خه‌ونه نمایشێک ….. به‌شی یه‌که‌م
• قه‌یرانی سێپتێمبه‌ر
پاییزی ساڵی 1901 ستریندباری به ته‌نگژه‌یه‌کی ده‌روونی گه‌لێ ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت و به‌پێی نامه و یاداشته‌کانی، ئه‌و قه‌یرانه گرانترین ساته‌کانی ژیانی بووه و پسپۆڕانی بواری سریندباری به ”قه‌یرانی سێپتێمبه‌ر” ناوزه‌دیان کردووه. ” چل ڕۆژ ئازار و په‌ژاره، گرانترین ساته‌کانی ژیانم” وه‌ک ستریندباری خۆی ئاماژه‌ی بۆ کردووه.
ئه‌م ته‌نگژه ده‌روونییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ژنه بچووکه‌که‌ی، هارییه‌ت بوسه، به سکی پڕه‌وه ستریندباری به‌جێده‌هێڵێ و به‌پێی نامه‌یه‌کی هارییه‌ت بوسه که له 22 ی مانگی ئۆگۆستی ساڵی 1901 دا نووسیویه‌تی ” که چیتر ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ لات ”. ستریندباریش له وه‌ڵامێکی ئه‌و نامه‌یه‌دا ووتوویه‌تی ( به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌مانم بۆ لێک نادرێته‌وه، خۆشترین و ناشیرین‌ترین ساته‌کانی ژیانمه. هه‌ندێ جار ته‌نها خۆشه‌که‌یان دێته پێشه‌وه، به‌مه‌ش ده‌گریم، ده‌گریم تا خه‌وم لێده‌که‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شه ناشیرینه‌که‌یم بیربچێته‌وه.)
له‌م ساتانه‌دا هه‌ست و سۆزێکی به‌هێز و هه‌ڵچوو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک شاڵاوی بۆ ستریندباری هێناوه، ته‌نگی پێهه‌ڵچهنیوه و به‌ته‌واوه‌تی تێکیشکاندووه. ستریندباری تووشی ئازارێکی ده‌روونی ده‌بێت له‌نێوان بیرکردنی ساته‌وه‌خته‌کانی ژیان له‌گه‌ڵ هارییه‌ت بوسه و ڕقێکی گه‌وره1.
ژیانی ستریندباری له‌م ته‌نگژه چل ڕۆژییه‌دا ده‌بێته دۆزه‌خ و بیر له خۆکوشتن ده‌کاته‌وه، هه‌ر له‌م کاته‌دا سه‌رقاڵی نووسینی کۆمه‌ڵێ شانۆنامه بووه، یه‌کێکیان خوڵقاندنی جیهانێکی تایبه‌تمه‌ند بووه و له‌و جیهانه‌دا وێنه‌یه‌کی شکۆداری کریستینا، شاژنی سوێد که پایه و ڕۆڵێکی گه‌وره و گرنگی له مێژووی سوێددا هه‌بووه و کاره‌کته‌رێکی به‌هێز و لێهاتوو بووه ده‌نه‌خشێنێ، له‌هه‌مانکاتدا وێنه خه‌ونئامێزه‌کانی کۆشکه هه‌ڵکشاوه‌که‌ی شانۆنامه‌ی (خه‌ونه نمایشێک) ڕۆده‌نێت. ستریندباری هه‌ردوو شانۆنامه‌ی (کریستینا) و (خه‌ونه‌نمایشێک) ی به‌تایبه‌تی بۆ هارییه‌ت بوسه نووسیون2.
که ستریندباری شانۆنامه‌کانی نووسیون، کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی له هارییه‌تدا بینیون و بۆ ئه‌وی نووسیون، هارییه‌تی له‌سه‌ر شانۆ و له‌و ڕۆڵانه‌دا بینیون، هه‌ڵسوکه‌وت و جووڵانه‌وه‌کانی، نه‌بره‌ی ده‌نگ و نیگا و زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوی. هارییه‌ت هه‌میشه له‌بیروهۆشی ستریندباری دا ژیاوه و له کاره‌کته‌ره‌کانیدا گه‌مه‌ی کردووه، به‌مه‌ش ویستوویه‌تی کار له هارییه‌ت بکا و بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای.
هارییه‌ت بوسه خاوه‌نی جوانییه‌کی سروشتی و ئه‌فسوناوی بووه، قژێکی پڕی ڕه‌ش و درێژ، چاوه‌کانی بادامیی، سیمایه‌کی پڕ له نهێنی و باڵایه‌کی به‌رزی هه‌بووه و زیاتر وه‌ک فیگۆرێکی میتۆلۆژی هاتۆته پێش چاو. رۆژی پێنجی ئۆکتۆبه‌ر، دوای چل شه‌و و چل رۆژ هارییه‌ت بوسه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای ستریندباری و شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکیش، دوای ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه، له خۆشترین ساته‌کانی ژیانی ستریندباریدا و ته‌نها به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک و له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1901 دا نووسراوه3.
هارییه‌ت بوسه له چه‌ندین نامه و بۆنه جیاوازه‌کاندا دووپاتی ئه‌وه‌ی کردۆته‌وه که ستریندباری ڕۆڵی ئه‌گنێس، کچی ئیندرای خواوه‌ندی بۆ ئه‌و نووسیوه. ستریندباری خۆشی له یه‌کێک له نامه‌کانیدا که بۆ هارییه‌تی نووسیوه و مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوازده‌ی سێپتێمبه‌ری 1901، نووسیویه‌تی:” کۆشکه هه‌ڵچووه‌کان ده‌نووسم، مه‌زن، جوان هه‌روه‌ک خه‌ونێک. بێگومان شانۆنامه‌که باسی تۆ ده‌کات، ئه‌گنێس که به‌نده‌که له کۆشکه‌که ڕزگار ده‌که‌یت. ) ستریندباری هه‌ر له یاداشته‌کانی ئه‌م قۆناخهیدا نووسیویه‌تی:” خۆشه‌ویستی گوناهه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که بیرکردنه‌وه له خۆشه‌ویستی گه‌وره‌ترین دۆزه‌خه که له‌سه‌ر زه‌وی هه‌یه.”
یه‌کێک له مۆتیڤه سه‌ره‌کی و گرنگه‌کانی خه‌ونه‌نمایشێک مه‌سه‌له‌ی نایه‌کسانی و ئازار چێژتنه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی به‌هێز له‌لای کاره‌کته‌ره پیاوه‌کان به‌رجه‌سته ده‌بن، ئه‌م کاره‌کته‌رانه‌ش هه‌موویان، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌زموونی ژیانی ستریندباری خۆیین4.
ستریندباری به‌وه ناوبانگی ده‌رکردووه که دژی ئافره‌ت بووه و له زوربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیدا هێرش ده‌کاته سه‌ر ئافره‌ت و ئافره‌ت ده‌کاته هێماگه‌لێکی دڕنده، دێوه‌زمه، گێل، ناپاک و شێت. به‌ڵام له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا دا به ته‌واوه‌تی له ئافره‌ت خۆش بووه و له‌و ڕقه به‌هێزه‌ی که له ژن هه‌یبووه، دوورکه‌وتۆته‌وه و شانۆنامه‌که‌ی له‌و دیده به ته‌واوه‌تی خاوێن کردۆته‌وه و له‌بری ئه‌وه بووه‌ته لایه‌نگری ئه‌وان و نوێنه‌ری خودا و ده‌نگی مرۆڤایه‌تی له کاره‌کته‌ری کچه‌که‌ی ئیندرا (ئافره‌تێک) دا به‌رجه‌سته ده‌کات و ئه‌و ڕۆڵ و به‌ها گه‌وره‌یه ده‌به‌خشێته ئافره‌ت. ئه‌گنێس گه‌شتێکی خواوه‌ندی به ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌دا ده‌کات، له ئاسمانه‌وه، له باوه‌شی هه‌وره‌کانه‌وه دێته خواره‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی و زۆر به قووڵی خۆی ده‌خزێنێته نێو ئه‌زموونه‌کانی خۆشه‌ویستی، خێزان، ده‌ستلێکبه‌ردان، ڕێکه‌وتن و ئاشتبوونه‌وه و ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاواز و هه‌مه چهشنهکانیشهوه. له‌هه‌مانکاتدا جووڵانه‌وه و ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ش له ناوه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، له‌م ئاراسته‌یه‌وه ئه‌گنێس گه‌وره ده‌بێت، ده‌کرێته‌وه و له جیهانه بچووکه‌که‌وه دێته ده‌ره‌وه و ئاوێزانی جیهانه گه‌وره‌که، گه‌ردوون و تێکهڵآوی مرۆڤ ده‌بێت. له‌م گه‌شته‌وه ئه‌گنێس له کچی خوداوه ده‌بێته مرۆڤ و هه‌ست با ئازار و خۆشیی و ناخۆشییه‌کانی مرۆڤ ده‌کات.
خه‌ونه نمایشێک به‌هایه‌کی گه‌وره‌ی له‌لای ستریندباری هه‌بووه، ستریندباری زانیویه‌تی که داهێنانێکی گه‌وره‌ی کردووه و له یه‌کێک له نامه‌کانی ساڵآنی 1907 دا که بۆ وه‌رگێڕه ئه‌ڵمانییه‌که‌ی نووسیوه ئه‌ڵێت:( خۆشه‌ویستترین دراماکانم، کۆرپه‌ی ئازاره گه‌وره‌که‌م.) له خه‌ونه نمایشێکدا ته‌کنیک باڵاده‌سته، له‌ڕووی مێژووییه‌وه بێ هاوتایه، له‌ڕوی مانا و ناوه‌ڕۆکه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند و بێ سنووره، به‌ڵام له‌ڕووی هێڵی گشتی ڕووداوه‌کانه‌وه، هه‌روه‌ک خه‌ونێک پچڕ پچڕه5. خه‌ونه نمایشێک شانۆی شیعره، شیعره له شانۆدا و فانتازیایه‌کی شیعریی بنه‌ماکانی پێکهێناوه ( شیعر چییه؟ واقیع نییه به‌ڵام زیاتر له واقیع … خه‌ون نییه به‌ڵام خه‌ونێکی بێ ئاگایه ) وه‌ک سریندباری ئاماژه‌ی بۆ کردووه.
هیچ شانۆنامه‌یه‌کی تر له مێژووی شانۆ و مێژووی ئه‌ده‌بدا هێنده‌ی خه‌ونه نمایشێک وێنه‌ی جیاواز و چوونیه‌ک له‌خۆناگرێت، دیمه‌ن و به‌شه‌کان که له شیعره‌کاندا به‌رجه‌سته ده‌بن، خێرا و له‌چاوتروکانێکدا له یاده‌وه‌ریماندا ده‌چه‌سپێن و جێگایه‌کی گرنگ و پێگه‌یه‌کی بێ وێنه‌ی له‌لای شانۆکاران، بینه‌ران و خوێنه‌ران، به درێژایی مێژوو به‌ده‌ست هێناوه.
خه‌ونه نمایشێک به زمانێکی بینراو، به‌رجه‌سته‌کراو و وێنه‌یی نووسراوه و خودی دیالۆگه‌کانیش به‌رهه‌می وێنه خهونییهکانه، ئه‌و وێنانه‌ی که ستریندباری به وێنه‌یه‌ک له ژیان ئاماژه‌یان بۆ ده‌کات.
ئه‌م نووسه‌ره هه‌وڵیداوه که هه‌موو کاره‌کته‌ره پیاوه‌کان له کاره‌کته‌رێکدا کۆبکاته‌وه و هه‌موو ئافره‌ته‌کانیش له ئافره‌تێکدا. له سه‌ره‌تادا بیری له‌وه کردۆته‌وه که هه‌موو شانۆنامه‌که ته‌نها دوو کاره‌کته‌ر، پیاوێک و ئافره‌تێک له‌خۆبگرێت و له یه‌کێک له‌ده‌ستنووسه کۆنه‌کانیدا کاره‌کته‌ره‌کانی له‌ژێر دووناودا، یان دوو خانه‌دا: پیاو و ئافره‌ت کۆکردۆته‌وه. هه‌ر له‌و ده‌ستنووسه کۆنانه‌دا پێشنیاری چه‌ندین ناونیشانی بۆ شانۆنامه‌که نووسیوه، بۆ نموونه درامای ڕاڕه‌وه‌که، کۆشکێکی هه‌ڵکشاو، کچی ئیندرا، هه‌روه‌ها ئه‌م ناوانه‌شی بۆ یمهنهکان نووسیوه: پایز، دوای هاوین، زستان و سه‌رله‌نوێ پایز. به‌ڵام دوایی له‌سه‌ر خه‌ونه‌نمایشێک گیرساوه‌ته‌وه.
خه‌ونیش وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ زۆر سه‌رنجی ستریندباری ڕاکیشاوه و به‌رده‌وام له به‌رهه‌مه‌کانیدا سوودی لێوه‌رگرتووه، به‌کاریهێناوه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ریان. ستریندباری له ساڵی 1887 دا وتوویه‌تی:( من وا هه‌ست ده‌که‌م به‌ده‌م خه‌ونه‌وه ده‌ڕۆم، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ژیان و شیعر تێکه‌ڵاو بووبێت. ) ئه‌م وێنه‌یه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و بووه‌ته به‌شیکی گرنگی ڕووداوه‌کان، به‌تایبه‌تی ناوه‌ندێکی گرنگی ئه‌م دیمه‌نه‌یه:شاعیر
که‌واته به‌و زووانه ده‌زانیت واقیع چییه!
کچه‌که
یان خه‌ون!
شاعیر
یان شیعرشانۆنامهی خه‌ونه نمایشێک
بێگومان ستریندباری سوودی له وێنه میتافۆرییه ورد و پارچه پارچه‌کانی خه‌ونه‌کانی خۆیشی وه‌رگرتووه و له ده‌روازه‌کانی به‌کارهێنانێکی تری زمانه‌وه، ژیانێکی تری کردووه به به‌ردا. هه‌ر ئه‌م خه‌ونانه بوونه‌ته وێنه و وێنه‌ی مه‌جازی و دیمه‌نه‌کانی خه‌ونه نمایشێکی له‌سه‌ر بنیاتناوه6.• خه‌ونه نمایشێک باسی چی ده‌کات!
کچی ئیندرای خواوه‌ند له ئاسمانه‌وه دێته خواره‌وه تا له نزیکه‌وه چاودێری بارودۆخی ژیانی مرۆڤایه‌تی بکات و گوێ له ئازار و په‌ژاره و خه‌مه‌کانیان بگرێت. ئه‌م کچه‌ی ئیندرا له گیانی ئاگنێس دا به‌رجه‌سته ده‌بێت و له سه‌ره‌تای گه‌شته‌که‌یدا له‌سه‌ر زه‌وی و له‌به‌رده‌می کۆشکێکدا که به‌رده‌وام گه‌وره ده‌بێت قسه له‌گه‌ڵ وه‌ستایه‌کی شووشه‌دا ده‌کات7. دوای ئه‌وه ده‌چنه کۆشکه‌که‌وه تا ئه‌و ئه‌فسه‌ره ڕزگار بکه‌ن که له کۆشکه‌که‌دا به‌ند کراوه. دیمه‌نه‌که هه‌ر زوو گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت و دواتر ئه‌فسه‌ره‌که له ماڵی خانه‌واده‌که‌یدا ده‌بین و دواتریش له‌به‌رده‌م ده‌رگای ئۆپێراکه‌دا، هه‌ر خێراش له‌وه ده‌گه‌ین که ئه‌فسه‌ره‌که ساڵ دوای ساڵ له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگایه‌دا له چاوه‌ڕوانی ڤیکتۆریای خۆشه‌ویستیدایه.
ده‌رگایه‌کی پڕ له ڕاز و نهێنی ئه‌فسه‌ره‌که تووشی دڵه‌ڕاوکێ ده‌کات و پۆلیس ڕێگای پێنادات که ئه‌و ده‌رگایه بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که کۆڵ نادات و ده‌چێته لای پارێزه‌ر تا مه‌سه‌له‌که‌ی بۆ بگه‌یه‌نێته دادگا. پارێزه‌ره‌که ئه‌گنێس ده‌بینێت و هه‌ر له‌وێدا ئه‌وه‌ی بۆ ده‌گێرێته‌وه که هه‌ر ئێستا بڕوانامه‌ی دکتۆرای له‌بواری یاسادا پیده‌به‌خشرێت، له دیمه‌نێکی تردا، له کڵێساکه‌دا سه‌ما و ئاهه‌نگی بڕوانامه به‌خشینه‌وه‌یه، به‌ڵام پارێزه‌ره‌که بڕوانامه‌که وه‌رناگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رگری له ئازاره‌کانی مرۆڤ کردووه. دیمه‌نه‌که له کڵێساکه‌وه ده‌بێته ئه‌شکه‌وتی فینگال و له‌هه‌مانکاتدا پارێزه‌ره‌که و ئه‌گنێس بریاری ئه‌وه ئه‌ده‌ن که ژیانی هاوسه‌ری پێکه‌وه بنێن. ژیانی ژن و مێردایه‌تی کچه‌که و پارێزه‌ر به ئاژاوه و ناخۆشی کۆتایی دێت و ئه‌فسه‌ره‌که دێت تا کچه‌که له‌و دۆزه‌خه ڕزگار بکات، به ڕزگاربوونی کچه‌که ده‌چینه ناو دیمه‌نه‌کانی سکامسیوند و فاگێرڤیک. که کچه‌که له‌دوای ئه‌م دیمه‌نانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه شاعیرێک ده‌بینێ، کچه‌که دان به‌وه‌دا ده‌نێت که ژیانی سه‌ر زه‌وی بێزاری کردووه و بڕیاری داوه بۆ ئاسمان بگه‌ڕێته‌وه.
دیمه‌نه‌که ده‌گۆڕدرێت بۆ ڕاڕه‌وی شانۆکه و دواتریش ده‌رگاکه ده‌کرێته‌وه، هه‌موو له‌و بڕوایه‌دان که له پشت ده‌رگاکه‌وه نهێنی مه‌ته‌ڵه‌کانی گه‌ردوون خۆی حه‌شارداوه و ئه‌وانه‌شی که له‌وێدا کۆبوونه‌ته‌وه و چاوه‌ڕوانی کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه‌یان ده‌کرد، ده‌یانه‌وێت له نهێنییه‌کان بگه‌ن. وه‌ستای شووشه ده‌رگاکه ده‌کاته‌وه، به‌ڵام دواجار هیچ شتێک له‌پشت ئه‌و ده‌رگایه‌وه نییه.
له دوا دیمه‌ندا که سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌رده‌م کۆشکه‌که، هه‌ر وه‌ک دیمه‌نی یه‌که‌م، کچه‌که له ساته‌کانی ماڵئاواییدایه و کۆشکه‌که‌ش ده‌سووتێت، کچه‌که ده‌چێته کۆشکه‌که‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ش له ده‌روازه‌ی ئاگره‌که‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئاسمان و خونچه گوڵێکیش له‌سه‌ر سه‌ربانی کۆشکه سووتاوه‌که ده‌پشکوێ و ده‌بێته گوڵه بهیبوونێکی گه‌وره.• سێینه‌یه‌کی گرنگی خه‌ونه نمایشێک
سی مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی له‌م شانۆنامه‌یه‌دا به ڕوونی، وه‌ک سێینه‌یه‌کی پێکه‌وه به‌ستراو دیاره، یه‌که‌میان: ” مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه ”. ژیان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌سه‌ر زه‌وی ئازار و ژانه، خوداکانیش پێویسته که ئه‌م ڕاستییه بزانن. دووه‌میان:” خۆشه‌ویستی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا سه‌رده‌که‌وێت”، له‌وانه‌یه خۆشه‌ویستی بتوانێت که ڕێگایه‌ک له‌نێو ئه‌م ئازار و ژانه‌دا بدۆزێته‌وه. سێیه‌میشیان:” هه‌ڵهێنانی مه‌ته‌ڵی جیهان”. ئه‌وه‌ی له‌پشت ئه‌و ده‌رگا ئه‌فسووناوییه‌وه پێویسته ئاشکرا بکرێت که بنه‌مای ئازاره‌کانی مرۆڤی له‌سه‌ر بنیاتنراوه، یان ماناکانی، ڕێگایه‌ک بۆ کۆتایی هێنان به‌و ده‌رگایه‌وه به‌نده.• سه‌رچاوه میتۆلۆژی و فه‌لسه‌فییه‌کانی خه‌ونه نمایشێک
ستریندباری بۆ نووسینی شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک په‌نای بردۆته به‌ر چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی فیکری، میتۆلۆژی و ئایینه کۆنه‌کان و به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ سوودی لێوه‌رگرتوون و به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووش به‌کاریهێناون.
هه‌روه‌ها ستریندباری که ئاوڕی له به‌کارهێنانی میتۆلۆژیا جۆراوجۆره‌کان داوه‌ته‌وه، بیری له‌وه کردۆته‌وه که ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی ڕاستگۆ و بێ شێواندن له چاوگه ڕۆحییه‌کان بڕوانێت و به شێوه‌یه‌کی قووڵ پابه‌ند بێت به ژیانی ڕاستی و واقیعی ژیانه‌وه. هه‌موو هێماگه‌لێکی میتۆلۆژیی، رۆحی یان ئه‌فسانه‌یی، ده‌بێت له‌پشت چوارچێوه‌یه‌کی پڕ له ورده‌کاریی ڕاستییدا خۆیان حه‌شار دابێت. میتۆلۆژیا و ئایینی هیندی و فه‌لسه‌فه‌ی شۆپینهاوه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه جێگه‌ی سه‌رنجی ستیندباری بوون و له زۆر له به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه.
ئاینی هیندییش له ڕێگای بوودیزمه‌وه سه‌رنجی ستریندباری ڕاده‌کێشێت، له یه‌کێک له نامه‌کانیدا که له‌ساڵی 1896 دا نوسیویه‌تی، ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که تازه له خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی سه‌فه‌رنامه، بۆ هیندستان بووه‌ته‌وه. له هه‌مان نامه‌دا باسی ئه‌وه‌ی کردووه که کتێبه‌که زۆر به وردیی ئاینی هیندیشی ڕوونکردۆته‌وه و له‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه خراوه‌ته ڕوو که چۆن باڵاترین ئاستی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و گه‌شه‌کردنی مرۆڤ بریتییه له خۆڕزگارکردن له خود، هه‌روه‌ک وه‌همێک، به‌مه‌ش به‌ده‌ستهێنانی هه‌ستکردن و هه‌ستی به‌زه‌یی به ئازاره‌کانی ئه‌وانیتر گه‌شه ده‌کات. ئه‌م مهسهلهیهس ناوه‌ندێکی گرنگی بیروبۆچوونه‌کانی ستریندبارییه له خودی شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا.
ستریندباری له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا ته‌نها سوودی له میتۆلۆژیای هیندی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند، چڕ و له دیدی داهینانێکی گه‌وره‌وه، چه‌ندین دیانه‌ت، میتۆۆلۆژیا و فانتازیا تێکه‌ڵاو ده‌کات و میتۆلۆژیایه‌کی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی ده‌خوڵقێنێت. له‌م کاره‌یدا جگه له دیانه‌ت و میتۆلۆژیای هیندی، میتۆلۆژیای گرێکی و ڕایه‌ڵه ئه‌فسووناوییه‌کانی ئینجیل، بودیزم، سوودی له چیرۆکی ترادیسونی سوارچاکه‌کان و هه‌روه‌ها چیرۆکه‌کانی هه‌زار و یه‌ک شه‌وه وه‌رگرتووه.
به‌کارهێنانی ئه‌م هه‌موو زنجیره، میناتۆر و وێنه جیاوازانه پێکداده‌چن و له‌به‌رئه‌نجامدا یه‌ک وێنه‌ی سه‌راپاگیر و یه‌کگرتوویان پێکهێناوه. ئیندرای خواوه‌ند له میتۆلۆژیای هیندیدا هیج کچێکی نه‌بووه و ستریندباری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وه‌ک هێما و مه‌جاز به‌کارده‌هێنێ.
ئهگنێسیش نزیکه له (ئاگنی) خوای ئاگری هیندی، ئه‌م خواوه‌نده کاره‌کانی تایبه‌تمه‌ند بووه به گه‌یاندنی په‌یام یان ناوبژیکردنی نێوان خواوه‌ند و جیهانی مرۆڤ. ستریندباری له یه‌کێک له یاداشته‌کانی ئه‌و ده‌مه‌یدا که خه‌ریکی نووسینی شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک بووه، ده‌ڵێت:( ئاینی هیندی زۆر شتی له خه‌ونه نمایشێکدا بۆ چاره‌سه‌ر و ڕوونکردوومهتهوه، به‌تایبه‌تی مانای کچی ئیندا، نهینی ده‌رگاکه= عه‌ده‌م. هه‌موو ڕۆژه‌که خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی بودیزم بووم8.)
له‌پاڵ بودیزم و میتۆلۆژیای هیندیدا، خه‌ون بابه‌تێکی گرنگ بووه له ژیانی تایبه‌تی و له به‌رهه‌مه‌کانی ستریندباری دا خه‌ونه ڕۆژانه‌کانی و ئه‌و خه‌ونانه‌شی که ده‌یبینین، زۆرجار ئه‌و خه‌ونانه‌ی که ده‌یبینین دواتر تۆماری کردوون و له‌کاتی نووسیندا گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ریان و به‌کاری هێناون. ستریندباری له کتێبی (ته‌نهایی) دا که له ساڵی 1903 دا نووسیویه‌تی، دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که خه‌ون به شێوه‌یه‌کی لۆژیکی و زانیاری لێکداوه‌ته‌وه.
چه‌ندین کتێبی لێکدانه‌وه‌ی خه‌ون و زیانیاری و ئه‌ده‌بی سه‌باره‌ت به خه‌ون له کتێبخانه تایبه‌تمه‌نده‌که‌ی ستریندباری دا دۆزراوه‌ته‌وه. له ڕاستیشدا گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه زانیارییه‌کانی خه‌ونیش له ناوه‌ڕاستی 1800 ه‌کانه‌وه ده‌رکه‌وتووه. فرۆید لێکۆڵینه‌وه و کتێبه گرنگه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کان له ساڵانی 1900 و 1901 دا بڵاوکردۆته‌وه. بێگومان تا ئێستا شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک تاکه به‌رهه‌م و گه‌وره‌ترین شاکاره که له ته‌کنیک و جیهانی خه‌ونه‌کان نزیک بووبێته‌وه. هه‌ندی له لێکۆرهوهکان دووپاتی ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه که ستریندباری کتێبه‌که‌ی فرۆید سه‌باره‌ت به خه‌ونی به‌رده‌ست که‌وتووه و خوێندوویه‌تییه‌وه.
هه‌ندێ لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی تر دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که هه‌رچه‌نده فرۆید و شۆپینهاوه‌ر وایان له مرۆڤ کردووه به چاوێکی نوێوه بڕوانێته خۆی، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌به‌رده‌ستتدا نییه دووپاتی ئه‌وه بکاته‌وه که ستریندباری فرۆیدی خوێندبێته‌وه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه که ستریندباری له سۆنگه‌ی خه‌ونه‌کانه‌وه، توانیویه‌تی کاره‌کته‌ری زیندوو، ئه‌تمۆسفێری فانتازیئامێز، ڕووداوی بێ سنوور له پانتاییه‌کی جیاوازی دوور له کات و شوێنه ته‌قلیدییه‌کانه‌وه ده‌سته‌به‌ر بکات.
ستریندباری ده‌یه‌وێت به‌م شانۆنامه‌یه دووپاتی ئه‌وه بکاته‌وه که ژیان په‌ژاره‌یه. بنه‌مای ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که ده‌ڵێن له ڕوانگه‌ی ئازار و ژانه‌وه ده‌گه‌ینه دیدێکی ڕوون و ئاشکرا. له‌پشت ووته‌ی کچه‌که‌شه‌وه که ده‌ڵێت:( مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه ) فه‌لسه‌فه‌ی شۆپینهاوه‌ر خۆی حه‌شارداوه، به‌تایبه‌تی به‌های ئازاره‌کانی مرۆڤ، به‌رزترین ئاسته‌کانی پاکییه. ستریندباری کاریگه‌ری کتێبه‌که‌ی شۆپینهاوه‌ر ( جیهان وه‌ک ئیراده و بیر ) ی به‌سه‌ره‌وه بووه و بیرۆکه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی ئه‌و کتێبه‌ش ( گرنگی ئیراده‌ی ژیان زیاتر بوونێکه له ناوه‌وه‌یه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه ته‌نها به‌ره‌و هه‌ستکردن به نه‌بوونمان ده‌بات، بۆیه پێویسته نه‌فی ئه‌و بوونه بکرێت. ) ئه‌م کاریگه‌رییه‌ش ته‌نها له شانۆنامه‌ی خهونهنمایشێکدا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵکو به‌ر له خه‌ونه نمایشێک له سێینه‌ی به‌ره‌و دیمه‌شق و سۆناتای تارماییدا ناوه‌ندێکی گرنگه.• ته‌کنیک و ته‌کنیکی خه‌ون له خه‌ونه نمایشێکدا
ستریندباری ئاگای له ڕه‌وتی شانۆی جیهانی بووه و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامی به شانۆی ئه‌وروپییه‌وه هه‌بووه، گۆردن گریکی ناسیوه و سه‌ردانی شانۆکانی پاریس و به‌رلینی کردووه. بۆ نموونه له ساڵه‌کانی 1800 ه‌کاندا که له پاریس ده‌بێت، به‌رده‌وام سه‌ردانی شانۆی Chat Noir ده‌کات و ئه‌م شانۆیه‌ش وه‌ک گازینۆیه‌کی هونه‌ری وابووه و له نهمایشهکانیاندا وشه، وێنه و مۆسیقا له یه‌که‌یه‌کی هونه‌ریدا یه‌کیان گرتووه و ستریندباریش چه‌ندین جار دووپاتی ئه‌وه‌ی کردۆته‌وه که خه‌ون به شانۆیه‌کی ئاوهاوه ده‌بینێت.
خه‌ونه نمایشێکیش بۆ ستریندباری شیکردنه‌وه‌ی وزه و ئێستاتیکای شانۆ بووه، بواره‌کانی کرده و دیدی شانۆی تاقیکردۆته‌وه و تا ئه‌ودیو و ناوه‌وه‌ی شته‌کانی به‌کارهێناوه، دید و بواره نابابه‌تییه‌کانی پێکه‌وه گرێداون و سه‌رله‌نوێ به‌رجه‌سته‌ی کردوونه‌ته‌وه. ستریندباری له‌م شانۆنامه‌یه‌دا، به‌هه‌مان شێوه له شانۆنامه گوزارشتئامێزهکانیدا، یاساکانی ته‌ماشاکردن و گه‌وهه‌ری بوونیادنانی وێنه‌کان به‌ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕێت، به‌تایبه‌تیش هه‌ر له‌ڕێگای به‌ده‌ستهێنان و خوڵقاندنی دنیایه‌کی بینراو یان ژوورێکی شیعرئامێزی بینراوه‌وه، ژوورێک بۆ بینین، نه‌ک بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده و ته‌وژمه‌کانی شانۆی ریالیزم و ناتورالیزم بووه9.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه که له به‌شێکی زۆری سه‌ده‌ی بیستیشدا، شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک به شێوه‌یه‌کی ناتورالیستی پێشکه‌شکراوه و زۆر که‌م له ڕیژیسۆر و گروپه شانۆییه‌کان توانیویانه ئه‌و جیهانه وێنه خهونییانهی شانۆنامه‌که بدۆزنه‌وه و به‌رجه‌سته‌ی بکه‌ن10. به‌ڵام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا که شانۆیه‌کی ئه‌زموونگه‌ری، ئهفانتگهر و پۆست مۆردێنیست ده‌روازه‌ی شانۆکانیان کرده‌وه، شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکی ستریندباری ده‌بێته شانۆنامه‌یه‌کی گرنگی ئه‌م رێبازانه و نهمایشهکانیشیان له دید و خه‌ونه‌کانی ستریندباری نزیک ده‌بێته‌وه11.
به‌درێژایی مێژوو خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌کردنی ئه‌م شانۆنامه‌یه به‌هه‌مان شێوه‌ی کۆشکه‌که‌ی ناو شانۆنامه‌که چ له‌لای هونه‌رمه‌ند، یان بینه‌ران و پسپۆڕان و لێکۆڵه‌ره‌وانی شانۆوه له هه‌ڵچوون و داچوون و گۆڕانکاریدا بووه. زۆر ورده‌کاری و میناتۆری شانۆنامه‌که زه‌مینه‌یه‌کی واقیعی هه‌یه و ستریندباری ڕاسته‌وخۆ له ژیانی خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌یه‌وه وه‌ریگرتووه ( دوایی زیاتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌م خاڵه ) به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه که ستریندباری چۆن توانیویه‌تی ئه‌و مۆتیڤه واقیعییانه تێهه‌ڵکێشی خه‌ون بکات و واقیع و خه‌یاڵ له ته‌کنیکی به‌رزی خه‌وندا به‌رجه‌سته بکات12.
ستریندباری له پێشه‌کییه‌کی کورتی شانۆنامه‌که‌یدا چه‌ند دێڕێک سه‌باره‌ت به خه‌ونه نمایشێک و ته‌کنیکی خه‌ون ده‌نووسێت13، له‌و پێشه‌کییه‌دا به‌پێی ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی گیونار ئۆللێن که پسپۆڕ و پشکنه‌ری بواری شانۆی ستریندباری ییه ده‌ڵێت:( ستریندباری له‌م نواندنه خه‌ونه‌یدا که به نواندنه خه‌ونه‌که‌ی پێشووی ( به‌ره‌و دیمه‌شق ) ه‌وه ڕایه‌ڵه، هه‌وڵیداوه لاسایی پێکه‌وه گرێنهدراویی به‌ڵام ساخته‌یی فۆرمه لۆگیکییهکهی خه‌ون بکاته‌وه. ده‌کرێ هه‌موو شتێک له خه‌وندا ڕووبدات، هه‌موو شتێک له خه‌وندا شیاو و لواوه، زه‌مه‌ن و شوێن بوونیان نییه، له‌سه‌ر بناخه‌یه‌کی نادیار و واقیعییانه وههم ده‌ڕێسێ و نه‌خشه‌گه‌لی نوێ ده‌چنێ: تێکه‌ڵه‌یه‌ک له زه‌ین، ئه‌زموون، هۆنینه‌وه‌ی ئازاد، ناماقووڵییهت و ڕاگوزه‌ری.
که‌سایه‌تیه‌کان له‌ت ده‌بن، دووبه‌رابه‌ر ده‌بن، دووباره ده‌کرێنه‌وه، ده‌بنه هه‌ڵم. ده‌ئاخنرێن، ڕه‌وان ده‌ڕۆن، گرد ده‌کرێنه‌وه، به‌ڵام ئاگاییه‌ک چاوه‌ڕێی هه‌مووان ده‌کات، ئه‌ویش ئاگایی ئه‌و که‌سه‌یه که خه‌ونه‌که ده‌بینێت، چونکه چ نهێنیگه‌لێک، چ ناکۆکییه‌ک، چ بیرێکی ویژدانیی و چ یاسایه‌ک نیین. ئه‌و که‌سه‌ی خه‌ونه‌که ده‌بینێ داوه‌ری ناکات، ڕاشکاوانه نادوێ، ته‌نێ ده‌گێڕێته‌وه، به‌وه‌ی که خه‌ونه‌که زیاتر دهردهاوهره، بۆیه که‌متر شادمانانهیه، تۆنێکی له غه‌م تێدایه، له‌میانه‌ی ئه‌و چیڕۆکه پارسه‌نگ تێکچووهدا هه‌ڵگری هاوده‌ردییه له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێکی زیندوودا. خه‌ون، ڕزگارکه‌ر، به‌زۆری شه‌رماوه‌ر وه‌دیارده‌که‌وێت، به‌ڵام کاتێ که ئازاره‌که دهجهڕێت، ئیدی خۆی بێداربوو ده‌بینێته‌وه و که‌سی ئازارچه‌شتوو له‌گه‌ڵ واقیعدا ئاشت ده‌کاته‌وه، که هه‌رچه‌ندێک پڕ له په‌ژاره بێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ونه ئازاراوییهکهدا، ئه‌و په‌ژاره‌یه له‌م ساته‌دا ده‌بێته جۆره له‌زه‌تێک )
ئه‌م پێشه‌کییه‌ش دووپاتکردنه‌وه‌یه‌کی ئاشکرای ئه‌م نووسه‌ره‌یه که چ ئاگادارییه‌کی سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه زانیارییه‌کانی بواری لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌وه هه‌بووه. ستریندباری له‌وێدا ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که چۆن له خه‌وندا کات و شوێن و که‌سی خه‌ونبینه‌که‌ش بوونیان نامێنێ و هه‌موو سنوور و یاسایه‌ک لاده‌برێت.
ستریندباری له خه‌ونێکی به‌ئاگادا ده‌سوڕێته‌وه، هه‌روه‌ها ستریندباری بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌رانی شانۆنامه‌که له‌نێو جیهانه بێ سنوور و نالۆژیکییهکهی خه‌وندا ون نه‌بن و بزانن چی ده‌بینن، بیرۆکه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له چه‌ند دیمه‌نێکدا به درێژایی شانۆنامه‌که له هێڵێکی لۆژیکیدا به‌رجه‌سته کردووه، هه‌ر له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه هه‌ندێک جار له سنووری خه‌ونه‌کان دێته ده‌ره‌وه.
خه‌ونه‌کان هه‌میشه بێ ڕه‌نگن، ڕه‌ش و سپی ده‌نوێنن، به‌ڵام ستریندباری له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا ڕه‌نگ ده‌به‌خشێت به دیمه‌ن و ڕووداوه‌کان، زۆرجار یان به شێوه‌یه‌کی گشتی خه‌ونه‌کان به بێده‌نگی تێده‌په‌ڕن و ده‌نگیان تێدا نییه، به‌ڵام ستریندباری خه‌ونه‌که‌ی به ده‌نگ و ڕه‌نگ و ئه‌تمۆسفێر ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. شاعیره‌که به کچه‌که ده‌ڵێت:( شیعر چییه؟) کچه‌که‌ش به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی شاعیره‌که ده‌داته‌وه:( واقیع نییه به‌ڵام له واقیع زیاتره … خه‌ون نییه به‌ڵام خه‌ونه که به بێداریی ده‌بینرێ …. ) شوێن و کات بوونیان نییه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه له‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه ڕاڕه‌وه شانۆییه‌که ده‌گۆڕێت و ده‌بێته ژووری پارێزه‌ره‌که، ژووری پارێزه‌ره‌که ده‌بێته که‌نیسه، هه‌ر له چاوتروکانێکدا هاوین ده‌بێته پایز …. هتد.
شانۆنامه‌که سه‌ره‌تا له ئاسمانه‌وه، له باوه‌شی هه‌ور و ئه‌ستێره‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات. کچه‌که‌ی ئیندرا له ئاسمانه‌وه بۆ ناو تاریکی و پیسیی سه‌ر زه‌وی دێته خواره‌وه، سه‌ره‌تا بۆ به‌رده‌م کۆشکه هه‌ڵچووه‌که و دواتریش بۆ ناو کۆشکه‌که، بۆ ناو ماڵه‌که، بۆ ناو شاره‌که. هه‌روه‌ک فیلم سه‌ره‌تا له دووره‌وه، له ئاسمانه‌وه وێنه‌ی سه‌ر زه‌وی ده‌گرێت، دوای ئه‌وه له ڕوانگه‌ی قووڵبوونه‌وه و هاتنه‌خواره‌وه و له وێنه‌یه‌کی ورده‌کاری و سهراپاگیرییهوه. شانۆنامه‌که‌ش به شێوه‌یه‌کی وا رۆنراوه که هیچ جۆره گرژی و ململانێیه‌ک، به‌شێوه ته‌قلیدییه‌که له‌خۆناگرێت، به‌ڵکو له ڕه‌وتی دیمه‌نه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانییه‌وه تیشک ده‌خاته سه‌ر گه‌شته‌که‌ی کچه‌که له‌سه‌ر زه‌وی. ستریندباری به‌وپه‌ڕی وریاییه‌وه ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ی به شێوه‌یه‌کی ساکار و خێرا و به‌بێ ڕتووش و هاتوهه‌را ئه‌نجامداوه، به‌شێوه‌یه‌ک که هه‌ستی پێنه‌کرێت و ئه‌مه‌ش به‌شێکی گرنگی ستر‌کتوری شانۆنامه‌که‌یه: ستریندباری به‌هۆی ئه‌م ته‌کنیکه خهونئامێزهوه، ژیان له کۆمه‌ڵێ وێنه‌ی پاش و پێشدا، له میتافۆر و له فۆرمێکی سه‌ربه‌ستدا شانۆ له ڕێسا ته‌قلیدییه‌کانی، شوێن، کات و یه‌که‌ی ڕووداو ڕزگار ده‌کات. خه‌ونبینه‌که ده‌نگمانه که هه‌رگیز گوێمان لێی نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به‌هۆی ستریندبارییهوه هه‌موو گه‌مه‌کان پێشکه‌ش ده‌کات.
کاره‌کته‌ر و مرۆڤه‌کانی خه‌ونه نمایشێک بوونیان هه‌یه، به‌ڵام هیچ گۆڕانکارییه‌کیان به‌سه‌ردا نایه‌ت، هه‌روه‌ها پێگه و ڕه‌وتی ژیانیشیان، که ناتوانێ کاریگه‌رییان به‌سه‌ریانه‌وه هه‌بێت. زوربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌که و ڕه‌فتاره‌کانیان ناکرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ڕوانگه‌ی پرۆسێسێکی سیکۆلۆژییه‌وه شرۆڤه بکرێن، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش که ئه‌وانه له هیچ پرۆسه‌یه‌کی گۆڕانکاری و بهرهوهپێشهوهچووندا نین. ئه‌م کاره‌کته‌رانه ته‌نها له پێکه‌وه‌گرێدراویی، یان ڕیزبهنیی ڕووداوه‌کاندا بوونیان هه‌یه. له‌م جیهانه پر له گۆڕانکارییه‌دا که‌سانێکی زۆر دێن و ده‌چن، هه‌ندێکیان هه‌روه‌ک خه‌ونێک له هیچه‌وه ده‌رده‌که‌ون و له‌به‌رچاو ون ده‌بن، گوزارشت له ئازار و ژانه‌کانی ژیان ده‌که‌ن. هه‌ندی له کاره‌کته‌ره‌کان پابه‌ندی هێڵی سه‌ره‌کی دراماکه‌ن، هه‌ندێکی تریان به سه‌ربه‌ستی به‌نێو دیمه‌ن و ڕووداوه‌کاندا ده‌بزوێن، به‌ڵام هه‌موویان له‌به‌رده‌م کۆشکه‌که‌دا کۆده‌بنه‌وه. هه‌ندێ جار پێکه‌وه ده‌دوێن، یان ڕووده‌که‌نه بینه‌ران و هه‌ندێ جاریش به گله‌یی و داخ و ئازاره‌وه ڕووده‌که‌نه خودی خودا خۆی. خه‌ونه نمایشێک شانۆنامه‌یه‌کی گه‌وره‌یه سه‌باره‌ت به ژیان که هه‌روه‌ک خه‌ونێک وایه.
له‌م ته‌وژمی خه‌ونه‌دا چه‌ندین خه‌ون و خه‌ونبین وهدیاردهکهون، هه‌ر بۆ نموونه: ئه‌گنێس و ئه‌فسه‌ره‌که، ئه‌گنێس و پارێزه‌ر، ئه‌گنێس و شاعیره‌که. هه‌موو خه‌ونه‌کانیش به ته‌نها و دواتریش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا ده‌رده‌که‌ون و گه‌شه ده‌که‌ن. هه‌ندێ جار خه‌ونی یه‌کێکیان ده‌بێته به‌شێک له خه‌ونی ئه‌وانیتر و به‌مه‌ش کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزیان به‌سه‌ر یه‌کتره‌وه ده‌بێت. دیمه‌نه‌کان تروسکه‌ئاسا ده‌چنه ناو یه‌که‌وه، تێکه‌ڵاو ده‌بن و کاره‌کته‌ره‌کان ده‌چنه دیواره‌کانه‌وه، به دیواره‌کاندا ڕه‌ت ده‌بن و ڕووداوه‌کان له جیهانێکی تارمایی ئاسادا ده‌جووڵێنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه هه‌ست ده‌که‌ین که زۆر نزیکین له ڕاستی ژیان و واقیعه‌وه.
ستریندباری له‌م خه‌ونه نمایشه‌دا هیچ دیمه‌ن و به‌شێکی شانۆنامه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ دیاری نه‌کردووه، به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌دات حاڵه‌ته‌کان، ڕووداوه‌کان و وێنه‌کان له خه‌وندا به‌رجه‌سته بکات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌کرێت با ئاسانی سێ به‌ش له ستر‌کتوری شانۆنامه‌که‌دا جیابکرێته‌وه، ئه‌م به‌شانه‌ش به دابڕانێکی کتوپڕی، یان وه‌ده‌رکه‌وتنی که‌سێکی گرنگ یان پچڕاندنی ڕووداوه‌کان له زنجیره‌ی دیمه‌نه‌کاندا، کاره‌کته‌ره‌کانیش ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان ده‌ژین، له وێنه‌یه‌کی گشتگیردا دانراون و به هێنانه ده‌ره‌وه‌یان ده‌مرن، شانۆنامه‌که‌ش بریتییه له کۆمه‌ڵێ وێنه، وێنه‌ی هه‌ڵوێسته و ڕه‌وشه‌کانی مرۆڤ، به‌بێ ده‌روازه و دابه‌شکردن و جیاکردنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌کان.درێژه‌ی هه‌یه………….