Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
ئەوەندەى (كۆسۆڤۆ)مان پێ نەكرا … گۆران فەتحی

ئەوەندەى (كۆسۆڤۆ)مان پێ نەكرا … گۆران فەتحی

Closed
by February 20, 2008 گشتی

 ناوچەیەكى بچوكی سەر بەسربیایەو ژمارەى دانیشتوانى دوو ملیۆنو سێ سەد هەزار كەسە كەزۆربەیان (ئەلبان)ینو ئەوانى تر بەرەگەز (سرب)ن، ناوچەیەكە لەنێوان مەقدۆنیاو ئەلبانیاو مۆنتینیگرۆو سربیادایە، بەیەكێك لەناوچە هەرە هەژارەكانى سربیا ئەژمار دەكرێت، لەگەڵ ئەو هەموو كوشتارەى لەلایەن سربەكانەوە تێیدا ئەنجامدرا ، بەڵام توانى سۆزى وڵاتانى جیهان بەلاى خۆیدا راكێشێتو دەستى سربیایى لێ دوور خرێتەوەو ساڵانى 1998-1999 هێزى ئاشتیپارێزى نەتەوە یەكگرتووەكان لەهەرێمەكەدا جێگیر بكرێت.
 ئەوە (كۆسۆڤۆ)یە ئەو هەرێمە بچكۆلەیەى رازى نەبوو لەژێر كۆتو بەندی سربیادا بژیتو بەو ئۆتۆنۆمیەش رازى نەبوو كە هەیبوو.
 ئەوان داواى ئازادىو سەربەخۆیى دەكەنو ئامادەن لەو پێناوەدا خوێنى زیاتریان لێ بچۆڕێتو قوربانی زیاتریش پێشكەش بكەن، هیچ داهاتێكیان نیەو خاوەنى نەوتیش نین، بەڵام بڕواو خەونى خۆیان كردە راستیەكى تەواو، شەقامەكانیان پڕكرد لەخۆشیو ئەوانى هەرێمەكەشیان جێهێشتبوو گەڕانەوە نێو ئامێزى بۆ ئامادەبوون لەخۆشترین رۆژدا كە ئەویش بانگەشەكردنى سەربەخۆیى خاكو وولاتەكەیانە، بەبێ سڵەمینەوە لەو هەڕَشانەى لەلایەن سربیاوە لەهەرێمەكە دەكرا ئەگەر سەربەخۆیى رابگەیەنێت.
 خودی خاكى (كۆسۆڤۆ) لەبنەڕەتدا چەقی ولاتی سربیا بووە تا لەشەڕى (كۆسۆڤۆا بۆڵی) بەرامبەر بەعوسمانیەكان لەدەستیان داوەو دواتر هەموو وڵاتی سربیا كەوتۆتە ژێر دەستى عوسمانیەكانو ئیسلام گەیشتۆتە ئەو وڵاتە، دواترو بەبەردەوامى هاوڵاتیانی ئەڵبانی رەگەزی دەوروبەرى روویان كردە هەرێمەكە تا بوون بەزۆرینە تێیدا، دواتر ناوچەى كۆسۆڤۆ  بوو بەبەشێك لەهەرێمی ئەڵبانیاى سەر بەدەوڵەتى عوسمانی، تا لەشەڕى یەكەمى جیهانیو دواى روخانى دەوڵەتى عوسمانى جاریكى تر كەوتەوە دەست سربیا.
 بێگومان ئێمە وەكو كورد خۆشحاڵێن بەئازادبوونى هەموو نەتەوە ژێر دەستەكان لەجیهاندا، لەبەر ئەوەى خۆمان گەورەترین نەتەوەى ژێر دەستین لەجیهاندا، بەڵام لەگەڵ زۆرى رێژەى كورد لەچاو ئەو ئەلبانیە كەمەى لەكۆسۆڤۆدا بوونیان هەیە هێشتا ئەلبانەكان بەتواناترو زیركتربوون لەچاو كورددا بۆ گەیشتن بەئامانجەكانیان.
 لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتىو خوێنڕشتنەى بەرامبەر بەكوردیش كراوە لەلایەن داگیركەرانى خاكو نیشتمانەكەىو دواى سەدان شۆڕشو شكستو ماڵوێرانى، بەڵام كورد نەیتوانى نیوەى ئەو كارەى ئەلبانیەكانى كۆسۆڤۆ ئەنجام بدات.
 هەرێمى كوردستان لە 1991ەوە بەناوە ئازادبووە، پەرلەمانو هەڵبژاردنو زۆر شتی تریشی تێدا كرا، دواى حەڤدە ساڵ لەو مێژووەشو دواى روخانى رژێمى بەعس نەك هەر بانگەشەى سەربەخۆیى نەكرا بەڵكو جارێكى تر سەرانى كورد چوونەوە بۆ بەغداو جارێكى تر هەموو مافەكانى كوردیان خستەوە ژێر پرسیار.
 كورد نەك سەربەخۆیى رانەگەیاند بەڵكو جارێكى تر بووەوە بەبەشێك لەو عێراقەى لێى كوشتو لێى ئەنفال كرد، كورد نەك هیچ قازانجێك بەڵكو زۆر مافی ترى نەتەوایەتىو جوگرافی خستە ژێر مەترسی لەدەستدان، هەر لەنەگەڕانەوەى ناوچە تەعریبكراوەكانو كێشەى بودجەو پێشمەرگەو نەوتو دواتریش فیدرالی كەتەنها كورد باسی لێوە دەكاتو عەرەبی عێراق توخنیشی ناكەوێت.
  بۆیە پیرۆز بێت لەو نەتەوە چكۆلانەیەى كۆسۆڤۆ بەرێژە، بەڵام گەورە بەهەڵوێست بۆ سەربەخۆبوونیان.
 
goranfathe@yahoo.co.uk
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.