نیگار …. نووسه‌ر: یه‌لمار سوێدربێرگ
یه‌لمار سوێدربێرگ له چه‌ند دێڕدا:
یه‌لمار سوێدربێرگ نووسه‌رێکی ناسراوی سوێدییه. ئه‌و ساڵی 1869 له ستۆکهۆڵمی پێته‌ختی سوێد له دایک ده‌بێ و ساڵی 1941 له کۆپێنهاگی پێته‌ختی دانمارک کۆچی دوایی ده‌کا.
یه‌لمار، نوێنه‌ری ڕێبازی ئه‌ده‌بیی ناسراو به ( ڕهشبینانی کۆتاییی سه‌ده)، یه‌کێک له ناسراوترین نووسه‌رانی خاوه‌ن سه‌بکی سوێدییه. ئه‌و باوه‌ڕی به ئازادیی ئیراده نییه، زۆرێک له که‌سایه‌تییه‌کانی چیرۆکه‌کانی وی ده‌بنه قوربانیی هه‌ڵکه‌وت و چاره‌نووس.
ئه‌و چوار ڕۆمان و چه‌ندین کۆمه‌ڵه چیرۆک و نمایشنامه‌ی نووسی. (لاوێتیی مارتین بریک) ڕۆمانێکیهتی که له ڕاستیدا ده‌کرێ بیوگرافیی خۆی بێ. ڕۆمانی (دوکتۆر گلاس) ناسراوترین به‌رهه‌می یه‌لمار سوێدربێرگه که وه‌ک به‌رهه‌می کلاسیکیی سوێدی حسێبی له سه‌ر ده‌کرێ. ئه‌م ڕۆمانه که ساڵی 1905 چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه، بۆ زۆربه‌ی زۆری زمانه‌کان ته‌رجه‌مه کراوه و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی جیا جیای بۆ ده‌کرێ و له ڕوانگه و گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه ده‌خوێندرێته‌وه و قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌کرێ.یه‌لمار ئه‌م چیرۆکه‌ی خواره‌وه‌ی له‌ساڵی 1897دا نووسیوه.
چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا و له ڕۆژێکی مانگی ئاپریلدا، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که هێشتا بیرم له مانای ژیان ده‌كرده‌وه، چوومه دووکانێکی چووکه‌ی جگه‌ره‌فرۆشی هه‌ڵکه‌وتوو له کۆڵانێک، تا چروتێک بکڕم. "ئێل زێلو"*یه‌کی تۆخ و لێواردارم هه‌ڵبژارد، خستمه نێو کێفه‌که‌مه‌وه، پاره‌که‌م دا و خه‌ریك بوو بڕۆم.
به‌ڵام له‌و كاته‌دا وام به خه‌یاڵدا هات ئه‌و نیگاره سرمهیییه كه به ڕێكه‌وت له نێو جزدانه‌که‌مدا هه‌ڵم گرتبوو، به‌و کچه گه‌نجه پیشان بده‌م که له‌و دووکانه‌دا كه من زۆرجار سیغارم لێده‌کری، ڕاوه‌ستابوو.
ئه‌من وێنه‌که‌م له نیگارکێشێکی گه‌نج وه‌رگرتبوو و زۆرم پێ قه‌شه‌نگ بوو.
به کچه‌که‌م گوت:
– سه‌یرکه، ئه‌م وێنه‌یه‌تان پێ چۆنه..؟
ئه‌وجا ده‌ستم بۆ لای درێژ کرد و وێنه‌که‌م دایه.
کچه وێنه‌که‌ی وه‌رگرت و به مه‌راقه‌وه و له نێزیک ڕا سه‌رنجی دایه و لێی ڕوانی. گه‌لێکی ئه‌مدیو و ئه‌و دیو پێ کرد و گرژ بوون و وێکهێنانهوهی ڕوخساری، ده‌ری ده‌خست که ده‌یهه‌وێ له وێنه‌که بگا.
سه‌ره‌نجام به نیگایه‌کی تیژی كونجكۆڵهوه پرسیی:
– ئێ، ئه‌مه چ مانایه‌ک ده‌به‌خشێ؟
نه‌ختێک واقم وڕ ما. له وه‌ڵامدا گوتم:
– مانایه‌کی تایبه‌تی نابه‌خشێ. ته‌نیا دیمه‌نێکه. ئه‌وه زه‌وییه و ئه‌وه‌ش ئاسمانه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ڕێگایه… ڕێگایه‌کی ئاسایی.
به ده‌نگێکی تاڕاده‌یه‌ک تووڕه هاواری كرد:
– خۆ كوێر نیم، به‌ڵام هه‌ر ده‌مه‌ویست بزانم ماناكه‌ی چیه.
بێقهرار و شه‌رمن ڕاوه‌ستابووم، قه‌ت بیرم له‌وه نه‌کردبۆوه که ده‌بوو مانایه‌كی هه‌بێت. به‌ڵام بیر و خه‌یاڵی وی نه‌ده‌گۆڕدرا. ئه‌و ئێستا بۆ خۆی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که تابلۆکه ده‌بێ جۆڕێک بێ له‌و تابلۆیانه‌ی لێیان نوسراوه "پشیله‌كه کوا؟"، ده‌نا ئه‌من بۆ چی ئه‌و وێنه‌یه‌م پێ پیشاندابوو؟
سه‌ره‌نجام بۆ لای شیشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ی به‌رز کرده‌وه و ڕایگرت تا به ڕوونی بیبینێ. وه‌ک بڵێی رۆژێک له ڕۆژان جۆره کارتێکی یاریی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان پێ پیشان دابێ، که له‌به‌ر ڕۆشناییی ئاسایی‌دا نۆی خشت یان سه‌ربازی پیکی نواندبێ، به‌ڵام له‌به‌ر ڕووناکیدا، ده‌رکه‌وتبێ که وێنهییهكی ناشایسته‌یه.
به‌ڵام گه‌ڕان و پشکنینه‌که‌ی هیچ ئاکامێکی به ده‌سته‌وه نه‌دا. نیگاره‌که‌ی دایه‌وه و ئه‌منیش خه‌ریک بووم بچم. پاشان ئه‌و کچه بێچاره‌یه یه‌کسه‌ر سوور هه‌ڵگه‌ڕا و گریان قوڕگی گرت:
– په‌ح! به‌ڕاستی هیچ پیاوه‌تی نییه بۆ ئێوه که ئاوا ده‌مکه‌نه گاڵته‌جاڕ. سوور ده‌زانم کچێکی هه‌ژارم که پاره‌م نه‌بووه تا بتوانم بخوێنم و خۆ پێبگه‌یه‌نم. بۆیه هیچ پێویست نییه بمکه‌نه گاڵته‌جاڕ. ده باشه ئێوه ناتوانن پێم بڵێن تابلۆکهتان چ مانایه‌ک ده‌به‌خشێ؟
چم وه‌ڵام دابایه‌وه؟ ده‌بوو زۆرم هه‌وڵ دابا تا توانیبام پێی بڵێم چ مانایه‌ک ده‌به‌خشێ؛ به‌ڵام نه‌متوانی، چونکه هیچ مانایه‌کی نه‌ده‌به‌خشی!
*
به‌ڵێ، ئێستا چه‌ندین ساڵ له‌مه گوزه‌راوه. ئه‌من ئێستا جۆرێکی دیکه‌ی چرووت ده‌کێشم و له دووکانێکی دیکه‌یان ده‌کڕم، هه‌ره‌ها ئێستا چیدی بیر له مانای ژیان ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نییه پێم وابێ ماناکه‌م دۆزیوه‌ته‌وه.* ئێل زێلو ناوی سیغاره. وه‌رگێڕ.
سه‌رچاوه:
1965, Hjalmar Söderberg ,Historietter