
ساڵی ترۆبونی پاکتی بوو!2007
2007
ساڵی تڕۆبوونی پاکتی بوو!
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن…..
ئێوه ئه‌ی پاکتی (پارتی و یه‌کێتی) له‌مێژه تڕ‌ۆ بوون. لێبه‌لێ له‌ساڵی 2007 دا، تڕۆبوونتان گه‌یشته لوتکه. بۆیه ئه‌م زهنگزڕیانهتان پێ ڕه‌واده‌بینم و لێتانی پیرۆزده‌که‌م. ئێوه بوون (ژنقڕان)تان داهێنا، کاتێک جڤاکی کورده‌واریتان گه‌ڕانده‌وه بۆ دۆخی خێڵه تهرتهوهرته ناته‌باکانی چاخه‌کانی نێوه‌ڕاست.
ئێوه‌بوون عاره‌بی داگیرکه‌ری عه‌فله‌قیی که‌ڵه‌گاو به‌عسیی کوردکوژ و ئیستیخباراتتان له که‌رکوک ناونا،(عاره‌بی هاورده/ عرب مستورد).. له‌کاتێدا ئه‌وانه، ته‌نیا ناوی (مستوطنات عفلقیة) یان قابیله!
ئیوه کارێکتان کرد لاوانی کورد له‌نیشتمان بتۆرێنن، ئومێدبڕاویان بکه‌ن و ناچار بن خاکی باب و باپیرانیان جێبهێڵن و گوێڕایه‌ڵییان بۆ کورد و بۆ کوردستان له‌لا ئه‌وپه‌ڕی لاوازبکه‌ن.
ئێوه‌ن له‌باشوور کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریتان به‌ده‌ردێک بردووه، کردووتانه به‌دوو چینی له‌یه‌ک دووری دژ به‌یه‌ک، که چیدی پێکه‌وه هه‌ڵناکه‌ن! چینێک به (نا)ی ناهه‌ق ئه‌وه‌نده دهوڵهمدندبوون (دڕاون!).. چینێکیش له‌برساندا سکی خۆیان ههڵدگوشن!
ئێوه‌ن، که پوول و پاره‌ی کوردستانتان دزیوه و له‌بانکه‌کانی خۆرئاوا قایمتان کردووه و میلله‌تی کوردتان ڕووت و ڕه‌جاڵ کردووه.
ئێوه‌ی سه‌رانی پاکتی، شهرواڵپیسترین ده‌سته‌و تاقمن تاکو ئه‌مڕۆ کوردی باشوور به‌خۆیه‌وه دیبێتی. ئێوه ڕه‌وشت و مۆراڵ و بنهماجوانهکانی، که باپیرانمان پاراستبوویان پایهماڵتان کردن.
ئێوه بوون، له‌بریی ئه‌وه‌ی که‌رکوک ڕزگاربکه‌ن، وه‌ک قه‌ل و داڵی دوای هێرشی ڕه‌وه‌گورگ، حیزفرسه‌تانه له‌گه‌ڵ شاڵاوی هاوپه‌یماناندا، دام و ده‌زگه مهدهنییهکانیتان تاڵانکرد.
ئێوه ژماره‌یه‌کی زۆرتان دزو فایلڕه‌ش و گه‌نده‌ڵن. چاوتان به‌رایی نادات ڕووناکبیرێکی بێلایه‌ن، یاخود کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر ببینن. یان ڕاویده‌نێن یان ناوی ده‌زڕێنن یان ده‌یکوژن یان برسی و ڕووت و ڕه‌جاڵی ده‌که‌ن.
ئێوه‌ن، که پێتان خۆشه سیستمی تیۆکراتیی ئاخوندان له ئێران‌دا پایهداربێت، چونکه زۆرتان وه‌ک جاسووسی حه‌وت سه‌ر، فایله‌کانی دیوی ئێرانتان ئاشکرا ده‌بێ!
ئێوه‌ن، که (چین)ی جوتیارتان له کوردستاندا هێنایه سه‌ر سفر و خاکتان بێبایه‌خ کرد و خودی جوتیاری کوردتان کرده چاوله‌ده‌ستی داگیرکه‌رانی کوردستان.
ئێوه‌ی پاکتی، له دوا ساته‌کانی 2007 دا، هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ تورکیادا ئابلووقهتان خسته سه‌ر قه‌ندیل، تاکو گه‌ریلا ناچار به‌خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بکه‌ن.
ئێوه هه‌رگیز بڕواتان به‌دیموکراسی نه‌بووه، بۆیه له‌دوا هه‌ناسه‌کانی ساڵدا، هه‌ڵبژاردنی ئازادتان به ڕۆژنامه‌نووسان ڕه‌وانه‌بینی و حیزبییانه پۆسته‌کانی سه‌ندیکای ڕۆژنامهنووسانتان دابه‌شکرد.
ئێوه له‌سه‌ر حسابی کورد، بوونه‌ته ده‌ره‌به‌گی سیاسی.. ئێوه کۆنت و باروونهکانی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستی ئه‌وروپان.. کۆشک و سه‌راو دێبهرهکانتان له ژماره نایه‌ن. له‌له‌و نۆکه‌ر و کهنزیتهتان هه‌یه. که‌چی شه‌رم لهچاوتاندا نییه‌و باسی مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌یی و یه‌کسانی ده‌که‌ن..
به‌هیوام له‌ساڵی نوێ‌دا چینی برسی و هه‌ژار، که‌سانی نیشتمانپه‌روه‌ر، ژنانی سه‌لار، ڕووناکبیران و لاوانی خێرنه‌دیوی وڵاته‌که‌م، له‌مۆته‌که‌ی ئێوه ڕزگاریان ببێت و که‌سانی شیاو جیی ئێوه‌ی گه‌نده‌ڵ بگرنه‌وه. که‌رکوک و ته‌واوی ناوچه داگیرکراوه‌کانیش بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کوردستان.