ئه‌گه‌ر ئێران چه‌کی ناو‌کی دوهدهست هێنا، ئه‌وجا چی؟
ئێران ئاماده‌گی خۆی بۆ وتووێژ له گه‌ڵ وڵاتانی 5+1 راگه‌یاندووه، به‌ڵام سووره له‌سه‌ر ئیدامه‌دان به پیتاندنی یۆرانیوم. سیاسه‌تی وتووێژکردن له گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه راوه‌ستاوه که به دانی ئیمتیاز به کۆماری ئیسلامی، ئه‌و له به‌رانبه‌ردا پیتاندنی یۆرانیوم رابگرێ. ئامریکا هه‌روها هیوای وایه که له درێژخایاندا به سازکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئێران، بتوانێ قه‌ناعه‌تی پێ بێنێ که واز له پشتیوانی تێرۆریزم بێنێ، واز له ده‌ستێوه‌ردان له پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان ئیسرایل و فه‌له‌ستین بێنێ و هه‌روها یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ پێکهێنانی سه‌قامگیری له عێراق و ئه‌ڤغانستان.
ئێران چه‌کی ناو‌کی به چ مه‌به‌ستێک ده‌وێ؟
پرسیاری ئه‌ساسی لێره‌دا ئه‌مه‌یه که ئایا ئیداره‌ی ئوباما پێی وایه ئێران چه‌کی ناو‌کی ده‌وێ ته‌نها به مه‌به‌ستی به‌رگریکردن (defensive purpose) له خۆی؟ یان با بڵێین، ئێران چه‌کی ناو‌کی وه‌ک توانایی تۆقاندن (deterrent capability) ده‌وێ، واته بۆ تۆقاندنی وڵاتانی دیکه بۆ ئه‌وه‌ی هێرش نه‌به‌نه سه‌ری، یان مه‌به‌ستی دیکه‌شی هه‌یه له وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی. وا پێ ده‌چێ ئیداره‌ی ئوباما بۆچوونی وایه ئێران چه‌کی ناو‌کی وه‌ک توانایی تۆقاندن بوێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یان نه‌بوایا، دانی ئیمتیاز به ئێران بێ مانا ده‌بوو. دانی ئیمتیاز کاتێک مانای هه‌یه که ئێران له لایه‌ن ئامریکاوه، که به‌رجه‌سته‌ترین ده‌سه‌ڵاتی جیهانییه، دڵنیا بکرێ که پێویست ناکات چه‌کی ناو‌کی وه‌ده‌ست بێنێ، چوونکه ئه‌منیه‌تی ئێران له لایه‌ن ئامریکاوه – له درێژی وتووێژه‌کاندا – ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ. له حاڵه‌تێکی وادا، ناکری په‌یوه‌ندی ئامریکا له گه‌ڵ ئێران سه‌ر له نوێ ساز بکرێته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی هاوکات په‌یوه‌ندی ئێران و ئیسرایل ئاسایی ببێته‌وه، چوونکه ئامریکا و ئیسرایل هاوپه‌یمانن و هه‌ر نه‌بێ هه‌ردووکیان ده‌بێ کۆک بن له سه‌ر چۆنیه‌تی نیزامی ناوچه‌که. به واتاێکی دیکه، ئامریکا وه‌ک ئه‌کته‌رێکی ده‌ره‌کی و ئیسرایل وه‌ک زلهێزی ناوچه‌یی، ده‌بێ کۆک بن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئێران له نیزامی ناوچه‌یدا چ شوێنێک بگرێ. ئه‌گه‌ر ئیسرایل پشتیوانی سیاسه‌تی سازکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئامریکا و ئێران بێ، یان ناچار بێ که ره‌وتێکی وا په‌سه‌ند بکا، له پرۆسه‌یه‌کی وادا، ئیسرایل و ئێران چی دی خه‌ته‌ری ئه‌منیه‌تی نابن له‌سه‌ر یه‌کتر. به کورتی، هه‌ر رێکه‌وتنێک له له نێوان ئامریکا و ئێران بێته ئاراوه، ده‌بێ ستراتیژیک بێ، نه‌ک تاکتیکی.
باشه بۆ ئێران له به‌رانبه‌ر ئیمتیازه دهستودڵبازهکانی وڵاتانی 5+1، به‌رنامه ناوکییه‌که‌ی راناگرێ؟ به‌رنامه‌یه‌ک که تا ئیستا بووه‌ته هۆی تووندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆکان له سه‌ری و هه‌روها له‌ده‌ستدانی په‌یوه‌ندی جارانی له گه‌ڵ گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی ئابووری و یه‌کێک له ناوه‌نده گرنگه‌کانی سیاسی جیهان، واته یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا.
هێندێک شاره‌زای سیاسی ده‌ڵێن فاکته‌ری رێگر له کۆماری ئیسلامی بۆ درووستکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئامریکا، له ته‌زادی ئایدیۆلۆژیه‌وه سه‌رچاو ده‌گرێ. به پێی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئامریکا ساز بکاته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئایدیۆلۆژی خۆی له‌ده‌ست بدا، چوونکه ناسنامه‌ی خوی له دژایه‌تی له گه‌ڵ ئامریکادا پێناسه ده‌کا و، هه‌ر به‌و پێیه‌ش، شه‌رعیه‌تی خۆی له‌و دژایه‌تی کردنه وه‌رده‌گرێ.
نکۆڵی له ده‌وری ئایدیۆلۆژی له سیاسه‌تدا ناکه‌م، به‌ڵام به وردبوونه‌وه له کرداری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌و پرسیاره‌م لا درووست ده‌بێ که ئه‌گه‌ر دژایه‌تی ئه‌و رێژیمه له گه‌ڵ ئامریکا له ته‌زادی ئایدیۆلۆژیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، چۆنه که هیچ موشکیلهێکی نیه له گه‌ڵ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ باقی وڵاتانی رۆژئاوا؟ پرسیارێکی دیکه ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ئایدیۆلۆژی ئیسلامی بۆ ئێران ئه‌وه‌نده گرنگه، چوون بوو که له رێگای ئیسرایله‌وه، له سه‌رده‌می حکوومه‌تی رهیگاندا، چه‌کی له ئامریکا وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ دژ به عێراق ئیدامه بدات؟ یان چۆن بوو ئێران، له کاتی روخاندنی حکوومه‌تی تاڵه‌بان له ئه‌ڤغانستان، یارمه‌تی سیاسی و سیخوری به ئامریکای دا؟ نموونه‌یه‌کی دیکه دانیشتنی نوێنه‌رانی ئێران بوو له گه‌ڵ نوێنه‌رانی حکوومه‌تی بوش له‌سه‌ر بارودوخی ئه‌منیه‌تی عێراق له به‌غدا.
ئه‌و نموونانه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که کۆماری ئیسلامی هه‌رچه‌نده پابه‌ند بێ به ئایدیۆلۆژی ئیسلامی خۆی، ئایدیۆلۆژیه‌که‌ی رێگر نیه له‌وه‌ی که، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی وا بخوازێ، پراگماتیستانه بجوڵێته‌وه. که‌وابوو، ئامریکایه‌کان به ماناێهک خراپ بۆ مه‌سه‌له‌که نه‌رۆیشتوون. واته، ئه‌گه‌ر ئێران له رابردوودا پراگماتیستانه عه‌مه‌لی کردبێ، به دانی ئیمتیازی پێویست، ده‌کرێ له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی ناوکیشدا پارگماتیستانه بجوڵێته‌وه. تا ئه‌و جێگایه لێکدانه‌وه‌ی ئیدراره‌ی ئوباما درووسته، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئێران به جیدی له گه‌ڵ ئامریکادا به‌که‌وێته وتووێژه‌وه، ده‌بێ ئه‌و گریمانهمانه په‌سه‌ند بێ که ئێران چه‌کی ناو‌کی ته‌نها وه‌ک توانایی تۆقاندن، یان با بڵێین به مه‌به‌ستی به‌رگریکردن، ده‌وێ. ئه‌گه‌ر ئێران به راستی مه‌به‌ستی له وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی به‌رگریکردنه له خۆی، ئه‌وجا ئه‌گه‌ری زۆره له به‌رانبه‌ر ئیمتیازه‌کانی وڵاتانی 5+1، واز له وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی بێنێ.
سه‌یر له‌وه‌دایه که ئه‌گه‌ر ئه‌و لێکدانه‌وه‌مان په‌سه‌ند بێ که ئێران چه‌کی ناو‌کی ته‌نها وه‌ک توانایی تۆقاندن ده‌وێ، وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه نابێ کاره‌ساتێکی زۆر گه‌وره بێ، چوونکه تانها مه‌به‌ستی به‌رگری کردنه له خۆی!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا بێ که ئیداره‌ی ئوباما ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ی له‌مه‌ڕ مه‌به‌ستی ئێران هه‌یه، ئه‌وجا بۆ ئامریکا ئه‌و هه‌موو تاقه‌ته دیپلۆماتیکییهی خۆی ده‌خاته گه‌ڕ بۆ پێش گرتن له ئێران بۆ وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی؟ وه‌ڵامێک لێره‌دا ده‌توانێ ئه‌وه بێ که ئامریکا نیگه‌رانه له‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر ئێران ببێته خاوه‌ن چه‌کی ناو‌کی، ئه‌وجا ریسکی ئه‌وه هه‌یه عه‌ره‌بستانی سعودیی، میسر، تورکییه و وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که ناچار بن چه‌کی ناو‌کی وه‌ده‌ست بێنن. به واتاێکی دیکه، نیگه‌رانی ئامریکا له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌کی ناوکییه له ناوچه‌ێکی ناسه‌قامگیر، نه‌ک ئه‌وه‌ی که ته‌نها یه‌ک وڵاتی دیکه، واته ئێران، ببێته خاوه‌ن ئه‌و چه‌که.
هه‌ڵبه‌ت دوو مه‌سه‌له‌ی دیکه لێره‌دا ده‌توانن ده‌ور بگێڕن. یه‌که‌م، ئیداره‌ی ئوباما، چ بیهه‌وێ چ نه‌یهه‌وێ، میراتگری سیاسه‌تی ئیدراه‌ی بوشه له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی ناو‌کی ئێران. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیدراه‌ی بوش مه‌سه‌له‌ی ناو‌کی ئێرانی وه‌ک خه‌ته‌رێکی گه‌وه‌ره ده‌زانی و به به‌رده‌وامی رای گشتی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌و خه‌ته‌ره ئاگادار کردبووه‌وه، ئیداره‌ی ئوباما تانانه‌ت ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه‌ێکی جیاوازیشی له‌مه‌ڕ مه‌به‌ستی ئێران هه‌بێ و به شێوه‌ێکی دیکه خه‌ته‌ری به‌رنامه ناوکیه‌که‌ی ئه‌و وڵاته هه‌ڵسه‌نگێنێ، ناتوانێ یه‌کسه‌ر له‌و سیاسه‌ته لا بدا. مه‌سه‌له‌ی دووهه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئیسرایله که هێرش ده‌کا بۆ سه‌ر بنکه ناوکییه‌کانی ئێران. ئامریکا ده‌زانێ که ئه‌گه‌ر ئیسرایل کارێکی وا بکا، ئه‌وجا تووشی شه‌ڕێکی دیکه ده‌بێ له روژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا، چوونکه ئێران به روونی رایگه‌یاندوه که ئه‌گه‌ر ئیسرایل له بنکه ناوکییه‌کانی بدا، ئامریکا به “تاوانبار” ده‌زانێ و هه‌ربۆیه دژ به‌و ده‌ست ده‌کاته‌وه. ئامریکا له حاڵی حازردا له عێراق و ئه‌ڤغانستان نه‌جاتی نه‌بووه و له رووی نیزامییه‌وه دژواره ئه‌رته‌شه‌که‌ی شه‌ڕێکی دیکه‌ی گه‌وره‌ی پێ بکرێ. هه‌روها له رووی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، ناتۆانی پشتیوانی شه‌ڕ دژ به ئێران وه‌رگرێ. به کورتی، ئه‌م دوو هۆیه پێکه‌وه ده‌توانن به‌رده‌وام بوونی هه‌وڵه دیپلۆماتیکه‌کانی ئامریکا بن بۆ پێش گرتن له هه‌وڵی کۆماری ئیسلامی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی ته‌وزیح بده‌ن.
به‌ڵام بێ گومان له جێ خۆیه‌تی ئاماژه به‌و خاڵه بدرێ که ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئامریکا زۆر نیگه‌ران بێ له به‌رنامه ناوکییه‌که‌ی ئێران، له توانایدا نیه که پێشی پێ بگرێ. به واتاێکی دیکه، ئه‌گه‌ر وای دابنێین که ئامریکا لێکدانه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ مه‌به‌ستی ئێران له وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی شتێکی دیکه بێ له ئامانجی تۆقاندن و به‌رگریکردن، ده‌سه‌ڵاتی نیه، یان نه‌یماوه، له رێگای نیزامییه (جا به هه‌ر شێوه‌ێک بێ، چ له‌به‌ینبردنی بنکه ناوکییه‌کانی بێ یان روخاندنی رێژیم)، پێشی پێ بگرێ.
هه‌ر چۆنێک بێ، ئه‌گه‌ر وتووێژه‌کان، به‌و شێوه‌ی ئامریکا نیازیه‌تی، سه‌رنه‌گرن، ئه‌وا ئامریکا و ئیسرایل ده‌بێ خۆیان ئاماده بکه‌ن بۆ سێناریۆیی ئێرانی خاوه‌ن چه‌کی ناو‌کی. هه‌موو نیشانه‌کان وا ده‌ڵێن که ئه‌م سێناریۆیه ببێته شتێکی واقعی.
هه‌وڵدانی ئێران بۆ وه‌ده‌ستهێنانی هێژمۆنی ناوچه‌یی
بێ گومان مه‌به‌ستی ئێران له وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی ته‌نها به‌رگریکردن له خۆی نییه، به‌ڵکوو مه‌بستی وه‌ده‌ستهێنانی هێژمۆنییه له ناوچه‌که‌دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دوو هه‌ده‌فه له که‌یسی ئێران‌دا له عه‌مه‌لدا قابیلی جووداکردنه‌وه نین. گومانی تێدا نیه که ئێران چه‌کی ناو‌کی به مه‌به‌ستی تۆقاندن ده‌وێ، چوونکه مێژوو نیشانی داوه هه‌ر وڵاتێک که خاوه‌ن چه‌کی ناو‌کی بێ، هیچ وڵاتێکی دیکه هێرش ناباته سه‌ری. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که هه‌ر وڵاتێک که خاوه‌ن چه‌کی ناو‌کی بێ، توانایی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌وره‌ی دووهه‌می (second strike capability) هه‌یه. هه‌ر بۆیه، وڵاتانی دیکه خۆ ده‌بوێرن له هێرش بردن بۆ سه‌ری. ده‌کرێ بڵێین که کوره‌ی باکوور زۆرتر ئه‌و مه‌به‌سته‌ی له وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی هه‌یه و ره‌نگبێ بۆ فشار هێنان بۆ سه‌ر ئامریکا که گه‌مارۆکانی له‌سه‌ر لابا. مه‌حاڵه که وڵاتێک وه‌ک کوره‌ی باکوور نیازی به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی (expansionism) ئایادیۆلۆژی یان ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ له هه‌رێمێکدا که زلهێزی سیاسی و ئابووری وه‌ک چین، ژاپۆن و کوره‌ی باشوور تێدا هه‌ڵکه‌وتوون. ئایادیۆلۆژی کۆمنیستی کوره‌ی باکوور فه‌شه‌لی هێناوه و بێجگه له برسیه‌تی و هه‌ژاری، هیچی دیکه‌یی بۆ خه‌ڵکه‌کی به‌رهه‌م نه‌هێناوه. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ش، توانایی ئابووری و مادی نیه که به دوای هێژمۆنی ناوچه‌ییدا بگه‌ڕێ. به‌ڵام کۆماری ئیسلامی جیاوازه. له گه‌ڵ هه‌موو لاوازیی و قه‌یرانه‌کانی که هه‌یه‌تی، گه‌وره‌بوونی ئێران، به به‌راوه‌ردکردن له گه‌ڵ دراوسێکانی، له رووی جوگرافی و حه‌شیمه‌ته‌وه و هه‌روها زهنگینبوونی له رووی سامانی سرووشتییه‌وه، فاکته‌رگه‌لێکن که پاڵی پێوه ده‌نێن که هێژمۆنی ناوچه‌یی وه‌ده‌ست بێنێ. (ئه‌مه تایبه‌ت نیه به کۆماری ئیسلامی، به‌ڵکوو حکوومه‌تی پاشایه‌تیش هه‌ر هه‌مان ئامانجی هه‌بوو.) کۆماری ئیسلامی هه‌روها له رووی ئایدیۆلۆژیی و تایفییه‌وه بوردێکی زۆری هه‌یه، چوونکه ئیسلامی سیاسی پاش رمانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و فه‌شه‌لهێنانی مارکسیزم، له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا بووه‌ته فیکری زاڵ له ئاست کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا. هه‌روها گرووپه شێعاکان له ناوچه‌که‌دا وه‌فادارن به ئێران تاکوو به‌و وڵاتانه‌ی که تێیاندا ده‌ژین. له گه‌ڵ ئه‌و زیانانه‌ی که ئێران به هۆی پرۆژه ناوکییه‌که‌یه‌وه لێ که‌وتووه، مه‌حاڵه ئه‌و زیانانه، ئه‌گه‌ر زۆرتریش بن له رێگای گه‌مارۆی دیکه‌وه، ببنه هۆی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌و ئامانجه ستراتیژیکه.
به کورتی، به له‌رچاوگرتنی لاوازبوونی ئامریکا پاش شه‌ڕی عێراق و ئه‌ڤغانستان و هاوکات له‌خۆبایی بوونی ئێران، وه‌ک شتێکی خه‌یاڵ پڵاوی دێته به‌رچاو که ئێران له به‌رانبه‌ر ئیمتیازه‌کانی وڵاتانی 5+1 واز له وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی بێنێ.
دوای ئه‌وه‌ی ئێران چه‌کی ناو‌کی وه‌ده‌ستهێنا: دوو سێنرایۆ
باشه ئه‌گه‌ر ئێران چه‌کی ناو‌کی وه‌ده‌ست هێنا، ئه‌وجا چێ روو ده‌دا؟ ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و کهسانهمان په‌سه‌ند بێ که ده‌ڵێن ئێران مه‌به‌ستی ته‌نها وه‌ده‌ستهێنانی توانایی تۆقاندنه، ئه‌وجا سه‌قامگیری له ناوچه‌که‌دا دێته ئاراوه. ئه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یان هه‌یه ده‌ڵێن ئێران، که له ناوچهێکدا هه‌ڵکه‌وتووه که ده‌وروبه‌ری وڵاتی نه‌یارن، “قوڵایی ستراتیژیکی” نیه و بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی، چه‌کی ناو‌کی ده‌وێ. ئه‌وان پێیان وایه که‌ڵک وه‌رگترن له تێرۆریزم و پشتیوانیکردن له گروپگه‌لی تێرۆریستی وه‌ک حیزبوڵای لوبنان، ته‌نها بۆ قهرهبووکردنوهی کاتی نه‌بوونی ئه‌و قوڵاییه ستراتیژیکه‌یه. که‌وابوو، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئێران چه‌کی ناو‌کی وه‌ده‌ست بێنێ، ئیدی واز له سیاسه‌تی ئاژاوه‌گێڕی، درووست‌کردنی ناسه‌قامگیری له وڵاتانی دراوسێ و پشتێوانیکردن له گرووپه تێرۆریسته‌کان دێنێ. هه‌روها پێیان وایه پارسه‌نگێک له نێوان ئیسرایل و ئێران‌دا دێته ئاراوه که سه‌قامگیری له ناوچه‌که‌دا پێک دێنێ.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه‌ی دووه‌مان په‌سه‌ند بێ، واته ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه که ده‌لێ ئێران چه‌کی ناو‌کی به مه‌به‌ستی به‌رفراوانبوونه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژی و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی ده‌وێ، ئه‌وجا درووستر وایه پێشبینی ناساقامگیرێکی زۆرتر له‌وه‌ی ئێستا بکه‌ین. به تایبه‌تی که ئێسیتا ئامریکا لاواز بووه و نیزامیی ناوچه له سێ جه‌مسه‌رییه‌وه بۆ دووجه‌مسه‌ری گۆڕدراوه. راسته کاتێک که ئێران چه‌کی ناو‌کی وه‌ده‌ست هێنا، ئیدی ئامریکا و ئیسرایل و وڵاتانی دیکه‌ش ده‌بێ روخاندنی رێژیم له رێگای هێرشی نیزامییه‌وه له‌بیر خۆیان به‌رنه‌وه، به‌ڵام ئێران بۆ ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ک تاکه زلهێزی ناوچه‌یی بسه‌پێنێ، زۆر دڵنیاتر و راسته‌وخۆتر له ئیستا پشتیوانی گرووپه تێرورسیتهکان ده‌کا. به واتاێکی دیکه، راسته‌وخۆ شه‌ڕ له نێوان ئێران و ئیسرایل یان ئێران و ئامریکا نایه‌ته ئاراوه، به‌ڵکوو شه‌ڕ له نێوان گرووپه تێرویسته هاوپه‌یمانه‌کانی ئێران له لوبنان و فه‌له‌ستین دژ به ئیسرایل و له عێراق دژ به ئامریکا و وڵاتانی عه‌ره‌بی سوونه دێته ئاراوه. له کاتی شه‌ڕی سارددا ئامریکا و یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت وه‌ک دوو زلهێزی خاوه‌ن چه‌کی ناو‌کی، راسته‌وخۆ به‌شه‌ڕ نه‌هاتن، به‌ڵکوو شه‌ڕه‌کانیان، له وڵاتانی ئاسیا و ئافریقا، له رێگای هاوپهیمانهکانییانهوه ده‌کرد. که‌وابوو، ئه‌زمووی مێژوویی ئه‌و جۆره شه‌ڕانه‌مان له‌به‌رده‌ستایه.
ئه‌ی له‌به‌رانبه‌ردا وڵاتانی عه‌ره‌بی سوونه، ئامریکا و ئیسرایل چی ده‌که‌ن؟ بێ گومان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن که یارمه‌تی ئوپۆزیسێونی ئێرانی، به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه، بده‌ن. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که کۆماری ئیسلامی گه‌یشتووه‌ته جێگاێک که ته‌نانه‌ت جه‌ناحی ده‌روون خۆشی ته‌حه‌مول ناکات و هه‌وڵی له‌به‌ینبردنیان ده‌دا و هه‌روها بۆ خۆی تێرۆریزمی کردووه‌ته عاملێکی فشاری کاریگه‌ر، ره‌نگبێ گرووپی وا له ئێران‌دا سه‌ر هه‌ڵبده‌ن که وه‌ک ئوپۆزیسیۆنی نه‌ریتی ئێران خه‌باتی چه‌کداری به کافی نه‌زانن، به‌ڵکوو ده‌ست به‌رنه به‌ر عه‌مه‌لیاتی تێرۆریستی دژ به کۆماری ئیسلامی، چ له نێوخۆی وڵات و چ له ده‌ره‌وه. که‌وابوو، ئێرانی خاوه‌ن چه‌کی ناو‌کی نه‌ک ته‌نها ناسه‌قامگیری و شه‌ڕ بۆ وڵاتانی دراوسێ درووست ده‌کات، به‌ڵکوو به هۆی بهرفراوانخۆازیی و ستهماکاربوونییهوه، ناسه‌قامگیری به‌رده‌وام و ته‌نانه‌ت عه‌مه‌لیاتی تێرۆریستی دژ به خۆی به‌رهه‌م دێنێ. له حاڵه‌تێکی وادا ناکرێ چه‌کی ناو‌کی وه‌ک ئامرازی تۆقێنه‌ر به‌کار ببردرێ، چوونکه کۆماری ئیسلامی هه‌رچه‌ند سته‌مکاریش بێ، ناتوانێ دژ به ئوپۆزیسێون و گرووپی تێرۆریستی له ده‌روون وڵاتادا، ئه‌و چه‌که کۆمه‌ڵکوژه به‌کار ببا.
—————————————————–
*
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ده‌بێ وه‌بیری خۆمان بێنینه‌وه که پێش شه‌ڕی که‌نداو له ساڵی 1991، ئامریکا و عێراق هاوپه‌یمانی یه‌کتر بوون دژ به ئێران و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هاوپه‌یمانییه، ئیسرایل و عێراق، که په‌یوه‌ندییه‌کانیان به به‌رده‌وامی خراپ بووه هه‌ر له‌و کاته‌وه که ئیسرایل له ساڵی 1948 دامه‌زرا، نه‌یانتوانی په‌یوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌بێ. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له به‌ر تیشکی نیزامی جیهانی و ناوچه‌یی ئه‌وکاتدا ببینین. نیزامی جیهانی ئه‌و کات،”دووجه‌مسه‌ر” بوو. ئه‌گه‌ر ئامریکا وه‌ک یه‌کێک له جه‌مسه‌ره‌کان به هه‌ر ده‌لیلێک له گه‌ڵ عێراقدا په‌یوه‌ندی نه‌بوایا یان رێک نه‌که‌وتبا، عێراق ده‌یتوانی روو بکاته جهمسهرهکهیی دیکه، واته یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت. له ئاستی ناوچه‌ییه‌دا، عێراق و ئێران وه‌ک دوو زلهێزی ناوچه‌یی، له ده‌یه‌ی 1980دا، له شه‌ڕدا بوون له گه‌ڵ یه‌کتر. سیاسه‌تی ئامریکا ئه‌وه بوو که ئه‌و دوو وڵاته به گژ یه‌کتردا بدا بۆ راگرتنی پارسه‌نگ له نێوانیاندا. هه‌ر بۆیه، کاتێک که بینیان عێراق له شه‌ڕه‌کاندا به‌سه‌ر ئێران‌دا زاڵ بووه، ئامریکا له سه‌رده‌می حکوومه‌تی رهیگاندا له رێگای ئیسرایله‌وه چه‌کوچۆڵی بۆ ئێران نارد. (هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌ی به بارمته‌گرتنی هاووڵاتیانی ئامریکایی له لایه‌ن حیزبوڵای لوبنانه‌وه و ئازادکرنیان له به‌رانبه‌ر ناردنی ئه‌و چه‌کوچۆڵه‌وه بۆ ئێران، ده‌وری هه‌بوو، به‌ڵام دیسانه‌وه ناردنی ئه‌و چه‌کوچۆڵه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێ له‌به‌ر تیشکی سیاسه‌تی بهگژدادان یان راگرتنی پارسه‌نگ له نێوان ئێران و عێراقدا ببیندرێ.) به‌ڵام ئێستا نیزامی جیهانی گۆڕدراوه. ره‌نگبێ درووست نه‌بێ باس له “یه‌کجه‌مسه‌ری” بکه‌یان، باڵام دیسانه‌وه ئامریکا به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی سیاسی و نیزامییه له جیهاندا. که‌وابوو، ئێران ناتوانێ پاڵ بدا به جه‌مسه‌رێکی رهکابهرهوه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدا پاڵ بدا به وڵاتانی نه‌یاری ئامریکاوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی کردووه. په‌یوه‌ندی وزه‌یی و ئابووری له گه‌ڵ چین، کڕینی چه‌ک له رووسیه و هه‌وڵدان بۆ په‌یداکردنی نفوز له ئامریکای باشوور، هه‌موو نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن. به‌ڵام دیسانه‌وه، جه‌مسه‌رێکی تۆکمه و قایم وه‌ک یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت نییه که ئێران بتوانێ، به‌رانبه‌ر به ئامریکا و ئیسرایل، پاڵی پێوه بدا. هه‌روها پاش روخاندنی حکوومه‌تی به‌عس، نیزامی ناوچه‌یی که ده‌کرێ بڵێن بریتی بوو له نیزامێکی “سێ جه‌مسه‌ریی”، واته عێراق وه‌ک جه‌مسه‌رێک و ئیسرایل و ئێران وه‌ک ئه‌و دوودانه‌که‌ی دیکه، گۆڕدراوه بۆ نیزامێکی “دووجهسمهر.” بۆیه ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئامریکا و ئێران رێک بکه‌ون، ئه‌و رێککه‌وتنه ده‌بێ ستراتیژیک بێ ( واته نه‌ک ته‌نها تاکتیکی وه‌ک له که‌یسی په‌یوه‌ندی ئامریکا له گه‌ڵ عێراق له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارددا)، و هه‌روها ده‌بێ ئیسرایلیشی له‌گه‌ڵدا بێ.
هه‌ڵبه‌ت ئیدراه‌ی ئوباما ده‌توانێ به پشتبه‌ستن به‌و راپۆرته‌ی که ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی ئامه‌ریکا له کۆتایی 2007 بڵاویان کرده‌وه (که تیایدا هاتوو که ئه‌وان به دڵنیاێکی زۆره‌وه ده‌توانن بڵێن ئێران له ساڵی 2003وه هه‌وڵی وه‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناو‌کی راگرتووه)، ره‌واییه‌ت به‌و لادانه له سیاسه‌تی ئیدراه‌ی بوش بده‌ن. به‌ڵام ئه‌وه مه‌حاڵه، چوونکه هه‌موو نیشانه‌کان وا ده‌نوێنن که ئێران ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌ستپێکردوه‌ته‌وه.
باس له ئه‌گه‌ری هێرشی ئیسرایل بۆ سه‌ر بنکه ناوکییه‌کانی ئێران ده‌کرێ. هه‌روها ئێستا ئاشکرا بووه که ئیسرایل له ساڵی 2007دا داوای له حکوومه‌تی بوش کردبوو که ڕێگای پێ بدا به که‌ڵک وه‌رگرتن له فه‌زای ئاسمانی عێراق، هێرش به‌رێته سه‌ر بنکه ناوکییه‌کانی ئێران، به‌ڵام حکوومه‌تی بوش ئه‌و داخوازییه‌ی رهدکردبووهوه. دهلیکهکهشی ده‌بێ ترس بووبێ له به‌رپابوونی شه‌ڕێکی دیکه له ناوچه‌که‌دا. به‌ش به حاڵی خۆم پێم وایه ئیسرایل زۆرتر شه‌ڕی ره‌وانی له گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌کا، ده‌نا ئه‌گه‌ر به راستی به‌رنامه‌ی هابایا که بنکه ناوکییه‌کانی ئێران له‌به‌ین ببات، نه‌یده‌هێشت ئه‌وه‌نده پرۆژه ناوکییه‌که‌ی په‌ره بستێنێ. هه‌روها ده‌بێ ئاماژه به‌و بدرێ که ئیسرایل له ڕابردوودا دوو جار عه‌مه‌لیاتی وای ئه‌نجام داوه. یه‌که‌م جار ساڵی 1981 بوو که بنهکهێهکی ناو‌کی عێراقی لهبیهن برد و دووهه‌م جار ساڵی 2007، که بنهکهێهکی ناو‌کی نهێنی سووریه‌یی له‌به‌ین برد. له هیچکامیاندا ئیسرایل پێش ئه‌نجامدانی ئه‌و عه‌مه‌لیاتانه، ته‌بلیغات و هه‌ڕه‌شی له راگه‌یاندنه‌کاندا نه‌کرد، به‌ڵکوو به بێ هه‌را و هوریا، ئه‌نجامی دان. که‌وابوو، به‌رنامه‌ێکی وای نیه بۆ ئێران و هه‌روها ده‌زانێ ئامریکا موخالیفی بهرنامهێهکی وایه.