهزدان ، كه‌واته ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه كه‌مه‌حاڵه له رێگه‌ی ئاوهزهكانمانهوه بیرۆكه‌یه‌ك له‌باره‌ی شتێك پێكبهێنین یان وێنای شتێك بكه‌ین كه له رووی چۆنایه‌تییه‌وه له‌و بیرۆكانه یان له ئاسه‌واره ههستهكییهكان جیاوازبێ "(16)، كه‌چی وه‌ك سه‌لماوه بیری مرۆڤایه‌تی ته‌نها متمانه ناكاته سه‌ر ئاسه‌واری هه‌سته‌كان، به‌ڵكو كرده‌گه‌لێكی ئاوهزهكی فره پێچدار و ئاڵۆز له ئاراداههن كه واتا‌و دیارده و رووداوه‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، هه‌روه‌كو په‌یوه‌ندی نێوان هۆ و ده‌ره‌نجام كه وامان لێده‌كات بزانین كه هه‌ر رووداوێك هۆیه‌ك یان كۆمه‌ڵێك هۆكاری له‌پشته و ده‌ره‌نجامێك یان چه‌ند ده‌ره‌نجامێكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ش دواتر ده‌بنه هۆكارێك بۆ سه‌رهه‌ڵدانێ دیارده‌یه‌ك. به واتایه‌كی دی په‌یوه‌ندی نێوان هۆ و ده‌ره‌نجام په‌یوه‌ندیێكی دیالێكتیكیانه‌ی نه‌پچڕاوه، به‌ڵام دایڤیدهیوم به‌ر له پۆپه‌ر باوه‌ڕی به‌و لۆژیكه نهبووهودهڵێ:" كاتێ ده‌بینم تۆپێكی بلیارد ده‌جوڵێ و بهرتۆپێكی دیكه ده‌كه‌وێ و ئه‌ویش ده‌جوڵێته‌وه، ئه‌وا جوڵه‌ی دووه‌م هیچ ئاسه‌وارێكی جوڵه‌ی یه‌كه‌می به‌سه‌ره‌وه نییه، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی كاره‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه من واڕاهاتووم پێشبینی ئه‌وه بكه‌م كه هه‌ركاتێك تۆپه‌كه‌ی دووه‌م جوڵایه‌وه ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه تۆپه‌كه‌ی یه‌كه‌می ته‌نیشتی ده‌جوڵێته‌وه"(17).
له بڕگه‌كانی پێشدا روونمكرده‌وه كه پۆپه‌ر باوه‌ڕی به په‌یوه‌ندی نێوان هۆ و ده‌ره‌نجام نییه و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كردووه كه ئیشكالیه‌تی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی (هیوم)ی به‌ر له‌خۆی چاره‌سه‌ركردووه، كه‌چی ده‌بینین خۆیشی ته‌نانه‌ت یه‌ك پێنگاڤ به‌ره‌وپێش نه‌چووه و ته‌نها لاساییكارێكی لاسار‌و دڵسۆزی بۆچوونه‌كانی دایڤید هیوم بووه، بێئه‌وه‌ی ئاماژه بۆ ئه‌و راستییه بكات، ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌موو شتێك ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پۆپه‌ر پابه‌ندی ساده‌ترین بنه‌مای لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زانستی نه‌بووه. ره‌نگه هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌بێت كه ئه‌و باوه‌ڕی به هیچ راستییه‌كی زانستی نه‌بووه!
درێژه‌ی هه‌یه ……..